ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەهار لە هەڕەتی ساوایی بوو، زستان ڕێگایدا کە چیا و دەشت و گرد و پاڵ سەر سینە و بەرۆکی خۆیان، بە سووسن و هەڵاڵە و بەیبوون و نێرگز و گیا بەند و خاو بڕازێننەوە، من و هاوڕێ و مامۆستای دڵسۆز و فرە بەهرە هێرش مەغدید لە ترافیک لایتی نزیک یاریگای هەولێر وەستابووین، منداڵێکی قشتیلەی ئێسک سووک بە چەپکێ نێرگزەوە هاتە بەردەممان و گوتی یەڵڵا نێرگزی تورکی ئەسڵی! (هێرش)ی هاوڕێم گوتی کوردستان خۆی وڵاتی نێرگزە بۆچی تورکیای دەدەیە پاڵ؟ منداڵەکە دیاربوو کوڕێکی ڕۆژئاوا بوو، گوتی ئاخر مامۆستا ئەگەر بڵێم نێرگزی تورکی باشتر دەفرۆشرێت و دەشڵێن ئێستا لە باشووری کوردستان نێرگز کەم بۆتەوە، منیش ڕووی دەمم کردە مامۆستا هێرش و پێم گوت ئەو منداڵە ڕاست دەکات، چونکە هەم بەرهەم و کاڵا و شتە خۆماڵییەکان لە ژێر پێخوستی سیاسەت ناڵەیان دێ و هەم دەمێکیشە نێرگزەکانی کوردستان کە بەقژی سپی و چاوی زەردەوە بەشێکی گەورەی جوانییەکانی وڵاتیان پێکهێنا بوو وەکو جاران نەماون، هاوڕێکەم گوتی ئەی کەوایە چیان لێهاتووە؟ منیش پێم گوت هەر خۆی ساڵانێکە جوانی لەم هەرێمەی ئێمە باوی نەماوە، نێرگزەکانیش هەندێکیان بەوێنەی پۆلێک باڵندەی کەسیرەبووی ژێر ڕێژنەی باران و هەندێکیان وڵاتی ئاوی کەوسەرە و خاکی گەوهەرەیان بە شەقامە ئاڵا و واڵاکانی ئەوروپا گۆڕیەوە و زۆریشیان لەڕێگای وەدیهێنانی ئەو خەونەیان قرش و شەپۆڵە شێتەکانی دەریای ئیجە قووتیدان، بەشێکی تری نێرگزەکان بەخۆیان و ئەو هەموو جوانییەوە چەکیان هەڵگرت و بوونە جەنگاوەر بۆ بەرژەوەندی برا شەڕاوییەکان تەقەیان لە ڕاپەڕین و هەموو جوانییەکان کرد، گوتم هاوڕێم هێرش بەشێکی تری نێرگزەکان بوونە حیجاب و نیقاب خرانە سەر سەری شیرین و خەج و خاتوو زینەکان و بەشێکیشیان بوونە تۆپەڵێک مووی چڵکن و تۆزاوی و بوونە ڕیشی سیامەند و کاکە مەم و فەرهادەکان، هاوڕێکەم واقی وڕما و سەرسامییەکی ترسناک دایگرت، لێی پرسیم ئەی ئەوانیتر؟ گوتم ئەو نێرگزانەی تر کە ماون لەبەر نەبوونی و بەشێواندی هۆشیاریان، بوونەتە کۆمەڵێک چەکداری فەیسبووک و لە پێناوی کۆمەڵێک بەرپرسی گەڕ و گەندەڵ، بەوێنەی داعش نێرگزەکان تیرۆر دەکەن.

  • 1