سازدانی؛ هیوا مستەفا

 بەمەبەستی شرۆڤەکردن و زیاتر تاوتوێکردنی ئەو هەڵمەتە فرەوانەی ڕادیکاڵیزمی ئیسلامی سیاسی دژی ماکرۆنی سەرۆکی فرەنسا دەستیپێکردووە و ئامانج و ڕۆڵی تورکیا لە سەرکردایەتیکردنی ئەو هەڵمەتە لە دژی فرەنسا بەپێویستمان زانی چەند پرسیارێک ئاراستەی نووسەر و چاودێری سیاسی هاوڕێ زیرەک کەمال بکەین.

 ئیمانۆیڵ ماکرۆنی سەرۆکی فرەنسا لە بەرانبەر سەربڕینی مامۆستایەکی فرەنسی لەلایەن توندڕەوێکی ڕادیکاڵیزمی ئیسلامی، گوتی؛ ئیسلام لە قەیراندایە، بۆچی لە بەرانبەر ئەو لێدوانەی سەرۆکی فرەنسا ئاوا جیهانی ئیسلامی وروژا و بەتایبەتیش قسەی من لەسەر هەرێمی کوردستانە، ئایا هەرێم بۆچی چووە ناو ئەو ململانێیە؟

-بەر لە هەر شتێک دەمەوێ ئەوە بڵێم ئەو ناڕەزایی و پەرچەکردارانەی لە هەرێمی کوردستان بەرانبەر لێدوانەکەی ئیمانۆیڵ ماکرۆنی سەرۆکی فرەنسا، هیچی لێدوانی فەرمی نەبوون و بگرە ڕەهەندێکی جەماوەریشیان نەبوو، بگرە زیاتر فەوزای ناو فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک ناوەندی میدیایی بوو. لەسەر ئاستی حزبیش جگەلە حزبە ئیسلامییەکان و هەندێک پیاوی ئاینی کە بەداخەوە د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش تێکەوت، ئەگینا حزب و دامەزراوەیەکی سیاسی و ڕێکخراوەیی لە دژی فرەنسا نەهاتنە دەنگ، هەرچەند حزبە ئیسلامییەکان و هەندێک مەلا ویستیان وا نیشانی ڕای گشتی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بدەن کە گەلی کورد لە دژی لێدوانەکەی سەرۆک ماکرۆن وەستاونەتەوە، بەڵام ئەوەی لە سەر ئاستی جەماوەری و لەسەر زەمینی واقیعدا وا نەبوو، ئەگەرچی سەردانی هەردوو فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بۆ قونسڵیەی فەرەنسا لە هەولێر بێئەندازە نەشاز و نەگونجاو بوو کە چوون بەناوی دامەزراوەی پەرلەمان ناڕەزاییان بە سەرقونسڵی فەرەنسا دا. بەڵام دواتر سەردانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمان بۆ قونسڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر تاڕادەیەک لە نرخ و بەهای هەوڵەکانی هەردوو فراکسیۆنی ئیسلامی کەم کردەوە و بارە خوارەکەی ڕاست کردەوە.

 بۆچی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان بەرانبەر هەر پرسێکی ئاینی چ لەسەر ئاستی دنیا بێت و لەسەر ئاستی ناوخۆیی دێتە دەنگ و دنیای سیاسی و میدیایی ئێمە پڕ دەکەن لە هاتوهاوار، بەڵام لەسەر پرسێکی نەتەوەیی تایبەت بە کورد نایەنە دەنگ، بۆنموونە ڕژێمی تورکیا شاری عەفرینی داگیر و خاپوور کرد، بەڵام ئیسلامییەکان بەشی ئەوەش دەمیان ناکەنەوە تا گوێچکەیان بە بۆردمانەکانی تورکیا کەڕنەبێت، یان لەلایەکی تر هەردوو ڕژێمی ئێران و تورکیا ڕۆژانە بۆردمانی هەرێمی کوردستان دەکەن کەچی لە بەرانبەر ئەوەشدا بێدەنگن، کەچی لەسەر لێدوانێکی سەرۆکی فەرەنسا هاتوهاواری ناڕەزاییان دژی فەرەنسا دنیا پڕ دەکات؟

-دیارە یەکێک لەو گرێ دەروونییانەی کە ئیسلامی سیاسی لە کوردستان هەیەتی، ئەوەیە کە خاوەنی مێژوونین، چونکە بەشداریی شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانیان نەکردووە و بەڵکو دوای ڕاپەڕین و لە سێبەری خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان و بەرەی کوردستانی  دروست بوون، ئەو گرێ دەروونییە وایکردووە کە ئیسلامییەکان بەردەوام مەسەلە و پرسە ئاینییەکان بوروژێنن، بەردەوام ڕابکەن و بۆ ڕابردوو بگەڕێنەوە، دیارە خاڵێکی دیکە کە دەمەوێت ئاماژەی پێبکەم وابەستەیی ئیسلامی سیاسی کوردە بە دەرەوەی خۆی، بۆنموونە یەکگرتووی ئیسلامی خۆی بە بەشێک لە سەحوەی ئیسلامی جیهانی دەزانێت، خۆی بە هاوسەنگەر و دەستەخوشکی ئەکەپەی فەرمانڕەوای تورکیا دەزانێت و ئەوەش وایکردووە لە ئاستی تاوانە ناوخۆییەکانی تورکیا چاوبپۆشێت و بۆ هەر هەنگاوێکی ئیسلامییەکانی جیهانیش چەپڵەی نافەرین لێبدەن. ڕژێمی تورکیا دوازدە مزگەوتی لە شاری عەفرین بۆردمان و وێران کرد ئیسلامییەکانی کوردستان ورتەیان لەدەم نەهات، کەچی هەر ئەو ڕژێمە کە بڕیاریدا کەنیسەیەکی کۆنی تورکیا بکاتە مزگەوت میدیای ئیسلامییەکان ئافەرینیان لەو ڕژێمە کرد و ئەندامەکانیشیان ڕژانە سەر شەقامەکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی و بە بەرزکردنەوەی دروشمی دەستخۆشی لە ئەکەپە خۆشحاڵییان دەربڕی. هەر ئەوەنا بەڵکو گرێی خۆبەکەمزانین لای زۆربەی گرووپ و حزب و بگرە بەشی زۆری تاکەکانی کورد هەیە، بۆنموونە بەشی زۆری حزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ئامادەن لە بەرانبەر دوژمنانی کورد چەندین سازشی ئەخلاقی و سیاسی و ملکەچی و خۆبەکەمزانین بنوێنن، بەڵام ئامادەنین ڕایەڵەی پەیوەندییەکانی نێوان خۆیان لەسەر بنەمایەکی دیموکراسی و مەدەنی درووست بکەن، ئامادەن دەست بخەنە ناو دەستە خوێناوییەکانی ئەنفالچی و دیکتاتۆر و فاشییەکانی تورک و عەرەب و فارس و عەجەم، بەڵام شەق لە کەلتووری بەیەکەوەژیانی دیموکراسییانە لەگەڵ حزب و هێزە سیاسییە جیاوازەکانی خۆیان هەڵدەدەن، سیاسییەکانی ئێمە لە بەرانبەر نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیری دەست و دەرگایان کراوەیە، بەڵام ئامادەنین پێشوازی لە نوخبەی ڕۆشنبیرانی خۆیان بکەن، مەسعوود ئۆزێلی ئەستێرەی یاریزانی جیهان کە بە ڕەگەز کوردە، شیوەن بۆ موسڵمانانی چین و ڕووسیا دەکات، بەڵام لە ئاستی قوربانیانی هەڵەبجە و عەفرین و مهاباد گوێی خۆی کەڕ و چاوی خۆی کوێر دەکات. نادیە مورادی کچە کوردی ئێزدی کە لەسەر ئاستی دنیا بووە هێمای زوڵم و ستەمی کوردانی ئێزدی، لە بەردەم کەناڵ و میدیاکانی جیهان بەدەگمەن نەبێت، باسی کوردبوونی خۆیان ناکات و بگرە زۆرجار بە ئاستێکی ئەوەندە ئاڵۆز و شەرمنانە باسی شوناسی نەتەوەیی خۆی دەکات وەکوو بڵێی حاشاکردنە لێی. ئێستایش لە باشووری کوردستان کەم نین ئەوانەی شەرعیەتی نوێنەرایەتی ئێمەی کوردیان پێسپێردراوە، کەچی قسە و لێدوان و هەڵوێستە سیاسییەکانیان نەک دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستانە، بەڵکو ئەوەی دەیکەن و دەیڵێن جگەلە خۆبەدەستەوەدان بۆ حوکمڕانە مەزهەبگەرانی بەغدا مرۆڤ ناتوانێت هیچ ناوێکیان لێبنێت. کەم نین ئەو کەسانەی کە لە ناوەندی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی چالاکن، ئەکادیمی و ڕۆشنبیر و کەسی دیارن، بەبیانووی هەبوونی گەندەڵی، سوکایەتی بە گەل و نیشتمانەکەیان دەکەن و شەق لە ئاڵا و سەرجەم ڕەمزە جوانە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی گەلەکەیان هەڵدەدەن، گوایە دژی گەندەڵییەکانی پارتی و یەکێتیین، بەڵام لەسەر ئاستی کرداریی هیچ سەنگ و قورساییەکیان بۆ ڕۆحیەتی ئۆپۆزسیۆن نەهێشتووە، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نییە کە لە کوردستان ناڕەزایی دژی سەرۆکی فەرەنسا بوونی نەبووە، بەڵام مەبەستی من ئاستە جەماوەرییەکەیە، چونکە بەڕاستی ئەوەی جێگای داخ و کەسەرە ئەوەیە کەوا کەسانێک لە سێبەری گەندەڵی و نادادپەروەری بوونەتە گەنجی قاروون و سەرمایەدار، کەچی بە نووسین و لێدوان هێرشی دڵڕەقانەیان کردە سەر فەرەنسا و بگرە هانی جەماوەری کوردستانیشیان دا پەلاماری قونسڵیەی فەرەنسا بدەن. ئەوەشی کاریگەری لەسەر ڕای گشتی فەرەنسا دانا و بگرە نوخبەی ڕۆشنبیری و سیاسی و ئەکادیمی فەرەنسا لەو هەڵوێستەی ئەو کەس و ناوەندانەی هەرێم زۆر توڕەن. بەڵام جێگای داخ و نیگەرانییەکی زۆریشە ئەمڕۆ خەڵکانێک هەبن بکەونە ژێر کاریگەریی ڕادیکاڵیزم و توندڕەوی ئاینی و لەسەر ئیقاع و داوای ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دروشمی بڕوخێ و بمرێی وڵات و سەرۆکی فەرەنسا بەرز بکەنەوە و داوای ئەوە لە حکوومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان بکەن کەوا بایکۆتی کەلوپەل و کاڵاکانی فەرەنسا بکەن، لەکاتێکدا فەرەنسا کەمترین شتومەک و کاڵا و بەرهەمی بازرگانی و فرۆشیاریی لە کوردستان هەیە، هەڵبەت ئەو توندڕەوانە کە بچووکترین وەفا و سۆز و ئەمەکدارییان بۆ فەرەنسا نییە و چاویان نابینا و گوێیان بەقوڕقوشم ئاخنیوە بەرانبەر ئەو هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەی فەرەنسا بۆ گەلی کوردستانی هەیە.

 باشە کە ئەوە هەڵوێستی ئیسلامییەکان بوو لە بەرانبەر لێدوانێکی سەرۆکی فەرەنسا ، بەڵام ئەی چۆن توانیویانە ڕای گشتی کوردستان لەدژی سەرۆک و وڵاتی فەرەنسا ساز و ئامادە بکەن، چونکە من لەگەڵ ئەو قسەیەی جەنابت نیم کە پێت وایە لە کوردستان ڕای گشتی دژی فەرەنسا نەوروژاوە، با نموونەیەک بخەینە ڕوو، کەسایەتییەکی دیاری ئیسلامی سیاسی بانگەشەی بایکۆتکردنی کاڵای فەرەنسی لە کوردستان کرد، هەر خۆی گوتی لەمبارەیەوە حەوت سەد هەزار ئیمزای پشتگیریم کۆکردووەتەوە، ئەی ئەوە چۆن لێکدەدەیتەوە؟

-منیش گوێم لە قسەکانی ئەو پیاوە بوو، هەر خۆی وا ناسراوە لە هەموو شتێک زیادەگۆیی دەکات و قسەکانی زۆر جێگەی متمانە و بڕواپێکردن نین، بەڵام مانای ئەوەش نییە کە خەڵک بەشداری لە پاڵپشتیکردنی ئەو پیاوە نەکردووە. با پێت بڵێم بەر لە ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ گەلی کورد لە هەموو ڕوویەکەوە باشتر و مەدەنیتر و کراوەتر بوو، پابەندی خەڵک بە خۆشەویستی کوردستان و ڕەمز و بەها نیشتمانییەکان لە ئاستێکی بەرزتر بوو، وەفا و ئەمەکداری کورد بۆ دۆستەکانی زیاتر بوو، خۆشەویستی و متمانە و ڕێز و حورمەت لە نێوان چین و توێژ و یەک بە یەکی گەلی کوردستان چەندین قات لە ئێستا باشتر بوو، هاودەردی و هاوخەمی و هاوکۆستی لە نێوان خەڵک زیاتر بوو، بەداخەوە سیاسەتی ناحەکیمانەی هەردوو حزبی حوکمڕانی کوردستان(یەکێتی و پارتی) زەبرێکی گەورە و کوشندەی لەو تەبایی و یەکڕیزییەی خەڵکی کوردستان دا، پارتی و یەکێتی و ململانێی نائەقڵانی و سیاسەتی پاوانخوازی ئەو دوو حزبە کەلتوور و بنەماکانی فیکری نەتەوەیی و نیشتمانی هەڵتەکاند، گیانی هاوخەمی و هاوکۆستی و نەتەوەیی بوونی کوردیان وێران کرد، هەر سیاسەتی نادروستی ئەو دوو حزبە وایکرد کە زەمینەی سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی لە فۆڕمی حزبیدا بڕەخسێت، بیرت نەچێت یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە ئێستا حزبێکی ئیسلامی بەهێزە تاکو ساڵی ١٩٩٤ ڕێکخراوێکی خێرخوازی بوو، کە یەکەم فیشەکی شەڕی ناوخۆ تەقێندرا، یەکسەر کۆنگرەی کرد و لە ڕێکخراوێکی خێرخوازییەوە بووە حزبێکی سیاسی، چونکە کەسایەتییەکانی یەکگرتوو زوو تێگەشتن کە شەڕی ناوخۆ پەشیمان بوونەوە بوو لە ڕاپەڕین. بۆیەش ئێستا بەشی زۆری ئەو دوو حزبە بەدووای بەرژەوەندی تایبەتی و زاتی خۆیان کەوتوون و ئەوەی بەلایانەوە گرنگ نییە، نیشتمان و بەرژەوەندییەکانی گەلە، بۆیەش دەبینین کە هەر ئەوە وایکردووە کە حزبە ئیسلامییەکان جورئەت بە خۆیان بدەن خەڵک لە دژی فەرەنسا هانبدەن و بچنە قونسڵخانەی فەرەنسا و بەناوی گەلی کوردستانەوە یاداشتی ناڕەزایی بدەنە فەرەنسا. بێ مروەتی و خەمساردی ئەو دوو حزبە وایکردووە کە بەشێک لە ئیسلامییەکان هەڕەشەی سووتاندنی کونسڵخانەی فەرەنسا بکەن و کەسیش سزایان نەدات.

