بەهار عەلی:سوکایەتیکردن بە ژنان دەرخەرى ترسێکى گەورەی کۆنەپارێزەکانە

لەم دیمانەیەدا بەهار عەلى چالاکى بوارى مافەکانى ئافرەتان، باس لە گرنگى کارى هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەو هێرش و پەلامارانە دەکات کە لەماوەى ڕابردوودا کرانە سەر ژنان و هۆکارەکانى پشت ئەو هێرشانەش ڕوون دەکاتەوە، هاوکات جەخت لە وەش دەکاتەوە کە ژنان لەپیناوى هێنانەدى یەکسانى جێندەرى و دادپەروەرى کۆمەڵایەتى بەردەوام دەبن.

ئاودێر-ڕێگای کوردستان

هۆکارى ئەو سوکایەتییە چییە لەلایەن چەند مامۆستایەکى ئاینییەوە دەکرێتە سەر ژنان؟

-هۆکارى سەرەکى سوکایەتییکردنەکە ئەو دەستکەوتانەیە کە بزووتنەوەى ژنان لەماوەى ساڵانى ڕابردوودا بەدەستى هێناوە، ئەگەر بە چاوێکى وردبینانەوە سەیرى بکەین، دەبینین کە ژنان لە ناوەندى بڕیاردا جێگەی خۆیان کردووەتەوە، جا لە پەرلەمان بێت، یاخود وەزارەتەکان و لەناو هێزە سیاسییەکان، ڕاستە ئەمە بەپێى پێویست و تموحی ژنان نییە، بەڵام ئەنجامى ئەو تێکۆشانەی لەماوەى سی ساڵى ڕابردوودا کراوە ئەنجامەکەى دەرکەوتووە، لەپاڵ ئەمەدا هۆشیاربوونەوەى ژنان لەکۆمەڵگەدا لە ڕێگەى قبوڵنەکردنى توندوتیژییەوە بەشێوەیەک لەکاتى بوونى هەر توندوتیژییەکدا ژن دەچێت شکات دەکات لە دامەزراوە فەرمییەکان، ڕوودەکاتە ڕێکخراوەکان، قبوڵ ناکات مێردەکەى ژنى دووەمى بەسەردا بێنێت، ئەگەر مێردەکەى بەردەوام بێت لەسەر سوکایەتیپێکردن داواى جیابوونەوە دەکات، ئەمانە ئاماژەن بەوەى کە ئەو کارانەى بزووتنەوەى فیمینیستى کردوویەتى جێگە دەستى دیارە، ئەم گۆڕانکارییانە کەوا خەریکە بەرهەمەکەى دەردەکەوێت، لایەنى بەرانبەر کە عەقڵیەتێکى دواکەتوو و پیاوسالارى و توند و ڕەقە ئەمەى قبوڵ نییە، چونکە پێی وایە دەسەڵاتە توندەکەى ئەو دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە ئەو شێوازی سوکایەتێپیکردنە لەڕێگەى پیاوانى ئاینى و کۆنەپارێزەکانەوە، هەندێک جاریش لە ڕێگەى ژنان خۆیانەوە دەستى پێکردووە، ئەم هێرش و سوکایەتییە تەنیا ژنانى نەگرتووەتەوە تەنانەت سوکایەتى بەو کەسانەش دەکەن کە ڕێگە دەدەن ژنەکانیان، یان کچەکانیان بچنە دەرەوە و جلى غەیرە موحاجەبە بپۆشن، بۆیە بە بۆچوونى من سوکایەتییەکە دەرخەرى ئەو ترسە گەورەیەیە کە لەو جۆرە کەسانە نیشتووە.

-ئەم جۆرە لە سوکایەتیکردن بووەتە هۆی پاشەکشێ بە ژنان و چالاکان؟

پێچەوانەکەى بەتەواوى ڕاستە، لەوەتەى بزووتنەوەى فیمینستى لە کوردستاندا هەیە لەماوەى سی ساڵى ڕابردوودا چالاکانى ژنان و ئەوانەى لەو پرسەدا کار دەکەن هێندەی ئێستا یەکگرتوو نەبوون، چەندین گرووپی جۆراو جۆر دروست بوون کە کار و چالاکى هاوبەشمان هەیە، ئەو هەڵمەتە ناڕەوا و ناشیرینەى کە کرایە سەرمان بووە هۆى دروستبوونى ڕۆحێکى گەورەى دیکە کە پێویستە وامان لێ بکات کارى جدی تر بکەین بەشێوەیەک هەڵگرى گۆڕانکارى کۆمەڵایەتى بێت.

-لەگەڵ ڕۆژى جیهانى ئافرەتان، دۆخى ژنانى هەرێمى کوردستان لە چ ئاستێکدایە، بەراورد بە خەباتى دوو دەیەی ڕابردوو؟

هەڵبەتە خەباتى ژنان لە دوو دەیەى ڕابردوودا جیاواز بووە، هەر وڵات و ناوچەیەک تایبەتمەندى خۆى هەبووە و بەپێى دۆخى وڵاتەکان خەباتەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بەر لە ڕاپەرینی هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان بارودۆخێکى دیکتاتۆرى خراپ لە عێراقدا هەبووە، ئەم دۆخە هەرێمى کوردستانیشی گرتووە، لە ساڵانى حەفتاکاندا هەندێک ڕێکخراوى سەربە حزبەکان هەبوون بۆ نموونە کۆمەڵەى ئافرەتان، یان یەکێتى ئافرەتان کە بەشێوەى نهێنى کاریان کردووە و یادی هەشتى مارسیان کردووەتەوە، هەندێک جاریش لە ئاستێکى زۆر بەرتەسکدا بە ئاشکرا کاریان کردووە، بەڵام لەماوەى سی ساڵى ڕابردوودا ئەنجامەکان زۆر گەورەتر دیارن، لەگەڵ هەموو کەموکورتییەکاندا لەدواى ڕاپەڕینەوە زەمینەیەک هەبووە کە ڕێکخراوەکانى ژنان بە ئاشکرا کارەکانیان تێدا ئەنجام داوە، هەرچەندە بە هەڵبەز و دابەزی جیاوازدا ڕۆیشتووە، لە ماوەیەکى زەمەنى دیاریکراودا پشتگیرییەکى فراوانى نێودەوڵەتى هەبوو بۆ ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگەى مەدەنى بەمەبەستى پێشخستنى بزووتنەوەى فیمینیستى لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە هەبووە، تەنانەت حکوومەتى هەرێمى کوردستانیش لە ماوەیەکى دیاریکراودا لە ڕووى داراییەوە پشتگیری ڕێکخراوەکانى کردووە کە ئەمانەش هۆکار بوون تەکانێکى گەورە بە بزووتنەوەکە بدرێت.

-نزیکەى 150 ساڵ بەسەر ڕووداوى 8ی مارسدا تێدەپەڕێت، لەم یادەدا پێویستە چی بکرێت؟

پێویستە زیاتر هاوکارى و هەماهەنگى لەنێوان چالاکانى بوارى مافەکانى ژنان و سەرجەم مرۆڤدۆستاندا هەبێت، نەفەسمان درێژ بێت لەپیناوى هێنانەدى یەکسانى جێندەرى و دادپەروەرى کۆمەڵایەتى، تاکە ڕێگەماشمان بۆ بەدیهێنانى ئەم ئامانجە، بەردەوامى کارکردنمانە.

 دکتۆر گۆران عەبدوڵا: حکوومەتی هەرێم لە پرۆسەیەکی گرنگی وەکو کەرەنتینە شکستی هێناوە

ئاودێر

لەم دیمانەیەدا، د. گۆران عەبدوڵا هەڵگرى بروانامەى دکتۆرا لە سیستمى تەندروستى نێودەوڵەتى باس لە مەترسییەکانى کۆڤید 19 و چۆنیەتى خۆپاراستن لێ دەکات. ڕوونى دەکاتەوە کە تا ئێستا هیچ خواردن و خواردنەوەیەک وەک چارەسەر بۆ ئەم نەخۆشییە دەستنیشان نەکراوە و هێشتا هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەریش نییە ڤایرۆسەکە لە پلەیەکی گەرمی دیاریکراودا لەناو بچێت، "لەم ڕووەوە توێژینەوەکان هێشتا لەسەرەتان". لەبارەى هەوڵەکانى حکوومەتى هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ڤایرۆسەکە دکتۆر گۆڕان ڕاى دەگەیەنێت کە هەوڵەکانى وەزارەتى تەندروستى لە ئاستی پێویستدا نین و بۆچوونیشی وایە کە حکوومەت لە پرۆسەیەکی گرنگی وەکو کەرەنتینەدا بەتەواوەتی شکستی هێناوە.

-جۆرەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا چین؟ مەترسیدارترینەکەیان کامەیە؟

کۆرۆنا خێزانێکی گەورەیە لە ڤایرۆس کە لە چەندین ئەندام و جۆر پێکهاتووە. ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵ و مرۆڤیشدا نەخۆشی دروست دەکات. لە مرۆڤدا چەند ئەندامێکی خێزانی کۆرۆنا بەوە ناسراون کە پەسیو و هەڵامەتی ئاسایی دروست دەکەن. بەڵام هەندێ جاریش نەخۆشی قورستری وەکو سارس. تازەترین ئەندامی ئەم خێزانەش ئەو جۆرەیە کە لەم دواییانە لە چین بڵاوبووەوە و خەریکە دەگاتە هەموو جیهان. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ناوی نەخۆشیەکی نا کۆڤید ١٩.

-گرنگترین نیشانەکانی کۆڤید 19 چین؟

باوترین نیشانەکانی نەخۆشییەکە بریتیین لە؛ تا، هیلاکی و کۆکەیەکی وشک. هەندێ لە نەخۆشەکان ڕەنگە چەند نیشانەیەکی تریان هەبێ وەکو ئازاری لەش، تەڕبوونی لووت، گەرووئێشە یان سکچوون. هەندێ لەوانەی تووش دەبن هیچ نیشانەیەکیان نابێ.

-مەترسییەکانی کۆڤید 19 کامانەن؟ 

3. 80%ی ئەوانەی تووشی نەخۆشییەکە دەبن بە تەواوەتی چاک دەبنەوە بەبێ ئەوەی پێویستیان بەهیچ چارەسەرێک هەبێ، لە هەر ٦ کەس کە تووشی نەخۆشییەکە دەبن یەکێکیان بە سەختی دەیگرن و تووشی تەنگەنەفەسی دەبن و ڕەنگە ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە. هەر کەسێک تا و تەنگەنەفەسی بوو دەبێ ڕاستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانە بکات، بە تەمەنەکان ڕەنگە بە سەختی بیگرن بەتایبەتی ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە وەکو شەکرە و ڕەبۆ و نەخۆشییەکانی بۆڕی هەناسە و فشاری خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ و ئەوانەی بۆ هەر هۆکارێک جۆرە دەرمانێک وەردەگرن کە بەرگری لەشیان کەم دەکاتەوە.

-چۆن دەتوانین خۆمانی لێ بپارێزین، بە دەمامک یاخود پەیڕەوکردنى ڕێنمایی دیکە؟

باشترین ڕێگا بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا دەمامک نییە، بەڵکو ئەم هەنگاوانەی خوارەوە:

1- ئاگاداری تازەترین زانیارییەکان بە لەسەر کۆرۆنا بە پشتبەستن بە شارەزایان و پزیشکان و سەرچاوەی وەکو ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی

2- دەم و لووتت بە مەچەک یان ئەنیشکت داپۆشە لە کاتی پژمە و کۆکە و یەکسەر دەستەکانت بشۆ.

3- بە بەردەوامی دەستەکانت بە ئاو و سابون یا بە جێلی تەعقیم پاککەرەوە. دەستشوشتن ڤایرۆسەکە لە ناودەبات کە ڕەنگە لەسەر دەستەکانت نشتبێتەوە. 

4- بەلای کەمەوە مەودای ١ مەتر ڕاگرە لە نێوان خۆت و کەسێک کە کۆکە یا پژمەی هەبێ. کە کەسێک دەکۆکێ یا دەپژمێ وردە دڵۆپی ئاوی لووت و دەم فڕێ دەدەن کە ڕەنگە ڤایرۆسەکەی تێدا بێ. ئەو وردە دڵۆپانە ڕەنگە لە ڕێی دەم و لووتەوە بچێتە ناو لەشتەوە و تووشی ڤایرۆسەکەت بکات. ئەگەر زۆر لە نەخۆشێکی کۆرۆناوە نزیک بی ڕەنگە لەڕێی هەناسەی ئاساییەوە ڤایرۆسەکەت بۆ بگوازرێتەوە، بۆیە تکایە مەودای ١ مەتر ڕاگرە.

5- دەست لە دەم و لووت و چاوت مەدە. تۆ بە بەردەامی دەست لە شتومەکی دەوروبەرت دەدەی کە ڕەنگە ڤایرۆسەکەی پێوە بێ. ئەگەر ڤایرۆسەکە بە دەستەکانتەوە نووسابن و دواتر دەست لە دەم و لووت و چاوت بدەی ئەوا ڤایرۆسەکە بۆت دەگوازرێتەوە و تووشی نەخۆشییەکە دەبی. 

6- خۆت و ئەوانەی دەوروبەر با بە شێوەیەکی تەندروست مامەڵە بکەن لە کاتی کۆکە یا پژمەدا. پێویستە کلینکس بەکاربهێنیت و یەکسەر فڕێی بدەیتە تەنکەی خۆڵەوە. ئەگەر کلینکس نەبوو قۆڵەکانت بخەرە سەر دەم و لووتت. 

7- تکایە لە ماڵ مەچۆرەوە دەرەوە ئەگەر نەخۆش کەوتی. سەردانی نەخۆشخانەی گشتی بکە ئەگەر تا و کۆکە و تەنگەنەفەسیت هەبوو. پێش ئەوەی بچیتە نەخۆشخانە پەیوەندی تەلەفونی بکە و ئاگاداریان بکەوە کە ئەو نیشانانەت هەیە بۆ ئەوەی ئەوانیش خۆیان ئامادە بکەن. هەروەها داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بکە کە سەردانی چی شوێنێک بکەی، چونکە هەندێ شوێن ئامادەکراوە بۆ ئەو مەبەستە. 

ئەو هەنگاوانەی خۆپارێزی خوارەوە بۆ کەسانێک پێویستە کە لە شوێنێکەوە گەڕابێتنەوە کە ڤایرۆسەکەی تیا بڵاوبووەتەوە بۆ نموونە ئێران؛

١. تکایە پابەندبە بەو هەنگاوانەی سەرەوە. 

٢. ئەگەر نەخۆشکەوتی و نیشانەکانت سووک بوون وەکو تەڕبوونی لووت و سەرئێشە، تکایە لە ماڵەوە بمێنەرەوە تا بە تەواوەتی چاک دەبیتەوە. 

٣. ئەگەر کۆکە و تەنگەنەفەسی و تات هەبوو بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانەی گشتی بکە. پێش ئەوەی بچی بۆ نەخۆشخانە لەڕێی تەلەفونەوە پەیوەندی بکە و ئاگاداریان بکەوە کە دەچی بۆ خەستەخانە. 

٤. تکایە بە ڕاستگۆیی هەموو ئەو شوێنانە باس بکە کە سەردانت کردوون لە کاتی گەشتەکەدا.

-ئایا هیچ خواردن و خواردنەوەیەک هەیە وەک چارەسەر؟

نەخێر، بەڵام سەوزە و میوە باشە بۆ بەرزکردنەوەی بەرگری لەش.

-هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەر هەیە ڤایرۆسەکە لە پلەیەکی گەرمی دیاریکراودا لەناو بچێت؟

نەخێر، توێژینەوەکان لەم بارەوە هێشتا لەسەرەتادان.

-ئەو ئامادەکارییانەی لە هەرێم کراون، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە تا چەند لەئاستی پێویستدان؟

ئامادەکارییەکان بەهیچ جۆرێک لە ئاستی پێویستدا نین. سەرەتا وەزارەتی تەندروستی و بەرپرسەکانی بەخەمساردییەکی زۆرەوە لەم هەڕەشە تەندروستییەیان دەڕوانی. دواتر بەداخەوە زانیاری هەڵەشیان بڵاوکردەوە. دواتر وەزارەتی تەندروستی خۆی بەبڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوی بێسوودی وەکو ئەوەی کە گوایە نەخۆشییەکە هێشتا نەگەیشتووەتە کوردستان خەریک کرد. لە باتی ئەو ڕاگەیاندراوانە ئەگەر وەزارەت کاری لەسەر هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان کردبا باشتر بوو. هاوکات، وەزارەت کەمتەرخەم بوو لە هێنانی پشکنینی تاقیگەیی بۆ ڤایرۆسەکە و ئێستاشی لەگەڵدا بێ نازانرێ ئاخۆ ئەو پشکنیانە گونجاون یان نا. لەپاڵ ئەمانەشدا، لە پرۆسەیەکی گرنگی وەکو کەرەنتینە، وەزارەتی تەندروستی بەتەواوەتی شکستی هێنا. ئەوانەی لە ئێرانەوە هاتنەوە بۆ کوردستان بە شێوەیەکی نازانستی و نامرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵ کرا و لە شوێنی نەگونجاو گلدرانەوە بە جۆرێک کە لە بچووکترین خزمەتگوزارییەکان بێبەشبوون. هاوکات زۆرجار کەسوکار و هاوڕێ و خزمی ئەو کەسانە سەردانیان کردوون و پەیوەندییان لەگەڵ بەستوون کە ئەمە بۆخۆی دەبێتە هۆکارێک بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.

