ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زیرەك كەمال / وەزارەتی خوێندنی باڵا، رەفیق حزبییەكەی بیرخستمەوە

رەببی مووی لێ‌ بێ‌ زمانی

پەنجەكانی هەڵوەرێ‌

هەركەسێك گوڵشەن بە چەشنی

گوڵخەنی دۆزەخ بەرێ‌ (حەمدی)

پێویست بەوە ناكات باسی ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا تایبەت بە زمانی كوردی بكرێت، كە ئایا دەكەوێتە كوێی هەقانییەت یاخود رەوابوون، یاخود ببێتە مایەی تێڕامان‌و وردبوونەوە‌و گفتوگۆ لەسەركردن، چونكە بە بڕوایەكی پتەوو بێ‌ چەند‌و چوون دەڵێم ئەو بڕیارە زووخاوێكە‌و لە هەناوی رەشی فیكری بە سووك سەیركردن‌و هەوڵێك بۆ توانەوەی زمانی نەتەوە كورد سەرچاوەی گرتووە, ئەوانەی روو قایمانە‌و لە لوتكەی داڕمانی ویژدانی نەتەوەییەوە بڕیاری لەو شێوەیە دەردەكەن، ئەوانەی حزب وەكو كۆمەڵێك بوكەڵە‌و لیبۆكە لەو شوێنە گرنگ‌و هەستیارە دایناون‌و رەجەب ئاسا پارچە قوماشێكی بریقەدار‌و خراوەتە سەر شانیان‌و جگە لە (ئم) هیچ نازانن‌و، كە دەشكەونە ژێر گوشاری خاوەنی دووكاندار جگە لە دەستەواژەی (ئەمن هیچ نازانم) هیچی تر ناڵێن.

سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو قوتابی بووم لە ناوەندی زۆزان‌و پۆلی دووەمی ناوەندی بووم، رۆژێك رەفیق حزبییەك كە بەعسیییەكی ترسناك‌و قامچی وەشێنی هەولێر بوو كوردیش بوو، بە یاوەری بەڕێوەبەری قوتابخانە هاتە پۆلەكەمان‌و باسی گرنگی‌و دەوڵەمەندی زمانی عەرەبی كرد‌و گوتی عەرەبی لەبەر ئەوەی زمانی قورئان‌و دەوڵەتە بۆیەش بەرزی ئاستی هۆشیاری‌و زیرەكی ئێوە بەندە بە ئاستی زانینی ئەو زمانە، منیش هەڵسامەوە گوتم ئێمە كوردین یەكەم جار دەبێت زمانی كوردی بە تەواوی بزانین‌و هەروەها تەواوی رەهەندە بنچینییەكانی شارەزابین ئینجا زمانەكانی تر فێربین، یەكسەر ئەو (رەفیق حزبییە) ئاگری تووڕەبوون لە دەم‌و چاوی بڵاچەیداو راست‌و چەپ دوو شەقا زللەی سرەواندە بناگوێم‌و بۆ چەند دەقیقەیەك بەری دیدەم تاریك داهات.

پێشم وایە ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا كە زمانی كوردی دەكاتە شتێكی لاوەكی‌و ناپێویست سڕەواندنی هەمان شەقازللەیە بۆ بناگوێی هەموو كورد بە گشتی‌و ئەوانەی دەوڵەت‌و سەربەخۆیی خواست‌و ئامانجیانە بەتایبەتی كە رەفیق حزبییەكی بەعسی سی ‌و پێنج ساڵا بەر لە ئێستا هەر لەو هەولێرە لەبناگوێی منیدا، من نازانم ئەو (رەفیق حزبییە)ی ئەوەی لەگەڵا من كرد ئێستا ئەندامی ئەو لیژنەیەیە كە بێ‌ منەتانە‌و بەوپەڕی سووكایەتی كردن بە رۆح‌و كەسایەتی برینداری نەتەوەكەمان زمانی نەتەوەییمان ناچیز‌و بچووك دەكەنەوە، بەڵام دڵنیام تاڵە مووێك لە یەكتریان جیا ناكاتەوە.

دیارە كە لە پایتەختی كوردستاكەم ئاوا هەوڵی لە سێدارەدانی زمانی ژێرخان‌و بونیادی نەتەوەییمان دەدرێت، چاوەڕوانی ئەوەبووم سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان‌و وەزارەتی پەروەردە‌و رۆشنبیری‌و یەكێتی نووسەران‌و ئەكادیمیای كوردی وەكو بوڕكان بە رووی ئەو بڕیارەدا دەتەقنەوە، بەڵام داخەكەم چاوەڕوانیم بووە سەراب‌و بە وێنەی هەواڵێكی مردووی میدیایی تێپەڕی‌و دەترسم نەشیانزانیبێت!!