دیمانە/ ئاودێر

لەم دیمانەیەدا، گۆران جەلال ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکیشانی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت؛ فەلسەفەی کارکردن و بەڕێوەبردنی کابینەی نوێ، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کابینەکانی دیکەی پێش خۆی نییە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە کابینەی نۆیەم خۆی ئەو ڕاستییە دەزانێت کە ئەو دۆخەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بەو شێوە پەرتەوازەییە قورسە و ئەگەری کاردانەوە و ڕووداوی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە، جەختیش دەکاتەوە، جگە لەنەوت هەرێمی کوردستان سەرچاوەی داهاتی زۆرە، بەڵام گرفت لە ڕێکخستنەوەی داهاتەکاندایە.

حکوومەتی نوێ کە لەچەند لایەنێکی جیاواز پێکهاتووە، هیچ کارنامەیەکی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان هەیە کە لەسەر بنەمای هەڵمەتی هەڵبژاردن بنیاتنرابێت؟

ئەو کارنامەیەی لە ڕاگەیاندنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بینیمان، پێکهاتەیەکە لە داواکارییەکانی هەموو لایەنەکان، خاڵی سەرەکی کارنامەکە جەختکردنەوەیە لە چاکسازی و بە سیستماتیککردنی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان، ئەگەر بێت و حکوومەتی نوێ بەشێکی کارنامەکەی خۆی جێبەجێ بکرێت، هەنگاوێکی گرنگ و باش دەبێت.

کارنامەی ئەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاچەند دەتوانێت قۆناغی وتار تێپەڕێنێت و بچێتە بواری کردەییەوە؟ یان هاوشێوەی کابینەکانی دیکە تەنیا لە چوارچێوەی بەڵێندا دەمێننەوە؟

هیوادارم کارنامەکە قۆناغی وتار و بەڵێن تێپەڕێنێت، چونکە بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان (ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی) و دۆخی ناوچەکە ئەوە دەخوازێت کە ئەگەر بۆ جارێکیش بێت حکوومەت حکومڕانی خۆی بکات، دوور بێت لە دەستێوەردانی حزبی و فەرزکردنی حزب بەسەر حکوومەتەوە، هێنانەکایەی لانی کەمی عەدالەت لە هەرێمی کوردستان، نەک بەڕێوەبردنی هەرێم لەسەر بنەمای حزبی بوون، بە هیواین حکوومەتێک بێت بتوانێت ئابوورییەکی سەقامگیر بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین بکات، لانی کەم بتوانێت مووچە و خزمەتگوزارییەکان دابین بکات، حکوومەتی نوێ خۆی ئەو ڕاستییە دەزانێت کە ئەو دۆخەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بەو شێوە پەرتەوازەییە قورسە و ئەگەری کاردانەوە و ڕووداوی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە.

بەڵێنی چارەسەرکردنی سەرجەم گرفتە بنەڕەتییەکان و جیانەکردنەوەی کێشەی سێکتەرە جیاوازەکان تاچەند وا دەکات کارنامەی حکوومەت لە بەڵێن تێنەپەڕێت؟ 

ئەوەی من تێبینم کردووە دەست بۆ هەموو سێکتەرەکان نەبراوە، بە پێچەوانەوە چەند سێکتەرێک دیاریکراوە بۆ ئەوەی چاکسازییان تێدا بکرێت، منیش بۆچوونم وایە ئەگەر حکوومەتی هەرێم پێی وابێت دەتوانێت لەماوەی چوار ساڵدا کێشەی سەرجەم سێکتەرەکان چارەسەر بکات، کارێکی ناواقعییە، بەڵام پێویستە لە سێکتەرە بنەڕەتی و گرنگەکان کار بکرێ، بە بۆچوونی من پێویستە حکوومەتی نوێ لە سێکتەری پەروەردە، تەندروستی و دادگاوە دەست پێبکات، چونکە دوای چارەسەرکردنی گرفتی ئەم سێکتەرانە چاکسازی لە سێکتەرەکانی دیکە ئاسان دەبێت.

