شەماڵ بارەوانی
بێ نەوایان، ژانرێکی تری ئەدەبی (ڤیکتۆر هۆگۆ)، شاعیر و نووسەر و ڕۆماننووسی فەرەنسییه ١٨٠٢_١٨٨٥). بێ نەوایان،
لە ساڵی١٨٦٢، هاتە بڵاوبوونەوە و بە یەکێک لە ناودارترینی ڕۆمانەکانی سەدەی١٩دادەنرێت و بۆ زۆربەی زمانە زیندووەکانی جیهان هاتووەتە وەرگێڕان. ئەوشاکارە مەزنە دوواتر خۆی خزاندە نێو سەکۆی شانۆ و دنیای سینەما و چەندین شانۆی لەسەر پێشکێش کرا و چەندین فیلمی سینەمایی لێ بەرهەمهێنرا.
لە ساتی بڵاوبوونەوەی تا ئێستا، لەسەرتاسەری جیهان سەرنجی خەڵک بۆخۆی ڕادەکێشێت و بە ملیۆنان مرۆڤ بە حەز و تامەزرۆییەکی زۆرەوە ڕوو لە خوێندنەوەی ئەو شاکارە مەزنە دەکەن. بێ نەوایان، باس لەو هەڵومەرجەکۆمەڵایەتییە دەکات کە تەنگی بە ژیان و مرۆڤ هەڵچنیبوو له فەڕەنسای سەردەمی پاشایەتی(لویس فیلیپ)، لە قۆناغی دووای کەوتنی ناپلیۆن پۆنابەرت، لە ساڵی١٨١٥ی زایینی و شۆڕشە شکستخواردووەکەی دژی پاشا لویس فیلیپ لە ساڵی١٨٣٢ز. بێ نەوایان، باس لە کۆمەلێک کەسی بێ لانە و بێ نەوا دەکات لە فەڕەنسای سەردەمی پاشایەتی، لە سەدەی ١٩. ئەو بێ نەوایانەی برسییەتی و هەژاری تەنگی پێ هەڵچنیون و ستەمی کۆمەڵایەتی و پەتای گەندەڵی و دەستاڕی جیاوازی چینایەتی، ژیانی کردبوون بە دۆزەخ، و ناعەدالەتی، کەسایەتی و کەرامەت و بوونی تاکی دەهاڕی. لەپاڵ ژان ڤالژان، پاڵەوانی سەرەکی چیرۆکی بێ نەوایان دا، کۆمەلێک کەسایەتی و کارەکتەری تر ڕۆڵدەگێڕێن. وەک.جاڤێر، کۆژیت، ڤانتین، تیناردیە، ماریاس، ئیبۆنین، لافیت، بریفت، لۆمبارد، قەشه میرێل..هتد. هۆگۆ لەو شاکارە مەزن و جیهانییەیدا، باس لە ستەمی کۆمەڵایەتی و دۆخی دۆزەخی ژیانی بێ نەوایان و کابووسی برسییەتی و هەژاری دەکات. هەروەسا نووسەر لە ڕێگای ئەو ژانرە ئەدەبییەیدا، پێناسەی سرووشتی چاکە و خەراپە و یاساکان دەکات و لەبارەی کۆمەڵێک کۆنسێپت(چەمک)ی وەک دادپەروەری، ئەخلاق، ئایین، فەلسەفە، پەیوەندی سۆزداری و سروشتی خۆشەویستی لەنێوان مرۆڤەکاندا دەدوێت. له بێ نەوایان دا هۆگۆ هەوڵدەدات تراژیدیای قۆناغێکی ژیانی هەژاری و برسییەتی بێ نەوایان و ئەو مرۆڤانەی لە پەراوێزی ژیان و کۆمەڵگەدانە له فەڕەنسا بۆمان بگێڕێتەوە. هەروەها نووسەر باس لە شۆڕشی فەڕەنسا دەکات. ئەو شۆڕشەی کە لامارکی