 وەکوو منیش بیستوومە نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیری فەرەنسا ئەو ناڕەزایی و هەڵوێستەی هەرێمی کوردستان نیگەران بوون، ئایا نیگەرانبوونی ئەو دەستەبژێرە، کاریگەریی سلبی و نەرێنی لە سەر ئایندەی پەیوەندییەکانی فەرەنسا و هەرێم دادەنێت؟ بەتایبەتیش کە هەموومان دەزانین نوخبە لە فەرەنسا و سەرجەم وڵاتانی دیموکراسیدا کاریگەری زۆر هەیە لەسەر دروستکردنی ڕای گشتی؟

-وەکوو گوتم هەرێمی کوردستان دامودەزگای فەرمی خۆی هەیە و ئەو دەزگایانەش بەڕووی دەرەوەدا نوێنەرایەتی گەلی کوردستان دەکەن و ڕای فەرمی کوردستانیش لە دەست ئەوانە، بەڵام مانای ئەوەش نییە گلەیی و نیگەرانی کاریگەریی لەسەر حکوومەت و خەڵکی فەرەنسا نابێت، بەڕاستی ئەگەر لە منیش دەپرسی، شورەییەکی گەورەیە خەڵکانێک بەناوی پەرلەمان بەبێ ئاگەداری سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕێگە بە خۆیان بدەن وەکوو پەرلەمانتار و نوێنەری گەل بچنە قونسڵخانەی فەرەنسا و یاداشتی ناڕەزایی بنێرن بۆ فەرەنسا. بەڕاستی ئەگەر پەرلەمانی کوردستان خاوەنی هەیبەت و دیسپلین بێت و لە مانا و شوێنگەی خۆی تێبگات، دەبێت بەدواداچوون و لێپرسینەوە لەو پەرلەمانتارانە بکات کە چوونەتە کونسڵخانەی فەرەنسا و وەکوو پەرلەمانتار یاداشتی ناڕەزاییان بە سەرکونسڵ داوە.

 ئەوەی تۆ دەیڵێی پێچەوانەی ئازادی بیروبۆچوون و بیروڕا نییە؟ ئایا پەرلەمانتار ئازاد نییە لەوەی کاری لەو شێوەیە بکات و یاداشت بە کونسڵخانەی وڵاتان بدات؟

-پەرلەمانتار بە حوکمی ئەو شوێنگە شەرعی و هەستیارەی هەیەتی، دەبێت بەپێی کارنامە و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان کاربکات، ئەو نوێنەری هەڵبژێردراوی گەلە و هەر جۆرە مامەڵەکردنێکی لەگەڵ کونسڵخانەکان بەتایبەتیش  یاداشتی ناڕەزایی، مانای خۆ بە خاوەنکردن و شەرعیەتدانە بە خۆیان بۆ داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی هەرێم، لەکاتێکدا داڕشتن و خستنە ڕووی گوتاری سیاسی هەرێم بەڕووی دەرەوە، ئەرک و بەرپرسیارێتی سەرکرایەتی هەرێمی کوردستانە، کەچی ئەو پەرلەمانتارانە ئەو مافەیان لە سەرۆکایەتی وڵات سەندووەتەوە و بە خۆیانیان داوە. چونکە ئەرک و کاری پەرلەمان و پەرلەمانتار داڕشتنی یاسا و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاسا و ئیشوکارەکانی حکوومەتە، کەچی بەداخەوە ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە بەبێ ئەوەی هەست بەوە بکەن یاخود هەستیان کردووە و گوێیان بەوە نەداوە کە بەم یاداشتە دژایەتیکردنەی فەرەنسا، چوونەتە بەرەی گوتاری توندڕەویی و بوونەتە بەشێک لەو ململانێیەی کە لە نێوان وڵاتانی جیهان و ناوچەکە و هەرێمایەتی بەگشتی بەڕێوەدەچێت.

 مەبەستت لەوە چییە، یان کێن ئەو وڵاتانەی کە لە ناوچەکە لە ململانێدان و ئەو پەرلەمانتارانەش بوونەتە بەشێک لەو ململانێیە؟

-دیارە ئێستا ململانێیەکی توند لە نێوان فەرەنسا و ڕووسیا و ئەمریکادا هەیە لەسەر سووریا و عێراق و تەواوی وڵاتە ئاڵۆزەکانی دیکە. بەرەیەک بە سەرکردایەتی فەرەنسا دروستکراوە کە هەریەک لە یۆنان و میسر و سعودیە و لیبیا بەشدارن لەو بەرەیە، بەرەیەکی دیکەش کە پێکهاتووە لە تورکیا و قەتەر ڕووبەڕووی ئەو بەرەیە وەستاون.

 وەڵامەکەت وایکرد پرسیاری ئەوەم بۆ دروست ببێت بۆچی تورکیا گەرمتر لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی ڕووبەڕووی فەرەنسا بووەوە و بگرە بانگەشەی هەموو موسڵمانانی جیهانی کرد کە دژی سەرۆکی فەرەنسا یەکبگرن؟

-دەزانی ئێستا لەسەر ئاستی دنیا تورکیا لەسایەی دەسەڵاتی ئەردۆغان و ئاکەپە بووەتە یەکێک لە وڵاتە ناشرینەکانی دنیا، دەزانی تورکیا لەسای سەری ئەردۆغان خەریکە لە هەموو دنیا دادەبڕێت و بەوە بە مەترسییەکی گەورە لەسەر زۆر لە وڵاتانی جیهان و پێشم وایە ئەگەر شوێنگە جوگرافییەکەی نەبووایە زۆر دەمێک بوو لەسەر ئاستی دنیا و بەتایبەتیش لەلایەن ئەمریکاوە سزای قورسی تورکیا دەدرا. دەسەڵاتدارانی تورکیا ئێستا خەون بە گێڕانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەبینن و ئەردۆغان دەیەوێت تورکیا بکاتەوە بە سوڵتان نشینی باب عالی و سەرلەنوێ کۆی وڵاتانی ئیسلامی بخاتەوە ژێر قەڵەمڕەوی و حوکمڕانی خۆی. بۆیەش تورکیا لە هەر کوێیەکی دنیا کێشەیەکی ئاینی هەبێت، خۆی تێهەڵدەقورتێنێت و وەکوو ڕیشسپی و خۆ بەخاوەنکردنی موسڵمانان وێنا دەکات، هەڵبەت ئەوەی تورکیا دەیکات گەوجاندن و بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکانە، نەک دڵسۆزی بۆ ئاینی ئیسلام، چونکە ئەگەر وایە نزیکەی یەک لەسەر سێی تورکیا کوردە و زۆرینەی هەرەزۆریشی موسڵمانە، کەچی بە ئاگر و ئاسن سەرکوتیان دەکات، بۆیەش کە دەبینین لە تورکیا ئەردۆغان بە هاوکاری قەتەر سەرکردایەتی وروژاندن و گەورەکردنی لێدوانەکەی ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسایە، تەنیا سیاسەتە و هیچی دیکە، ئەگەرنا ماکرۆن چی گوتووە؟!

 ئەی ڕای خۆت لەبارەی قسەکانی سەرۆکی فەرەنسا چییە؟

-هەڵبەت من دژی هەڵچوون و زمانی زبرم، وڵاتی خۆم و نەتەوەی خۆم و ئاینی خۆم خۆشدەوێت، پێشم وایە تێنەگەیشتنێک لە قسەکانی سەرۆکی فەرەنسا هەبوو، بەشێک لە ڕادیکاڵیزمی ئاینی ئەوەیان قۆستەوە بۆ مەرامێکی سیاسی، ئەگەرنا بۆ تەنیا باسی لێدوانەکەی ماکرۆن دەکرێت، بەڵام کەس باسی سەربڕینی مامۆستا فەرەنسییەکە ناکات؟! لەکاتێکدا چەندین دەقی ئاینی ئیسلام بە حورمەت و ڕێزەوە باسی مرۆڤ دەکات.

 

 

سازدانی؛ ڕێبین

زیرەک کەمال نووسەر و ڕۆشنبیر لە چاوپێکەوتنێکی (ڕێگای کوردستان)دا، هەڵوەستە لەسەر بزاڤی ڕۆشنبیری کوردی لە باشووری کوردستان دەکات. لەڕووی کارایی و کاریگەرییەوە ئەوە دەخاتە ڕوو کە چۆن بزاڤی ڕۆشنبیری لە قۆناخی پێش ڕاپەڕین، سەرەڕای سانسۆری زۆری بەعس، بەڵام هێشتا کاریگەریی لە ئێستا زیاتر بوو. هەروەک ئەوە دەخاتە ڕوو کە لە ساڵانی دوای ڕاپەڕین حزبەکانی باڵادەست پرۆژەیەکی گەورە و مەترسیداریان بە ئاراستەی بێنرخکردنی بزاڤی ڕۆشنبیریی دەستپێکردووە.

بزاڤی ڕۆشنبیری و ئەدەبی لە باشووری کوردستان لە دۆخی ئەمڕۆدا چۆن دەخوێننەوە؟

- بزاڤی ڕۆشنبیری کۆمەڵێک ڕەهەندی جیاجیای لێدەبێتەوە، ڕۆشنبیری ناکرێت لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو و بەرتەسک خوێندنەوەی بۆ بکرێت، ئەوەی لە کوردستان پەیوەست بە بزاڤی ڕۆشنبیری دەگوزەرێت لە پەراوێزی ڕووداوەکان و لەپەراوێزی واقیعی ژیانە. چونکە دواجار ڕۆشنبیری بەهەموو ڕەهەندەکانییەوە سیاسەت و فیکر و فەلسەفە بە هەموو لق و پۆپەکانییەوە، دواجار هەموو ئەوانە، مادەم بەرهەمی عەقڵی مرۆڤن و لەخانەی مەعریفەی مرۆیین، لەوێشەوە دەبێت سەیریان بکرێت، بەداخەوەی ئەوەی ئێستا لە کوردستان تایبەت بە بزاڤی ڕۆشنبیری دەگوزەرێت، دووبارەبوونەوەی ئەو واقیعە سیاسییە تاڵەیە کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و پێشتریشدا هەبووە، وەک چۆن ئەوکات لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی، بزاڤی ڕۆشنبیری لە پەراوێزدا دەژیا و نەیدەتوانی کاریگەریی تەواوەتی لەسەر کۆمەڵگە دابنێت، لەدوای ڕاپەڕین و بەتایبەتیش لەو چەند ساڵەی دوایی کە سیاسەت هەموو شتێکی بێ نرخ و بەها کرد، بزاڤی ڕۆشنبیری دیسان کەوتەوە پەراوێزەوە.جاران سەرەڕای ئەوەی ئێمە شاعیر و ئەدیب و نووسەر و ڕۆشنبیری گەورەمان هەبوو، بەڵام ئەو کاریگەرییە ڕاستەوخۆیەی لەسەر کۆمەڵگە نەبوو، چونکە دیکتاتۆریەت فەزای سیاسی بەڕێوە دەبرد، دیکتاتۆریەت دوو جۆر سانسۆری لەسەر ڕۆشنبیران هەبوو، یەکەم؛ لەسەر ماهیەتی سیاسییان، کە ڕۆشنبیرانی ئێمەش بە حوکمی کۆمەڵێک فاکتەری وەک تەواونەبوونی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی و ئەو زوڵم و ستەمەی بەسەر میللەتی ئێمەدا هاتووە، زۆرینەی ڕۆشنبیران چوونە ناو سیاسەتەوە، واتە ڕۆشنبیران وەک بوونەوەر و کارەکتەرێکی سیاسی سەیر دەکران. دووەمیان؛ خودی ڕژێم سانسۆرێکی سیاسی بەسەر ڕۆشنبیران و ئەو بزاڤە ڕۆشنبیرییە هەبوو کە لەسەر ئاستی داهێنان پلەیەکی بەرزیان هەبوو. بۆنموونە لەسەردەمی ڕژێمی بەعس و پێشتریشدا ئازادی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب نەبوو، بەڵام دوای ڕاپەڕین ئازادی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب هەبوو، لە سەردەمی بەعس ئازادی قسەکردن و بیروڕا دەربڕین نەبوو، بەڵام لەدوای ڕاپەڕین ئەو ئازادییە هەبووە، بەڵام ئەگەر لەکۆی فۆڕمە گشتییەکە تەماشا بکەین کێشەکە ئەوە نییە بەعس بزاڤی ڕۆشنبیری خستبووە پەراوێز و ژێر سانسۆرێکی زۆر چڕەوە، هەروەها کێشەکە ئەوە نییە لەدوای ڕاپەڕین ئازادی چاپ و بڵاوکردنەوە و ئازادی قسەکردن و بیروڕا هەبووە، کێشەکە ئەوەیە کە بزاڤی ڕۆشنبیری لەسەردەمی بەعسدا هێشتا کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە زیاتر بوو تا بە قۆناغی دوای ڕاپەڕین. واتە بەعس جگەلەوەی سانسۆرێکی توندی لەسەر ڕۆشنبیران هەبوو، مامەڵەیەکی توندوتیژی لەگەڵ بزاڤەکەدا دەکرد، بەڵام هەموومان لەبیرمانە کاتێک نامیلکە و کتیبێک دوای تێپەڕبوونی بە چەندین فلتەری بەعسدا، بەڵام لە کتێبخانەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی و شارەکانی دیکە نۆرە دەگیرا بۆنموونە بۆ کڕینی کتێبێکی وەک ڕۆمانی (حەمەدۆک) و (کاریتە یان ئەودیو چیا)ی یەشار کەمال. بزاڤی ڕۆشنبیری لەوکاتدا کاریگەرییەکی زیاتری لەسەر کۆمەڵگە هەبوو، هەرچەند میکانیزمی گەیشتن بە کۆمەڵگە لاواز و سنووردار بوو، چونکە ڕادیۆ و تیڤییەکی ئازاد، ڕۆژنامە و گۆڤارێکی ئازاد نەبوو، بەوحاڵەیشەوە کاریگەرییەکە لەوکاتدا زیاتر بوو، ئەوکات مەسەلەی ئەدەب و ڕۆشنبیری بە هەموو بوارەکانییەوە لای خەڵک قەزیە بوو، کاری نووسین و ڕۆشنبیری هیی ئەو کەسانە بوو کە خولیا و تاسە و ئەشقیان بۆ ئەدەب و ڕۆشنبیری هەبوو، بەڵام لەدوای ڕاپەڕینەوە دۆخێکی دیکە هاتە پێشەوە. لەبەرئەوەی لەناو کەلتووری کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێمەدا بەردەوام نووسەران و شاعیران و ئەدیبان ڕێزگیراون، خەڵکانێک ویستیان خۆیان بکەن بە خاوەنی ئەو سەروەرییە، بیرمان نەچێت لە قۆناغی پێش ڕاپەڕین کاتێک نووسەرێک دەقێکی لە گۆڤار و ڕۆژنامەیەک بڵاودەبووەوە، پیرۆزبایی لە نووسەرەکە دەکرا، زۆرجار نووسەرەکە بەو بۆنەیەوە داوەتی خەڵکی دەکرد، چونکە بابەت و وتارێکی لە ڕۆژنامە و گۆڤارێکدا بڵاوکراوەتەوە، جا ئەگەر بگەیشتبووایە بڵاوکردنەوەی نامیلکە و کتێب، ئەوا وەکوو قوتبێکی گەورەی ئەدەبی و ڕۆشنبیری سەیر دەکرا، بەداخەوە لە دوای ڕاپەڕین پرۆژەیەکی سیاسی بۆ بێنرخکردنی هەموو شتەکان کاری کرد، لەناو ئەوانەشدا بزاڤی ڕۆشنبیری.

