ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زیرەك كەمال/ ئۆردوغان و ئەبو بەكری بەغدادی

ماوەی زیاتر لەدوو مانگە سەرجەم شارەكانی باكوری كوردستان لەژێر تۆپ و كاتیۆشەو جۆرەكانی چەكی قوڕس و قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی ناڵەی دێت.

بەشی زۆری گەڕەكەكانی ئامەدو سیینی و شەرناخ و وان خاپور كراون، رۆژانە لەشكری ئاكەپەی فاشی و جەنەرا دەرچووەكانی قوتابخانەی كامالیزم و ئۆردوغانیزم پەلاماری گوندو شارەكانی باكور دەدەن و هەر بەئاشكراو راشكاوانە بەبەرچاوی دنیا سیاسەت پاكتاوكردنی رەگەزی لەدژی گەلی كورد پیادە دەكەن، قوتابخانەكان كراونەتە سەربازگە نەخۆشخانەكان تەنها بۆ تیماركردنی دەست و پێوەندەكانی ئاكەپە كراوەن، باری نائاسایی لەبەشی زۆری شارەكانی باكور راگەیەنێندراوە، رۆژانە پۆڵ پۆڵ و دەستە دەستە كوڕو كچ و پیرو پەككەوتەی كورد راكێشی زیندانە تاریك و ترسناكەكانی حكومەتی ئۆردوغان دەكرێن، واتە بەكورتی و بەكوردی گەورەترین پارچەی كوردستان خراوەتە ناو كورەی ئاگرو بەبەرچاوی دنیاو میدیاكان دایكان و باوكان خەریكی كۆكردنەوەی دەست و قاچی پەڕیوی رۆڵەكانیانن، كەچی دنیا بێ دەنگە !!! كەلای من لە بێ دەنگی دنیا دەچێت بەرامبەر كارەساتی هەڵەبجەو ئەنفالكردن و سیاسەتی قەڵاچۆكردنی رەگەزی بەعس دژی باشوری كوردستان ئەو بێدەنگیەش لەكاتێكدایە كەوا كورد بە دانپیانانی رای گشتی جیهان لە رێگای شەری داعش و تیرۆر بەگشتی چۆتە سەر نەخشەی سیاسی دیموكراسی جیهان.

رۆژانە بەرپرسە باڵاكانی ئەمەریكا و زلهێزانی دنیا باسی قارەمانێتی پێشمەرگە و شەرڤانان و ئازایەتی گەلی كورد دەكەن، كەچی لەبەرامبەر سیاسەتی فاشیانەی توركیا لە قەڵاچۆكردنی میللەتێك و خاپور كردنی وڵاتێك بێ رەنگن ئەوەش ئەوەمان پێ دەڵێت كە ئەمەریكا و وڵاتە زلهێز و بڕیار بەدەستەكانی دنیا كوردیان بۆ شەڕی داعش و تیرۆر بەگشتی دەوێت.

واتا باسكردنی ئەوان لە ئازایەتی پێشمەرگە و شەرڤانان باسكردن نیە لە میللەتێكی زوڵم لێكراو خاك داگیركراو و نیشتیمان دابەشكراو، بەڵكو ئەوان ئەوە نابینن كە پێشمەرگە و شەرڤان نوێنەرایەتی زیندوێتی و مەزنی میللەتێك دەكەن، بەڵكو ئەوان وەكو كۆمەڵێك جەنگاوەر، سەیریان دەكەن لەشەری "داعش"، دڵنیاشم ئەگەر داعش دوژمنی ئەوان نەبوایە گومانی تێدا نییە دەبوونە بینەری رووداو و كارەساتەكان و شەری نێوان داعش و كورد، ئەگەرنا لە ئێستادا چ جیاوازیەك لە نێوان ئۆردوغان و ئەبوبەكر بەغدادی هەیە.

  • 1