هێشتا پرسی نەوت یەکلایی نەکراوەتەوە، بەبێ بوونی هیچ بودجەیەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت کارنامەکەی جێبەجێ بکات؟

جگە لە نەوت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرچاوەی داهاتی زۆرە، بەڵام گرفتەکە لە ڕێکخستنەوەی داهاتەکاندایە، نەتوانراوە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بخرێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە، ناسیستماتیک و گەندەڵییەکی زۆر لە سەرچاوەکانی داهات هەیە، ئەگەر کابینەی نۆیەم بتوانێت سەرچاوەی داهاتە ناوخۆییەکان ئاشکرا بکات و کۆیان بکاتەوە کە خۆی جەخت لە هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەکاتەوە، ئەگەرنا لەدوای ڕیفراندۆمەوە هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە وابەستەیە بە عێراقەوە، عێراق وەکو دەوڵەتێکی مەرکەزی لەسەریەتی ئەرکەکانی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات، بە هەمان شێوە هەرێمی کوردستانیش کە پێی وایە بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق دەبێت ئەرکەکانی بەرانبەر بە بەغدا جێبەجێ بکات، بۆیە لە هەردوو بارەکەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی بودجە و سەرچاوەی داهات، لانی کەم بۆ دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان پێویستە پابەندی ڕێککەوتننامەکان بێت.

پرسی نەوت یەکێک بووە لە گرفتەکانی لانی کەمی 10 ساڵی ڕابردووی نێوان هەولێر و بەغدا، پێت وایە ئەم گرفتە بەردەوامی دەبێت؟

لەڕاستیدا من نازانم حکوومەتی نوێ دەتوانێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات یاخود نا، بەڵام ئەم گرفتە پرسێکی لە پێشینەیە بۆ هاووڵاتییانی هەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاستییەک هەیە کە مەلەفی نەوت لە عێراقیش ئەوەندە شەفاف و خاوێن نییە، سەرباری ئەوەی کە مەلەفی نەوتی هەرێم یەکێک بووە لە مەلەفە پڕ کێشەکان.

پێت وایە ئەم کابینەیەش لەسەر بەتایبەتکردنی کەرتە گشتییەکان و ئەو سیستەمە ئابوورییەی کە لە کابینەکانی دیکەدا پەیڕەو کراوە بەردەوام بێت، ئەمە تاچەند بەزیان بەسەر هاووڵاتییاندا دەشکێتەوە، ڕۆڵی هێزە چەپەکان چی دەبێت لەم ڕووەوە؟

فەلسەفەی کارکردن و بەڕێوەبردنی کابینەی نوێ، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کابینەکانی دیکەی پێش خۆی نییە، هەمان ئەو فەلسەفەیەیە کە بڕوای بە بازاڕی ئازاد، کەرتی تایبەت، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و کردنی کوردستان بە بازاڕێک کە هەموو کەسێک وەبەرهێنانی تێدا بکات، ئەم سیستەمە بەردەوام دەبێت، چونکە بیرمان نەچێت ئەم کابینەیەش هەمان ئەو هێزانەن کە پێشتر دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە، هێزی دیکەی نوێ نەهاتووە فەلسەفەی بیرکردنەوە و بەڕێوەبردنی جیاواز بێت لەوانی دیکە، بۆیە پێم وانییە لەم ڕووەوە هیچ گۆڕانکارییەک ڕووبدات، ئێمە وەکو خەڵکی چەپ و عەدالەتخواز، لەو باوەڕەداین ئەگەر ئەم سیستەمەش بەردەوامی دەبێت پێویستە بەیاسا ڕێک بخرێت، نەک وەکو ئێستا کەرتی تایبەت کراوەتە مافیای ئابووری بەسەر هەرێمی کوردستانەوە، لە هەموو ئەو سێکتەرانەی کەرتی تایبەت کاری تێدا دەکات، هاووڵاتی زەرەرمەندی یەکەمە، بۆ نموونە بازرگانی، لە خۆراک، دەرمان، کۆمەڵێک گرفتی گەورەی تێدایە، ئەگەر حکوومەتی هەرێم فەلسەفە و سیاسەتی خۆی لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان ناگۆڕێت، دەتوانێت ڕێکیبخات وەکو هەر دەوڵەتێکی سەرمایەداری، هەرچەندە ئەمە لەگەڵ فەلسەفەی ئێمە وەکو هێزە چەپەکان کۆک نییە، بەڵام باشترە لەو بازاڕە مافیاییەی کە لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە.

