ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زیرەك كەمال / مەلای گەورەی كۆیە بەشانازییەوە لەسەر تۆ دەنووسم

لەهاوینی 1922 بزووتنەوەیەكی سیاسی تەم و مژاوی مەبەستدارو سیخانخ بەفیكری تۆرانیزم لەرواندزو رانیەو دەوروبەری كۆیەو چەندین ناوچەی تری سەر بەهەولێر پەیدابوو. لەژێر گوشاری ئەو بزووتنەوەیەو تیژبوونەوەی هەستی ئاینی، حاكمی بەریتانی لەكۆیەو بۆ هەلێر كشایەوە، ئەمەش بۆشاییەكی ئیداری و سیاسی لەكۆیە دروست كرد، ئەوە بوو دەستەبژێری ئایینی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و سیاسی كۆبوونەوە بەمەبەستی پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئیدارییە لێژنەیەكی باڵای كاتی بەسەرۆكایەتی مەلای گەورەی كۆیە بەناوی حكومەتی كاتی لەكۆیە پێكهات، بەڵام خەونێكی كوردستانی هەبوو پێكهاتەی كابینەی حكومەتیش بریتی بوو لە:-

1-مەلای گەورەی كۆیە/ سەرۆكی حكومەتی كاتی

2-جەمیل ئاغای حەوێزی / ئەندام

3-مەوڵاغای حەوێزی / ئەندام

4-كەریم ئاغای حەوێزی / ئەندام

5-مەلا ئەحمەدو ئاغای سمایل ئاغای غەفوری/ ئەندام

6-رەسول ئاغای غەفوری / ئەندام

مەلای گەورە وەكو سەرۆكی حكومەت ئیش و كارەكانی ئیدارەی ناوچەكەی رایی دەكردو هەر بەناوی (جەلی زادە) ئیمزای لەسەر نووسراو بڕیارەكان دەكرد، هەڵبەت جێگای داخە كەئەویش وەكو سەدان وەرچەرخان و رووداوی گرنگی سیاسی كوردستان كەمترین نوسین و قسەو توێژینەوەی لەسەر ئەو حكومەتە كاتیەكراوەو بگرە هەر وەكو نەبوو لەمێژووی ئێمەدا فۆرم و ناوەڕۆك و كۆی وردەكارییەكانی لەسەر رەفەی ژوورە تاریكە ترسناكەكانی مێژووی خۆ بەكەم زانینی نەتەوەییمان تۆزی فەرامۆشكردنی لەسەر نیشتبوو.

تەنانەت لەسەردانێكیان بۆ لای من لەماڵەوە كاتێك باسی حكومەتی كاتییەكەی مەلای گەورەم لەگەڵا هەردوو گەنجی چالاك و كارا‌و زیندووی ناو دنیای زمان و ئەدەبی كوردی حەیدەر عەبدوڵڵا شێخ وەسانی و ئارام شێخوەسانی كرد، رامان و سەرسامی و بێ‌ زانیاری خۆیان لەو بارەوە نیشاندا.

هەربۆیەش دەست خۆشەو ئافەرین و ماندوو نەبوون لە گەنجی چالاك و خەمخۆری مێژووی گەلەكەمان هاوكاری عەبدوڵڵا شێخوەسانی دەكەم كەلەو چەند رۆژەی دوایی كتێبێكی لەدوو بەرگی جوان و نایابدا لەسەر ژیان و جیهان بینی و عەقڵیەتی رۆشنگەرانەی مەلای گەورەی كۆیە بەچاپ گەیاند، دەشزانم چەندە ماندوو بوون و دەردەسەری و شەونخونی و تاقەت پڕۆكێنی و لەرێگای بە ئەنجام گەیاندنی ئەو پرۆژە نایابەدا تووشی هات، كاكە هاوكار كارێكی باشی كردو شایانی رێزو ستایش و پیرۆزبایی لێكردنە، چونكە هەم وەفاداری بەرامبەر كەسایەتییەكی گەورەی كورد نیشاندا كە نزیكەی هەشتا ساڵ بەر لە ئێستا كە بێ‌ هەدادان و دڵگەرمانەو دڵسۆزانە بەقوڵنگی مەعریفەو تازەگەری و پێشكەوتنی لەسەر تەوێڵی بێستوونی كورد چەندین وێنەی عەشقی تاشی، پیاوێك ویستی ئاینی ئیسلام بكوردێنێ‌ و لە تەپ و تۆزی ئەفسانەو دێوو خێوو شەولەبان و دەلی بابۆو دەروێش و ئایدیۆلۆژیای لە قالب دراو رزگار بكات و خودی ئایین بهێنێتە ژێر دەوارو سایەی وڵاتی شیرین و فەرهادوو مەم و زین و كاوەی ئاسنگەر.

واتا ویستی ئاین لە هەموو كۆت و بەندو تەوقە كۆمەڵایەتییە تەقلیدیانە رزگار بكات كە كەبەدرێژایی مێژوو هەناسەو تواناو برستی لەمیللەتەكەمان بڕیبوو.

هەر بۆیەش ئەگەر بمانەوێت كاریگەری و هەیبەت و پێگەی ئەو پیاوە رۆشنگرە لەمێژووی سیاسی و ئەدەبی و رۆشنبیری و مەعریفی كورد بخەینەروو، نابێت بەتەنها لە ناو ژیاننامەو بەسەرهات و تەفسیرو دەقە ئاینییەكان بۆ مەلای گەورە بگەڕێین، بەڵكو پێویستە ئەو پیاوە بەوە پێناسە بكەین، وەكو چۆن تورك ئیسلامی توركاند، فارس فاساندی، عەرەب عەرەباندی، ئەویش ئاوا ویستی ئیسلام بكوردێنێ‌، بەڵام داخەكەم رق و كینەی دووبەرەكی و دەردی سەختی خۆ بەكەم زانین و پەتاو نەخۆشی خۆوێناكردن وەكو كائینێكی لاوازو هەژاری و دەست كورتی كولتوری بەیەكەوە ژیانی مەدەنیانەو حەزكردن بە خزمەتكردنی كولتورو فەرهەنگی بێگانە، وەكو چۆن هات و هاوارو نەڕە نەڕی دەست درێژو عەقڵ كورتەكانی سەر شاشەی تیڤییەكان و دنیای سیاسەت خەریكە نیشتمان و نەتەوەو ئاڵاو ئەی رەقیب و شكۆی نەتەوەییمان لەژێر سمی ئەسپی سەرمایەو گەندەڵی دەپلێێننەوە ئاواش خەریكە خەونی مەولانا خالیدی نەقشبەندی و مەلای گەورە لەسەر بەردی عەقڵی خۆ بەكەم زانین وردو خاش دەبێت.