ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینی : زیرەک کەمال

بەرەبەیانێکی زوو، کە مەستوورەخانمی ئەردەلانی لە کۆشکەکەی خۆی خەریکی نووسینی فەسڵێکی تری مێژووی کورد بوو، لەوکاتەی نالی لە مزگەوتی (دارالاحسان) ی سنە، بەوێنەی نەورەسێکی باڵشکاو جەختی دەکردە و دەیگوت: عەیامکە بەمیزانی ئەدەب توحفە فرۆشم ... زۆرم گوت و کەس تێم نەگەیی ئێستا خامۆشم...

هەر لەو بەرەبەیانە کە پێشەوای شەهید بەرانبەر چوارچرای مهاباد بەگژ سێدارەدا دەچوەوە و ماملێش نامەی بۆ لەیلا دەنووسی، لەوکاتەی (زیرەک) ی پاشای جوانی وهونەر لەسەر ناڵەشکێنەوە بەچارۆگە هەولێری دەگوت ئەمڕۆ نۆرە خێریە، لەوکاتەی زرێبار بەرامبەر مەریوان بەدەم فرمێسکەوە گوێی بۆ هەواڵی کۆستی ئازیزێک هەڵدەخست. لەوکاتەدا کۆماری ئیسلامی لە سەقزی بریندار، یاسینی سێدارەی بۆ (مستەفاسەلیمی) کوردی ڕۆژهەڵات خوێند، بەڵام حەیف و سەدمخابن بەشێک لە مێدیای کوردی و ئەوانەی بەزمان کوردو لە ئەخلاق داعشی فەیسبووکن، تاوانی لەسێدارەدانی ئەو مرۆڤەیان دیزە بەدەرخۆنە کردو بگرە بەپۆستی فەیسبووک و وتاری نا بەرپرسانە ئەودەستە خوێناویانەیان شووشت کە لەبەرەبەیانێکی زوو مستەفای سەلیمی یان لەسێدارەدا، دواتریش لەنێوان هەردوو پارچە بریندارەکەی نیشتمان، باشوورو ڕۆژهەڵات، خەریکی خۆشکردنی ئاگری شەڕێکی گەورە بوون، بەداخەوە ئێستاش کەس نەیزانی سەلیمی لەکوێ گیراو کێ ڕادەستی کردەوە؟ بەڵام دەشزانم ئەو پیاوە کەس داڵدەی نەدا، هەڵبەت لەهەمووی ئازاراوی تر ئەو ئەودەنگە نەشازانەبوون، کە بەئاشکرا گوتیان مستەفای سەلیمی سیاسی نەبوو، بگرە گوتیشیان پیاوێکی خراپ بوو، بەبێ ئەوەی ئەو پرسیارە لەخۆیان بکەن، ئایا ئەگەر ئەو مرۆڤە زوڵم لێکراوە، خراپیش بووبێت، حەڤدەساڵ زیندانی نایکاتە مرۆڤێکی پاک و بێ تاوان ؟

من لەبەرامبەر ئەوە هیچم لەدەست نایەت وتەنها ڕووی دەمم دەکەمە بنەماڵەی (مستەفا سەلیمی)و پێیان دەڵێم: حاشای هاونیشتمانی ونەتەوەیی بوون لەوانە دەکەم، کە خەریکن ڕۆڵەی ئێوە دەکەنە دەستەچیلەی ئاگری شەڕ لەنێوان باشورو ڕۆژهەڵات، حاشا لەوانە کە کوڕی ئێوەیان لە مرۆڤێکی زوڵم لێکراوەوە کردە ڕێگرو جەردە...