 

ئاودێر

حزبی شیوعی كوردستان لە یادی 14ی شوباتدا كە بە ڕۆژی شەهیدی شیوعی ناسراوە، كۆمەڵێك چالاكی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدات و رۆژی 13ی ئەم مانگەش لەبەردەم وەزارەتی شەهیدان دژی ئەو نادادپەروەرییەی بەرامبەر بە كەسوكاری شەهیدان كراوە، گردبوونەوەیەك ئەنجام دەدات، ئەحمەد شێروانی، بەرپرسی كۆمیتەی پارێزگای هەولێری حزبی شیوعی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێویستە چاكسازی و پاكسازی لە لیستی شەهیداندا بكرێت، ئەوانەی دەستیان بە خوێنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان سورە لە لیستی شەهیدان دەربهێنرێن و لە بەرامبەریشدا بەیەكچاو سەیری سەرجەم ئەو شەهیدانە بكرێت كە لەپێناو كوردستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە. 

ئەحمەد شێروانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی كۆمیتەی پارێزگای هەولێری حزبی شیوعی كوردستان ڕای دەگەیەنێت وەكو نەریتێكی ساڵانە، لە یادی شەهیدی شیوعی، كۆمەڵێك چالاكی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری هەرێمی كرودستان ئەنجام دەدرێت، گوتیشی (14)ی شوبات، بۆ ئێمە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، لەو رۆژەدا خەڵكانێك گیانی خۆیان لەپێناو نیشتیمانەكەیاندا بەخشیووە و سەریان بۆ دوژمنەكانیان دانەنەواندووە، شیوعیەت مێژوویەكی گەورە و قوربانیدانێكی گەورە بووە لەپێنا و گەل و نیشتیمان، هەمیشە شیوعیەت لە مردن بەهێزتر و لە داری سێدارەش بەرزتر بووە، هەربۆیە لە یادی چواردەی شوباتدا، ئێمە وەكو كۆمیتەی پارێزگای هەولێری حزبی شیوعی كوردستان كە ژمارەیەكی زۆر شەهیدمان لە سنوورەكە هەیە چ لە سەركردایەتی، لە پێشمەمەرگەی دێرین و زیندانیانی سیاسی بە چەندین شێوازی جیاواز یادی ئەو رۆژە دەكەینەوە، بە گوتەی بەرپرس كۆمیتەی پارێزگای هەولێری حزبی شیوعی كوردستان بەشی یەكەمی چالاكیەكەیان گردبوونەوەیەك دەبێت لەبەردەم وەزارەتی شەهیدان، لەم ڕوەوە گوتی: رۆژی پێنج شەمە، كاتژمێر دەی سەرلەبەیانی لەبەردەم وەزارەتی شەهیدان گردبوونەوەیەك ئەنجام دەدەین، لەو گردبوونەوەیەدا دژی ئەو یاساییەی كە بەناوی چاكسازییەوە پەسەند كراوە، یاداشتێك پێشكەشی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین، ئێمە بۆچوونمان وایە ئەوەی كراوە ئیهانە بووە بە كەسوكاری شەهیدان، هەر لە یاداشتەكەدا باس لەو نادادپەروەرییە دەكەین بەرامبەر بە شەهیدانی ئێمە كراوە، ئەمە جگە لە دانانی كەسانی نا شایستە لەناو لیستی شەهیدان، هەربۆیە داوای پاككردنەوەی لیستەكە لەو كەسانە دەكەین كە بەناوی شەهیدەوە تۆمار كراون، ئەحمەد شێروانی ڕوونی دەكاتەوە كە جیاوازییەكی زۆر لەنێوان شەهیدانی لایەنەكان كراوە، هەر لایەنێك كە دەسەڵاتی بەدەست بووە كۆمەڵگەیەكی تایبەتی نیشتەجێبوونی بۆ شەهیدانی خۆی دروست كردووە و لایەنەكانی دیكەش فەرامۆش كراون، بە بۆچوونی ئێمە شەهید هەر شەهیدە و لەپێناو ئەم نیشتیمانەدا شەهید بووە و ناكرێت ئەم جیاوازییە هەبێت، ئەمە جگە لەوەی كەسوكاری شەهیدی لایەنەكان ئیمتیازاتێكی زۆریان پێ دراوە بە بەراورد بە لایەنەكان دیكە جا چ لەرووی خوێندن و دامەزراندنەوە بێت، یاخود دەرفەتی كار و پێدانی یەكەی نیشتەجێبوون، بۆیە گرنگە حكومەت بەیەكچاو سەیری كەسوكاری شەهیدان بكات و ئەمەی كە پێشتر كراوە لە خزمەتی ئەزموونی هەرێمدا نییە و ئێمە داوای نەهێشتنی ئەو جیاكارییە دەكەین.

بەشی دووەمی چالاكییەكەی حزبی شیوعی كوردستان لە یادی 14ی شوباتدا لە شاری هەولێر بریتی دەبێت لە سەردانیكردنی كەسوكاری شەهیدان و گۆڕستانی شەهیدان لە شارەكە، "رۆژی هەیەنی سەعات دووی پاش نیوەڕۆ دەچینە گۆڕستانی شەهیدان، بۆ ئەو مەبەستەش سكرێری حزب، وتاری حزب پێشكەش دەكات، داوا لە ئەندام و لایەنگران دەكەین لەپێناو رێزگرتن لەو رۆژە و شەهیدانمان ئامادەبن". بەشی سێیەمی چالاكییەكان، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، بریتی دەبێت لە هەڵمەتی خوێن بەخشین، ئەحمەد شێروانی، بەرپرسی كۆمیتەی پارێزگای هەولێر باس لەوە دەكات كە رۆژی شەممە، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، هەڵمەتی خوێن بەخشین ئەنجام دەدەین، "ئێمە لە رابردوودا خوێنمان لەپێناو نیشتیمانەكەمان بەخشیوە و ئەمڕۆكەش خوێن دەبەخشینە ئەو كەسانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن، لەم رێگەیەوە جارێكی دیكە وەكو ئەندامانی حزبی شیوعی كوردستان بەڵێن دەیدەینە خانەوادەی شەهیدان كە لەسەر ڕێبازی رۆڵەكانیان بەردەوامین و پابەندین بە رێبازی شەهیدان".

ئەحمەد شێروانی، بەرپرسی كۆمیتەی پارێزگای هەولێری حزبی شیوعی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە كە ڕاستە جیاوازییەكی زۆر لەنێوان شەهیدانی حزبی شیوعی كوردستان كراوە، بەتایبەتی لە هەولێر بەڵام گردبوونەوەكەی ئەوان لەپێناو شەهیدانی هەرێمی كوردستاندایە بەبێ جیاوازی، "ئێمە كە دێنە سەرجادە تەنیا لەپێناو شەهیدانی حزبی شیوعی ئەو كارە ناكەین، بەڵكو لەپێناو كەسوكاری سەرجەم ئەو كەسانەیە كە رۆَلەكانیان لەپێناو ئەم وڵاتەدا گیانیان لەدەست دەوە، بۆیە داواكارین لەو روانگەیەوە كەسوكاری شەهیدان هاوكارمان بن".

نزیكەی (75) شەهیدی حزبی شیوعی كوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە تایبەتی شەهیدانی ساڵانی حەفتاكان، بە شەهید نەنوسراون و هیچ ئیمتیازاتێك نەدراوەتە كەسوكارەكەیان، ئەمە لەكاتێكدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی كاری پێویستیان بۆ كراوە، ئەحمەد شێروانی ئەم هەنگاوە بە بانێكی دوو هەوا ناو دەبات و دەڵێت ئەگەر بڕیارە وەزارەتێك بەناوی وەزارەتی شەهیدانەوە بوونی هەیە كە گوایە نوێنەرایەتی سەرجەم شەهیدان دەكات، پێویستەئەم كێشەیە چارەسەر بكات، "ناكرێت جیاوازی بكرێت لەنێوان شەهیدان، لەكاتێكدا كە خەڵكانێك هەبوون دەستیان بە خوێنی هاووڵاتیانی كوردستان سور بووە و ئێستاش لەناو لیستی شەهیداندان، بۆیە پێویستە چاكسازی و پاكسازی بكرێت و مافی بگەڕێتەوە بۆ خاوەن ماف".

لە بارەی هۆكارەكانی دروستكردنی ئەم جیاوازییە لە سنووری پارێزگای هەولێر و لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستاندا لەكاتێكدا حزبی شیوعی كوردستان لە دوای ساڵی 1991ەوە و لە چەند وێستگەیەك لەگەڵ پارتی بەشداری حكومەتی كردووە، بەرپرسی كۆمیتەی پارێزگای هەولێر سەرەڕای ئەوەی بۆچوونی وایە كە ئەمە پرسێكی سیاسییە، هاوكات باس لەوەش دەكات كە ئەوانیش وەكو حزب رەنگە كەمتەرخەم بووبن لەو ڕوەوە، "ئێمە بەشداریمان لە حكومەت كردووە و چوینەتە پەرلەمان، دەمانتاوانی لە حكومەت بكشێینەوە و هەڵوێست وەربگرێن، بەڵام ئێمە هەمیشە بەرژەوەندی باڵای میەلتەكامان خستووەتە پێش بەرژەوەندییەكانی حزب، نامانەوێت دۆخی كوردستان بەهۆی ئێمەوە تێك بچێت، ئەگەرنا ئێمە بە درێژایی حكومڕانی هەرێم دەیان سەرنج و تێبینیمان لەسەر دەسەڵات هەبووە".