جگە لە ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی کوردستاندا، ژمارەیەک هێزی چەپیش لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە، ئەمانە دەتوانن چی بکەن بەتایبەت لە پەیوەست بەتایبەتکردنی کەرتە گشتییەکان؟

هەموو ئەو هێزانە دەتوانن چاودێر بن بەسەر حکوومەتەوە، تەنانەت پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەو هێزانەشی کە چوونەتە ناو حکوومەتەوە ئەگەر بیانەوێت دەتوانن ببنە چاودێر، بەڵام ڕەنگە جۆری چاودێری لایەنەکانی ناو حکوومەت، ئۆپۆزسیۆن و هێزە چەپەکان جیاواز بێت، بەڵام ئەوەی گرنگە هێزە چەپەکان، چ ئەوانەی لەناو پەرلەمانن و چ ئەوانەشی لەدەرەوەن، لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونیان داوە، لەڕێگەی بەرنامە و کاری هاوبەشەوە، پێشکەشکردنی پڕۆژەی تایبەت و تێزی تایبەت بە خۆیان هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و داکۆکیان لێ بکەن، دژی هەموو ئەو پڕۆژانە بوەستنەوە کە بە زیان بۆ هاووڵاتییان دەشکێنەوە و ڕای گشتی لەم ڕووەوە هۆشیار بکەنەوە.

 

 

دیمانە: ئاودێر

لەم دیمانەیەدا کە تایبەتە بە پرسی کارنای کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەم بوڕهان قانع پەرلەمانتاری نەوی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رەخنە لە کارنامەی حکوومەت دەگرێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەنگاوە کردارییەکان دیارنەکراون، جەختیش دەکاتەوە بەبێ بوونی بودجە حکوومەت ناتونێت ئەو پلانەی هەیەتی جێبەجێی بکات.

 

ئەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دوای وەرگرتنی ماتمانە خوێندییەوە دەچێتە قاڵبی کارنامەی حکوومەتەوە؟

هیچ بنەمایەک یاخود چوارچێوەیەکی دیاریکراو بۆ بوونی کارنامە نییە، تۆ پڕۆژەکەت لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا بەیان دەکەیت و دەڵێیت کارەکانی من لەم چوارچێوەیەدا دەبێت، بەڵام پێویستە هەنگاوە کردارییەکانی تێدا دیاری بکرێت، یەکێک لە خەلەلەکانی کارنامەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دیارینەکردنی هەنگاوە کردارییەکان بوو، پرسی زۆر گرنگ هەبوو لە شێوەیی پاشەکەوتی مووچە و قووتی خەڵک بایەخی پێنەدرابوو، لەماوەی ئەم مانگەدا پێویستە وەزیرەکان کارنامەی خۆیان دیاری بکەن، دوای کۆتایی هاتنی ئەو وادایە ئەگەر بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکرا، ئەوکاتە ئێمە وەکو پەرلەمانتاران دەتوانین کارنامەی وەزارەتەکان وەربگرین و لەو چوارچێوەیەدا کاری لەسەر دەکەین.

 

بەبێ بوونی هیچ بودجەیەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت پلانی وەزارەتەکان یاخود کارنامەکەی جێبەجێ بکات؟

بێگومان تاکو ئەوکاتەی بودجە نەیەتە ناو پەرلەمانی کوردستان و پەسەند نەکرێت و سێکتەرە جیاجیاکان دیاری نەکرێت، حکوومەت ناتوانێت ئەو پلانەی هەیەتی جێبەجێی بکات، بۆ نموونە وەزیری ئاوەدانکردنەوە دەڵێت ئێمە وا دەکەین لەچوار ساڵی داهاتوودا هێڵی شەمەندەفەر جێگیر بکەین، لەکاتێکدا بەپێی هەندێک ئامار یەک کیلۆمەتر لە هێڵی شەمەندەفەر نزیکەی چوار ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر بێگومان بودجەیەکی زۆری دەوێت، ئایا لەناو بودجەدا ئەم پڕۆژەیە جێگیر نەکرێت چۆن دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت.

 

بودجە دەبێت پێش کۆتایی ساڵ بهێنرێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت، لانی کەم ئەمساڵ حکوومەتی هەرێم هیچ پڕۆژەیەکی لەو شێوەیەی نییە، لەم حاڵەتەدا چۆن دەکرێت کارنامە یاخود پڕۆژەی وەزارەتەکان جێبەجێبکرێن؟

پێویستە لە وەرزی نوێی دەستبەکاربوونی پەرلەماندا کە لەدوای تەواوبوونی پشووی هاوینە دستپێدەکات، ئەولەویەتی حکوومەت ناردنی بودجە بێت بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی بەر لە کۆتایی ساڵ پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکرێت، وەک ئەوەی کە ئێستا لە عێراقیش کار بۆ ئەوە دەکرێت لەدوای مانگی ئەیلوول بودجەی ساڵی 2020 تاوتوێ و گفتوگۆی لەبارەوە بکات، کە پێدەچێت لەو پڕۆژەیەدا کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی نەوتیش تاوتوێ بکرێت و بودجەی هەرێمی کوردستانیش دیاری بکرێت.

