ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

محەمەد چاوشین/ ڕێگای کوردستان

بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی قەڵادزێ ڕایگەیاند،  بینای  کتێبخانەی گشتی کۆن بووە و پێویستی بە نۆژەن کردنەوە هەیە، ئاماژەی بەوەشدا کە کتێبخانەکە پشتگوێ خراوە و وەک پێویست ئاوڕی لێ نادرێتەوە.

"سنوور محەمەد حەسەن"بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی قەڵادزێ، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ(ڕێگای کوردستان)، ڕۆشنایی دەخاتە سەر کێشە و گرفتەکانی ئێستای کتێبخانەکە و دەڵێت"کتێبخانەکە لە دوو ڕوەوە  کێشەی هەیە، کێشەیەکیان کۆن بوونی بیناکەیە کە وێرانی پێوەدیارە و پێویستی  بە نۆژەنکردنەوە هەیە، کێشەیەکیشیان  پەیوەندی بە بەشی ناوخۆوە هەیە کە بەربەستی لەبەردەم پێشکەوتنی کتێبخانەکەدا دروست  کردووە".

بەڕێوەبەری کتێبخانەکە گوتی"لە ساڵی 2014وە  لەلایەن وەزارەتی  ڕۆشنبیرییەوە کتێب پێشکەشی  کتێبخانەی گشتی قەڵادزێ نەکراوە، ئەوەی کە تائێستا کراوە تەنها خێرخوازان و دۆستان و دڵسۆزانی کتێب کتێبیان بە کتێبخانەکە بەخشیوە".

ناوبراو هەروەها گوتی"بینای کتێبخانەکە تائێستا پاسەوانی نییە، ئەوەش وایکردووە  خەڵکانێک  بچنە ناو حەوشەی کتێبخانەکە و زیان بە شوشەی پەنجەرەکانی بگەیەنن".

بەپێی وتەی ناوبراو، چەند جارێک داوای دابینکردنی پاسەوانیان کردووە، بەڵام کەس گوێی پێ نەداون!.

"کێشەشمان لە کەمی فەرمانبەردا هەیە، چەندین جار داوای دامەزراندنی فەرمانبەرمان کردووە، بەڵام داواکەمان بێ سوود بووە". بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی قەڵادزێ وایگوت.

سەبارەت بە گلەیی و ڕەخنەی هەندێک لە خوێنەرانی شار کە باسی دووریی بینای کتێبخانەی گشتی دەکەن کە لەدەرەوەی شار و لە شوێنێکی لاچەپەک دروست کراوە، سنوور محەمەد گوتی" ڕاستە بینای کتێبخانەکە لە سەنتەری شارەوە دوورە، بەڵام بۆ خوێنەری ڕاستەقینە دوور نییە،  بۆ کەسێک کە خوێنەر نەبوو، بێگومان ئەگەر کتێبخانەکە  لەناو ماڵەکەی خۆشیدا بێت هەر دوورە".

 

سەبارەت بە ژمارە و ڕێژەی ئەو کەسانەی کە سەردانی کتێبخانەکە دەکەن بۆ وەرگرتنی کتێب، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی قەڵادزێ ڕایگەیاند" بەشێوەیەکی گشتی خوێنەرمان کەمە، ئەوکاتانە ڕێژەی سەردان و خوێنەرانمان زیاد دەکات کە قوتابیان و خوێندکاران بە نووسینی ڕاپۆرت و توێژینەوەوە  سەرقاڵ دەبن".

سەبارەت بە شێوازی پێ دانی کتێبیش بە خوێنەران، ناوبراو گوتی"ئێمە دوو ڕێگامان هەیە هەم بەشێوازی ئەلیکترۆنی کە سەرجەم کتێبەکانمان بە داتابەیس لە ناو سیستمێک کۆکردۆتەوە، کاتێک خوێنەر داوای کتێبێک دەکات ئێمەش ڕاستەوخۆ بە سێرچێک لەناو سیستەمەکە کتێبەکەی بۆ دەدۆزینەوە و پێشکەشی دەکەین. ڕێگای دووەمیش سەرجەم کتێبەکان بەشێوەی لیست لەبەردەستی خوێنەرانن و دەتوانن خۆیان سەیری بکەن و کتێبی دڵخوازی خۆیان بدۆزنەوە و بیخوازن" .

بەپێی وتەی بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی قەڵادزێ، ژمارەی کتێبەکانی کتێبخانەی گشتی قەڵادزێ لە ئێستادا نزیکەی ١٢٧١٠ کتێبی هەیە. لەو ڕێژیەش ٦٨٨١ کتێبی زمانی کوردی و ٥٢٨٩ کتێب زمانی عەرەبی،  ٢٦٤ کتێب زمانی ئینگلیزیی و هەروەها  ٢٦٣ کتێبیش  زمانی فارسییه.

هەر لەناو بینای کتێبخانەی گشتی قەڵادزێ دا، چەند کتێبخانەیەکی بچوکیش بوونیان هەیە کە لەلایەن ڕۆشنبیرانی ناوچەکەوە پێشکەشی کتێبخانەکە کراوە، وەکوو:

کتێبخانەی مامۆستا (غەریب پشدەری) شاعیر  ١٠٢٦ کتێب.

کتێبخانەی  شاعیر(حەمە جاف) ٦٠٠٠ کتێب

کتێبخانەی جەلالی سام ئاغا ٣٩٨ کتێب،

کتێبخانەی عبدللە ئاغا سێوەڵێ ١٣٠ کتێب .

لەکۆتایی قسەکانیشیدا، سنوور محەمەد بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی قەڵادزێ، ئاماژەی بەوەدا کە کتێبخانەکان ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن لە پەرەپێدانی ڕۆشنبیریی گشتی لە شارەکاندا، بۆیە هیوای خواست کە هەرچی زووتر ئاوڕ لە کتێبخانەکەیان بدرێتەوە و کێشە و کەموکوڕییەکانیشی چارەسەر بکرێن.

دیدارو چاوپێكەوتنەكان