ئەحمەد شێروانی هێما بۆ ئەوە دەكات كە لە گردبوونەوەكەی رۆژی پێنجشەممە، جارێكی دیكە دەسەڵات لەم نادادپەروەرییە ئاگادار دەكەنەوە كە بەرامبەر بە شەهیدان ئەنجامی داوە و گوتی ئێمە دەستبەرداری ئەو داواكارییانە نابین، تێكۆشەرانی حزبی شیوعی كوردستان لە رابردودا و لەپێناو ئەو وڵاتەدا خەباتیان كردووە، ئێستاش كۆڵ نادەین و بۆ بەدەست هێنانی مافە ڕەواكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بە بێ جیاوازی. 

 

ئاودێر

پڕۆژەی ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى خانمان یەکێک بوو لەو پڕۆژانەى کە بە درێژایی ژیانم ویستوومە ببێت، بەڵام قەد لە خەیاڵمدا نەبووە کە من بیکەم

هەرچەندە بەرپرسیارییەتەکە لە ئەنجوومەن بە پلەى وەزیر بوو، بەڵام لە یەکەم ڕۆژى دەستبەکاربوونمەوە تاکو ئەو ڕۆژەى لەو پۆستە نەماوم یەک دینارم نە بەشێوەى مووچە، نە بەشێوەى نەسرییە وەرنەگرتووە.

بە دکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆکى پێشتری حکوومەتم گوت: پۆست و ئیمتیازاتەکان بەلاى منەوە گرنگ نین و هەرچییەک بێت من بەشێوەى خۆبەخش ئەم کارە دەکەم

هەموو ئەوەى کە لە ماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا کراوە بە پێداگرى خۆمان و بە هاوکارى یوئێن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بووە

تا ئەم ساتەش نە مەرسومى دامەزراندنەکەمم بینیوە، نە وەرەقەى دەستلەکارهەڵگرتنیش کە ماوەى هەفتەیەکە کراوە، ئەم پۆستە بەلاى منەوە وەزیفە نەبووە

ئەوانەى تۆمەتیان بۆ من دروست کرد، چاوەڕێ بوون پۆستەکە وەربگرن، کەسانێکى نەخۆش و نقوم بوو لە گەندەڵین، تەنانەت بەعسی بوون.

ئەوانەى کە خۆیان گەندەڵن و لە چاکسازى دەترسن، تۆمەتى گەندەڵى دەدەنە پاڵ کەسە پاکەکان، تاکو بڵێن هەموومان وەک یەک واین.

لەم دیمانەیەدا، پەخشان زەنگەنە سەرۆکى پێشووى ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى خانمان باس لە سەرەتاکانى دامەزراندنى ئەو دامەزراوەیە و چۆنییەتى دەستبەکاربوون تێیدا دەکات، هاوکات تیشک دەخاتە سەر ڕێگرییەکانى بەردەم کارکردن لە پرسەکانى ژنان لە هەرێمى کوردستان و ڕۆڵى حکوومەتى هەرێمیش لەو ڕوانگەیەوە ڕوون دەکاتەوە، لەبەشێکى دیکەی قسەکانیدا باس لە تۆمەتبارکردنى بە گەندەڵى و بەهەدەردانى پارە دەکات و سەرەڕاى بێمنەتى هاوکات باس لەو هەوڵانەش دەکات کە لەپێناو لێکۆڵینەوە لەو کەیسانەى دژی کراونەتەوە، داویەتى. پەخشان زەنگەنە ڕوونى دەکاتەوە کە نەسرەیەى دامەزراوەکە نزیکەى پێنج ملیۆن دینار بووە و لاى ئەو نەبووە، جەختیش دەکاتەوە کە هەموو ئەو کار و پڕۆژانەى لەو ماوەیەدا کردوویانە بە پێداگیرى خۆیان و بە هاوکارى یوئێن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بووە، نەک حکوومەتى هەرێم.

ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى خانمان چۆن دامەزرا؟ چۆن بوو ئەو بەرپرسیارییەتەت گرتە ئەستۆ؟

-بوونى دامەزراوەیەکى فەرمى بەشێوەیەک کە دەوڵەت ڕاستەوخۆ دەستێوەردان بکات لە پرسەکانی ئافرەتدا یەکێکە لە ڕاسپاردە گرنگەکانى کۆنگرەى پەکینی ساڵى 1995، لە دواى دەرچوونى ئەم ڕاسپاردەیەوە، چەند وڵاتێک هەوڵیانداوە کارى پێبکەن، تەنانەت لە سەردەمى بەعسدا وەزارەتێک لەو چوارچێوەیەدا دروستکرا، لە هەرێمى کوردستانیش بەردەوام هەوڵ هەبووە، بۆ نموونە لەکابینەى چوارەمدا، دەزگاى یەکسانى لەناو ئەنجوومەنى وەزیران دروستکرا و لە کابینەى پێنجەمیشدا، وەزیرى دەوڵەت بۆ کاروبارى ژنان دامەزرا کە ئەوکات دکتۆرە جنان قاسم بەڕێوەی دەبرد، ئەو کاتە من لە پەرلەمان بووم و پەیوەندی بەردەوامم لەگەڵ ئەم دامەزراوەیە هەبوو، ئاگادارى وردەکارییەکان بووم، ئەو بایەخەى کە پێوست بوو هەبێت بۆ ئەو وەزارەتە نەبوو، ئەمەش ڕەنگە لەبەرئەوە بووبێت کە وەزارەتەکە تازە بووە، لە سەروبەندى کابینەى پێنجەمدا جوڵەیەک لەناو ڕێکخراوەکاندا بەمەبەستى دامەزراندنى دامەزراوەیەکى لەم شێوەیە هەبوو، بەڵام بەرچاوڕوونى نەبوو، من لەوسەروبەندەدا بەسەردانێک لە وڵاتى ئەڵمانیا لاى کچەکەم بووم، لەناو پاسدا بووم، دکتۆر بەرهەم ساڵح کە ئەوکات سەرۆکى حکوومەت بوو تەلەفۆنى بۆ کردم و پێشنیازى ئەم کارەى بۆ کردم، من پێم گوت: ئێستا لەدەرەوەم، گوتى: دەزانم، هەرکاتێک گەڕایتەوە بۆ کوردستان، بیرى لێ بکەرەوە، دواتر لەلایەن یەکێک لە ڕاوێژکارەکانى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانەوە بە ئیمەیڵ ئاگادارکرامەوە و پەیڕەوەکەم لە ڕێگەى ئیمەیڵەوە بەدەست گەیشت، لەو سەروبەندەدا کە نزیک بووبووینەوە لە وادەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بۆ ساڵى 2010، لەلایەن حزبی شیوعى کوردستانەوە کاندید کرابووم، من سەفەرەکەى خۆم تەواو کرد و گەڕامەوە، پاش ماوەیەک لە گەڕانەوەم چاوم کەوت بە دکتۆر بەرهەم، پێم گوت: من کاندیدی حزبی شیوعى کوردستانم بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، گوتى: زۆرم پێخۆشە و لوتفى نواند و گوتى دواتر قسە دەکەینەوە، بابەتەتى دامەزراندنى ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى خانمان باس نەکرایەوە تاکوو ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئاشکرا کرا و من کە کاندید بووم دەرنەچووم، دواى ماوەیەک ئەم بابەتە هێنرایەوە بەرباس، دکتۆر بەرهەم و کاک ئازاد بەروارى کە جێگرى بوو لە ژوورى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران دانیشتین بەمەبەستى وتوێژ لەسەر دامەزراندنى ئەنجوومەنەکە، لەکاتى وتوێژدا بە من گوترا کە کارەکە بە پلەى وەزیر بکەم، من پێم گوتن کە پۆست و ئیمتیازاتەکان بەلاى منەوە گرنگ نین و هەرچییەک بێت من بەشێوەى خۆبەخش ئەم کارە دەکەم، پێشم گوتن من خانەنشینى پەرلەمانیم هەیە و دەمەوێت پرسی ئافرەت بەرەو پێشەوە ببەین، لە ڕاستیدا ئەم پڕۆژەیە یەکێک بوو لەو پڕۆژانەى کە بە درێژایی ژیانم ویستوومە ببێت، بەڵام قەد لە خەیاڵمدا نەبووە کە من بیکەم، هەربۆیە ڕازی بووم و ڕێککەوتین کە من بەرپرسیارییەتەکە وەربگرم، ئەوەبوو سەرۆکى حکوومەت لە 25-11-2010 لە مەراسیمێکدا دامەزراندنى ئەنجوومەنەکەى ڕاگەیاند و من تەکلیف کرام بۆ ئەو کارە، بەڵام دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە لە یەکەم ڕۆژى دەستبەکاربوونمەوە تاکو ئەو ڕۆژەى لەو پۆستە نەماوم یەک دینارم نە بەشێوەى مووچەى مانگانە، نە بەشێوەى نەسرییە وەرنەگرتووە.