 

بەڵام ئەمە بۆ ساڵی 2020 ڕاستە، ئەی سەبارەت بە ساڵی 2019 بەبێ بوونی هیچ بودجەیەک حکوومەت دەتوانێت لە کارنامەکەیدا سەرکەوتوو بێت؟

بێگومان نەخێر، ئێمە قسە لەسەر ساڵی 2020 دەکەین، نەک ساڵی 2019، ئەمساڵ تەنیا چەند مانگێکی ماوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە هێشتا ئێمە لامان ڕوون نییە دۆخی ساڵی داهاتوو بەهەمان شێوەی ئەمساڵ تەنیا ناردنی مووچەیە، یاخود هەرێمی کوردستان 250 هەزار بەرمیلەکە ڕادەستی بەغدا دەکات، لەدوای جەژن بڕیارە وەفدێکی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆش پرسی نەوت و بودجەی هەرێمی کوردستانە، ئێمەش وەکو پەرلەمانتاران چاودێرییەکی وردی ئەو پرسە دەکەین، ئومێدیشمان وایە کە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی پرسی بودجەی هەرێم بە تەواوی جێبەجێبکرێت و ئەو پلانانەی کە هەیە بە چاودێری پەرلەمانی کوردستان لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و هاونیشتیمانیان جێبەجێ بکرێن.

 

لەم خولەی پەرلەماندا ژمارەیەک لایەن بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونیان داوە، ئایا هیچ هەماهەنگی و کارێکی هاوبەش لەنێوانیاندا هەیە؟ تاچەند دەتوانن ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز بن؟

لە ڕابردوو و لەم خولەی ئێستای پەرلەمانیشدا، هەماهەنگی پێشوەختە لەنێوان لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆندا بەو ڕادەیە بوونی نەبووە کە جێگەی ئومێد بێت، بەڵام هەندێک پرس هەیە کە بەبێ بوونی هیچ ڕێککەوتنێکیش، لایەنەکانی ئوپۆزسیۆن هاوهەڵویستن تێیاندا، بۆ نموونە لە دەنگدان بە کابینەی نوێیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن دەنگیان پێنەدا، ڕاستە گوتارێکی هاوبەش و ڕێککەوتنێکی پێشوەختە بوونی نییە، بەڵام لە پراکتیکدا هەندێک جار بیر و بۆچوونەکان لەیەکەوە نزیک بوون، یاخود یەکدەنگ بوون، بەڵام بێگومان فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن پێویستیان بە یەکڕیزی هەیە، هەرچەندە دیار نییە کە ئەمە دروست دەبێت یاخود نا، سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەش بەداخەوە کە ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەماندا زۆر لاوازە، ئەمەش پەیوەندی بە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەبوو کە ئێمە هەموومان تێبینیمان لەسەری هەبوو، ساختەکارییەکی زۆر کرا و پەسەندیش کرا، تێبینی لەسەر کورسی لایەنەکان هەیە و ئەو دەنگانەی لە پەرلەمان هەیە کورسی ڕاستەقینە نین و گوزارشتی ڕاستەقینە لە خەڵکی کوردستان ناکەن، نزیکەی 65%ی هاووڵاتییان بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد، بەڵام ئەوەی ئێستا لە پەرلەمانی کوردستاندا هەیە ئەو ئەنجامەیە کە پەسەندکراوە.

 

سازدانی: ئاودێر

لەم دیمانەیەدا کە تایبەتە بە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕای دەگەیەنێت کە کارنامەکانی حکوومەت چوارچێوەی دروشم و خۆزگە تێناپەڕێنن و باس لەوەش دەکات حکوومەت لەماوەی پێکهێنانییەوە تەنیا پرسی کاتەکانی دەوامی فەرمانبەرانی باس کردووە. هەڵەدنی ڕەخنەی ئەوە دەگرێت کە پرسی کێشەی پاشەکەوت، گرفتی پێنج ساڵی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، فەرمانبەرانی گرێبەست و خۆبەخش لە کارنامەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران باس نەکراوە. ئەو پەرلەمانتارە لەوباوەڕەدایە کە ئەو داهات و سەرچاوە مادی و مرۆییەی لە کوردستاندا هەیە دەتوانرێت حکومڕانییەکی باشتری پێبکرێت و داواش دەکات ئەم کابینەیە نەوت و داهاتەکان شەفاف بکات و بیانخاتە خزمەتی هاووڵاتییان.