پالەوان سەرپەرشتی دەکرد و گیانی خۆی لەپێناو بەختکرد. شۆڕشێک، تۆی تووڕەیی لە ڕۆحی خوێندەکارەکانی زانکۆکاندا چاند لە دژی جیاوازی چینایەتی و دەسەڵاتی پاشایەتی، و خەڵکی قوربانی و ئازار و موعاناتێکی زۆری لەپێناو بەخشی و دەریایەک خوێنی لەپێناو ڕشت، تا پرەنسیپەکانی یەکسانی جێندەری و ئازادی و برایەتی بچەسپێت و هێدی هێدی و قۆناغ بە قۆناغ لە مێژووی فەرەنسادا جیاوازی چیانەیەتی بسڕدرێتەوە و هێڵی هەژاری بارگەی تێک بنێت و ئامانجی ئەو شۆڕشە بێتەدی و برسییەتی و نەهامەتی و چەوساندنەوەی هەموو ئەوانەی شۆڕشی ساڵی١٧٨٩ی فەرەنسایان دزی، دوووباره هاوشێوەی لویسی شازدەهەم و شاژنە ماری ئەنتوانی هاوسەری، بە پەتی گیڵۆتین بسپێرن و مرۆڤەکان بە یەکسانی و ژیانێکی شکۆمەندانەوە بژین و فەرەنسا لە قۆناغی دەسەڵاتی پاشایەتییەوە، بەروە کۆماری تێبپەڕێنێت و
دەوڵەتێکی عەلمانی و مەدەنی و خۆشگۆزەران درووست ببێت و بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئازادی و دادپەروەری جێگیربن و خەڵکی لە سێبەر و سایەیاندا بە یەکسانی و دوور لە جیاوازی چینایەتی و ستەمی کۆمەڵایەتی بحەسێتەوە. بێ نەوایان چیڕۆکی برسییەتی و هەژارییە. چیرۆکی هەوڵدان و تێکۆشانی ڤانتینە لەپێناو خۆشبەخکردنی کۆژیتی کچی و لەو پێناوەشدا ئامادەیە قژ و ددان و کەسایەتی و لەشی خۆی بفرۆشێت، دوای ئەوەی هاوسەرەکەی بە تەنها لەگەڵ هەژاری و برسییەتی و نەهامەتی و ئازارەکان جێیان دێڵێت و دڵڕەقی خاوەن ئەو کارگەیەی کاری تێدا دەکات و بە تووندی و نامرۆڤانە لەگەڵی دەجووڵێتەوە و لە کارەکەی دەریدەکات. بێ نەوایان، چیرۆکی ئازارەکانی ژان ڤالژانە. ئەوکەسەی لەسەر دزینی لە تەنانێک، ١٩ساڵ زیندانی دەکرێت.
بێ نەوایان، باس لە چیرۆکی ژان ڤالژان دەکات، لە شاری دینی، لە فەرەنسا.ژان ڤالژان، کوڕێکی سادە و نەخوێندەوار، پارچە نانێک دەدزێت لە پێرەمێردێک، تا بیبات و بیدات بە خوشکەبرسییەکەی و حەوت منداڵەکەی. دادگا گوێ بەو دۆخەی هەژاری و کابووسی برسییەتی و تراژدیای ژیانی ژان ڤالژان و خوشکەهەژارەکەی و منداڵەکانی نادات. ئەو برسییەتی و هەژارییەی کە وەک مۆرانە بەربووەتە ژیانی ژان ڤالژان و خوشکەکەیی و منداڵەکانی و زۆر دڵڕەقانە پێشێلی ویژدان و مۆڕاڵ و هەموو