ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سێ ساڵ بەر لە ئێستا شاعیری گەورەی كورد شێركۆ بێكەس ماڵئاوایی لە گەل و نیشتمان كردو بە هەورازی سەخت و تونێلی تاریك و پڕ لە پێچاو پێچی ترسناك و بێ گەڕانەوەدا ئۆغەری كرد، ئەو رۆیشت بەڵام شێركۆ ناسەكان و هەموو ئەوانەی لەماناكانی شیعرو پێگەو قورسایی ئەدەبی ئەو شاعیرە تێگەیشتوون، هەرگیز دڵیان نەهات لە ئاستی ماڵئاوایی كرد نەكەیدا دەست هەڵبڕن. ئاخر شێركۆ بێكەس بەرێگایەكدا رووەو نادیار رۆیشت، بەڵام لە هەزار رێگاوە دێتەوە لامان ئەو دیوەخانە كوردەواریی كە هەمیشە بە ئەوەو گەرم و گوڕو پڕ لە شەوق و درەو شانەوە بوو بەجێ هێشت، بەڵام تا ئایندەیەكی یەكجار دووریش هەر پادشاو قسە بەدەست و دەست رۆیشتووی سەر زەمینی شیعرو جوانی و داهێنانە، تا گوڵ و درەخت و باران و ئەستێرەو مانگ و خۆرو كانی و بەهارو عەشق و جوانی مابێت، شێركۆ بێكەس هەر دەخوێنێت و لەگەڵ بینینی هەموو ئەوانەدا ئێمە بەردەوام شیعرەكانی ئەومان بیر دەكەوێتەوە.

ماڵئاوا شاعیری گەورەی كورد شێركۆ بێكەس، ماڵئاوا پیاوە باڵاكەی سەر زەمینی جوانییەكان، سەفەری بێ گەرانەوەت ماڵی دڵ و شیعرو هەڵوێست و داهێنانی كوردەوایی چۆڵكرد، بەڵام دیوانەكانت بەسمانن بۆ خۆپاراستنمان لە داعش و گورگی خۆ خۆرو هەمووشت خۆری ناوەخۆیی تۆ هەر برۆ، بەڵام ئێمە دڵنیاین تۆ ناتوانیت بمریت.