 

حکوومەتی نوێ کە لەچەند لایەنێکی جیاواز پێکهاتووە، هیچ کارنامەیەکی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان هەیە؟

کارنامەی حکوومەتی نوێ هەر ئەوە بوو کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دوای وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمانی کوردستان خوێندییەوە، بەگوێرەی مادەی 68 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانتاران چاودێری کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەن، بۆیە ئێمە وەکو پەرلەمانتاران چاودێر دەبین بەسەر حکوومەتەوە و گوشاری خۆمان بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکە بەکار دەهێنین.

 

بەگوێرەی ئەزموونی کارکردنت لە پەرلەمانی کوردستان، کارنامەی ئەم کابینەیە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ حکوومەتەکانی ڕابردوو هەبوو؟

بەبۆچوونی من ئەوەی کرا تەنیا ناونرابوو کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە خوولەکانی پێشووتردا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران وەکو وتار دەیخوێندەوە، هەموو ئەوەی کە گوتراوە بەڵێن بوون، دروشم و خۆزگە و هیوان، بۆیە تاکو کارەکانی ئەم کابینەیەش نەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە هیچ لەباری هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان سووک ناکات و ناتوانین بڵێین ئەم حکوومەتە لەوانەی پێش خۆی جیاواز دەبێت، لەماوەی ئەم مانگەشدا کە حکوومەت پێکهێنراوە جگە لە پرسی کاتەکانی دەوامی فەرمانبەران هیچ شتێکی دیکەمان نەبینیوە.

 

ڕەخنەی ئێوە لە کارنامەی حکوومەتی نوێ چییە کە تۆ بە وتار ناوت برد؟

ڕەخنەی من لەسەر ئەو وتارەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دوای وەرگرتنی متمانە لەناو هۆڵی پەرلەماندا خوێندییەوە ئەوەیە کە تا چەند ویست و ئیرادەیەکی ڕاستەقینە بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە هەیە، ئایا حزبەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران یارمەتیدەری دەبێت بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکە، حزبەکانی دیکەی پێکهێنەری حکوومەت هاوکار و هەماهەنگ دەبن بۆ جێبەجێکردنی، ئەمە جگە لەوەی کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بەهیچ شێوەیەک باسی لە پاشەکەوتی مووچە نەکرد، هاوکات باسی لە گرفتی پێنج ساڵی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان نەکرد کە لە بارێکی دەروونی ئێجگار گەورەدان، بەهیچ شێوەیەک باسی لە فەرمانبەرانی گرێبەست و خۆبەخش نەکرد، ئەمە جگە لەوەی نەگەڕایەوە بۆ سەر پرسی نەوت و داهات و شەفافییەت لەو بوارەدا، کە پێویستە ئەمانە سەرجەمیان لە خزمەتی هاووڵاتییاندا بن.

 

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران جگە لەو کارنامەیەی لە پەرلەمان خوێندییەوە، دواتریش دوای لەسەرجەم وەزارەتەکان کردووە کارنامەی خۆیان بنێرن، پێت وایە هۆکاری ئەمە چییە؟

ئاساییە هەر وەزارەتێک کارنامەیەکی چوار ساڵی تایبەت بە خۆی هەبێت، ئەوەی کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران خوێندییەوە بریتی بوو لە کۆی کارنامەی وەزارەتەکان، بەڵام درێژەی نەخشەڕێگەی هەر وەزارەتێک بە جیا بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئاساییە و ئێمەش وەک لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن گوشارەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ ئەوەی حکوومەت کارنامەکەی خۆی جێبەجێ بکات.

 

بەڵێنی چارەسەرکردنی سەرجەم گرفتە بنەڕەتییەکان و جیانەکردنەوەی کێشەی سێکتەرە جیاوازەکان تاچەند وادەکات کارنامەی حکوومەت لە بەڵێن تێنەپەڕێت؟

ئەگەر ئەم کابینەیە 50%ی ئەو بەڵێنانەی لەڕێگەی کارنامەکەیەوە داویەتی جێبەجێیان بکات، دەتوانین بڵێین ڕاستگۆ بووە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی، هەرچەند جێبەجێکردنی بەڵێنەکان ئەرکی حکوومەتە و بەهیچ شێوەیەک جێگەی منەتکردن نییە بەسەر هاووڵاتییاندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە جێبەجێکردنی نیوەی بەڵێنەکان لەم کابینەیەدا مسداقیەت دەگەڕێنێتەوە بۆ کاری سیاسی و پرۆسەی سیاسی، چونکە ئەو داهات و سەرچاوە مادی و مرۆییەی لە کوردستاندا هەیە دەتوانرێت حکومڕانییەکی باشتری پێبکرێت.

