دلین سۆران
زۆر سەختە بۆ کچ لە تەمەنێکی کەمدا خۆشەویستترین ئەندامی خێزانەکەی کە باوکێتی، ماڵئاوایی لێ بکات و بوونی لە ژیانیدا نەمێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو کەسەی کە قەرەبوومان بۆ دەکاتەوە و ناهێڵێت بێ سۆز و خۆشەویستی باوک بین، هەر دایکە، مەگەر کێمان بێ دایک توانیومانە ڕۆژێک بەسەرببەین و سەبارەت بە کارەکانمان گفتوگۆیان لەگەڵدا نەکەین؟ دایک تەنها کەسە هەتاکو ئێستا بە هەموو نەهامەتییەک و قورساییەکی ژیانەوە هێشتا هەموو شتێک وەلادەنێت بۆ جگەر گۆشەکەی، لەوەش باشتر و دڵخۆشکەرتر نییە لە هەموو قۆناغەکان و کارەکانی ژیانتدا کە ئەنجامی دەدەیت، دایکت لە پشتت بێت، هەتا ئەگەر بشزانێت ئەو کارەی کە ئەنجامی دەدەیت، لەوانەیە ژیانیان بخاتە مەترسیەوە، هەمیشە وەک خێزان پشتت بەرنەدات و هاندەرت بێت و ڕێگای سەختت بۆ ئاسان بکات بەتایبەتی ئەگەر کچێک بیت کە ئارەزووی کاری قورس بکەیت هەر وەکو ئەوەی لە کتێبەکەدا باسکراوە ئەویش کوردایەتییە، بەڵام دایکی سنەوبەر خانی سیاسی و شۆڕشگێر، لە سەرەتای ڕێگادا هەتا کۆتا وێستگەی کارەکانی، کچەکەی هەمیشە پشتی گرتووە، هەر چەند کچەکەی لێوەی دوور بووبێت و گەر چەند جار ڕووبەڕووی چەندین گرفتی دوژمنانی گەلەکەمان بووبێتەوە، هەر بەردەوام بووە لە پشتگیریکردن و پارێزگاریکردن لە کچەکەی و هەروەها نهێنی کارەکانی نەدرکاندووە و گلەیی نەکردووە و پشتی کچەکەی بەرنەداوە، ئەوەش لەبیر نەکەین کاتێک کچێکی منداڵ ئارەزوو، و حەزێکی بۆ کارێک لە دڵدا بوو، و لە مێشکیدا پلانی بۆ دانا کە لە داهاتوودا ئەنجامی بدات، گەر چەند ڕێگریش هەبن و قورس بێت، بەڵام دوای چەندین ساڵیش بێت ئەو کارە ئەنجامدەدات، وە کاتێک سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت لەو کارەی کە چەندین کەس ڕێگر بووە لەبەردەمیدا، باوەڕ ناکەن و نایانەوێت ئەو ڕاستییە قبوڵ بکەن، بەڵام هەندێک جار لە ژیاندا نەک بەهۆی ئارەزووەکانتەوە، بەڵکو لەبەر یەکێکی ئازیز حەز و خۆشەویستیت بۆ کارێک دەردەکەوێت، هەر لەبەر ئەمەش سنەوبەر خان بێجگە لەوەی بەدوای خەونەکەی کەوتووە، لە هەمان کاتدا وەکو باوکی توانیویەتی خزمەت بە حزب و گەلەکەمان بگەیەنێت و لە منداڵییەوە لە کارێکی بچووکی حزبەوە دەستیپێکردووە بۆ شوێن و کارە گەورەکانی ڕۆیشتووە، لەگەڵ ئەوەدا ئاواتەکەی باوکی هێناوەتە دی کە تەواوکردنی خوێندن بووە و تێیدا سەرکەوتوو بووە و توانیویەتی بژێوی ڕۆژانەی خێزانەکەی دابین بکات.
حزب کەسانی بەهێز و بەتوانا و قسەڕاست و حەقانی دەوێت، چونکە حزب و پێشمەرگایەتی بازنەیەکی پڕ ڕیسک و کار و پڕۆسەی جۆراوجۆرە، لە هەمان کاتدا دەست لە کارێک تێوەدەگلێنی کە دەزانیت ڕێی مان و نەمانە، لە حزبدا پێویستە ئەقڵێتێکی فراوانت هەبێت بۆ ئەوەی کێشە و گرفتی زۆر پەیدا نەبێت لەنێوان هاوکاران بۆ پلاندانان و ڕزگاربوون لە دوژمن، کە هەموو کات ئامادەن بۆ لە ناوبردنی خۆت و خێزانەکەت و ئەو کەس و هاوڕێیانەی لە بازنەی حزب لەگەڵتدان، دەبێت بزانیت چۆن لەگەڵ کەسانی دەرەوەی حزب مامەڵە دەکەیت، واتا کاتێک یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەت، هاوڕێکەت یان بێگانەیەک هەمان بیروباوەڕی تۆی نییە لەبارەی کارەکەتەوە، پێویست نەکات کە بەرپەچی بدەیتەوە و پەیوەندیت لەگەڵیدا تێکبدەیت.