ئەو پرۆژە سیاسییە چۆن و بۆچی کاری لەسەر بێنرخکردنی بزاڤی ڕۆشنبیری کرد؟

-قسەیەک هەیە دەڵێ؛ ئەگەر ویستت شتێک لەناوببەیت، یەکەمجار بێرخی بکە، دواتر پەلاماری بدە و لەناوی ببە. لەدوای ڕاپەڕین بەهۆی سیاسەت هەموو کەلینەکانی ژیانی ئێمەی داگیرکرد، پرۆژەیەکی وردی ئاراستەکراوی حزبی هەبوو بۆ بێرخکردنی ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیران، ئەدەب و ئەدیب، هونەر و میوزیک و ...هتد، سیاسییەکان هەموو کایەکانی کۆمەڵگەیان داپۆشی و بۆ خۆیان برد. حزب سەندیکای هونەرمەندان و ئەدیبان و مامۆستایان و قوتابیان و ژنان و ...هتد دامەزراند، وەک چۆن لە قۆناغەکانی پێشوو ڕژێمە تۆتالیتارەکان کۆنترۆڵی هەموو کایە و بوارەکانیان لە کۆمەڵگەدا دەکرد، تا بە ئێستایش دەگات هەموو ناوەندەکانی پەیوەست بە بزاڤی ڕۆشنبیری لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، دەبێت لەسایەی حزبدا هەناسە بدات، ئەمڕۆیشئێمە شاعیر و نووسەری گەورەمان هەیە، بەڵام دەبینی حزب لەپڕ وەکوو دەبدەبە(میزەڵدان) یەکێک پف دەدات و دەیگەیەنێتە ئاسمان، لەکاتێکدا ئەو کەسە هیچی پێ نییە. یان ئەوەی جاران جگەلە سانسۆرە وردەکە، دەبوو ئەوەی کتێب و نامیلکەیەک بەچاپ دەگەیەنێت لەڕووی ناوەڕۆک و تا زمان و ڕێنووسەوە دەوڵەمەند بێت، جگەلەو سانسۆرە سیاسییەش هەبوو، بەڵام کەم نین ئەو کتێبە گرنگ و بەنرخانەی لەسەردەمی بەعس لەلایەن نووسەران و ڕۆشنبیرانی کوردەوە چاپ و بڵاوکرانەوە و هەروا بە کاریگەریی خۆیان ماونەتەوە. لەو پرۆسەیەدا چ وەرگێڕانی دەق و ڕۆمانە بەناوبانگەکانی نووسەرانێکی وەکوو یەشار کەمال و مەکسیم گۆرکێ و ...هتد بێت یان ئەو وتار و بابەتانەی نووسەرانێکی وەکوو د. کەمال مەزهەر و کاکە حەمەی مەلا کەریم و د. عیزەدین مەلا ڕەسووڵ و چەندانی دیکە لەپاڵ دەقە شیعرییەکانی شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵا پەشێو و لەتیف هەڵمەت و ...هتد، هەموو ئەوانە کاریگەرییەکی یەکجار زۆریان لەسەر خەڵک و کۆمەڵگە دروست دەکرد، واتە سەرەڕای ئەوەی بەعس لەڕێگەی سانسۆرەوە هەوڵی بێنرخکردنی بزاڤی ڕۆشنبیری دەدا، بەڵام نەفەسێک هەبوو بۆ نووسین و بڵاوکردنەوە، ئەو کەمە نەفەسە، کاریگەریی زۆری زیاتری لەسەر هۆشیاری کۆمەڵگە هەبوو، بەراورد بە بزاڤی ڕۆشنبیری لە قۆناغی دوای ڕاپەڕین کە ئازادی نووسین و ئازادی بڵاوکردنەوە هەبوو.

لەدوای ڕاپەڕین ژمارەی ناوەندەکانی ئەدەبی و ڕۆشنبیری بەخێراییەکی زۆر هەڵکشان، حزبەکان بوون بە خاوەنی ناوەندی گەورە و زۆر دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی دامەزران، ژمارەی گۆڤار و ڕۆژنامەکان زۆر بەرزبوونەوە، واتە گەشەیەکی زۆر و خێرا لەڕووی چەندایەتییەوە ڕوویدا، بەڵام بۆچی بزاڤەکە لەدوای ڕاپەڕین کاریگەرییەکەی لە کورتی دا، ئێوە تێبینیتان لەسەر باری چۆنایەتی هەیە؟

-مەسەلەی چەندایەتی و چۆنایەتی کاریگەریی زۆر و فرەلایەنی هەیە، لە کوردەواریی خۆمان بەخۆڕایی نەگوتراوە؛ زۆریی و بۆریی. هەموو چەندایەتییەک لەسەر حیسابی چۆنایەتی بووە و دەبێت. ئەو کاریگەرییانەی فەلسەفە و فیکری فەلسەفی لە وڵاتانی ئەوروپا و لەسەر گەلانی ئەمریکا دروستی کرد، چەندایەتییەکە نەبوو چۆنایەتییەکە بوو، دەستپێکی خۆڕاپسکاندن و خۆڕزگارکردن لە فەزای دینی و کەنیسە، کە مارتن لۆسەر و کاڵڤن بەتایبەت مارتن لۆسەر پێیهەڵدەستێت، ئەو پرۆسەی کاریگەرییە تا دەگاتە بۆیل و ئەرخەمێدس و کانت و ڕۆسۆ و تا مارکس و ئەنگڵس و ...هتد، ئەوەی کاریگەریی و گۆڕانکاریی لە سەر هۆشیاری گەلانی ئەوروپا دادەنێت، مەسەلە چۆنایەتییەکە نەک چەندایەتییەکە. لەدوای ڕاپەڕین لەڕووی چۆنایەتییەوە ئێمە دەقی زۆرباشمان هەبوو، وەکوو ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی، شیعری زۆرباشمان هەبوو وەکوو دەقەکانی شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵا پەشێو و دەقی چیڕۆکی زۆرباشی نووسەرانێکی وەکوو ڕەوف بێگەرد، عەتا محەمەد، ڕێبوار حەمە ڕەحیم، کاروان کاکەسوور و چەندانی دیکە، بەڵام ئەو بارە چەندایەتییەکە کە دەزگە حزبییەکان لەڕێگەی هەڵڕشتنی پارەوپوولێکی زۆرەوە دروستیان کرد، وایکرد هەر ئەو بارە چەندایەتییە لەشێوەی لەشکرێکی سەربازی و چەکدارەوە پەلاماری بارە چۆنایەتییەکەیان دا. ئەمڕۆ پێش ئەوەی دەست بەو دیدارە بکەین، کتێبێکی شیعرییم خوێندەوە، لەڕووی ڕووخساری کتێب و دیزاین و چاپەوە، تا بڵێی کتێبێکی جوان و سەرنجڕاکێش، بەڵام بە ناوەڕۆکێکی وێرانەوە. ئەو زۆر و بۆرییەی لەدوای ڕاپەڕین دروست کرا، حزبەکانی سیاسی چەند کاریان کرد لەسەر کۆنترۆڵکردنی کایەکانی ئابووری و سیاسی و حوکمڕانی، ئەوەندەیش بەوێنەی ئەختەبوتێک پەلوپۆیان هاوێشت بۆ کۆنترۆڵکردنی کایەی ڕۆشنبیری و وایانلێکرد، ئەگەر شاعیرێک یان نووسەرێک کۆمەڵێک دەقی جوان یان بابەتێکی جدی هەبێت بە زەحمەت بتوانێت چاپ و بڵاوی بکاتەوە، بەڵام لە بارەگای حزب و بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەیان کتێبی بەرگجوان و پەڕجوانی نەخشێندراو، بەڵام پڕ لە هیچ نەگوتن بڵاو دەکرانەوە.

کەواتە پرۆسەیەک کە حزبەکانی سیاسی لەڕووی چەندایەتییەوە کاریان لەسەر کرد، لەکۆتاییدا بە ونکردنی بارە چۆنایەتییەکە، واتە ونکردنی دەقە بەرزەکان کۆتایی هات؟ واتە چۆنایەتییەکە لەناو زۆری و بۆریی و بارە چەندایەتییەکەدا ون کرا و هەژموونی بەسەردا کرا؟

-قسەیەک هەیە، دەڵێ؛ ئەگەر ویستت شتێک بێنرخ بکەیت زۆر دووبارەی بکەوە، ئەگەر ویستت کاڵایەک لە بازاڕ بێنرخ بکەیت زۆری بکە، دەزانی ئەوەی لەبازاڕدا زۆر دەکرێت، بێنرخ دەبێت، مەترسی چەندایەتییە لەوێدایە کە بەپێوەر و لێکدانەوەی کوردەواریی خۆشمان، کاریگەریی لەسەر باری چۆنایەتی دادەنێت و دایدەپۆشێت. ئەوەی لەدوای ڕاپەڕینەوە لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت ئەو چەندایەتییە مەترسییەکی گەورە بووە لەسەر چۆنایەتی. زۆری و بۆرییەکە، بەڕادەیەک بووە کە دەق و نووسینی جدی تێدا ون دەکرێت، بیرمان نەچێت تا دروستبوونی ئەو قەیرانە ئابوورییە، زیاتر لە هەزار و ٨٠٠ کەناڵی ڕاگەیاندنی بینراو، نووسراو و بیستراو لە هەرێمی کوردستان هەبوو، جگەلە ماڵپەڕە ئەلیکترۆنی و سۆشیال میدیا، ئەو زۆریی و بۆرییە زیانیکی گەورەی بە بزاڤی ڕۆشنبیری گەیاند، زیانێکی زۆری بە کتێب گەیاند، تێبینی بکە، لەو ماوەیە وەزارەتی ڕۆشنبیری لەڕێگەی بڕیارێکەوە هەوڵیدا ئازادی چاپەمەنی بخاتە ژێر سانسۆرەوە، کە من بەڕاستی دژی بووم، چونکە ئەو پەراوێزە ئازادییەی هەیە، ئەویش نامێنێت، بەڵام لەڕوویەکیشدا سەیر دەکەیت سەر ڕەفەی کتێبخانە و کتێبفرۆشییەکان یەکپارچە لە کتێبی بەرگجوانی ناوەڕۆک بەتاڵن. ئەو بارە چەندایەتییە لەشێوەی داپۆشیندا، کاریگەرییەکی تەواو نەرێنی لەسەر باری چۆنایەتی دروستکردووە، هەروەک پرۆژەیەکی ترسناک هەیە لەپشت بێنرخکردنی گوتن و بڵاوکردنەوەوە.

لەو ساڵانەی ڕابردوودا، لەپاڵ دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کە خاوەندارێتییان بۆ حزبەکان دەگەڕێتەوە، کۆمەڵێك دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی دیکە لەشێوەی کۆمپانیای تایبەت پێکهاتن، ئەوان چ کاریگەرییەکیان لەسەر بزاڤە ڕۆشنبرییەکە دروستکرد؟

-هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە، فەزا سیاسییەکە هەموو کایەکانی کۆمەڵگەی داگیرکرد، لە هەوڵی ئەوەدابوون و کاریان بۆ کرد و سەرکەوتووش بووین لە کۆنترۆڵکردنی هەموو کایەکانی ڕۆشنبیری، ئەدەب و هونەر و وەرزش و ...هتد، سیاسەت وەکوو ئەختەبووت دامەزراوەکانی لەسەر بنەمای پەیکەری سیاسی خۆی داڕشتەوە، حزبەکان بەهەمان شێوەی دامەزراوەکانی سیاسی، ویستیان سەرجەم ناوەندەکانی ڕۆشنبیری و مەعریفی، بەو شێوەیە دروست بکەنەوە کە خۆیان دەیانەوێت. بۆنموونە لەکایەی کارگێڕیی، شتێکم بیست و بەدواداچوونم لەسەر کرد و ڕاستی بوو، حزبێکی سیاسی کەسێک دەکاتە وەزیر، ڕۆژێک بەڕێوەبەری نووسینگەکەی، مامەڵەی هاووڵاتییەکی بۆ دەبات و دەڵێ؛ جەنابی وەزیر هامشێک لەسەر نووسراوەکە بنووسە، هامش بەواتای ڕای وەزیرەکە، بەڵام جەنابی وەزیر هەر ڕێک و ڕاست لەسەر نووسراوەکە دەنووسێت؛ هامش! ئەوە نموونەیەکە چۆن لەکایەی کارگێڕیی و حوکمڕانی کەسانی بێتوانا و ناشارەزا پۆستی جیاجیا و بەرزیان وەرگرت، دامەزراوە و ناوەندەکانی ڕۆشنبیرییش بەو شێوەیە پێکهێنران. تا ئەو قەیرانە دروست نەبوو لە هەرێمی کوردستان ٥٤١ سەنتەری ڕۆشنبیری هەبوو، من خۆم سەردانی زۆر لەو سەنتەرانەم کردووە، لەکۆی هەموو ئەوانەدا، سێ سەنتەری لێدەربکەیت، کە هەندێک سیمای ڕۆشنبیری لەخۆدەگرت، هەموو ئەوانی دیکە هیچ سیمایەکی ڕۆشنبیرییان پێوە دیار نەبوو. ئەو پرۆژە سیاسییەی لە پشت بێنرخکردنی خودی سیاسەت بوو، سیاسەت ڕووتکرایەوە بۆ ململانێیەکی بێمانای حزبی و داماڵدراو لە هەر بەهایەکی دیموکراسی، لەهەوڵی ئەوەدابوون دامەزراوە و ناوەندەکانی ڕۆشنبیری بەهەمان شێوە بگۆڕن، کاتێک ناوی سەنتەرێک دەهات هەموومان دەمانزانی سەنتەری پارتی یان هیی یەکێتییە. دەمانزانی کام بەرپرس و سەرکردەی حزب لە پشت سەنتەرەکەیە، ڕاستییەکەی، هەوڵی حزبەکان بۆ بە سیاسیکردنی کایەی ڕۆشنبیری، مەترسی کەمتر نەبوو لە ئیسلامی سیاسی کە هەوڵی بە سیاسییکردنی ئاینی دا.