 

پرسی مەلەفی نەوت یەکێک بووە لە کێشە هەستیارەکان و پەیوەندی هەولێر و بەغداش لەسەر ئەو بنەمایە دیاریکراون، پێتان وایە ئەم کابینەیە بتوانێت ئەوە کێشەیە تێپەڕێنێت؟

ئێمە هیوادارین کە ئەم کابینەیە بەو سیاسەتە شکستخواردووەی نەوت بچێتەوە، چونکە سیاسەتی نەوت تاکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی شکستخواردوو بووە، ئەو داهاتە گرنگە نەبووەتە مایەی خۆشگوزارانی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، پێشمان وایە ئاڕاستەی دروست لەم رووەوە ئەوەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا ڕێک بکەوێت و ئەو بەشەی کە بە 250 هەزار بەرمیل دیاریکراوە ڕادەستی بەغدا و سۆمۆ بکرێت، تاکو بەغداش مووچەی هەرێمی کوردستان و ئیستیحقاقاتە دەستوورییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بنێرێت، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە مەلەفی نەوت شەفاف و ڕوون بێت نەک وەک ئێستا کە لە خزمەت کۆمەڵێک کەس و گرووپ و خێزاندایە.

 

ئێستا کۆمەڵێک لایەن وەکو ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی کوردستاندا کار دەکەن، ئەم پەرلەمانتار و هێزە سیاسییانە کە ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە دەتوانن چی بکەن؟

بەداخەوە ئۆپۆزسیۆن لەڕووی چەندایەتییەوە ژمارەمان کەمە، بە چوار حزب 21 کورسی پەرلەمانمان هەیە، لەڕووی چۆنایەتیشەوە تاوەکو ئێستا ئەم چوار هێزە بەداخەوە نەیاتوانیوە هەماهەنگی تەواو بکەن و لەدەوری پڕۆژەیەکی هاوبەش کە پەیوەندی بە ئۆپۆزسیۆنەوە هەیە کۆببنەوە، چونکە کاری ئۆپۆزسیۆنی کارێکی پیشەییە، ئایدۆلۆژیا و جیاوازی حزبی نابێتە ڕێگر لەبەردەم هاوکاری و هەماهەنگی، ئەوەی پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو، نەوەی نوێ یاخود شیوعی دەیکات کارێکی پیشەییە و لەناو پەرلەماندا دەیکات، بۆیە وا پێویست دەکات ئەم چوار هێزە لانی کەم ئاستی هەماهەنگی و هاوکارییان ببەنە پێشەوە، تموحی لەوە باڵاتر ئەوەیە کە پڕۆژەیەکی هاوبەشیان لەسەر ئاستی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەم چوار ساڵە هەبێت، بەو مەبەستەی لەو ڕێگەیەوە قەرەبووی گرفتی چەندایەتی بکەنەوە بە چۆنایەتییەکی باش.

 

فراکسیۆنەکانی ئەو چوار هێزە سیاسییە هیچ هەنگاوێکیان بۆ ئەو مەبەستە ناوە؟

بەداخەوە تاکو ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە، ئەمەش پەیوەندی بەوە هەبوو کە کۆمەڵی ئیسلامی تاکو پێکهێنانی حکوومەت چاوەڕێی چوونە ناو حکوومەتی دەکرد، برادەرانی نەوەی نوێش کێشەی ناوخۆییان هەبوو، بۆیە هیچ گفتوگۆیەکی جدی لەو بارەیەوە نەکراوە، ئومێدەوارم لەگەڵ وەرزی یاسادانانی نوێدا ئەم چوار هێزە (یەکگرتوو، شیوعی، کۆمەڵ و نەوەی نوێ) ئەو هەنگاوە بنێن، چونکە بەم شێوە پەرتەوازەییەی ئێستا و بە 21 کورسی پەرلەمانی و هەریەکەش لە ئاوازێک بخوێنێت ناتوانرێت نوێنەرایەتی ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە بکەین، و ناشتوانین گوشاری راستەقینە بکەینە سەر دەسەڵات.

 

دیدارو چاوپێكەوتنەكان