ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کۆڕۆنا وەکو پەتایەک جگە لەوەی بووە مەترسیەکی جیهانی، هەروەها ماهییەت و ناوەڕۆکی فکری ئیداری و ئەخلاقی سەرمایەداریشی بەدیارخست.

دەریخست کەپیتالیزم کە خۆی بە جێگرەوەی هەموو ڕێبازە فکریەکان دادەنا و هەروەها سەرزەمینی حوکمڕانی خۆی و دنیای خۆی بە بەهەشت وێنا دەکرد درۆیەکی گەورەیە، چونکە ئەو پێیدەگوتین شان بە شانی دامەزراوەکانی تری حکومەت هەروەها خاوەنی سیستەمێکی تەندروستی تۆکمە و پێشکەوتوشە.

بەڵام کۆرۆنا دەریخست کەوا کەپیتالیزم ئەوەندەی بە دوای پارە و بازرگانی و خەریکی ڕوتانەوەی مرۆڤە و سەرمایەی کردۆتە جێگرەوەی هەموو نرخ و بەهاکان، نیو ئەوەندە خەمی ژیان و تەندروستی مرۆڤی نەبووە.

ئایا ڕاستە کۆڕۆنا تەنها لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا وڵاتانی وەکو ئیتاڵیا و فەڕەنسا بە چۆک دابێنێت و خەراپتر لە وڵاتانی دواکەوتوو بکەونە ناودۆخی ئاڵۆزی و حەپەسان ؟ بە تایبەتیش ئەو دوو وڵاتە کە لە مێژوودا مەڵبەندی سەرهەڵدانی ڕۆشنگەری و ڕێنیسانس بوون ! بۆیەش پێم وایە پەتای کۆڕۆنا کۆی چەمکە فکری و فەلسەفی و سیاسیەکانی لەسەر ئاستی دونیا خستە بەردەم گومانێکی قووڵ، بە تایبەتیش ئەوانەی پێیان وابوو بە ڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت و پاشەکشەی فکری مارکسیزم لە فۆرمی حوکمڕانی کۆتاییان بە مێژوو هێناوە و هەروەها خۆیان خاوەنی هەموو پرسیار و وڵامێکن، دیسان کۆڕۆنا پێیگوتین ئەگەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێکی زۆری وڵاتانی دواکەوتوو نقومی سەلەفیەتی فکری ئایینی و چەقبەستن بوبن، ئەوا کۆی سەرزەمینی کەپیتالیزمیش لەناو دنیای سەرمایە و بەرژەوەندیە ئابوریەکانی سیستەمی سەرمایەداریدا نقومبوونە.

هەروەها کۆڕۆنا پێیگوتین ئەگەر لە وڵاتانی دواکەوتوو چەمکە بەناو پیرۆزە دواکەوتووەکان سەنتەر و پێوەربن بۆ ڕێکخستنی کایەکانی ژیان ئەوا لەسەر زەمینی کەپیتالیزم پارە و بازرگانی و سەرمایەداری سەنتەری پێوەرن نەک مرۆڤ وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن.

 

  • 1