ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

برادەر سەردەمانێك نووسینەكانت سەنگەری بەرگری كردن بوو لە جوانی و مافی مرۆڤ، بەڵام دواتر هەیمەنەی سیاسەتی وەستاندن و پێواندنی ئامانجەكانی راپەرین و بردنی ئەنفال و هەڵەبجەو كەركوك بۆ كاپكی حەمەد ئاغا تۆشی خزبێتە ژێر كۆنترۆڵی خۆی، پێم سەیرە بۆ نووسەرێكی خاوەن روئیاو دورربین لە ئەمرۆدا بێ هێنانەوەی بچوكترین بەڵگە حزبی شیوعی كوردستان دەخەیتە نێو یەك رستە ئەویش گوایە پاڵپشتی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە هەڵوێستەكانی كە ئەمەش ناهەقیەكی گەورەیە بەرامبەر بەحزبێك وەك چۆن لەسەردەمی شۆڕش و بەر راپەرین رۆڵەكانی لەشاخ و زیندان رووبەڕووی جەلادەكانی بەعس دەبوونە دوای راپەرینیش هەر هاورێكانی ئەو حزبە بوو بەگژ شەڕی ناوەخۆ و بەتاڵان بردنی سامان و داهاتی كوردستان دەچوونەوە چەندین ساڵە حزبی شیوعی یەخەی دایكانەو دڵسۆزانە بەرامبەر هەردوو بەرەی سیاسی كە لە شەستەكانەوە ململانێیانە لەسەر هیچ!! ناهەقی بەرامبەر دەكرێ.

لە سێبەری ئازادی دوای راپەرین ئەوانەی ئێمە بەبرا تەماشامان دەكردن چەندین هاوڕێی ئێمەیان تیرۆركرد و بارەگای ئێمەشیان داگیركرد، بەڵام لە پێناوی ناسكی قۆناغەكە نەمانگەیاندە مریشكە رەشە.

برادەر ..! تۆزێك خۆت ماندوو بكەو دەستبەرداری سیاسەتی بەرزەمن بە، بگەڕێوە بۆ ئەرشیفی رێگای كوردستان ئینجا بۆت دەردەکەوێت كە حزبی شیوعی نەك پاڵپشتی ئەملاو ئەملا نەبووە، بەڵكو بەرزترین دەنگی دلێری بەگژداچوونەوەی شەری ناوەخۆ و گەندەلی بووە.

منیش و تۆش ئەو راستییە دەزانین ململانێی سیاسییەكانی ئێستا لەسەر ژماردنی تانكەری نەوت و كورت و درێژی بۆری نەوتە، نەوەك شەڕكردن لەسەر بەرژەوەندیە باڵاكانی ئەم میللەتە، بەڵام ئەو سیاسەتەی كه كەپكی حەمەد ئاغای كردە گۆڕستانی سەدان رۆڵەی بێناز هەڵخەڵەتاوی وڵاتەكەمان هەر ئەو سیاسەتە لە ئێستا بریاریداوە جوانی و ناشیرین لەیەك پێناسەدا كۆبكاتەوە، ئێمە نە پاڵپشتی پارتی دیموكراتی كوردستان و نە هیچ حزبێكی تری سیاسین، بەڵام رێبازی فكریمان وای پەروەردە كردوین جوان كوێر نەبین و راستیەكان وەك خۆی ببینین، بەراست بڵێن راست و بەهەڵەش بڵێن هەڵە.

دوورخستنەوەی هاوڕێیانی ئێمە لە هەر پلەو پۆستێكی ئیداری و سیاسی و گوشار خستنە سەر هاوڕێكانمان لەلایەن هەردوو حزبی خاوەن دەسەڵات لە 24 ساڵی رابردوو باجێكە لەسەر راستگوێی حزبەكەمان داویەتی دواجار برادەر گلەیی بێت ئێستا نەدەبوایە قەناعەتی سیاسیت ئاوا بەرچاوت لێڵ بكات جەنگاوەرێكی شەری ناوەخۆ و پێشمەرگەیەكی شیوعی دڵ بریندار و جەستە برینیش وەك یەك سەیر بكەی، خۆمان بەدۆستی هەر حزب و كەسێك دەزانین كە پارێزەری وڵاتەكەمان و مافی مرۆڤ بێت دەنگی هەمیشە دلێرو بەرزیش دەبینین بەرامبەر ئەوانەی قۆناغی دوای راپەرینیان كردە گەراجی كۆچكردنی گەنجەكانمان بۆ دەرەوەی وڵات و بەشەڕی ناوەخۆشیان وەڵامی راپەرینی خەڵكی كوردستانیان دایەوە.

دڵنیاشم لە مێژوودا هەر ئەوانە گرەو دەبەنەوە كە شەڕ لەسەر راستی و جوانیەكان دەكەن.

* دەقی چاوپێكەوتنەكەی كاك رێبین بەرنامەی (روانگە) لە تەلەفزیۆنی (پەیام) پەخشكرا.