بەتەنیا دەستت بەکارکردن بۆ ئەنجوومەکە کرد، یاخود فەرمانبەرى پێویست بۆ بەڕێوەبردنى کارەکان ئامادەکرابوون؟

-سەرەتا بەتەنیا من و کەسێکى دیکە کە شارەزایی لە بوارەکەدا هەبوو لە ژوورێک لە ئەنجوومەنى وەزیران دەستبەکار بووین، بە کۆمپیوتەرێک و مێز و کورسییەکەوە و لە ژوورێکى بچووکدا دەستمان کرد بە کارکردن بۆ سەرخسستنى دامەزراوەى ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى خانمان، بەشێوەیەک کە لەسەرەتادا پەیوەندیم بە زۆربەى ڕێکخراوەکانەوە کرد و دەستمان بە کارکردن کرد، هەرچەندە لە سەرەتادا ڕێکخراوەکانیش زۆر هاوکار نەبوون، بەڵام دواتر ئەنجوومەنەکە شوێنێکى باشی لەناو ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان پەیدا کرد، ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان زۆر ڕوویان تێ دەکردین، دواتریش ئۆفیسی تایبەتى بۆ تەرخان کرا و دواتریش ئەنجوومەکە گەیشتە ئەو ئاستەى کە ئێستا هەیە.

ئەنجوومەنەکە چی شتێکى زۆر گرنگى لەکاتى دامەزراندنییەوە کردووە؟ بەو پێیەى چاوەڕوانییەکى زۆرى لەسەر هەڵچنرابوو؟

-ئەم ئەنجوومەنە سیفەتیکى ڕاوێژکارى هەیە زیاتر لەوەى جێبەجێکردن بێت، چونکە پرسی ژنان پرسێک نییە تەنیا یەک دامەزراوە لێی بەرپرسیار بێت، پرسی ژن لە پەروەردە و تەندروستى، لە پلاندانان و سەرجەم بوارەکاندا هەیە، کارى گرنگى ئەم ئەنجوومەنە ئەوە بوو کە پرسی ژنانى خستە ناو وەزارەتەکان، لەدواى دەرچوونى یاسای بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى خێزانى لە کابینەى شەش، ستراتیژى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژى ئافرەتان ڕاگەیەندرا و لە کابینەى حەوت تەواو بوو، ئەمە بەشێک بوو لە ستراتیژێکى نیشتمانى فراوانتر بۆ بەرەوپێشبردنى بارودۆخى ژنان لە هەرێمى کوردستاندا، دواتریش بۆ چوار ساڵ درێژ کرایەوە، وەزارەتەکان لەسەر ئەم ستراتیژییەتە پلانى کارکردنى خۆیان داڕشت، بڕیارى ١٣٢٥ی ئەنجوومەنى ئاسایشی نێودەوڵەتى کە تایبەتە بە دۆخى ژنان لەکاتى ناکۆکییەکاندا، پڕۆژەى هاوسەرگریى پێشوەختە و پرسی خەتەنکردنى مێینە، ئەمە سەرەڕاى خولى بەردەوام بۆ فەرمانبەرانى حکوومەت لەسەر پرسەکانى جێندەر لە سەرجەم شارەکانى هەرێم، خولى ڕاهێنان بۆ 50 دادوەر لەسەر پرسەکانى جێندەر، لە سەردەمى قەیرانى دارایی و جەنگى دژ بە داعشدا، ئەنجوومەن ستراتیژیەتێکى گرنگى بۆ پرسی ئاوارەکان و کچانی ڕفێنراو دانا، هەرچەندە ئێمە دامەزراوەیەکى حکومى بووین، بەڵام هەڵمەتێکى هاوکارى گەورەمان ڕاگەیاند بۆ پێداویستییە تایبەتییەکانى ژنان و منداڵان، بەشێوەیەک سەدان تۆن هاوکارى گەیەندرایە ئاوارەکان، لە سەرەتای هێرشی داعش دامەزراوەکەمان کردە پەناگەیەک بۆ ژنان و کچانى ئێزیدى، تەنانەت دوو ڕۆژ دواى ڕزگارکردنى چیاى شەنگال هاوکاریمان گەیاندە سەر چیاکە، لەگەڵ یوئێن پێداگریمان کرد کە پرسی ژنان و کچانى ئێزیدى بە بڕیارێکى تایبەتى بە تاوانێکى دژى مرۆڤایەتى بناسێنرێت، لەو چوارچێوەیەدا نامەمان بۆ مەلیکە ئیزابێس، هیلارى کلنتۆن، مێشێل ئۆباما، ئەنجێلا مێرکل و چەندین کەسایەتى دیاری جیهان ناردووە، لەکۆبوونەوەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە وتارى سەرەکیدا باسکرا، بەلەبەرچاوگرتنى هەوڵەکانى نادیە موراد لەم ڕووەوە، ئەمە جگە لە چەندین کارى دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە ژن کوشتن پرسێکى کۆمەڵگەیە و دامەزراوەیەک بەتەنیا ناتوانێت ڕێگرى لێ بکات، چونکە ئەو ڕەخنەیە زۆر ڕووبەڕووى ئێمە دەکرێتەوە کە نەمانتوانیوە کۆتایی بەو دیاردەیە بهێنین.

بێگومان بەشێکى زۆرى ئەم کارانە پێویستى بە بودجە هەیە، ئەمە لەلایەن کێ و چۆن تەرخان دەکرا؟

هەموو ئەوەى کە کراوە بە پێداگیرى خۆمان و بە هاوکارى یوئێن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بووە، چونکە پێش قەیرانى دارایی ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى خانمان پێنج ملیۆن نەسرییەى هەبوو، بۆ ماوەى چەند مانگێکی کەم نەسرییەکە کرایەوە 25 ملیۆن، بەڵام لەماوەى قەیرانى داراییدا تەنیا نزیکەى شەش ملیۆن نەسرییە هەبووە، ئەم بڕە پارەیە بەشی تەنیا پێداویستییەکانی دامەزراوەکان ناکات نەک کار و پڕۆژە، بۆیە هەر کارێکى باش لە پرسی ژناندا کرابێت بە هاوکارى گەورەى ڕێکخراوەکان کراوە.

لەماوەى ساڵانى کارکردن لە ئەنجوومەنەکە کۆمەڵێک بەربەست هاتوونەتە بەردەمتان، ئەو بەربەستانە چی بوون؟

-ئیشکردن لە بوارى جێندەر و پرسەکانى ژناندا وەک ئەوە وایە (بیر بە دەرزى هەڵبکەنیت)، بارودۆخی ژنان شتێکى تایبەت نییە لە دەرەوەى کۆمەڵگە، کوردستان لە جەزیرەیەکدا نییە بە تەنیا و بێکاریگەرى وڵاتانى دەوروبەر، پرسی ژنان بابەتێکى هەستیارە، کارکردن لەم بوارەدا ڕووبەڕووى چەندین کێشەى جۆراوجۆرت دەکاتەوە و ڕۆژانە تووشی بەربەستى کۆمەڵایەتى و سیاسی دەبیت، بنەڕەتى کێشەکە ئەو کەلتوورە هەزاران ساڵەیەیە کە زۆر پێش ئیسلام لەناوچەکە سەریهەڵداوە و ژنى خستۆتە پێگەیەکى نزمتر، ئەمەش ڕەگى داکوتاوە و تاکوو ئێستا بەردەوامە، جگە لەسەر ئاستى کۆمەڵایەتى، چەندین ڕێگرى دیکە هەبوون، لە خولى سێیەمى پەرلەمان پڕۆژە یاسایەک بۆ ئەو ئەنجوومەنەکە دانرا بۆ ئەوەى ئەم دامەزراوەیە خۆى یاسای هەبێت وەکو هەر وەزارەتێکی دیکە و بودجەى تایبەت بەخۆى هەبێت، بەڵام ئەمە هەتاکوو ئێستا نەکراوە، لەکاتێکدا لە کابینەى حەوتەم و هەشتەم نێردرا بۆ پەرلەمان، لەچەندین کەناڵى جۆراوجۆرەوە هەوڵماندا، چووینە لاى بێگەرد تاڵەبانى کە ئەوکات سکرتێرى پەرلەمان بوو، ئەو زۆر هاوکار بوو، گوتى: من دەچم ڕەشنووسەکە دەردێنم و پێیدا دەچینەوە، بەڵام لەم کابینەیەش نەکرا، لە کابینەى دواتریش یەکەم شت کە داوامان کرد دەرکردنى ئەم پڕۆژەیاسایە بوو، بەڵام دیسانەوە ئەمە نەکرا، تەنانەت لەم کابینەیەشدا پێشکەشکراوەتەوە، بەداخەوە ئەمە دەرخەرى ئەو ڕاستیەیە کە پرسی ژنان لاى دامەزراوەى حکوومەت ئەولەوییەت نییە، لە هەموو وڵاتێک هەر بوارێک تەرخانکرا بۆ کەرتێک ئاماژەیەکى زۆر ڕوونە بۆ بایەخدان بەو بوارە، بۆ نموونە زۆرترین بودجە بۆ پەروەردە بەڵگەیە بۆ گرنگیدانى حکوومەت بە پەروەردە، بەڵام ئەمە بۆ ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى خانمان بەدریژایی ئەم کابینە یەک لەدوای یەکانە نەبینرا.

