ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئێوارەیەكی بەهاری ساڵی (1979) بوو، شەهید ئیسماعیلی برام كە دەكاتە باوكی نەبەز ئیسماعیلی برازام دەستی گرتم‌و بردمی بۆ ئەو ئاهەنگەی كە لە هۆڵی گەلی شاری هەولێر سازكرابوو, دیارە ئەو برایەم سەرەڕای هەستە كوردایەتییەكەی هەروەها خاوەنی هەست‌و زەوقێكی هونەری‌و ئەدەبی فراوانیش بوو، نازانم ئەو ئاهەنمگە بە چ بۆنەیەك سازكرابوو، بەڵام كە گوتیان كۆمەڵێك گۆرانیبێژی ناوداری كورد بەشدار دەبن لەو ئاهەنگە ئیدی بەشی هەرەزۆری گەنجەكانی شار بەرەو هۆڵی گەل بەرێكەوتن، دیارە یەكێك لە گۆرانی بێژەكان سابیر كوردستانی بوو، بەداخەوە چەند رۆژێك پێش ئێستا كۆچی دوایی كرد.

ئیدی هۆڵەكە جمەی دەهات لە خەڵك‌و حەوشە‌و دەوروبەریشی لێورێژبوو لە هاووڵاتییانی دڵسۆزی شار، یەكەم گۆرانیبێژ سابیر كوردستانی بوو كە هاتە سەرشانۆ، یەكسەر بە وێنەی هەڵۆیەكی بریندار هاواری كرد (كوردی مەرد ئەمڕۆ رۆژی جڵیوە جوڵانتە دەست‌و پێ‌ ئازادە وەختی هاتنی مەیدانتە، سابێرە مەیدان توڕیدا ئەو بارە قورسە لەسەر دوو شانتە، یەكسەر سەرجەم ئامادەبووانی هۆڵەكە دایانە چەپڵەلێدان‌و بەدەنگی بەرز هاواریان دەكرد بژی كوردستان بژی سابیر كوردستانی.

ئیدی هۆڵی گەل بووە شانۆی خۆپیشاندانێكی گەورە دژی رژێمی سەدام، بەڵام چارێگە سەعاتێكی نەبرد بە سەدان پیاوی ئەمن‌و ئیستخباراتی رژێم بە قامچی دەستیانەوە هاتنە ناو هۆڵی گەل، هەرچی گەنج بوایە دەیاندایە بەر قامچی‌و پێڵەقە، ئیدی وەكو دایكم گوتەنی بوو بە رۆژی قیامەت، منیش كە ئەوسا میرَمنداڵا بووم‌و تەمەنم دوازدە ساڵا بوو لە كاكم شەهید ئیسماعیل دابڕام‌و بەو پێیەی لە ژیانم رۆژی وا رەشم نەبینیبوو دەستم بە گریان كرد، ئەگەرچی ئەمنەكان بە قامچی لێیاننەدام بەڵام چەندین زللەیان سرەواندە بناگوێم‌و ئێستاش ئازاری ئەوو زللانەم لەبیرنەچۆتوە، ئیدی لەوسا بەولاوە سابیر كوردستانی بووە خۆشەویست‌و مرۆڤی لەبەر دڵانی گەورە‌و بچووكی كوردستان، داخەكەم پەتای كۆڕۆنا ئەو هونەرمەندە مەزن‌و كوردپەروەرەشی لەدەست داین‌و بە نێو تونێلی تاریكی نادیار سەفەری بێ‌ گەڕانەوەی پێكرد، سڵاو لە گیانی پاكی سابیر كوردستانی، سڵاو لە گیانی بەرزەفڕی شەهید ئیسماعیلی برام كە بەدەستی زوڵم‌و فاشییەتی سیاسی لە هەڕەتی بەهاری تەمەنی گوڵی ژیانی وەری.

  • 1