ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زیرەك كەمال/ سایكس بیكۆ سەد ساڵی تێپەڕاند

بەمەبەستی دابەشكردنی ستنوری حوكمڕانی و پاشەكشە پێكردن و لاوازكردنی ئیمپراتۆریەتی پیاوە نەخۆشەكە (عوسمانی) 16 ئایاری 1916 هەردوو حكومەتی بەریتانیاو فەڕەنساو بەسەرپەرشتی فرانسۆای فەڕەنسی و بیكۆی بەریتانی رێكەوتنامەی سایكس بیكۆ ئیمزا كرا، بەشی زۆری وڵاتانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرهەمی ئەو رێكەوتنامەیەن، چونكە بەپێی ئیمزای فرانسۆ و بیكۆ و هەردوو وڵاتی زلهێزی ئەوسایی جیهان سوریاو لوبنان خرانە ژێر ئینتیدابی فەڕەنساو عێراق و ئەردەن و ئیسرائیل خرانە ژێر ئینتیدابی بەریتانیا، دیارە سەرجەم دەوڵەتە دروستكراوو داتاشراوەكان (سایكس بیكۆ) دواتر بوونە فاكتەری بەرهەم هێنانی كۆمەڵێك سیستەمی حوكمڕانی دكتاتۆری و ئەوانیش بوونەمایەی داڕووخاندن و خاپوور كردنی سامان و داهاتی وڵاتەكەیان و قەڵاچۆكردن و سەركوتكردنی گەلەكانیان، لەهەردوو وڵاتی سوریا عەولەویەكان وەكو كەمینەی ئەو وڵاتەو سوننەكان وەكو كەمینەی عێراق بەزۆر كران بەحوكمرانی هەردوو وڵات و بەبێ رەچاوكردنی دۆخی سیاسی و پێكهاتەی نەتەوەیی و ئاینی، سایكس بیكۆ لەسوریا جڵەوی دەسەڵاتی دایە دەستی عەلەوییەكان و لە عێراقیش دایە دەستی سوننەكان، بەداخەوە هەردوو وڵات و دواتریش بەتوركیاشەوە كە ئەگەرچی ئەوەی دوایی بە ئیمزای سایكس بیكۆ دانەمەزرا، بەڵام هەرسێ وڵات بوونە ناشیرینترین وڵاتی دونیاو بەبەرنامەو كرداریش سیاسەتی پاكتاوكردنی رەگەزییان لەدژی گەلی كوردو نەتەوە ئاینزاكان جێبەجێ دەكرد. ئێستا كە سەد ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەو رێكەوتنامەیە، بەڵام توركیاو سوریاو عێراق هەمان دۆزەخ و دوورگەی قاسیەتی سێ حوكمڕانی دكتاتۆرو ئینسان كوژن، لەسەر ئاستی هەموو دنیاش بەگەرمی دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێكەوتنامەیە هەیەو هەر بەكردەوەش لەسوریاو عێراق لەزۆر بوارو رووەوە هەڵوەشاوەتەوە هەڵبەت بۆ گەلی كورد سەردەمێكی سیاسی نوێ هاتۆتە ئاراوەو دەكرێت لەرێگای پرۆژەو بەرنامەیەكی هاوبەشی سیاسی لەهەر چوار پارچەی كوردستان ئەو دۆخە بكرێتە فاكتەرو پاڵنەری چارەسەركردنی كێشەو رۆژی نیشتمانی و نەتەوەیی و كۆتایی هێنان بەو هەموو زوڵمەی سایكس بیكۆ لە كوردو لە دیموكراسیەت و مافی مرۆڤی كرد.

بۆیە ئەركێكی ئەخلاقی و نیشتمانی هەموو حزبەكانی گوردستان كۆنگرەیی نەتەوەیی ببەستن و گۆرانكارییەكان بە قازانجی گەلەكەمان بقۆزنەوە.

  • 1