لەدوای ڕاپەڕینەوە چەندین زانکۆ و ناوەندی ئەکادیمی لە هەرێمی کوردستان دروستکران، بزاڤێکی ڕۆشنبیرییش لە دەرەوەی ئەو ناوەندانەدا هەبوو یان هەیە، ئایا چۆن کاریگەریی و کارتێکەرییەک لەو نێوانەدا هەبووە؟

-کاتێک باس لە ئەکادیمیا دەکەین، واتە بەرزترین دامەزراوەی خوێندن و پەروەردە و پێگەیشتن و تێگەیشتن. ڕاستی خودی ئەکادیمییەکانیش وەکوو ڕۆشنبیران و ئەدیبان مەعاناتیان هەیە، حزبەکان پرۆژە و بەرنامەیەکی گەورەیان هەبوو بۆ کۆنترۆڵکردنی زانکۆکان، من بەڵگەم هەیە کە پیاوێک هەتا مرد خۆیی و باوباپیریشی قەساب بوون، ئەو پیاوە کە ئیمزای خۆی نەدەزانی لە کوردستان زانکۆیەکی کردەوە. ڕاستە لە ئەوروپایش دەشێت سەرمایەدارێک زانکۆیەک بکاتەوە، بەڵام تێگەیشتنی بۆ زانکۆ و ئەکادیمیا هەیە. لە هەرێمی کوردستان ساڵانە هەزاران دەرچووی زانکۆ هەیە، ساڵانە لە یاریگەکان ڕیزیان دەکەن و کڵاوێکی قووچیان لەسەر دەکەن، ئەو کەسانە لە پێش چوونە زانکۆ و دوای تەواوکردنی زانکۆ لەڕووی هۆشیاریی و مەعریفەوە وەک خۆیەتی. وڵاتی ئێمە پڕە لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا، زۆرێکیان مرۆڤی باشن و خزمەتیان کردووە، بەڵام هەمان چەندایەتی و چۆنایەتی باسمان کرد، ناوەندە ئەکادیمییەکانیشی داپۆشیوە. ئێستا وای لێهاتووە لە هیچ گەڕەک و کۆڵانێکدا ماستەر و دکتۆرایەکت نەبێت، ئەوە هەمان بێنرخکردنی ئەکادیما بوو لەژێر کاریگەریی پرۆژە سیاسییەکەدا. بەداخەوە ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان نەیانتوانی هەڵوەستە لەسەر پرسە بنچینەییەکان بکەن، بەڵکو هەندێک لەو تیۆرانەی ئێستا لە زانکۆکانی کوردستان دەخوێندرێن، ساڵانێکە بە تیۆری نوێ جێگەیان پڕ کراوەتەوە و بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕەت کراونەتەوە.

ئەگەر هەڵوەستەیەک لەسەر بزاڤی ڕۆشنبیریی لە ئاستی ناوخۆ و تاراوگەدا بکەین، یان وردتر هەڵوەستە لەسەر ڕۆشنبیرانی ناوەوە و دەرەوە بکەین، پەیوەندی و گرێدراوییەک لەو نێوەندەدا هەیە؟

-بەداخەوە نەبوونی چوارچێوەیەکی ئەقڵانی بۆ بەدیموکراسیکردنی ململانێی حزبایەتی لە کوردستان و نەبوونی کەلتووری بەیەکەوەژیانی مەدەنیانە، بەڵکو هەبوونی پرۆسەیەکی نادیموکراتییانە لە ئاستە سیاسییەکەوە بۆ ناو ڕۆشنبیران گواسترایەوە. ئەو ململانێ و پێکەوەهەڵنەکردن و بەڕقەوە سەیرکردنی یەکتر، چەند لەئاستی ناوەندە سیاسییەکاندا هەیە، ئەوەندەیش لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکاندا هەبووە. لەبیرمان نەچێت لە سەردەمی بەعسیشدا زۆرێک لە نووسەر و ڕۆشنبیری کورد هەر قسە و پەیوەندییان بەیەکەوە نەبووە، لەدوای ڕاپەڕینیشەوە ئەو ناوەند و سەنتەرە ڕۆشنبیرییانەی هەبوون، لەگەڵ ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەی لە دەرەوە بوون، نەک هەماهەنگی و پەیوەندییان نەبووە، بەڵکو زۆرجار شەڕی سیاسییەکانیان کردووە. بۆنموونە گرووپی ڕەهەند، کە بەباوەڕی من کاریگەرترین گرووپ بوون بەسەر کایەی ڕۆشنبیری ئێمەوە، خزمەتێکی گەورەیان بە زمان و فەرهەنگ کرد، کاریگەریی زۆریان هەبوو لەسەر بە مەنهەجیکردنی ڕەخنەی کوردی، لەسەر گێڕانەوەی تاکی تۆراوی کورد بۆ ناو دنیای خوێندن و نووسین، کاریگەریی زۆریان لەسەر گەنجەکان دروستکرد بە ئاراستەی خوێندنەوە و نووسین، بەڵام کاتێک ئەندامانی گرووپەکە لە یەکتر جیابوونەوە، لەڕێگەی نووسین و دیدار و لێدانەوە، ئەوەی بە یەکتریان کرد، سیاسییەکانیش لە شەستەکانەوە تا ئێستا هەر ئەوەندەیان بە یەکتر کردووە. بەباوەڕی من ئەو ڕۆشنبیرانەی لە دەرەوە دەژیان، کاریگەریی زۆریان لەسەر کۆمەڵگەی ناوخۆیی کوردستان دروستکردووە، بەڵام زۆر گرنگ بوو هەماهەنگی و پەیوەندی لە نێوان ڕۆشنبیران و نووسەرانی ناوەوە و دەرەوە یان هەر بەگشتی ڕۆشنبیران هەبێت. بەداخەوە دووبەرەکی سیاسی بۆ کایەی ڕۆشنبیری گواستراوەتەوە، لەبیریشمان نەچێت لە شەستەکانەوە، بەشێک لە جەنگاوەرانی شەڕی ناوخۆیی نووسەران و ڕۆشنبیران و میدیاکاران بوون.

 

 

سازدانی؛ ڕێبین فەتاح

د. محێدین حەسەن سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی لە دیدارێکی تایبەتی (ڕێگای کوردستان)دا، هەڵوەستە لەسەر چەند پرسێکی گرنگ و هەنووکەیی دەکات. ئەو، ئاماژە بەوە دەکات؛ پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیوە بە ڕۆڵی کارای خۆی هەستێت و نەبوونی یاسای بودجەیش لەوەتەی ساڵی ٢٠١٣ەوە، بە یەکێک لە کێشە زەقەکانی حکوومەتی هەرێم دادەنێت. سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی بەتوندی ڕەخنە لە بەتایبەتکردنی کەرتە خزمەتگوزارییەکان دەگرێت و ڕای دەگەیەنێت؛ لەداهاتوودا هاووڵاتییانی هەرێم باجەکەی دەدەن.

ئەگەر لەو پرسیارە گشتییەوە دەستپێبکەین، چۆن خوێندنەوەیەک بۆ بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان دەکەن؟

-هەرێمی کوردستان بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٧، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و قەیران بووەوە، بەتایبەت ئەوەی پێوەندی بە هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێم هەبێت، کاریگەریی خراپی لەسەر دۆخی کوردستان و هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە بەگشتی لێکەوتەوە. سەرەڕای دروستبوونی قەیرانی دارایی و ئابووری و بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغدا هەر لە ٢٠١٤ەوە، ئەو گەمارۆیانەی لەئاستی هەرێمییدا خرانە سەر کوردستان، فشاری سەربازی و هەڕەشە لە کوردستان بەتایبەت دوای ڕیفراندۆم، کوردستان لەدنیای دەرەوە دابڕێندرا، ژیان و گوزەرانی خەڵک لەدۆخێکی خراپدا بوو، بە هەرشێوەیەک بێت توانرا بەشێک لەو گەمارۆیە تێکبشکێنرێت و دەروازەکان بەڕووی هەرێم کرانەوە، بەڵام بەداخەوە لەو هەموو هێرش و هەڕەشانەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر هەرێم و مەترسییەکانی وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت تورکیا و ئێران، دەوڵەتانی هاوپەیمان بێهەڵوێست بوون، سەرباری ئەو سیاسەتی ئابووری حکوومەتی هەرێم کە نەیتوانی بەشێوەیەکی باش ئیدارە بدرێت و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان باشتر بکرێت، لەدەرەوەی ئەوانەشدا، ململانێی حزبە سیاسییەکان کە بەهۆی بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبایەتی، ڕەچاوی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و نەتەوەییش ناکات، ئەوەش ئەوەندەی دیکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەرێم و هاووڵاتییانی کوردستان دروستکردووە.

لە هەموو ئەو بارودۆخەی هاتەپێش، دەسەڵاتی سیاسی هەرێم توانی لە ئاساییکردنەوەی دۆخەکەدا بە ڕۆڵی خۆی هەستێت؟

-سەرباری ڕەخنە و تێبینییەکان لە بەڕێوەبردنی هەرێم لەلایەن هاوپەیمانی حوکمڕانی کوردستان، کە زۆرجار بەرژەوەندییەکانی حزبی بەسەر بەرژەوەندییەکانی نیشتمانی زاڵ بووە، ئەوەش زیانی بەدۆزی ڕەوای گەلەکەمان گەیاندووە، هەنگاوەکانیان بەو ئاراستەیە بووە، خۆیان چەند لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و دۆخەکە سوودمەند دەبن.

لەوەی پێوەندی بە حکوومەتی فیدڕاڵەوە هەبێت، پابەندێتی بەغدا بە ماف و پێدراوەکانی دەستووریی هەرێم چۆن دەبینن؟

- لە دەوڵەتی عێراق لەمێژووی دروستبوونییەوە، لەکات و قۆناغی جیادا، مامەڵەی جیاواز لەگەڵ پرس و دۆزی گەلی کوردستان کراوە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەمان بیرکردنەوە و ئاراستەی سیاسی هەیە، مامەڵەیەکی ڕاستیان نەکردووە و دانیان بە مافی ڕەوای گەلەکەمان دانەناوە، مەسەلەکانی بە عەرەبکردن و ڕاگواستن ڕەنگە ئێستا شێوازەکەی گۆڕابێت، بەڵام دۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکان دەبینن، لەداگیرکردنی زەویوزار، زەوتکردنی موڵک و ماڵ و بەپاڵپشتی سوپا و حەشدی شەعبی عەرەبی هاوردە دەگەڕێنەوە سەر ئەو زەوییانەی پێشتر ڕژێمی بەعس بەزۆرەملێ لە کوردانی داگیرکردووە. ئێستایش سیاسەتی بەعەرەبکردن و ڕاگواستن بەردەوامە، ئەگەر بۆیان بلوێت، ئەو ئیدارە و ئەزموونەش ناهێڵن لە کوردستان هەیە، سەرەڕای هەموو ئەو ڕەخنانەی لەناوخۆی هەرێم هەیە، بەڵام ئەوە ڕاستییەکە لەمەڕ هەڵوێستی بەغدا بەرانبەر بە کوردستان.

کەواتە ئەوەی بەغدا بەرانبەر بە کوردستان ئەنجامی دەدات، کردارە یان پەرچەکردارە؟

-نەخێر، ئەوە هەر بیرکردنەوەیانە، بەجیا لەوانەی حوکمڕانی عێراق دەکەن، بەتایبەت پاش ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس، ڕەنگە هەندێک پەیوەندی تاکەکەسی و پێوەست بە تێکۆشانی هاوبەشی دژ بە بەعس، لە نێوان کورد و حوکمڕانانی ئێستای عێراق، جۆرێک لە چاپۆشی و هێورکردنەوە هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا دەسەڵاتدارانی عێراقی بە شیعە و سونەوە بیرکردنەوەیان بەو ئاراستەیە نییە کە لە بنەڕەتدا دان بە مافی گەلی کوردستاندا بنێن. ناوچەکانی خانەقین تا دەگاتە شنگال، هەموومان دەزانین ناوچەی کوردستانین، ئەوە هیچ دەسەڵاتدارانی عێراق مامەڵەیەکی ڕاستیان لەگەڵ ئەو بابەتە نەکرد، بەڵکو هەوڵدەدەن ئەو قەوارەیەش وەک هەرێمی کوردستان هەیە، پەڕوباڵی بکەن و بچووکی بکەنەوە.

ئەگەر هەڵوەستەیەک لەسەر ناوخۆی هەرێم بکەین، ئەو قەیرانە دارایی و ئابوورییەی لەوەتەی ٢٠١٤ەوە بەتایبەت زەقبووەوە، ئەنجامی سیاسەتی ئابووریی حکوومەتی هەرێم بوو، یان هەندێک ڕووداو و پێشهاتی نەخوازراو، وەک شەڕی داعش، بڕینی بودجە و دابەزینی نرخی نەوت؟

-هەوڵدان بۆ بنیاتنانیژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان هەنگاو و ئاراستەیەکی ڕاست بووە، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان نەتوانرا داهاتەکانی ناوخۆ، داهاتی گومرگ و خاڵە سنوورییەکان، داهاتەکانی نەوت و ئەو پارەیەش لە بەغداوە وەک بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان هاتووە، لەبنیاتنانی ژێرخانێکی پتەودا و بەشێوەیەکی زانستی بەکاربهێنرێت، حکوومەتی هەرێم نەیتوانی بەڕێوەبردنێکی ڕاست و دروستی لەڕووی ئابوورییەوە هەبێت و ئەنجامەکەی بەوڕۆژە گەیشت. لەساڵی ٢٠١٤یشەوە کە بودجەی کوردستان بڕدرا و دواتریش ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٧ی بەسەردا هات و گەمارۆ لەسەر هەرێم دانرا و نرخی نەوت دابەزی و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناشدا دۆخەکە ئەوەندەی دی بەرەو ئاڵۆزیی ڕۆیشت. نەبوونی پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە و دووربینانە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە، بۆ ئەو ساڵانەی حکوومەتی هەرێم داهاتێکی باشی بەدەستەوە بوو، هەموو ئەوانە کاریگەریی خۆیان لەسەر گەیشتن بەدۆخی ئەمڕۆ هەیە. ئێستا ئێمە بەگشتی لە دۆخێکی باشدانین، قەیرانی ئابووری کاریگەریی خراپی لەسەر زۆر لایەنی کۆمەڵایەتی دروستکردووە، لە هەڵکشانی ڕێژەی بێکاریی، هەژاریی، بەرزبوونەوەی ژمارەی جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی خێزان و زیاتر لەوەیەش ئێستا هەر لەژێر کاریگەریی ئەو دۆخەدا، لێشاوێکی کۆچی گەنجان بەرەو دەرەوە دەستی پێکردەوە، بەداخەوە جارێکی دی، گەنجانی ئێمە بەهۆی ناڕوونی لە داهاتوویان، خۆیان دەدەنە دەست قەدەری کۆچەوە و ئەوەش شایانی هەڵوەستەلەسەرکردنە لەلایەن پەرلەمان و حکوومەتەوە.

ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستان لەکۆی پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟

-پەرلەمان دوو ئەرکی بنچینەیی هەیە؛ یاسادانان و چاودێریکردنی حکوومەت. یەکێک لە کەموکوڕییە سەرەکییەکان ئەوەیە بۆ حەوت ساڵ دەچێت، هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی نییە، لەکاتێکدا حکوومەت بە دەیان و سەدان ملیۆن دۆلار بەبێ هیچ چاودێرییەک نە لەلایەن پەرلەمان و نە لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە خەرج دەکات. ئەوەی پێوەندی بە پەرلەمانەوە هەبێت، ئاشکرایە پەرلەمان ڕەنگدانەوەی هەمان هێزەکانی سیاسییە، ئەوانەی زۆرینەی کورسییەکان بەدەست دێنن، پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی نیشتمانی، دەخوازرا لە دۆخێکی باشتر لە ئێستا بێت، بەڵام بەداخەوە پەرلەمان ئەو ڕۆڵە کارایەی خۆی نەبینوە. هەم لە دەرکردنی یاسا و هەمیش لەچاودێریکردنی حکوومەتدا. ئێستا ئێمە لە دۆخێکداین، دەگەینە ناوەڕاستی تشرینی یەکەم و هێشتا فەرمانبەران و مامۆستایان مووچەی مانگی نیسانیان وەرنەگرتووە، ئەو دۆخە کاریگەریی زۆری لەسەر پەرلەمانیش هەیە. وەکوو بنەما، دەزانین بەهێزکردنی پەرلەمان بەهێزکردنی هەرێمی کوردستانە، لەکاتێکدا لاوازکردن و بێڕۆڵکردنی پەرلەمان، لاوازبوونی پێگەی کوردستانی لێدەکەوێتەوە.

لە ٢٠١٣ەوە حکوومەتی هەرێم پرۆژەیاسای بودجەی بۆ پەرلەمان نەناردووە، پرسیارەکە ئەوەیە؛ بەبێ هەبوونی یاسای بودجە، دەتوانین قسە لەسەر بەرنامەی ئابووری و شەفافیەتی حکوومەت لە داهات و خەرجییەکاندا بکەین؟

-نەبوونی یاسای بودجە گرفتێکی بنچینەییە، حکوومەت بەپاساوی ئەوەی ڕێککەوتنی لەگەڵ بەغدا نییە، ئامادە نییە پرۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان بنێرێت بەو بیانووەی بەرچاوڕوونییان لە داهاتدا نییە، بەڵام داوامان کردووە ئەگەر ناتوانن پرۆژەیاسای بودجە بنێرن، هەر لانیکەم ژمێرەی کۆتایی بنرێنە پەرلەمان، ئەویش هەر نەهاتووە. ئێستا بە میزاج پارە خەرج دەکرێت، خودی نەبوونی یاسای بودجە گومانەکانی پێوەست بە داهات و خەرجییەکان زەقتر دەکاتەوە، ناشەفافیەتی زیاتر دروست دەکات.

بڕیارێک هەیە حکوومەتی هەرێم پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو بنێرێت؟

-نەخێر، حکوومەتی هەرێم پاساوی ئەوەی هەیە کە هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا نییە و بەرچاوڕوونیان نییە لە پشکی هەرێم.

ئەوە پاساوێکی لۆژیکییە؟

-بەشێک لە پاساوەکە ڕەنگە پێوەست بێت، بەڵام حکوومەت دەتوانێت لانیکەم داهاتەکانی ناوخۆ ئاشکرا بکات، دواجاریش بودجە بە خەمڵاندن دادەنرێت، ئێستا ئێمە لە دۆخێکداین، پەرلەمان هیچ زانیارییەکی لەبارەی داهاتەکانی کوردستان نییە؛ نە داهاتی نەوت و گاز، نە داهاتەکانی ناوخۆ کە لە باج و کرێی خزمەتگوزارییەکان دەستدەکەوێت، نە داهاتی خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و ...هتد.

هەفتەی ڕابردوو، سەرۆکی حکوومەت هاتە پەرلەمان، سەرەڕای ئەوەی پێشتر داوای پرساندنی سەرۆکی حکوومەت دەکرا و ئێوەش لە فراکسیۆنی ئازادی ئیمزاتان لەسەر پرساندنی سەرۆکی حکوومەت کردبوو، ئێستا ئەگەر قسەلەسەر هاتنەکەی سەرۆکی حکوومەت و کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بکەین، چۆنی هەڵدەسەنگێنن؟

-ڕاستییەکەی هاتنی سەرۆکی حکوومەت و پرساندنەکە جیاوازە، پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ڕێگەی بە هەردووکیان داوە، چ حکوومەت خۆی داوا بکات بێتە پەرلەمان بۆ قسەکردن لەسەر پرسێک و یان ئەوەی لە پەرلەمان پرساندن بکرێت. کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردوو لەسەر داوای سەرۆکی حکوومەت بوو، بۆ قسەکردن لەسەر کۆمەڵێک بابەتی وەکوو؛ دۆخی دارایی، یاسای چاکسازیی، گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و پەتای کۆرۆنا و ...هتد، لەو دانیشتنەدا٩٨ پەرلەمانتار قسەیان کرد و پرسیاری خۆیان ئاراستەی ستافی ئەنجوومەنی وەزیران کرد و ئەوانیش بە تێڕوانینی خۆیان وەڵامی پرسیارەکانیان دایەوە.

کەواتە پرسیارەکانی پەرلەمانتاران لەلایەک و وەڵامی سەرۆکی حکوومەت و ستافی حکوومەت لە چ ئاستێک بوون؟

-پەرلەمانتاران پرسیاری جدییان کرد، بەتایبەت ئەوەی پێوەندی بە دۆخی دارایی و ئابووریی، مووچە و بەتایبەتکردنی کەرتە گشتییەکان و چەند پرسی دیکەوە هەبوو، ئەوەش پێوەندی بە وەڵامەکانی سەرۆکی حکوومەت و ستافی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هەبێت، ئاساییە بۆنموونە وەڵامەکان بۆ ئەو فراکسیۆنانەی زۆرینە پێکدێنن، باوەڕپێکەربن، بەڵام نەبوونی یاسای بودجە و ناشەفافیەت لە داهاتەکان، گومانی زۆر دروست دەکات کە حکوومەت توانای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی نەبێت، لە هیچ حکوومەتێکی دنیا نییە، خانەنشینان مووچەی ساڵێک و چوار مانگیان وەرنەگرت بێت، لەکاتێکدا مووچەی خانەنشینانی هەرێم لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووەوە دابەش نەکراوە.

یەکێک لەو بابەتانەی لە دانیشتنەکەی پەرلەمان خستتانە ڕوو، بەتایبەتکردنی کەرتە گشتییەکان بوو، ئەو بەتایبەتکردنە دەتوانێت حکوومەت لە قەیرانەکان دەرباز بکات یان ئاڵۆزتری دەکات؟

-بەتایبەتکردنی کەرتەکانی گشتی و خزمەتگوزاریی، بەشێکە لە مەرجەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، ڕەنگە خۆیشیان هەر بیانەوێت کەرتەکان بەتایبەت بکەن، بەڵام بەدڵنیاییەوە بەتایبەتکردنی کەرتە گشتییەکان هیچ داهاتێک بۆ حکوومەت ناگێڕێتەوە. ژێرخانی هەریەک لەو کەرتانە بە داهای گشتی بنیاتنراوە، ملیاران دۆلاری لە گەنجنەی گشتی تێدا خەرج کراوە، ئێستا وەک دەگوترێت هەراج دەکرێت، بەڵکو قۆرخکاریشی تێدا دەکرێت، بەتایبەتکردنی کەرتە گشتییەکان نەک داهاتێک بۆ حکوومەت ناگێڕێتەوە، بەڵکو بارگرانییەکی زۆریش بۆ هاووڵاتییان دروست دەکات. بەتایبەتکردن لە هیچ وڵاتێکی دنیادا بەو شێوەیە ڕەهایە نییە، بەڵکو مەرجدارە، بەپێچەوانەوە لێکەوتی زۆر نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک دادەنێت، ئێستا کە قسە لەسەر بەتایبەتکردنی کەرتی کارەبا دەکرێت، بەدڵنیاییەوە لەدوای بەتایبەتکردنی کەرتەکە، نرخی کارەبا لەسەر هاووڵاتییان زیاد دەکرێت.

وەکوو سیاسەتی حزبی شیوعی کوردستان بەشێوەیەکی ڕەها دژی بەتایبەتکردنن، یان لەگەڵ بەتایبەتکردنێکی سنووردار و مەرجدارن؟

-ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کەرتی تایبەت لەپاڵ کەرتی گشتی کاربکات، بەڵام ئەو ئەرک و بوارانەی پێوەندییان بەژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانەوە هەیە، نابێت دەوڵەت یان حکوومەت دەستبەردارییان بێت، وەکوو کەرتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، تەندروستی، ئاو و کارەبا و هەموو ئەو کەرتانە دەبێت لەژێر کۆنترۆڵ و سەرپەرشتی حکوومەتدا بێت، دەتوانرێت هاوبەشی بە کەرتی تایبەت بکرێت، بەڵام زۆرینە لەژێر دەست و دەسەڵاتی دەوڵەتدا، دەتوانرێت کەرتی هاوبەش بێت، بەڵام دیسان دەبێت حکوومەت تێیدا باڵادەست بێت.

یەکێک لە پاساوەکانی کەرتی کارەبا و حکوومەتی هەرێم بۆ بەتایبەتکردنی کەرتی کارەبا، ئەوەیە بەتایبەتکردنەکە دادپەروەری دروست دەکات، ئێوە پێتان وایە بەتایبەتکردن دادپەروەری دروست بکات؟

-جا کام دادپەروەری؟ هەموو وێستگەکانی بەرهەمهێنان، وێستگەکانی دابەشکردن و تا فەرمانبەرانی کەرتەکە، هەموو ئەوانە بە داهاتی گشتی و بە پارەی هاووڵاتییان بنیاتنراوە، لەسەر چ بنەما و دادپەروەرییەک دەدرێتە کەرتی تایبەت؟ جا ئەگەر هەموو ئەوانە بدەینە کەرتی تایبەت، وەزارەتی کارەبامان بۆچییە؟ ئەو پرۆسەیە ناتوانێت هیچ دادپەروەرییەک دروست بکات و لە داهاتووشدا هاووڵاتییان هەست بە بارگرانییەکەی دەکەن و باجی گەورەی لەسەر دەدەن.

پێشتر باست لە مووچەی خانەنشینان کرد، دەستبردن بۆ داهاتی سندووقی خانەنشینی لەلایەن حکوومەتەوە، یاساییە؟

-لە هەرێمی کوردستان هەر لە بنەڕەتدا سندووقی خانەنشینی نەبووە، ئەو پارەیەی لە فەرمانبەران گێڕدراوەتەوە بەناوی خانەنشینییەوە، ڕاستەوخۆ تێکەڵ بە داهاتەکان کراوە و لەلایەن حکوومەتەوە خەرج کراوە. واتە سندووقەکە لە بنەڕەتدا نەبووە.

ئایا لەڕووی بنەمای یاساییەوە، خەرجکردنی پارەی خانەنشینی کە وەک ئەمانەتێک لای حکوومەت دانراوە، یاساییە؟

-ئەوە یەکێک لەو کێشە جدیانەیە کە دەبوو لە خولەکانی زۆر پێشترەوە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەستەی لەسەر بکات و حکوومەت ناچار بە پێکهێنانی سندووقی داهاتی خانەنشینی بکرێت.

 

 

ئامادەکردنی: محەمەد چاوشین

 

بەشی تەکنیکی و فێرکاری"فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان"لەچوار چێوەی هەوڵەکانی خۆیدا بۆ پێشخستن و مۆدێرنکردنی ڕەوتی وەرزشی شاخەوانی لە کوردستاندا، خولێکی فێرکاری شاخەوانی لەژێرناوی(خولی بنەماکانی شاخ پێوان و شاخەوانیی) بۆ چەندین گرووپی شاخەوانی سنووری دەڤەری سۆران کردەوە.

لەم خولەدا کە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوە چوو، نزیکەی ٦٠ شاخەوان لە سنووری سۆراندا بەشدارییان تێداکرد و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو.

دوو ڕۆژی یەکەمی خولەکە بەشێوەی تیۆری و ڕۆژی سێهەمیش لەشێوەی پڕاکتیکی لە خەرەندی ڕەواندزدا بەڕێوە چوو.

هەفتەنامەی(ڕێگای کوردستان) گفتوگۆیەکی لەگەڵ دوو کەسی دیاری فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان ئەنجام داوە، ئەوانیش (د.ئەنوەر عەلی محەمەد) سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانی و هەرەها (هەردی بابان) ڕاهێنەری پێشکەوتووی بواری شاخەوانی. ئەم دوو ناوەش بەیەکەوە وەکوو مامۆستای وانەبێژ لەم خولەدا بەشدارییان کرد و خولەکەیان بەڕێوەبرد.

"د.ئەنوەر عەلی محەمەد" سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان، لەلێدوانێکدا بۆ"ڕێگای کوردستان"گوتی" فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان پلان و بەرنامەی خۆی هەیە بۆ ئەوەی ڕەوتی وەرزشی شاخەوانی لە کوردستان پێش بخەین و لەقۆناغی زۆری و بۆری ڕزگاری بکەین و بیخەینە سەر ڕێچکەیەکی تەندروست کە لەژێر ڕۆشنایی ستانداردە جیهانییەکان بەرەو پێشەوە بچێت".

سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان گوتیشی" وەکوو قیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان، پلانێکی گشتگیر و تۆکمەمان هەیە بۆ بەهێزکردنی وەرزشی شاخەوانی لە کوردستان، بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش دەبێ لە هەندێک ژێرخانەوە دەست پێبکەین. یەکێک لەو هەنگاوە گرنگانەیش ئەوەیە کە گروپە شاخەوانییەکان بەشێوەیەکی زانستی و لەسەر هەندێک بنەمای"میتۆدۆلۆژی"شاخەوانی پەروەردە بکرێن و خولی تایبەتییان بۆ بکرێتەوە بۆئەوەی لەفۆڕمێکی شیاو و مۆدێرندا شاخەوانی بکەن".

سەبارەت بە کردنەوەی خولەکان، سەرۆکی فیدراسیۆن گوتی"خول و دەورەکان دەبێ قۆناغ قۆناغ بێت، لە قۆناغی سەرەتاییەوە بۆ ناوەند و بۆ خولی پێشکەوتوو، دوای ئەوەی بەشداربوانی خول لەو خولانەدا ئەزموون و شارەزایی کۆدەکەنەوە و لەوێشەوە هەنگاو بە هەنگاو شاخەوانی ڕوخسارێکی پێشکەوتوو و پڕۆفشناڵتر بەخۆیەوە دەگرێت".