بەهایەکی مرۆڤانە دەکات و بڕیاردەدات ژان ڤالژان بە پێنج ساڵ زیندانیکردن لەگەڵ کاری قورس، سزا بدرێت. ژان ڤالژان بە هۆی تاڵی و سوێری ژیانی زیندان، چەندین جار هەوڵی ڕاکردن دەدات و هەموو جارێک بەهۆی هەوڵی ڕاکردنی له زیندان، سزا و ماوەی زیندانیکردنەکەی بۆ زیاتر درێژ دەکەنەوە. بەو شێوەیە ژان ڤالژان ١٩ ساڵ لە زیندان دەمێنێتەوە. ژان ڤالژان، دوای بەڕێکردنی ١٩ساڵ لە نێوان چواردیواری زیندان و تەواوکردنی ماوەی سزاکەی، کاتێک لە ساڵی١٨١٥، بە کۆمەڵێک مەرج و یەکێک لەو مەرجانە لەسەر پەڕاوی فەرمی واژووی ئەوە بکات کە ئەو پیاوێکی مەترسیناکە، ئازاد دەکرێت. ژان ڤالژان، ئیتر ئەو مرۆڤەسادەیەی پێشووترنییە. ئەو ئێستا کەسایەتییەکی بێ ئومێد و ڕەشبین و پڕ لە تووڕەییە و دڵی تەژییە لە ڕق و بێزاری لەو کۆمەڵگە بێ بەزەیی و دڵڕەقەی کە بەزەیی بەخۆیی و خوشکەکەی و منداڵەبرسی و هەژارەکانیدا نەهاتەوە و خستنیە پەراوێزی ژیان و کونجی فەرامۆشی و خۆی لە ئاست ئازار و نەدارییەکەیان، بێ گوێ و کەڕ و کوێر و بێ ئاگاکرد. ژان ڤالژان لە دەرفەتێک دەگەڕێت، تا جامی تووڕەیی خۆی بەسەر دڵڕەقی کۆمەڵگەدا بڕژێنێت و سزایەکی توندی کۆمەڵگە بدات. ژان ڤالژان لە تەمەنی چڵ ساڵی له زینداندا خۆی فێری نووسین و خوێندنەوە و حیساب دەکات. ژان ڤالژان دوای ئازادبوونی لە گرتیگە، لە لایەن کۆمەڵگەوە ڕووبەڕووی بێ ڕێزی و سووکایەتی و پەراوێزدەبێتەوە و هەرکەسەک بیناسێتەوە، خۆی لێدووردەخاتەوە و تێکەڵاویی ناکات. بەهۆی بڵاوبوونەوەی ناوبانگی وەک پیاوەکی خراپ و مەترسیناک و دزینی لەتەنانەکەی پێشووتر، کە ١٩ساڵ بەهۆیەوە سزا و ئازار و نەهامەتی و زیندانی چەشت. ئەو دەڕوات بۆ میوانخانەیەک، بەڵام خاوەنی میوانخانەکە ئامادەنییە قبووڵی بکات و ڕەتی دەکاتەوە شەو لە میوانخانەکە بمێنێتەوە. بەهۆی زانینی ناسنامەی ژان ڤالژان و ئە پاسەپۆرتەی لایەتی کە پێشینەی تاوانی دزینەکەی لەسەر تۆمارکراوە. ژان ڤالژان، سەرگەردان و برسی و بێ جێگا و ڕێگا، دڵڕەقی شەقامەکانی شار تەی دەکا. تا (شارل میرێل)ی قەشە بەو حاڵەوە دەیبینێت و بەزەیی پێدا دێتەوە و دەستی بەخشندەیی و سۆزی خۆی بۆ درێژدەکات و دەرگای دڵی خۆی بۆ دەخاتە سەرگازەرای پشت و لە باوەشی سۆز و میهرەبانی خۆی دەگرێت.