حزبایەتی و پێشمەرگایەتی بۆ ئافرەتێکی خێزاندار قورسە چونکە ئاسان نییە ژیانی حزب و پێشمەرگایەتی و خێزان بەیەکەوە گرێ بدەیت لەبەرئەوەی نازانیت لە کوێدا دەوەستیت یاخود ئایا گەرەنتی ئەوە دەکەیت لە پێناو ئەو کارانەی کە دەیکەیت لە ژیان بمێنیت بۆ خێزانەکەت.
وەک چۆن یاسا و ڕێسا و بیروڕا هەیە کە جیاوازی لە نێوان ئافرەت و پیاودا دەکەن لە کۆمەڵگەدا، وەکو ئەوەی لە کتێبەکەدا باسکراوە لە سەرەتادا جیاوازی لە نێوان ئافرەت و پیاودا کراوە لە ڕووی کار و بەرپرسیارێتی و هەڵگرتنی چەکەوە، بەڵام لە دواییدا ئەو جیاوازییە کەمکراوەتەوە و وردە وردە نەماوە.
ئافرەتان بەگشتی جێدەستی کاریان زۆرە لە ڕووی کاری حزبی و خزمەت گەیاندن بە گەلەکەمان، بەڵام بەلای خەڵکییەوە ئەوەندە گرنگ نییە و ئەو کەسانە کەمن کە بیر لە هەوڵ و ماندووبوون و ئەو ڕیسکە گەورانە دەکەنەوە کە ئافرەتان ئەنجامی دەدەن شان بە شانی پیاوان، وە لەوانەیە کاتێک پرسیار لە بارەی حزبایەتی و پێشمەرگایەتی و شۆڕشگێڕی بکرێت، هەندێک کەس تەنها هەیکەلی پیاوێک بێتە بەرچاویان، حزب و پێشمەرگایەتی ئەوەندە ئاسان و بێ مەترسی نییە کە تێکەڵ ببیت بێ ئەوەی لە سەرەتاوە شارەزایی کارکردنت لەگەڵیاندا هەبێت، چونکە حزب پێویستی بە کەسانی لێهاتوو هەیە، یاخود کاتێک حەزێکت بۆی هەبێت ئینجا لەو بوارەدا کار بکەیت.
دوور نییە لە کاتێکدا کە سەرقاڵی بە ڕزگارکردنی نیشتمان و ماندووبوون لەپێناو خەونەکەت، تووشی ترس و دوودڵی و بیرکردنەوەی زۆر و نەخۆشی و ماندووبوونی زۆر ببیت، بەڵام لەسەروو هەموو ئەوانەشەوە هێشتا سەرقاڵ ببیت بە کارەکانتەوە و چەندێک دوور بیت و لە هەر سوچێکی ئەم دونیایە بیت هەر بەردەوام بیت و هەمیشە لە هەوڵداندا بیت بۆ نیشتمان گەر چەندێکیش برین لەسەر جەستە و دڵت هەبێت، وە بێگومان ئەو ڕێگایەی کە خۆت دەیگریتە بەر دەبێت بەرگەی هەموو ئاستەمییەکانی بگریت.
ئەو کەسانەی کە پێشمەرگایەتییان کردووە و چوونەتە شاخ لە هەموو ڕوویەکەوە جێی شانازین بۆ خەڵک و نیشتمان، چونکە ئەوەی پێشمەرگایەتی کردبێت بۆ خزمەت و خۆشگوزەرانی و ئازادی خەڵک بووە ئینجا بۆ ئاوەدانکردنەوە و سیمای جوان و دڵڕفێنی نیشتمان بووە.
کاتێک تەماشای دوا وێنەی کتێبی ( بۆ ئەوەی زیندووبین ) م کرد و کتێبەکەم داخست، هەموو ئەو ژیانەی کە لەم کتێبەدا گێڕدراوەتەوە، هاتنەوە بەر چاوم و موچوڕکەیەک بە گیانمدا هات، دەمگوت دەبێت ئێمە چەند ئافرەتی ئەوەندە بەتوانا و بەهێز و شۆڕشگێڕمان هەبێت و هێشتا ئاگادار نین لێیان و نازانین چەند خزمەتیان بە نیشتمان گەیاندووە، بەداخەوە لەم ڕۆژانەی کە تیایدا دەژین ئەوەندەی شتی پڕوپوچ و بێمانا بڵاودەکرێتەوە و پیشاندەرێت و پێماندەناسێنرێت لە سۆشیاڵ میدیاکاندا، ئەوەندە کەسانی تێکۆشەری نیشتمان و بەهردارەکانمان پێناناسێنرێت.
دلین سۆران