ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

پێم سەیرەو زۆریش سەیرەباسی مردنی تۆدەکرێت!  ئاخر جوانی چۆن دەمرێ؟  تۆیەک کەهەموومانت کرده بەشێک لەخۆت و تۆیەک کە شیعر و ئاوازودەنگ و بەهار و باران وپەلکەزیڕینەت کردە تاجی هەزارڕەنگی سەری خۆت ؟ تۆچۆن دەمری کە کەزی حەوت یارت بۆسیامەندی سیپان و قوڵنگت بۆفەرهادی بیستون ونامەی بەڵقیست بۆسلێمان دەبرد؟

سەبووری   ڕۆحی غەریبان ،مردنی چی؟ تۆکە سوکناییت گەورەکچانی سەربەرماڵ دەداو وشکەسۆفیت  فێری عەشق دەکردو دەتەویست حیکایەت وبەسەرهاتی هەموو عاشقە دڵشکاوەکان بگەیێنیت بەگۆڤەندوکەژاوەی زەماوەندی بەیەک گەیشتن، تۆفێرت کردین نەلەڕۆژ چرا دابگیرسێنین نەلەبەردەم گەمژە هونەربنوێنین، فێرت کردین بەساڵا چوون نزیک بونەوە نیە لەمردن بەڵکو مردنی ڕاستەقینە گۆشەگیریە لەهونەر.

شەجەریان ساداتی جوانی

تۆپێت گوتین ئێران وڵاتی هونەرە ؟ وڵاتی موعین وهایدەو گوگش وزیرەک وماملێ ومەزهەری خاڵقییە ،نەک وڵاتی داخرانی فیکری وسیاسی و ئایدۆلۆژیا لەقالبدراوەکان . وڵاتی حافزو شامڵۆو فروغ و هێمن وهەژارو سوارەشە نەک بەتەنیا وڵاتی ڕاوەدوونان ، تۆنامری ئەی شای جوانی ،تۆکەدەنگت هاژەی چەم بۆنی گوڵ و نێرگزی پرچ زەردو نەغمەی بولبول و چریکە نەورەس و سەمای عەرعەرو کەروێشکەی گوڵەگەنم و نمەی باران و ئاوەدانی کۆڕی یاران بئ چۆن دەمری ؟ بەڵام دەشزانم دوای تۆ تەنیادەبین ، بەڵام کێ دەڵێت دوای تۆ تەنیاییش قبوڵمان دەکات.

  • 1