لەلایەن خۆشیەوە، "هەردی بابان"ڕاهێنەری پێشکەوتووی بواری شاخەوانی لە کوردستان و بەرپرسی ناوەندی هەولێری فیدراسیۆنی شاخەوانی، باسی ئەوە دەکات کە ئەوان خەونی گەورەیان هەیە و دەیانەوێ ئەم وەرزشە پێش بخەن، هەردی بابان لەوبارەوە دەڵێت" یەکێک لە خەونەکانی ئێمە جیا لەوەی خەونی پێکهێنانی هەڵبژاردەی نیشتیمانی کوردستانە لەبواری شاخەوانیدا بۆ ئەوەی گەشتی دەرەوەی وڵات و ئێکسپدەیشن ئەنجام بدەین، هاوکات پێگەیاندنی کادر و ڕاهێنەری شارەزا و بە ئەزموونیشە لەبواری وەرزشی شاخەوانیدا". 

هەردی بابان لەسەر قسەکانی بەردەوام دەبێت و گوتی"بۆ ئەوەی شاخەوانی ڕوویەکی مۆدێرن بەخۆیەوە بگرێت دەبێ کادر و ڕاهێنەری شارەزا و لێزانمان هەبێت کە بە چەکی مەعریفە و زانستی شاخەوانی مۆدێرن تەیار و ئامادە کرابن. بێگومان بۆ ئەو کارە هەنگاومان ناوە و کاریشمان بۆی کردووە و لەداهاتووشدا بەردەوام دەبین".

 

فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان، وەکوو ئۆرگانێکی فەرمی بواری شاخەوانی لە کوردستان کاردەکات و دوای بڕینی کۆمەڵێک ڕێکاری یاسایی، لە بەرواری (١٢/ ٢/ ٢٠٠٦) ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی (فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان)دراوە و دوای ئەوەش لە بەرواری(١٦/ ٢/ ٢٠٠٦) لەلایەن(ئەنجوومەنی باڵای وەرزش)ی ئەوکاتەوە بەشێوەیەکی فەرمی و وەکوو ئۆرگانێکی فەرمی ناسێنراوە.

دواتر سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان"د.ئەنوەر عەلی محەمەد"، سەبارەت بە بایەخی کردنەوەی ئەم خولانە دەڵێت"دەمانەوێ لە خودی کوردستاندا کەسانێک هەبن کە چ بەشێوەی بزنس یان گروپی خۆبەخش، وەکوو ڕێبەری کوێستان گروپەکانی شاخەوانی لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ ناوچە شاخاوییەکان بۆ وەرزشی شاخەوانی و دواتریش بیانگەڕێننەوە. ئەو کەسانەش دەبێ دەورات و خولی تایبەت ببین و ئێمەیش لە فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان بۆ پێشخستنی ئەم کارە پلان و بەرنامەی تایبەتیمان هەیە و کاری لەسەر دەکەین".

ناوبراو هەروەها ئەوەشی گوت"فیدراسیۆن بەشێوەیەکی جدی کار لەسەر ئەوە دەکات کە لە کوردستاندا ڕاهێنەری شاخەوانی بە ئەزموون و شارەزا دروست ببن بۆ ئەوەی کاروانی وەرزشی شاخەوانی لە کوردستاندا بەرەو پێشەوە ببەن و ڕوویەکی مۆدێرن بەو وەرزشە ببەخشن و شاخەوانی باش پەروەردە بکەن".

 

سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان لەمیانی قسەکانی خۆیدا هەمیشە جەخت لەسەر بایەخی کردنەوەی ئەم خولانە دەکاتەوە و دەڵێت" دەورات و خولەکان بایەخێکی زۆریان هەیە، چونکە لەئێستادا شاخەوانی لە کوردستان لەقۆناغەکانی سەرەتا دایە، ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەکرێت شاخ پێوان یان هایکینگێکی زۆر سادەیە. بە کۆڵە پشتێک و پۆشینی جل و بەرگێکی ڕەنگاوڕەنگ نابیتە شاخەوان، شاخەوانی کارێکی جدی و پڕ زانست و تەکنیکە، مەترسییەکانیشی زۆر زۆرن". 

"بۆئەوەی ببیتە شاخەوانی جدی، پێویستی بە هەنگاوی جدی هەیە، دەبێ بەشێوەی تیۆری و پڕاکتیکی خول و دەوراتی تایبەت ببینیت،ئەوەیش لە ئەولەویاتی کارەکانی فیدراسیۆن دایە". "د.ئەنوەر عەلی محەمەد" وایگوت.

 

هەردی بابان وەکوو ڕاهێنەرێکی بواری شاخەوانی و وانەبێژی خولەکە، جەخت لەسەر ئەو بۆچوونەی سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان دەکاتەوە و گوتی" ئەو کارانەی دەیکەین پێدانی زانست و زانیارییە بە شاخەوانان، شاخەوانیش چەندین بواری جیاواز و تەکنیکی جیاوازی هەیە، ئێمە لەڕێگای ئەم خولانەوە دەمانەوێ زانیاری لەسەر زانستی شاخ و شاخڕەوی بە شاخەوانان بدەین، دواتر لە قۆناغەکانی داهاتووی خولەکاندا بچینە لیڤڵ و پێشکەوتنەکانی تر بۆ ئەوەی کاری جدی تر لەگەڵ شاخەوانان ئەنجام بدەین و ئاستی زانیارییان لەسەر شاخەوانی ببەینە سەرەوە".

هەردی بابان لەمیانی قسەکانی خۆیدا، قسەیەکی سەرنج ڕاکێش بۆ شاخەوانان دەکات و دەڵێت"شاخەوانی کارێکی سادە نییە، شاخەوان دەبێ ئەکادیمی و سەردەمیانە شاخەوانی بکات، ٧٠% شاخەوانی تەکنیک و زانیارییە و ٣٠% توانای جەستەییە. بۆیە ئەگەر شاخەوان بەپێی ستانداردە جیهانییەکان شاخەوانی نەکات بێگوومان مەترسی لەسەر ژیانی خۆی دروست دەکات ، لەجیاتی سوود گەیاندن ئاکامی پێچەوانەی دەبێت".

بەڵام پرسیاری جدی هەر شاخەوانێک ئێستا لەکوردستان ئەوەیە، چی بکەین بۆ ئەوەی وێنەیەکی شیاو و مۆدێرن لە شاخەوانی کوردستان نیشانی خەڵک و دەرەوەی کوردستان بدەین؟

سەبارەت بەم پرسە، سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان گوتی"بۆ مۆدێرنکردنی ڕەوتی شاخەوانی لە کوردستاندا، پێویستیمان بە پێشخستنی بواری "بەردەوانی"هەیە، چەندە ڕەوتی بەردەوانی پێش بکەوێت ئەوەندەش کاریگەری لەسەر پێشخستنی ڕەوتی شاخەوانی هەیە. هەرچەندە بەردەوانی و شاخەوانی دوو کاری لێک جیاواز و ستایلی جیاوازیان هەیە".

د.ئەنوەر سەرۆکی فیدراسیۆن لەسەر قسەکانی بەردەوام دەبێت و گوتی"باوەڕی ئێمە وایە کە کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیاییەوە، دەتوانێ کانگایەک بێت بۆ وەرزشی بەردەوانی لەناوچەکە و تەنانەت جیهانیش!، ئەگەر ڕەوتی بەردەوانی لە کوردستان پێش بخرێت و ئیمکاناتی بۆ دابین بکرێت و بەشێوەیەکی پیشەییانە کاری لەسەر بکرێت، بێگوومان دەتوانرێ تۆریستی لە ناوچەکە و ئەوروپا و ئەمریکاش بۆ ڕابکێشرێت.بۆئەو کارە هەنگاوی جدی و کاری زۆری دەوێت، ئێمە لەم ڕوەوە زۆر ساواین و فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستانیش پلان و ستراتیژی کارکردنی خۆی هەیە".

باوەڕی سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان وایە، بەردەوانی سەرچاوەی شاخەوانی مۆدێرنە، چونکە جدیەتی تەکنیک لەبەردەوانییەوە سەرچاوە دەگرێت و دێتە ناوشاخەوانییەوە. هەربۆیە، پێشخستن و مۆدێرنکردنی شاخەوانی لە کوردستاندا، پەیوەندییەکی زۆری بە پێشکەوتنی بەردەوانییەوە هەیە، ئەم دوانە دوانەیەکی لێک گرێدراون، وێڕای ئەوەی دوو ستایلی لێک جیاوازن".

لەکۆتایی قسەکانیشدا، سەرۆکی فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان گوتی". ئێستا لە فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان سەرقاڵی (داتا بەیس)ێکین بۆ شاخەکانی کوردستان بۆ ئەوەی ببێتە ڕێبەرێکی گرنگ بۆ وەرزشی شاخەوانی لە کوردستان. لەو داتا بەیسەدا بەوردی کار لەسەر ئەوە دەکەین کە بۆ سەرکەوتن بەسەر شاخێکدا (لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵ دا) لە چ ڕێگەیەکەوە بڕۆیت، چەند ڕێگای سەرکەوتن بۆسەر ئەو شاخە هەیە، مەترسییەکان چین، بەرزی ئەو شاخە چەندە، لەکام مەوقعی جوگرافیایی هەڵکەوتووە و زۆر شتی تریش.. بەڵام ئەو کارە کاتی زۆری دەوێت و ئێمەیش کاری لەسەر دەکەین".

No description available.

No description available.

 

بازاڕی ئازاد كۆچبەر و پەناهەندە، وەك كاڵایەكی زیندوو تەماشا دەكات

بەشی شەشەمی گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر و روناكبیر سمكۆ محەمەد سەبارەت بە دیاردەی كۆچ لەدونیادا و بەتایبەتی كۆچی كوردان بۆ هەندەران، ئەو بەدەر لەتێڕوانینی باو و گوتراو سەبارەت بەم دیاردەیە، هۆكارە نەگوتراوەكانی دركاندووە و بەستایلێكی نادیاری بازاڕی ئازادی لەقەڵەمداوە. 

ئامادەكردنی: عەباس جەمیل جێماو 

دەقی گفتوگۆی بەشی شەشەم

پرسیار: تێرمی كۆچ وا لێكدانەوەی بۆ دەكرێت كە هەوڵێكە بۆ دەربازبوون لەو كێشەو گرفتانەی كەمرۆڤ پێوەی لەنیشتیمانی خۆی پێوەی دەناڵێ، جا ئەو كێشانە سیاسی بن یان ئابووری یان كۆمەڵایەتی، لەكاتێكدا ئێمە كۆچی زۆرەملێ‌ و ئارەزوومەندانە و زانستی و پیشەییشمان هەیە، بەگشتی خوێندنەوەی ئێوە چیە بۆ ئەم تێرمە؟

سمكۆ محەمەد: من دەبێ‌ جیاواز لەتێگەیشتنە باوو گشتیەكانی رابردوو قسە بكەم كە لەسەر هۆكارەكانی كۆچكردنی زۆرەملێ‌ و ئارەزوومەندانە كراوە، چونكە شتێك كە باس كراوە و موناقەشە كراوە لۆژیكی نییە دووبارەی بكەینەوە، پێناسە سەرەتاییەكەی ئەو تێرمە كە چەندین رەهەندی جیاوازی هەیە، ئەوەیە كە هەركەس وڵاتی خۆی بەنائارامی بینی و هەستیكرد جێگەی نابێتەوە یان خۆشگوزەرانی نەماوە و یان ناحەسێتەوە لەسایەی ئەو دەسەڵاتەی حكومەت و كۆمەڵگەكەی، ئەوا ناچارە كۆچ بكات بۆ شوێنێكی ئارامتر, چونكە ئەو شێوە كۆچە، بڕیارێكی نائاساییە لە زەمەنێكی نائاسایی و ناجێگیردا،لەلایەكی ترەوە ئارەزوومەندانەیە لەبەر ئەوەی كەسی كۆچبەر لەنێوان دوو دونیای جیاوازیبەهەشت و جەهەننم، ناچارە یەكێكیان هەڵبژێرێ‌، ئەویدیكە پاڵنەرێك هەیە كەسەكە ناچار دەكات ئەو جوگرافیایە جێبهێڵێت، لەهەردوو بارەكەدا من پێموایە پەیوەندیی راستەوخۆی بە هەژاری فكری ئەو كۆمەڵگە و دەسەڵاتەوە هەیە كە لەو جوگرافیایە دەژین، ئەگەر بەپێچەوانەوە بوایە ئەوا لەبری كۆچ، دەبوو گەشت بكەن بۆ بینینی ئەو فەزایەی كە سیحرێكە لەخەیاڵی ئەواندا كە جیاوازە لەفەزای رۆژهەڵاتی. 

رەهەندێكی دیكەی نیگەتیڤی كۆچ، ئەوەیە كە ئینسان بەهۆی كۆچكردنییەوە، شوناسی خۆی و زمانی و خۆی و ژیانی كۆمەڵایەتی خۆی و كاریگەرییە هەمەلایەنەكانی لەئاستی سیاسی لۆكاڵی لەدەستدەدات، هەموو ئەمانە دەبنە بەشێك لە نامۆبوونی تاك لەنێو دونیایەك كە نەدەبێتە نیشتیمانی و نە ئەلتەرناتیڤیشی هەیە، هەڵبەت ئەم باسی كۆچە لەكۆنەوە هەیە و بەشێوازی ئایدیالیستی و ماتریالیستی قسەی لەسەر كراوە، بۆ نموونە كۆچی فەیلەسوفەكان لەترسی دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی بووە، كۆچی پێغەمبەرەكان و باوەڕدارەكان لە نیشتیمانی خۆیانەوە بۆ جوگرافیایەكی تر، لەترسی توندوتیژی ئایینی و دیسپلینە یاسایی و سیاسیەكانی پێش خۆیان بووە، كۆچی گروپە نامۆكانی دونیا لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر، وەكو جیپسەكان و هیندییە سوورەكان و هیپییەكان كە خۆیان بە خۆڕسك كۆچبەرن و بڕوایان بەگۆڕینی كەشوهەواو جوگرافیاوە هەیە، خوایشت و خۆڕسكە،بەڵام ئەوانەی كە بەهۆكاری زانستی كۆچ دەكەن، پرنسیپێكی فكری و ئەخلاقی لەپشتەوەیە و بۆ مەرامێكی زانستییە، نموونەش كۆچی كۆپەرنیكۆسە كە بەهۆیەوە جیهانی ئاشكرا كرد وگوتی گۆی زەوی خڕە و پان نییە. 