ئامانج لە دامەزراندنى ئەم ئەنجوومەنە، یاخود هێشتنەوەى بەبێ بوونى هیچ بودجەیەکى تەرخانکراو لەپێناو چیدا بووە؟

ئەمە تا ئێستا پرسیارە، من ناڵێم پشتگیرى نەبوو، بەڵام پشتگیرى کردارى بەشێوەیەک کە حکوومەت دامەزراوەیەکى تایبەتى هەیە و ئەو دامەزراوەیەش یاسای تایبەتى هەیە ئەمە تا ئێستا نەکراوە، پرسی ژنان تا ئێستا نەبووەتە ئەولەوییەت، ئەندامى ئەنجوومەن هەبوو ماڵى لە سلێمانى یاخود زاخۆ بوو، لەکاتێکدا بە پلە و ئیمتیازاتى بەڕێوەبەری گشتی بوو، بەڵام بە تەکسی نەفەرات دەهاتنە دەوام، هەتا ئێستا بە هەموویان لە دوو شووقەدان، کە یەکێکیان بەناوى منەوە بوو، بەڵام لەبەرئەوەى من ماڵم لێرە بوو بۆیە داوام کرد بخرێتە سەر ناوى ئەندامانى ئەنجوومەن، لانى کەمى پێداویستییەکان دابین نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە ئەندامانى ئەنجوومەن شەونخونیان کردووە، چونکە بڕوایان بە کارەکەیان هەبووە و نەیانهێشتووە ئەمانە ببنە ڕێگر لەبەردەم کارەکانیان.

لەماوەى ڕابردوودا لەلایەن بەشێک لە ئەندامانى حزبی شیوعى و هاووڵاتییانەوە ڕووبەڕووى رەخنە کرانەوە بەوەى لە پەرلەمان ئۆپۆزسیۆنن و تۆش لەناو حکوومەتدایت، هاوکات تۆمەتبارکران بە گەندەڵى و بە هەدەردانى پارە، ئامانج لەمە چی بوو؟ ئەمە تاچەند ڕاست بوو؟

ئەم هەڵمەتە لە کۆتایی مانگى شەشی ساڵى ڕابردووە دەسەتى پێکرد، کاتێک کە سەرۆکى حکوومەت ڕاسپێردرا و ئاڵوگۆڕی وەزیر و دەستەکان هاتە ئاراوە، ڕۆژانە تەلەفۆن بۆ من و سکرتێرى کۆمیتەى ناوەندى حزبی شیوعى کوردستان دەکرا بەوەى چۆن حزبی شیوعى کوردستان ئۆپۆزسیۆنە و پەخشان زەنگەنە لە پۆستى حکومى دەمێنێتەوە، برادەرانمان ئەمەیان ڕوونکردبوویەوە کە پەخشان زەنگەنە پشکی حزبی نییە، وەکو خۆى لەو پێگەیە دانراوە، منیش ئەمانەم بەلاوە گرنگ نەبوو، لە کاتى دانانى وەزیرەکاندا، دووبارە باس لە گۆڕانکارى لە دەستەکان کرا، دیسانەوە ئەم پرسە سەریهەڵدایەوە، مانگى 11ی ساڵى ڕابردوو لەسەروبەندى ئامادەکارى بۆ بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى ڕاپۆرتێکى دوور لە ڕاستى درایە ئەندامانى پەرلەمانی کوردستان بۆ تێکدانى هەڵمەتەکە، دواتر ئێمە زانیمان ئەمانە کێن کە ئەو ڕاپۆرتە لەسەداسەد ناڕاستەیان دابووە ئەو پەرلەمانتارانە، ئەوان کەسانێک بوون کە چاوەڕێ بوون ئەنجوومەن وەربگرن، کەسانێکى نەخۆش و نقوم بوو لە گەندەڵین، تەنانەت بەعسی بوون، ئەوان کەسانێکن کە لە چاکسازی ترساون و دڵنیام بەردەکەون، بەڵام دێن و باسی خەڵکە پاکەکە دەکەن، هەرچۆنێک بێت دواى ئەم تۆمەتبارکردنە خۆم ڕاستەوخۆ پەیوەندیم لەگەڵ دەستەى ڕەقابە و سەرۆکى دەستەى دەستپاکى کردووە، داوامان کردووە کە وەرن لێکۆڵینەوە بکەن، نەوەک هەر بەڕاستى شتێک بووبێت، هەرچەندە من دڵنیام لەو کارمەندانەى کە کارم لەگەڵ کردوون، ئەمە جگە لەوەى نووسراوی فەرمیمان کردووە بۆ داواکارى گشتى و داوامان کردووە کە ڕێکارى یاسایی بگرێتەبەر، داواشمان لە ئەنجوومەنى وەزیران کرد، بەڵام ئەوان گوتیان کە ئێمە ناتوانین مامەڵە لەگەڵ فەیسبووک بکەین، ئەنجوومەنیش بەو پێیەى یەکەى حیسابی و قانوونى نییە گوتیان ناتوانین وەکو ئەنجوومەن سكاڵا بکەین، هەر بۆیە داوامان کردووە کە ڕێکارى یاسایی بەرانبەر بەو ئەندام پەرلەمانانە بگیرێتە بەر کە من دڵنیام ڕاپۆرتیان بە هەڵە بۆ نێردراوە، لەکاتێکدا پێویست بوو ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە بەپێى یاسا و تا دواى تەواوبوونى لێکۆڵینەوەکە باسی هیچ نەکەن، ئەوان خۆیان کەوتنە ئەو هەڵەیەوە، خۆزگە ئەندامانى پەرلەمان و موئەسەساتمان ئەوەندە بوێر بوونایە بیانتوانیایە لێکۆڵینەوە لەو مەلایین گەندەڵییە بکەن، بەڵام ئەمە باس ناکەن و دێن و ناوبانگى کەسە پاکەکان لەکەدار دەکەن بۆ ئەوەى بڵێن هەموویان وەک یەکن، من زیاتر لە پەنجاو پێنج ساڵە پەیوەندیم بە حزبی شیوعییەوە هەیە لە سەردەمێکدا کە دیسپلین یەکێک بوو لە بنەما بنەڕەتییەکانى حزب، کار بۆ ئەو ئامانجە سادە و لە هەمانکاتدا قورسەى شیوعیەت دەکەم کە بریتییە لە بەدیهێنانى دادپەروەرى کۆمەڵایەتی، ڕاستگۆیی، دەستپاکى و زمانپاکى، لە سەردەمى بەعسدا پڕ بەم ژوورەى حزب بەڵگەنامە هەڵدرابوویەوە، بەڵگەنامەیەک نەبووە ناوى حزبی شیوعى تێدا بووبێت و ناوى منى تێدا نەبووبێت، من شانازى بەوە دەکەم، لەکارى خۆشم لە ئەنجوومەن دڵنیام، ئەوانەشى ئەو تۆمەتانەیان بۆ ئێمە دروستکرد بەشێکیان ڕابردوویان لەگەڵ بەعسدا هەیە، دەیانەوێت کەسە پاکەکان تۆمەتبار بکەن و هەمووان وەک خۆیان نیشان بدەن.

پێش دەستلەکارهەڵگرتن، چەندجارێک داواى دەست لەکارکێشانەوەت کردووە؟ پڕۆسەى دەستلەکار هەڵگرتنەکەت بەڕێڕەوێکى ئاسایی و یاسایدا تێپەڕیوە؟

-من لەکۆتایی کابینەى حەوتەم بە زارەکى داواى دەستلەکارکێشانەوەم کردووە، لەکابینەى هەشتەمیش بەهەمان شێوە بە زارەکى و بە نووسراو داواى دەستلەکارکێشانەوەم کردووە، لەم کابینەیەش هەر لەسەرەتاوە داوام لێکردوون و کە یاسای ئەنجوومەنەکە دەربکەن تاکو منیش بە شێوەیەکى ئاسایی لە ئەنجوومەنەکە بێمە دەرەوە، کە قبوڵیان نەکردووە، من ئەمەم نەکردووە بە بیانوویەک بۆ ئەوەى دەوام نەکەم، چونکە من وەکوو پێشتر گوتم بە خۆبەخش و بەبێ بەرانبەر کارم کردووە، بەگوێرەى پەیڕەوی ئەنجوومەنەکە دامەزراوەکە ئەمیندارێکى گشتى دەبێت بە پلەى تایبەت بە مەرسومى سەرۆکایەتى، من هەتا ئەم کاتە نە مەرسومى دامەزراندنەکەم بینیوە، نە وەرەقەى دەستلەکارهەڵگرتنیش کە ماوەى هەفتەیەکە کراوە، ئەم پۆستە بەلاى منەوە وەزیفە نەبووە، ئەگەر مووچە و نەسریەم هەبووایە، دەمگوت دەست لەمانە هەڵدەگرم و دەستبەردارى پۆستەکەم دەبم، لە داواکارییەکانى پێشتردا بۆ دەستلەکارهەڵگرتن یەکسەر پێم دەگوترا نەخێر، بەڵام لەم کابینەیەدا و لە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە پەیوەنیم پێوە کرا، لەگەڵ سەرۆکى دیوان و گوتەبێژى ئەنجوومەنى وەزیران کۆبووینەوە، دواى نواندنى لوتفێکى زۆر و سوپاسکردن، گوتیان لەسەر داواکارى خۆت، دواتر من خۆم دکتۆرە خانزادم لەگەڵ خۆم برد بۆ ئەنجوومەنى خانمان و کۆبوونەوەى یەکترناسینم پێکردن لەگەڵ ئەندامانى ئەنجوومەن و سەرجەم فەرمانبەرانى دامەزراوەکە و هیواى سەرکەوتنى بۆ دەخوازم، شانازى دەکەم لە ژوورێکەوە دەستم پێکرد و ئێستا دامەزراوەیەک بەجێ دەهێڵم، هاوکات تەمەناى سەرکەوتن بۆ ئەم دامەزراوە گرنگە دەخوازم.

