ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سێ ساڵ بەر لە ئێستا لەگەڵ نووسەرو رۆشنبیری ناوداری كورد بەختیار عەلی لە شاری ئامەدی باكوری كوردستان بووین، لە دانیشتنێكدا كە من و ئەو بووین بەڕێزیان لەمنی پرسی چۆن لە سیاسەتی ئێستای توركیا تێدەگەیت؟ گوتم: من لە هەموو كوچەو كۆڵانەكانی توركیا ئەتاتۆرك دەبینم، بەڵام ئەتاتوركێكی حەپەساو! گوتی چۆن؟ گوتم فیكری كەمالیزم كە خۆی لە فاشیزمی نەتەوەییدا دەبینێتەوە وەكو جاران لەناو كایەی سیاسی و حوكمڕانیدا زیندووەو لەكاردایە، بەڵام لە فۆرمێكی مەترسیدارتر، چونكە ئاكپارتی دەیەوێت فاشیزمی نەتەوەیی تێكەڵاوی فاشیزمی ئاینی بكات، بۆیە توركیای ئێستای ئۆردوغان مەترسیدارترە لە توركیای سەردەمی كەمالیەت. كاك بەختیار عەلی گوتی هاوڕام لەگەڵت منیش لە ئێستادا ئەتاتۆرك دەبینم بەڵام بەبێ كەڵبە، بۆیەش دەسەڵاتی ئەكپارتی كە لەئێستادا لە رێگای دەستگیركردنی تێكۆشەران سەڵاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێكانی زیاتر لە هەموو كات ماهیەتی فیكری و فاشیزمی ناو ناخی خۆی نیشاندا، ئیدی كاتی ئەوە هاتووە توركیا وەكو خۆی بناسین و واز لەو بانگەشە سادە گۆیی و رووكەشانە بهێنین، كە زۆركەس پێی وابوو دەسەڵاتی توركیا بەرەو دیموكراسیەت دەڕوات، چونكە ئاكپارتی و سەركردەكانی هەموو جومگە رەگەز ترسناكەكانی راسیزمی نەتەوەیی و ئاینی لەخۆیدا كۆكردۆتەوە.

بۆیەش لەو قۆناغەدا خەباتی گەلی كورد لە باكور زۆر لەسەردەمانی سەردەمی جەهەپەو خودی كەمالیزم سەختترە.

ئازادی بۆ دەمیرتاش و هاوڕێكانی كە دوێنێ بەوێنەی كۆمەڵێك باڵندەی كەسیرە بوو كەوتبوونە دەستی شەلاتییەكانی ئەكسەراو تەقسیم و لالەلی و پیاوانی داعش و قاعیدە، دڵنیام رۆژێك خۆری ئازادی گەلەكەمان لەدەمی كەلی قوربانیدان دەردەكەوێت و ئۆردوغان و پاسەوانە لۆتییەكانیشی بەوێنەی سەدامی دكتاتۆر بەوێنەی جورجێكی ریشن لە كولانەدا دەگیرێن.