ئەگەر كەمێك بچینە دواوە دەبینین كۆچ رەهەندێكی دیكەی سیاسی هەبووە لەدونیای رۆژهەڵاتیدا، مەبەستم ململانێینێوان نەتەوەی ستەملێكراوو كۆڵۆنیالیزمە،ئەمە جەنگێكی فكری و فەرهەنگی بەرهەمهێنا كە لەنێو وڵاتی خۆیان نەدەكرا، بەناچار لەنێو وڵاتی خودی كۆلۆنیالەكان دەكرا، بۆ نموونەكۆچی فەلەستینیەكان بۆ هەندەران، بۆ درووستكردنی لۆبییەك بوو بۆ پشتگیری كردنی كێشەی فەلەستین، ئەوانەش كە لەمیسر و جەزائیرەوە رۆشتبوون بۆ ئەوروپا، دیسان هەمان رەهەندی هەبوو، بۆ ئەوەبوو كەگەنجەكانیان لەیەككاتدا دوو ئەرك ببینن، یەكەمیان خۆرزگاركردن بوو لەهەژموونی كۆنتڕۆڵكردنیان لەدەستی كۆڵۆنیالیزمی فەرانسی، رەهەندی دووەم ئەوەبوو كە هەم لۆبی و هەم سەرچاوەی ئابورییەك بن بۆ ئەوانەی لەمیسر و جەزائیر لەژێر هەژموونی كۆلۆنیالیستی فەرانسی مابوونەوە، رەهەندی سێهەم پاراستنی كولتووری خۆیان بوو كە لەئەوروپا بەرهەمدەهاتەوە،ئافریقییەكانیش نموونەیەكی دیكەی هەمان شێوەی ژیانی سیاسیین، بەڵام ئەوانەی كەلەبولگاریاو چیك و سلۆڤاكیا و رۆمانیا كۆچیان كردووە لەرۆژئاوا گیرساونەتەوە، جیاوازییەكی بەرچاویان هەبووە، یەكەم كێشەی چوونیان بەڤیزا نەبوو، چونكە لەرووی جوگرافییەوە هاوبەش بوون، دووهەم لەرووی كولتووریشەوە مێژووی هاوبەشیان هەبوو، بۆیە كێشەكەیان تەنهائابوری بوو كەئەمە لەدوای روخانی بلۆكی سۆڤیتی كۆن بووە مۆدێل، چونكە ئابوری بەشێكی زۆری لەفەزای ئازادی ئینسان داگیر كردبوو، سێهەم قەبوڵ نەكردنی ئەو بەناو جیاوازییەوەهمییە بوو كە تەنها راسیزمی بەرهەمهێنا،ئەوەبوو دەرەنجامەكەی لەدوای هاتنە سەرتەختی دیموكراتە راسیستەكان و شكستی سۆسیال دیموكراتەكان بوو لەزۆربەی رۆژئاوا و ئەسكەندەنافیا، بەهەرحاڵ جیاوازیەكە لەشێوەی هاندانی تاكەكاندابوو، نەك تەنها سیاسی و ئابوری، بەڵام ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە سوریا و یەمەن و لیبیا و كوردستانلەدوای هاتنی هێزە كۆلۆنیالیەكانی جیهان روویدا، بەلۆژیك و بەعەقڵ و ستراتیژی سیاسی نەبوو، كۆچێكیسەپێنراو بوو، بۆیە نەیانتوانی نەلۆبی درووستبكەن، نەوەڵامێك بن بۆ گۆڕینی شێوازی سیاسەتكردنی دەسەڵاتی نوێ‌، تەنها شتێك بوو كەجارێكی دیكە فەزای ژیانی سیاسی دووبەرەكی نێوان تایەفەكان ببەنە ئەوروپا، دەركەوتنی ئەو راسیزمەی كە دواجار لەنەرویژ و سوید و ئەڵەمان بینیمان و بوون بەهەواڵ، باشترین سەلمێنەری ئەو راستیەن كە چۆن خەڵكی ئەم ناوچەیە نەیانتوانیوە بگونجێن لەگەڵ دونیای دەرەوە، لەوەش واوەتر ئەوەیە كە كەمترین رۆژهەڵاتی لەدونیای دەرەوە توانیویەتی دەوری توانای خۆی ببینێت و كە گەڕایەوە وڵاتەكەی خۆی، لەئاستی كۆمەڵایەتیداتواناكانی رەنگبدەنەوە، بەڵام بۆ میسری و فەلەستینی و رۆمانی و بولگاری و هەنگاری و مەنگۆلیەكان توانای بەشەری بوو، مەسەلەی لۆبی درووستكردن تەنها لەئیسرائیلیەكان دێت كەلەدوای پاكتاوكردنیان لەلایەن نازییەت و دەسەڵاتی ئوسترالیا و مەسیحیەت و ئیسلام هتد، وەكو تەونی جاڵجاڵۆكە تەواوی سێكتەرەكانی ئابوری و ئەدەب و سیاسەت و بازرگانی یان كۆنتڕۆڵ كرد، كەڵكیان لەتوانای بیروبۆچوونی داوود بینگوێڕین وەرگرت كە دامەزرێنەری ماسۆنیەتی ئیسرائیل وجوولەكەبوو، كەچیبۆكوردەكان تەنها چوون بۆ هەندەران ئامانج بوو، ئەمە بەشێكە لەجیاوازییەكانی بەهەندەران بوونی كورد و بەشێك لەعەرەب و ئیسرائیلی و وڵاتانی رۆژئاوای رۆژهەڵاتی كە تائێستاش بەرگری لەشێوەی ژیانی خۆیان دەكەن. 

پرسیار: باشە تائێرە قسەت لەسەر مانا و رەهەندەكانی كۆچ كرد، ئەی ئەو كۆچەی كە لەدوای ساڵی 1991 چ بەتاك و چ بەكۆمەڵ روویدا و مافیای جیهانی كەڵكیان لێوەرگرت، ئەمەیان چۆ جودا بكەینەوە، ئایا دەكرێ‌ تەنها گوناحەكە بخەینە ئەستۆی ئەوروپا؟. 

سمكۆ محەمەد: وەزعیەتێك كە لەڕابردوودا خەڵكی رۆژهەڵات تیا گوزەریان كرد. بەتایبەتی لەدوای جەنگە ناوخۆییەكانەوە لەلایەن داگیركاری ئامریكاوە فەزاكەی گۆڕی، وەزعیەتێكی درێژخایەن و دڵڕەقانە بوو, هەم لەئاستی سیاسی و حوكمرانییەتی سیاسی و هەم لەئاستی كۆمەڵایەتیش، بۆخوێندنەوەی هەردوو رەهەندەكە هەوڵدەدەم بۆچوونەكانم بەسەر دوو میحوەری جودا لەیەكتر دابەشی بكەم.

میحوەری یەكەم پەیوەندیی بەجێگیرنەبوونی رەوشی سیاسی و ئابوری ناوچەكەوە گرێدەدەم, ئەمەش وەها فەزایەكی ئەمنی خوڵقاندبوو كە نەك هەر گەنج, بەڵكو تەواوی خەڵكی ناوچەكە بیر لەوە بكەنەوە وڵاتی خۆیان جێبهێڵن و چارەنووسی خۆیان بدەنە دەستی قەدەرێكی نادیارەوە, قەدەرێك بەدەستی قاچاخچی و پیاوانی مافیا و پۆلیسی دەوڵەتانی دراوسێ‌ و رۆژئاوایی و تەنانەت نەتەوە یەكگرتووەكانیش، باشتر وایە كە هەندە كورت رەهەند نەبین و لەوە تێبگەین كە بەمۆدێلكردنی كۆچ تەنها لەیەك جوگرافیا نەبوو, بەڵكو وەزعیەتێكی ناسرووشتی بوو كە تەواوی ئەو وڵاتانەشی گرتەوە كە لەڕووی سیاسیەوە هاوشێوەی عێراقن و لەرووی ئابوریشەوە دەستكورت كراون و وڵاتە داگیركار و چڵێسەكان چاویان تێبڕی بوون. مەبەستم لەدەستكورت كردن ئەوەیە كە وڵاتانی رۆژهەڵات خاوەنی سامانێكی سرووشتی گەورەی وەكو نەوت و گاز و فۆسفات و ئاون، بەڵام هەم دەسەڵاتداران و هەم وڵاتانی زلهێز بۆ خزمەتی كۆمەڵگە و خەڵك بەكاری ناهێنن، بۆ سەلماندنی ئەم داتایەش لەپەناهەندەی وڵاتانی وەكی ئێران و ئەفغان و ئەمریكای لاتین و میسر و لیبیا و مەغریب و جەزائیر و فەلەستین و سوماڵ و سودان هەندێ‌ لەوڵاتانی بەناو سۆسیالیستی كۆن و هتد دەركەوت, ئەو وڵاتانە لەخۆڕانییە لەو ژینگە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەدا دەژین، بەڵكو چارەنووسیان بۆ نەخشەیەكی سیاسی وەكو ئەمڕۆ هەڵگیرابوو كە دواجار یبینیمان، لەحاڵێكدا دەبوو لەگەڵ روخانی سۆڤیەتدا ئەو وڵاتانە بڕوخێن و سیستمێكی دیكەی ئینسانی لەرووی سیاسیەوە جێگەیان بگرنەوە، بەڵام كەنەروخان، سیناریۆكان بۆ رۆژێكی وەها دواخران كە رەهەندی جیاوازی هەیە و جەنگێكی درێژخایەنی سێهەمە كە ئێستا بە ڤایرۆسی كۆرۆنا خەریكن ئەنجامی دەدەن، بەڵام لەفۆڕمێكی دیكەدا كە بەناوی جەنگی بایلۆژی دەكرێ‌.

میحوەری دووەمی باسەكەمان ئەوەیە كە دیسان بەلەبەر چاوگرتنی وەزعیەتێكی نالەباری وەها كە پەیوەندیی بەجێگیر نەبوونی هەلومەرجی سیاسی ئەو وڵاتانە و باری ئابوریان هەبوو, دۆخێكی ڕەخساند كە ئەوروپا لەوساتە وەختەوە كەڵك لەو مەتریاڵە بەشەریە وەربگرێت كە لەدەست ناعەدالەتی وڵاتەكانیان و ترس لەمردن و غیابی یاسا, دەست لەنیشتمان و تەواوی ئەو یادەوەریانە هەڵبگرن كەزەمانێك خۆشیان ویستووە, سەرەنجام بچن لەبەردەم نەتەوەیەكگرتووەكان بەكەیسی جۆراوجۆرەوە داوای پەناهەندەیی بكەن و بژین و بەهەركارێكی ناشایستە و رەش و نایاسایی ناچارو دەسەنەخواربن, هەڵبەت هەر كەسێك كەپرسی كۆچی لەلا گرنگە دەبێ‌ ئەو داتایانەی لەبەردەستدا بێت كەرێگە خۆشكەرن ئەوروپا بۆ پڕكردنەوەی بواری كاركردنی دەستی كار كەبەكرێكاری یەخەرەش لەقەڵەم دەدرێت, ئەمەش ئەوروپا بەهاوكاری لەگەڵ un پەیمانێكی ئابوری نهێنی ئیمزا بكات، تاكو لەرێگەی ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتیەوە كەڵك لەو كەسانە وەربگرێت وەكو هێزێكی كار و دەستی كار, لەبری ئەو هێزەی پێشوتر كەهەیبوو, هەرچی كرێكارێك كە پێشتر كاری رەشی دەكرد و بەیەخە سپی و بەكرێكاری پلە یەك لەقەڵەم بدرێن, نموونەش كرێكارانی كشتوكاڵ و سەنعەت و كەشتیڕانی بوو كەدواجار بێكاركران، رەنگە قەیرانی ئابوری لەناوچەی یۆرۆ باشترین سەلمێنەری ئەم بۆچوونەی من بێت، بۆیە ئەو كێشە ئابوریانە و هەڵایسانە ئابوری و بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری لە ناوچەی دۆڵار نابینرێ‌، بەهەر حاڵ ئەم نەخشە سیاسییە ئابوریە درێژخایەنە, تاكو ئەو جێگایە توانی بەردەوام بێت كە زەنگی گۆڕینی مۆدێلی سیاسەت لەلایەن ئامریكاوە بۆ هەموو جیهان لێدرا و بوو بەمۆدێلێك بۆگشت ئەوروپاش, لەمڕاستایەشدا ئەوروپا تێیدا سوودمەند بوو, ئەمە جگە لەبازاڕێكی تر كە لەرووی تەكنۆلۆژیەوە كۆنتڕۆڵی وەدەست هێنابوو, بۆیە لای من مەسەلەی كۆچ چەندە مەسەلەیەكی تایبەتی ناوخۆیی و گرەوی تاكە كەسە بۆ گەڕان بەدوای خۆشگوزەرانی و سیحری ئەوروپا, دوو ئەوەندەش زیاتر پەیوەندیی بەسیاسەتی دەرەكیەوە هەیە كە لەمێژبوو نەخشەی بۆداڕێژرابوو. ئەگەرنا خۆ دەیان كەس لەدوای رووداوەكانی ساڵی 1996 چ لە عێڕاق و چ لە ئەفغانستان، بەویستی خودی ئامریكا رەوانەی دەرەوە كران, لەئەفەریقا كە جەنگی نێوان سودانی باشور و باكور لەئارادابوون، بۆیە ئەو هاوڵاتیانە تەنها گەنج نەبوون و بەویستی خۆیان كۆچیان بكەن, بەڵكو خودی ئامریكا بوو سوودی لەو خەڵكانە دەبینی كەپێشتر لەرێكخراوە بیانیەكان كاریان دەكرد و لەدەرەوەی وڵات بەكەسی سیاسی لەقەڵەمدران, ئەمە بەشێكە لەورەهەندە سیاسیە ئابوریەی كە پەیوەندیی ناراستەوخۆی بەكۆچەوە هەیە. 

پرسیار: تۆ تەنها باسی كۆچی زۆرەملێت كرد، ئەی كۆچی گەنجان بەتەنها كە بەشێكی زۆری بەویستی خۆیان بوو، ئەمەیان چۆنە؟. 

سمكۆ محەمەد: ئەگەر لێكۆڵینەوەیەك لەسەر كەیسی ئەو پەنابەرانە بكەین لەهەر وڵاتێكدا بەپێی تایبەتمەندی خۆیان بوون, دەبینین لەقۆناغێكەوە بۆقۆناغێكی دیكە تەفاوتیان هەبووە, بۆ نموونە لەسەرەتای نەوەدەكاندا تاكو ساڵی 1996. ئەوكات unمافی پەنابەرێتی بەو كەسانە دەدا كە ئینتیمایان بۆفكری كۆمۆنیستی و چەپڕەوی سیاسی بوون, لەساڵی 1996 بەدواوەش بەو مافی پەناهەندەیی بەو كەسانە دەدرا كەخەڵكی ئەو ناوچانە بوون كە جەنگیان تێدابوو، كەچی لەساڵی 2000 بەدواوە تاكو ئاڵوگۆڕی سیاسی لەناوچەكە, هاوكێشەكە دەگۆڕێت, فیزەو پەناهەندەیی بەو كەسانە دەدرێت كەیسی ئیسلامی یان لایەنگرانی سیاسەتی ئەو دەوڵەتانەیان هەبووە كە حاكم بوونە, دواتر كەیسی ئەوانە قەبوڵ دەكران كە زەرەرمەندی شەڕی ناوخۆیی نێوان سوننەكانی بەغدا و سابیئەی خوارووی عێڕاق بوو،چونكەلەترسی جەنگی نادیاری تایەفەگەری و نێوخۆیی نێوان شیعەو سوننە و جەنگی مەزهەبگەرایی كۆچیان دەكرد, پاشان بۆ ئێزیدییەكان كە تاكە زەرەرمەندی دەستی داعش بوون، ئەم هەقیقەتانە ئەوەمان پێدەڵێن كە كۆچی خەڵك بەرەو هەندەران و وڵاتانی ئەوروپا, سیناریۆیەكی نادیاری سیاسی و ئابوری رووت بوو, نەك كۆمەڵایەتی و نەبوونی ئازادی, نەك گەڕان بەدوای ژینگەیەكی تەندرووست و بینینی رۆمانسیانە بۆ یادەوەری و نیشتمان, یان كۆچی درووستكردنی لۆبی نەتەوەیی یان زانستی، رەنگە بەشێكی پەیوەندیی بەگەڕانەوە بێت بەدوای ئازادی و ئازادی سیاسیەوە، هەڵبەت ئەمە هەقیقەتێكی تێدایە, مرۆڤ ئەگەر كەسێكی هۆشیار و خاوەن مەعریفە و بوونگەرا نەبێت، لەوڵاتی خۆی نەبێت نامۆ دەبێت, باری سایكۆلۆژی تەندرووست نابێت, بەڵام راستییەكەیئەوەیە نامۆ بوون تەنها لەدەرەوەی خاك و نیشتمان نییە, بەقەد ئەوەی لەپەیوەندیەكانی بەرهەمهێنانی سەرمایەشدایە كە دواتر دەبێتە مایەی سەرسوڕمانی تاكەكەس و نامۆبوون بەكولتووری دەرەوەی خۆی. 

