ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەڤاڵی تێکۆشەر زۆر بەداخەوە کە تۆ ئەم نامەیەم من نابینی، چونکە من کە ئێستا ئەو چەند دێرە دەنوسم تۆ هەر پارچەیەکی جەستەی پیرۆزت لە شوێنێک کەوتووە و دەشزانم خۆشحاڵی هەم بە شەهید بونی خۆت هەم لە دڵەوە ئاسودەی کە پارچەکانی جەستەت دەبێتە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵەکانی قەندیل، چونکە تۆهەر شۆڕشگێڕ و ئینساندۆست نەبووی، بەڵکو تا سەر ئێسقان ژینگە پارێز و ئاژەڵ دۆستیش بووی، چونکە لەو چەند ڕۆژەی کە لە هاوینی ٢٠١٤ من لەگەڵ کۆمەڵە هاوڕێیەکی شیوعی خەباتگێڕ و تۆش لەگەڵ دەستەیەک لە گەریلا لە چیای قەرەچوغ هێرشێکی گەورەی داعشمان تێکشکاند، تۆم ناسی و زانیم چ مرۆڤێکی هەست ناسک و پڕا و پڕ لە جوانی بووی.

هەڤاڵی من، دەڵێن زۆر ژیان باش نیە، چونکە مرۆڤ چەندە بژی ئەوەندەش زیاتر مەرگی ئازیزان دەبینی، بۆیەش مەرگ و شەهیدبوونی تۆ زۆر ژیانی خۆمی لە پێش چاو خستم.

هەڤاڵێ مە، نەک من، بەڵکو ئەو فڕۆکەوانەش کە لە بەرزایی هەزاران مەتر تۆی شەهید کرد دەزانێ نامەرد و ترسنۆک بوو چونکە شەرتی مێران مەیدانە، بۆیەش من ئێستا لەگەڵ خاڵە حەسەن سیساوەیی بەدەم گریانێکی سورەوە دەڵێم تێکۆشەر ( حەیفێ من نەمینێ لەوەتەی دنیا دنیایە هەر مەرد بەدەستی نامەردان چوینە ).

هەڤاڵ تێکۆشەر، تۆ شەهید بووی ، خەنیت لەخۆ، کەتۆ زۆر زۆر لە ئێمەی زیندوو مەزنتر و زیندوو تری، جا كێ هەیە لە شەهید مەزنتر؟ ئارام بنوو، ئەوە بەدەست کێ دەکەوێ لەپێناو ئامانجە مەزنەکان، لە پێناوی کۆتایی ‌هێنان بە زوڵمی نیشتیمانێکی لەت لەت کراو، لە پێناوی زیاتر ڕەش کردنی ڕوو دزێوی گورگە بۆر و کەمالیزم و تورکە ڕەگەز پەرستەکان، لە پێناو ڕیسوا کردنی سیاسەتی وەحشی گەری بە تورکە شاخاویی ناساندنی نەتەوەیەکی بریندار و شەهید بێ.

هەڤاڵ تێکۆشەر، دەزانم حەزت بە چەک هەڵگرتن نەبوو، رقیشت لێبوو، دەزانم تۆش حەزت دەکرد بەردەوام لە شەقامە خەمگین و بێنازەکانی ئامەد و ماردین بەدەم خوێندنەوەی شیعرەکانی جەزیری و گوێگرتن لە دەنگی هەزار ئاوازێ ئایشەشان پیاسەی ژیان بکەی.

ئەوە فاشیزمی نەتەوەی سەردەستە تۆی ناچار بە چەک هەڵگرتن کرد، بەڵێ تۆ دژی ئەوانە بووی کە خواردنەوەی پەرداخێک ژەهریان پێخۆشتربوو لە گوێلێبوون لە ناوی کوردستانە مەزنەکەت، ماڵئاوا هەڤاڵ تێکۆشەر بە نیشتیمان بڵێ با وابکا ئێمەش وەکو تۆ جوانبین.

بەرواری ٦ی ئاداری ٢٠٢٠

تێینی:- تێکۆشەر خەباتگێڕێکی گەریلابوو لە چەند رۆژی رابردوو لە ڕێگەی بۆردومانی فڕۆکەی تورکیای ڕەگەز پەرست شەهید بوو.

  • 1