 

هەوراز ئەحمەد- ڕێگاى کوردستان

 "ڕێگاى کوردستان" لە وڵاتى ئەڵمانیاوە چاوپێکەوتنى لەگەڵ پرۆفیسۆر دکتۆر سالار باسیرە ئەنجامدا، سەبارەت بە ئایندەى عێراق و چارەنووسى کورد لەو وڵاتەدا، کە بەبۆچوونى ئەو لە ئایندەدا نەخشەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەکوو خۆى نامێنێت و ئەگەرى دابەش بوونى عێراق هەیە و کوردیش دەبێت سیاسەتى نوێ بگرێتە بەر بۆ سوود وەرگرتن لەو دۆخە.

 - خوێندنەوەى تۆ بۆ ئێستاى عێراق چییە؟

عێراق دەوڵەتێکى دەستکردە نەک نەتەوەیى، ئەم دەوڵەتە بە پینەوپەڕۆ هەتاوەکوو ئێستا بەڕێوە دەبرێت، عێراق بە تێگەیشتنى مۆدێرن دەوڵەتى بەڕێکەرە نەک ماف، بەبۆچونى ئێمە ئەم دەوڵەتە چارەنووسى نابێت. عێراق وڵاتێکى فرەنەتەوە و ئایین و فرە ئیتیکە، دەتوانین بڵێن کەس لەگەڵ کەس ناتوانێت بە ئاسودەیى پێکەوە بژین، عێراق دەوڵەتێکە هەمیشە لە جەنگدا ژیاوە بە ئیستاشەوە کە ڕووبەڕووى جەنگى نوێ دەبێتەوە لە ئایندەدا، ئەوە جگە لەو شەڕە ناوخۆییەى کە لە نێوان گرووپە جیاوازەکان دەکرێت، بۆیە جەخت دەکەمەوە کە عێراق دەوڵەتێکى بێ دواڕۆژە.

جا لە بەر ئەوە عێراق بەم شێوازەى ئێستاى ڕەنگە ڕۆژگارێک بە هۆى بارودۆخەکانى نێو عێراق و هەرێمایەتى و نێودەوڵەتییەوە ببێتە چەند بەشێکەوە، بۆ ئەمەش بە ئەزموونى خۆم چەند نموونەیەکم لایە لەوانەیە:

یەکەم: پێدەچێت عێراق ببێت بە سێ بەشەوە کە پێک بێت لە هەرێمێکى سوننە و هەرێمێک بۆ شیعە و هەرێمێک بۆ کورد، دیارە ئەمەش بێکێشە نییە بەهۆى ئەو دیمۆگرافیایەى عێراق وا تێکەڵ بووە بە یەکدا لە ڕووى مێژوییەوە جیاکردنەوەى ئەستەمە.

دووەم: پێشبینییەکى دیکە ڕەنگە لە ئایندەى عێراق ببینرێت ئەوەش دروستبوونى دوو دەوڵەتە، دەوڵەتێک بۆ عەرەب و دەوڵەتێکیش بۆ کورد.

سێیەم: دابەشبوونى عێراق بەسەر هەرێمى جیاجیادا کە سیستەمێکى فیدراڵیان هەبێت هاوشێوەى وڵاتى سویسرا، کە چارەسەرى هەموو کێشەکانى تێدا کراوە، کە گەل و ئایینە جیاوازەکان پێکەوە بە ئاشتى دەژین.

 -چى عێراقى بەم دۆخە گەیاندووە؟

عێراق دەوڵەتێکى دەستکردە کاتى خۆى کە ئینگلیزەکان کە عێراقیان پێکەوەنا، بیریان لەوە نەکردووەتەوە کە کێشەى کورد و شیعە و سوننە و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان چارەسەر بکەن، لە ڕابردوودا و لە پاش ڕووخانى عوسمانییەکان دەسەڵات درایە دەستى سوننەکان، لەو دەسەڵاتەدا شیعەکانیان بێبەرى کرد، ئەو دۆخە مایەوە تاوەکوو ڕووخانى ڕژێمى بەعس، دواتر شیعە دەسەڵاتى گرتە دەست، دیارە ئەوانیش مامەڵەیەکى زۆر نادروست لەگەڵ عەرەبە سوننەکان دەکەن، ئەم سیاسەتەى کۆلۆنیالیزم واى کردووە کە کێشەکانى عێراق هەمیشە بە چارەسەرنەکراوى بمێنێتەوە کە تاوەکوو ئێستاش بەردەوامى هەیە، ئەگەر لە سەردەمى خۆیدا ئینگلیزەکان کێشەى کورد و عەرەب و ئایین و نەتەوە جیاوازەکانیان چارەسەر بکردایە، ئەو هەموو کێشەیە ڕووى لە عێراق نەدەکرد، بۆیە ئێمە واى دەبینین کە عێراق بەبێ چارەسەر نەکردنى کێشەى کورد دۆخەکە هێشتا بەم جۆرە دەمێنیتەوە، دیارە هۆکارەکان چەند لایەنەن کە عێراقیان بەم دۆخە گەیاندووە، هۆکارى دەرەکى و ناوخۆیین، بۆیە ئەوەیش بە حوکمى دیین و مەزهەب و چەوسانەوە و لێک تێنەگەیشتن و نەبوونى دیموکراسیەت و نەبوونى سیستەمێکى سیاسى دروست کە بتوانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن.

 -ڕۆڵى کورد چى دەبێت لە عێراق؟

پاش جەنگى کۆیت کورد ناوچەیەکى هەرێمى بۆ دروستکرا لە سەرووى هێڵى 36 کە لەو سەردەمەوە کورد حوکمڕانى خۆى دەکات بەناو هەرێمێکى سەربەخۆ، بەڵام لە عێراقدا فیدراڵیەت نەچەسپیوە، کورد تاوەکوو ئێستا نەیتوانیوە سوود لەو بارودۆخەى وەربگرێت لەبەرئەوەى:

یەکەم: یەکێتى ناوخۆیى نییە و ململانێکانى ناوخۆى قورسە، ئەو کێشە و یەک نەبوونە واى کردوە کە نەتوانن نە مامەڵە لەگەڵ مادەى 140دا بکەن، نەتوانراوە ناوچە دابڕێنراوەکان بخرێتە سەر هەرێم، نەتوانراوە لە پەرلەمان و حکوومەتى بەغدا کە پشکێکى بەرچاوى بەر کورد دەکەوێت بتوانێت لێى سوودمەندبێت بۆ کێشەى کوردى و عەرەبى، ئەگەر بارودۆخى عێراق وا بڕوات دەبێت کورد بیر بکاتەوە کە چارەنووسى خۆى چۆن دیارى دەکات لە عێراقدا، ئەو ڕیفراندۆمەش کە کرا زۆر زەرەرمەندبوو، چونکە نە کاتەکەى گونجاو بوو، نەزەمەنەکەشى لەباربوو، لە ڕووى سیاسى و نێودەوڵەتیشەوە گونجاو نەبوو ئەمەش یەکێک بوو لەو مامەڵە چەوتانەى بەشێک لە سەرکردایەتى سیاسى کورد لەگەڵ حکوومەتى عێراق کردى کە بەزیان گەڕایەوە بۆ کوردستان.