من پێموایە بینینی ئەم پرسە رەهەندی دوورتری هەیە لەوەی تەنها بەكێشە ناوخۆییەكانەوە گرێبدرێت. یاخود بەسەركێشی و یاخی بوونی گەنجەوە گرێبدرێت. بازاڕی ئازاد تەنها مامەڵە لەگەڵ كاڵاو شمەكدا ناكات, بەڵكو ئینسانیش وەك كاڵایەكی زیندوو تەماشا دەكات و كەڵكی لێوەردەگرێت, ئەمە رووی راستی ئەو سیستمە نوێیەیە كە لەنێو كایەی سیاسەتدا سیمای بازاڕی ئازاد ئارایش دەكات و هەوڵدەدات شەرعیەتی یاسایی نێودەوڵەتی پێبدات، بۆیە دەرەنجامەكەی ئەوەیە كە هەندێك لەو كۆچبەرانەی ئێستا ناویان رەوەندی كوردی و عەرەبیە دەگەڕێنەوە وڵاتەكانی خۆیان، بەهۆی ئەوەی دەریان دەكەن كە قەیرانی دارایی تەواوی ئەوروپای گرۆتەوە و بەشێكیشی بەهۆی ئەوەی ناتوانن بگونجێن لەگەڵ ئەو سیستم و كولتوورەدا، هەندێكیان لەنوێ‌ دەچنەوە، ئەمەیان پەیوەندیی بەخۆشگوزەرانییەوە هەیە كە ئینسان بەوەهم توشی بووە و پێیوایە ئیدی سەرتاپای ژیان لەهەموو دونیا گۆڕاوە كە ئەمەش وەهمێكی ترە. 

پرسیار: دەمەوێ پەنجە لەسەر بابەتێك دابنێم كە پێی دەوترێت كۆچی بەكۆمەڵ، تاچەند كاریگەری هەبووە لەسەر دروستكردنی رای گشتی جیهانی لەسەردەمی ئێستای سەرمایەداری كە باڵی بەسەر تەواوی جیهاندا راكشاوە، بەمەبەستی خولقاندنی كەشێكی ئارام، روونتر بڵێم تاچەند هۆكارە بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی ناجێگیر، بۆ ئەو پنتە جوگرافییەی كە خەڵكەكەی پەڕاگەندە بوونە، تاچەند بەهای بۆ كۆمەڵگە ستەملێكراوەكان هێشتەوە؟

سمكۆ محەمەد: وەكو لەوەڵامی پرسیارەكەی پێشووتر بەیانم كرد, تەفاوت و جیاوازی بەڕۆشنی تێدا دەبینرێت لەكۆچی رۆژهەڵاتییەك بۆ ئەوروپاییەك، یان كۆچی عەقڵگەرایی لەگەڵ كۆچی پەرچەكردار, ئەوكاتەی كۆچ كردن بەشێك بوو لەو سیاسەتەی كە بۆ چۆڵكردنی كۆمەڵگەكە لەهەڵسوڕاوانی سیاسی و رۆشنبیری هاتە ئاراوە و بوو بەمۆدێل, لێرەوە لەكۆچی تاكەوە دەچینە كۆچی بەكۆمەڵ، بوونی تاكێك لە لەهەندەران, بوونی ئابووریەكی سەربەخۆیە بۆ خودی خۆی، بەڵام بوونی گرووپێك لەهەندەرەان كە بەستراتیژیەتی سیاسی دەوڵەتی بێت یان بە ستراتیژییەتی كۆمەڵایەتی بێت، هەوڵێكی جیاوازە و لانیكەم بۆ گرووپێكی ترە و ئامانجەكەیان جیاوازە، تاكێك خۆی گەرەكیەتی ستایڵی ژیانی بگۆڕێت و دوور بێت لەهەر سانسۆرێكی فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی و ئایینی، بەدابڕان لەقەڵەم نادرێت، چونكە كاریگەری نابێت، بەڵام گرووپێك كە دەچنە هەندەران ئەوا مانەوەیان یان گەڕانەوەیان، لەهەردوو بارەكەدا بەگۆڕینی ئەو كولتوور و فەرهەنگە كاریگەریان لەسەر بەجێماوەكانی وڵاتدەبێت، جاران خێزانێك ئەگەر قەرزیشیان بكردایە هەوڵیاندەدا كەسێكیان رەوانەی دەرەوە بكەن, بۆ ئەوەی كۆمەكی مادیان بكات، مەرجی ژیان بوو لەكوردستان كە لەگەڵ عێراقدا هەر بەراورد ناكرێت, لایەنێكی دیكەی ئەوەبوو كە بەكۆمەڵ كۆچ بكەن، تاكو روحیەتی ناڕەزایەتی و پێكهێنانی هێزێكی جەماوەری بۆ درووستكردنی رای گشتی و هەژاندنی شەقام لەبەرامبەر سیاسەتی حیزبە دەسەڵاتدارەكان نەمێنێت, 

سەبارەت بەوەی چۆن بەراوردێك لەنێوان كۆچی رابردوو و كۆچی ئێستادا بكەین, وەكو گوتم جیاوازی و تەفاوتیان هەیە, هەمومان شاهیدی ئەوەین كە سەردەمێك هەڵمەتی دژە كۆچ كردن بەوە دەستی پێكرد, ئەگەر كەسێك لەدەرەوە بوایە بەكەسێكی بێڕەوشت لەقەڵەم دەدرا, دەیانوت بۆ ئەوە چۆتە دەرەوە كاری بەدڕەوشتی بكات, ئەمە بەشێكی بۆ هێزی سیاسی بەناو عیلمانی لەپشتەوە بوو، بەڵام بەشێكی زۆری بۆ هێزە فەندەمینتالیلیستەكان دەگەڕێتەوە، چونكە ئەوان كارێكتەری سیاسی هێزە گەورەكانی دەرەوەی كوردستان بوون، دواتر هەر ئەو هێرشانە خاوبوونەوە و كۆچ بوو بەمۆدێل و هەر ماڵ و خێزانێك كوڕێكی هەندەرانی ئەگەر داوای كچێكی بكردایە بۆ هاوسەرگیری, ماڵی كچەكە مەمنونیش دەبوون, هەندێجار مەرجیان ئەوەبوو كە كوڕەكەیان، كچەكەیان بباتە هەندەران, ئەوكات بەهای هەر 100$ ێك بەبارتەقای مووچەی دەیان فەرانبەر دەبوو و دواتر ئەو فەزا ئابوریە بوو بەهەڵم و ئاسەواری نەما كە ئەمە مەسەلەیەكی ئابووری سیاسی بەحتە، تۆ بڕوانە وەزعی ئابوری چۆن گۆڕان بەسەر هاوكێشە كۆمەڵاتیەكانیش دێنێت، ئەمەیە جیاوازی نێوان كۆچی تاك و كۆچی بەكۆمەڵ، ماڵێك كچەكەیان بچێتە دەرەوە واتە سەرەتای چوونی گروپەكەیە.

پرسیار: وەك باستكرد......... ( )، چۆن بتوانرێت پەنجە بخرێتەسەر رێكارەكانی كەمكردنەوەی ئەو پڕۆسەیە لەو فەزایانەی كە تێیدا بانگەشەی بە دامەزراوەیی كردنی ناوەندەكانی بڕیار و بەڕێوەبردنی دەكرێت، ئەمە ئەركی كێیە، لەكاتێكدا دەیان ناوەندی ئەكادیمی هەمەچەشنی بوارەكانی زانستە مرۆیی و پیشەیی و سیاسی..هتد بوونی هەیە؟

سمكۆ محەمەد: بڕواناكەم هیچ كەسێك هەبێت شوێنی باب و باپیری خۆی خۆشنەوێت و یادەوەرییەكانی بێ‌ بەها تەماشا بكات, لەبەرامبەر ئەمەشدا هیچ كەسێك نییە لەبەر ئەوەی نیشتمانەكەی شوێنی باب و باپیریەتی و یادەوەری تێدا هەیە, هەموو ناعەدالەتییەك و هەموو ناڕەحەتیەكی سیاسی و ئەمنی و ژیانی نائاسایی قەبوڵ بكات, كە وابوو لێرە بەدواوە وەهمی خۆشەویستی نیشتمان لەرۆمانسیەت دەچێتە دەرەوە, ئیتر ئەو نیشتمانەی كە تائەوكاتەی خاڵی دەبێتەوە لەبەختەوەری و ژیانی ئاسایی و یەكسان بۆ هەموو هاوڵاتیەك, مانایەكی نامێنێتەوە, لەبەرئەوەی بەهای ئینسانی نامێنێت, تموحی ژیانێكی یاسایی نامێنێت, پەیوەندیەكان لەسرووشتی خۆیان دەردەچنە دەرەوە, كەسێك نییە ئارەزووی ئەوە بكات, لەتەنهایدا ژیان بكات و كەسوكاری نەبینێت, كەسێك نییە ئارەزوی ئەوە بكات خزمەتی شوێنێك بكات كە چاك دەزانێت پەیوەندیەكانی بەردەوام نامێنێتەوە, كەسێك نییە ئەوە قەبوڵ بكات كە تەنها لەسەر ئەوەی رۆژهەڵاتیەو سەر ڕەشە, توانجی لێبدرێت و كاری بۆ مەیسەر نەكرێت, تەنانەت لەسوپەرماركێتەكانیش شمەك و كاڵای پێنەفرۆشرێت, تائەو رادەیەی كەسێك نییە بەمانای ئیدیۆلۆژیست ناوی كۆچبەری بەناو بكرێت، هەر كارێك كە بەناچار دەیكات سەرەنجام بەرهەمەكەی بۆخۆی نییە, چونكە داهاتی رۆژانەی سنووردارە, بۆیە كاتەكانیشی سنووردار كراوە, ئەمانە هەموویان مانای ئەوەمان دەدەنێ‌ كە ئینسان ئەوكاتە نیشتمانێك بەموڵكی خۆی دەزانێ‌ كە بەبێ‌ لەبەرچاوگرتنی پلەبەندی هاوڵاتی بوون ژیان دەكات, ئەوەش كە لەدەرەوە بەختەوەرتر ژیان بەسەر دەبات, ئەمەیان بەبەراورد لەگەڵ ژیانی نائاسایی وڵاتەكەی خۆیەتی, من تەنها ناڕوانمە بابەتی كۆچ و بڕواشم بە چارەسەری ریشەیی نییە, چونكە ئەم بابەتە جیهانییە زۆرەملێ بێت یان سەپێنراو.

پرسیار: باشە لەهەموو دونیا ئەم بابەتە بەردەوامە، لەلایەن میدیاوە كە بەحیساب دەسەڵاتی چوارەمە گرینگی پێدەدرێت، كەچی كێشەكە چارەسەر وەرناگرێت، ئایا پێتان وایە میدیا لەخەمی بابەتەكە بووە یان تەنها وەكو كاڵا مامەڵەی لەتەك كردووە؟. 

سمكۆ محەمەد: جارێ‌ با باسی ئەوە بكەمكە هەرگیز من میدیام وەكو دەسەڵاتی چوارەم نەبینیوە، ئەسڵەن لەچاوپێكەوتنێكی دیكەدا گوتوومە بەشێكە لەدەسەڵاتی سیاسی، نەك دەسەڵاتێكی سەربەخۆ بۆ چاودێریكردنی حكومەت، بەهەرحاڵ میدیا كۆچی وەكو كاڵایەك كەمتر تەماشا كردووە و هەندێكجاریش بۆئەوەی لەپەنای هەواڵ و ریپۆرتاژێكدا سوودی لێوەربگرێت، باسی كۆی وەكو دیاردەی رۆمانسیانە باس كردووە، زۆرجار خودی رۆژنامەنووسەكان كە بەنیازبون كۆچ بكەن، كارەكەیان دەخستە مەترسییەوە بۆ ئەوەی بیكەن بەكەیسێكی زیندوو كە ئەوروپا زۆر گرینگی بە نووسەر و رۆژنامەنووس دەدەن، رەنگە زۆرجار میدیاكار چیرۆكی وەهمیان هەڵبەستاوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن وڵاتەكە زۆر بۆگەنە، بۆیە خەڵك دەیانەوێ‌ كۆچ بكەن لەترس و لەبێكاری و توندڕەوی و هتد، كەیسی خنكاندی ئایلان كە منداڵێكی سووری بوو، واقیعیەتی كەسەكە بەپێچەوانەوە بوو سیناریۆ بوو، باشترین سەلمێنەریش ئەوەبوو كە یەكەم بەدەیان و سەدان منداڵی تر خنكان و بوون بە خۆراكی ماسییە قرشەكان، كەچی تەنها باسی ئایلان كرا، دووهەم رۆژنامەنووسەكان لەوێ‌ ئامادەبوون وێنەیان دەگرت وەكو ئەوەی پێشتر ئامادەكرابن، سێهەم باوكی منداڵەكە دواتر ئیمتیازی وەرگرت و گەڕایەوە سوریا و پاشان ئاشكرا بوو كە كەیسەكە بەپێچەوانەوە بوو، میدیاكارەكان لەوێدا دەركەوتن ئاراستە كراون و بۆ دەزگا تر كار دەكەن، ساڵی 1998 بینیمان پۆلیسی بولگاریا سەگیان بەردایە گیانی پەنابەرە رەش پێستەكان، میدیاكارەكان ئەو لایەنەیان شاردەوە، پاشان ئاشكرا كرا، بۆیە من هەمیشە بەگومانەوە تەماشای ئەو كارەم كردووە كە خۆم ساڵێك خاوەنی ئەو شوناسەی كاركردنە بووم.

 

 

دیدارو چاوپێكەوتنەكان