 -داهاتووى کورد لە عێراق چۆن دەبینى؟

چارەنووسى کورد لە عێراق بەندە بە چەند فاکتەرێکەوە: یەکەم: فاکتەرى ناوخۆیى کورد خۆى، دووەم: فاکتەرى عێراقى وەک دەوڵەت لە بەغدا کە چى سیستەمێک لە داهاتوودا حوکم دەکات و چۆن مامەڵە لەگەڵ کوردا دەکات وەک مەلەفێکى تایبەت، کە چۆن لەگەڵ هێزى پێشمەرگە و ناوچە دابڕێنراوەکان و کێشەى نەوت و سنور و جوگرافیا مامەڵە دەکرێت. سێیەم: فاکتەرى هەرێمایەتییە کە بارودۆخى ناوچەکە بەرەو کوێ دەڕوات. چوارەم: فاکتەرە نێودەوڵەتییەکان کە ئایا نەخشەى زلهێزەکان چى دەبێ و چۆن دەبێ، من واى دەبینم نەخشەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەکوو خۆى نەمێنێتەوە، گۆڕانێکى سیاسى و جوگرافى بەسەر ناوچەکەدا دێت، پێشبینى دەکەم کوردیش بەر ئەو گۆڕانکارییە بکەوێت، بابەتەکە لەبەرئەوەى زۆر ئاڵۆزە و ململانێکان، ململانێى زلهێزەکانە و هەرێمایەتییەکانە کارێکى وا ئاسان نییە لە ئێستاوە پێشبینى بکەى بەوەى چى ڕوودەدات، تەنیا دەتوانین بڵێین ئەو ناوچەیە تاوەکوو سەر ئاوا نامێنیت، جا لەو کاتەدا کورد چۆن دەتوانێت سوود لەو بارودۆخە وەربگرێت ئەوا کەوتۆتە سەر خۆى بەتایبەت کە کوردستانى عێراق هەرێمێکى سەربەخۆیە.

ئەگەر بە ڕووکەشیش بێت، حکوومەت و پەرلەمان و دامودەزگا و ئەحزاب و بودجەى خۆى هەیە، کەواتا دەتوانین بڵێین دەوڵەتێکى ڕانەگەیەندراوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەیتوانیوە سوود لەو بارودۆخە وەربگرێت.

 -وڵاتە زلهێزەکان شەڕى خۆیان هێناوەتە عێراقەوە، ئایا ئایندەى عێراق بۆ وڵاتانە یان بۆ خەڵکەکەى؟

لەلایەکەوە هێزێکى ئیقلیمى هەیە کە ئێرانە، کە بەشیوەى ڕاستەخۆ دەستێوەردان لە بارودۆخى عێراق دەکات، لە ڕووى سیاسى و سەربازى و ئابوورییەوە، دەتوانین بڵێین عێراق دوو هێز فەرمانڕوایەتى دەکات کە ئێران و ئەمریکایە، ئێستا ئەمریکا جارێکى دیکە دەیەوێت بەهێزێکى نوێوە بگەڕێتەوە بۆ عێراق و ڕێککەوتنى ئەمنى هەیە لە عێراقدا کە دەیەوێت سوود لەوە وەربگرێت و نایەوێت عێراق بۆ ئێران بەجێبهێڵێت، بە تایبەتى کە ئێستا ئاڵۆزییەک و ئابڵوقەى لە سەر ئێران داناوە و دەیانەوێت ئێران چ لە عێراق چ لە سوریا و وڵاتانى دیکە بێهێز بکات و دەریانپەڕێنن یان واى لێبکەن بە هۆى ئەو ئابڵوقە ئابوورییەوە، ئێران خۆى تواناى ئەوەى پێى نەمێنێت و لە سیاسەتى دەرەوە بێهێزی بکەن، عێراقیش یەکەم ئەڵقەى ئەو زنجیرەیە کە ئێرانى پێ بێهێز بکرێت، جا لەبەرئەوەى باسمان کرد عێراق ئەو لایەنەی کە  حوکمى دەکات ئێران و ئەمریکایە، بەڵام دواڕۆژ بۆ ئەمریکایە، بەڵام دەبێت ڕووسیاشمان بیر نەچێت وەک زلهێزێک دەیەوێت جێ پێى خۆى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بکاتەوە.

 -خۆپیشاندانەکانى باشوور و ناوەڕاستى عێراق چى لە دۆخەکە دەگۆڕێت؟

یەکەم جارە لە عێراقدا خۆپیشاندانى ئاوا گشتگیر و بەهێز بکرێت لەلایەن سەرجەم چین و توێژەکان، دیارە خۆپیشاندانەکانیش هۆکارى نەبوونى خزمەتگوزارى و هەبوونى سیستەمێکى گەندەڵە لە عێراقدا حوکم دەکات، بوونى دزى و مافیایە، واتا ئەو سیستەمە کە هەیە لە ئاست داخوازییەکانى خەڵکدا نییە، جا لەبەر ئەوە هاووڵاتییان هۆشیارییەکى لادروست بووە کە بە جۆرێکە هەست بە بەهارێکى عێراقى دەکەى کە ڕووبەڕووى ئەو سیستەمە بۆتەوە، خۆپیشاندانەکان بەردەوامە، ئەگەرچى ئاڵۆزییەکى زۆر هەیە، بەڵام هیوادارم بەشێوەى ئەرێنى بۆ گەلى عێراق بگەڕێتەوە، لایەنى کەم بە گۆڕینى ئەو نیزامە یان فشارێکى ئەوەندە گەورە و بەهێز بکرێت کە دەست بە چاکسازى بکرێت، چونکە ئەو سیستەمە ناتوانرێت فەرمانڕەوایی بکات، دەبێ پشتگیرى لە خۆپیشاندەران بکرێت، چونکە بۆ نان و ئازادییە و چینى زەحمەتکێش و کرێکار و بێدەرامەتە کە هاتوونەتە سەر شەقام، ئێستا چینى ناوەڕاست و بەشێک لە توێژەکانى دیکەش هاتوونەتە  سەر خەت بۆ پشتگیریکردنیان.

 - بۆچى عێراق نائارامى لێ نابڕێت؟

لەوەتەى هەیە عێراق ئارامى بە خۆیەوە نەبینیوە، هۆکارى هۆکارى ئەمانەش زۆرن لەوانەش، ئەو سیستەمە دیکتاتۆرییەى کە هەمیشە حوکمى عێراقیان کردووە و بەردەوام لە جەنگدا ژیاون و هەڕەشە بوون بۆ سەر دراوسێکانیان، پاشان بە میکانیزمى ئیرهاب و زەبروزەنگ سەقامگیرى عێراقیان ڕاگرتووە، حزبى بەعس بە سەرۆکایەتى سەدام حوسێن کە هەموو ئەو 35 ساڵەى فەرمانڕەوایەتى کرد بە سیستەمى ئیرهاب فەرمانڕەوایەتى کردووە و سەقامگیرى ڕاگرتبوو، بەڵام ئەمەش هەتا سەر نابێت، چونکە ئەو شتانە پەنگیان خوادۆتەوە، جگە لە بیرى دینى و مەزهەبى وەک چۆن لە سەدەکانى ناوەڕاستدا، مەسیحییەکانى ئەوروپا دەیان ساڵ شەڕى خوێناوییان دژ بە یەک کرد لە نێوان کاسۆلیکەکان خۆیان کاسۆلیک و پرۆستانتەکاندا شەڕى خوێناویان کرد، بەڵام ڕۆژێک بیریان گۆڕا و پرۆسەى ڕینساس بە ناو ئەو دەوڵەتانەدا ڕۆیى، بەڵام ئێمە هێشتا بەو قۆناغەى سەدەى ناوەڕاستى ئەوروپادا دەڕۆین، کە تاوەکوو ئێستا شەڕى مەزهەب هەیە و سوننە و شیعە خوێنى یەک دەڕێژن، هاوکات ئەو شەڕانە دەستکردیشە، ئەوانەى سوود لەم بارودۆخە دەبینن پێیان باشە بەم جۆرە بمێنێتەوە، چ جا ئە  سیاسەتە ئەمریکا بێت یان وڵاتانى ئەوروپى یان سیاسەتى ناوخۆى عێراق بێت، ئێستاش هەر ئەم شەڕە واى کردووە کە داعش و گرووپە توندئاژۆکان دروست ببێت لە ئەنجامى زوڵم و زۆرى شیعەکان بەرانبەر سوننەکان، بەڵگەش بۆ ئەوە (هیلارى کلنتۆن) گوتى؛ "ئێمە پشتگیرى داعشمان کردبوو بۆ ئەوەى ئاژاوە لە عێراق و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دروستت ببێت، بەڵام نەمانزانى لەوەى کە دەبێتە هەڕەشەش بۆ خۆمان". ماناى وایە تاوەکوو شەڕ هەبێت، لە ناوچەکە چ ئێران یان سعودیە و ئەمریکا و عیراق ئەوا چەک دەفرۆشرێت و جەنگ بەرپا دەبێت، بەتایبەتى ئەو جەنگانەى بە وەکالەت دەکرێت، جەنگى دابەزینى نرخى نەوت و هەرزانى بازاڕە بۆ کەرەستەى خاو و دەستى کارى هەرزان و لەو ڕێگایەشەوە شوێن پێى خۆیان دەکەنەوە جا وتەیەکیش هەیە دەڵێت؛ "ئەگەر دەتەوێت سیاسەت بکەى دەبێت قاچێکت لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بێت".

 

 

 

دیدارو چاوپێكەوتنەكان