قەشه میرێل، بە کەسایەتییەکی مرۆڤدۆست و بەخشندە
هاتبوو نیاسین و ناودەنگی دەرکربوو و یارمەتی هەژار و بێ نەوایانی دەدا و دایمە سەرقاڵ بوو بە سەرپەرشتیکردنی کار و بارەکانی کەنیسە. قەشە میرێل، ئەو پیاوەی هەرکاتێک گیرفانەکەی پڕ لە پاره دەبوو، سەردانی هەژارەکانی دەکرد و یارمەتی دەدان، کاتێک گیرفانەکەشی بەتاڵ دەبوویەوە، سەردانی دەوڵەمەندەکانی دەکرد. لە پەراوێزی کتێبی پیرۆز ئەو دێڕەی نووسی بوو«دەرگای مرۆڤەباشەکان پێتڤییە بەردەوام کراوەبێ.. و دەرگای قەشەش پیویستە بە کراوەیی بمینێتەوە". ئەسقووف میرێل، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی بوو وەک باوک و فریادڕەسی بێ نەوایان و هەژاران وابوو، جێگەێ ئومێدی مرۆڤەبرسی و سەرگەردانەکان بوو. ئەو، ئایکۆنی ئینساندۆستی و هێمای بەزەیی و بەخشندەیی بوو، لە کۆمەڵگەیەکی بارگاوی بە دڵڕەقی و شەڵڵال بە کابووسی هەژاری. بەڵام ژان ڤالژان ئاگری تووڕەیی و پشکۆی تۆڵە سەندنەوە لە دژی کۆمەڵگە لە دڵی دا هێور نەدەبوویە و لە یەکەم پەیمانی تۆڵەسەندنەوەدا، لە دوای ئازادبوونی لە زیندان، دزی لە قەشە میرێل کرد و کۆمەلێک قاپی زیوینی لێی دزی و ڕایکرد. دوای ئاشکرابوونی دزییەکەی ژان ڤالژان لە قەشە، قەشە میرێل نەک سکاڵای لە دژی تۆمار نەکرد، بەڵکو یارمەتی تری ژان ڤالژانی داو پێی گوت: بە مەرج لێت خۆش دەبم،«بیرت نەچێت هەرگیز کە بەڵێنت پێداوم ئەو قاپە زیوانە بەکاربێنیت تا ببیتە مرۆڤێکی باش». دوای ئەوە ژان ڤالژان گۆڕانکارییەکی جەوهەری لە کەسایەتی و هرز و بیرکردنەوەیدا درووست دەبێت و دەبێت بە کەسێکی تر و پەند وەردەگرێت و دواتر دەبێت بە باوکە مادلین. دوای ئەوەی دەڕواتە شاری (مۆنترۆی سورمير). ئەو شارە بچووکەی دەکەوێتە باکووری فەرەنسا و لەوێ ناوی خۆی لە ژان ڤالژانەوە دەگۆڕێت بۆ(مادلين). دواتر ژیانی ئابووری چاک دەبێت و کارگەیەک دەکاتەوە و دەبێتە بازرگانێکی سەرکەوتوو و سامانێکی باش لە ڕێگای بزنسەکەیەوە کۆدەکاتەوە و کەسایەتییەکی جیاواز و چاکەخوازی لێ درووست دەبێت و یارمەتی ستەمدیدە و هەژار و بێ نەواو لێقەوماوان دەدات و دەرگای کارکاردن و دامەزراند بەڕووی خەڵکدا دەکاتەوە، بە مەرجێک«دەست پاک بە». ناودەنگی باشی و مرۆڤدۆستی و کارەچاکەکانی مادلین(ژان ڤالژان)، لە شار بڵاو دەبێتەوە و پاشا بڕیاردەدات بیکات بە بەڕێوەبەر و عومدەی شارەکە و خەڵکی هەموویان ڕەزامەندی لەسەر دەردەبڕن و زۆریان پێخۆش دەبێ. دوواتر ڕۆژنامەکان لە سەرەتای ساڵی١٨٢١هەواڵی مردنی قەشە میرێلی تەمەن ٨٢ساڵ بڵاودەکەنە. مادلین جڵی ڕەش و ماتەمینی دەپۆشێت. خەڵکی بۆیان ئاشکرا دەبێت کە مادلین لە نزیکەوە ئەو قەشە مرۆڤدۆست و چاکەخواز و بەخشندەیەی ناسیوە و پەیوەندی دۆستایەتی لەگەڵ قەشەدا هەبووە. مادلین بەردەوام دەبێ لە کاری خێرخوازی و یارمەتیدانی بێ نەوایان و هەژاران و هەوڵدەدات مرۆڤ لە تاکێکی شەڕانگێزەوە، بگۆڕێت بۆ کەسێکی پاک و فریشتە ئاسا و تۆی ڕق و خراپەکاری لە دەروونیدا دەربێنێت و بیکات بە کارەکتەرێکی تەندروست و ئەرێنی و باش و پێرفێکت لە کۆمەڵگەدا و گیانی بەخشندەیی لەخۆبووردەیی تێدا بچێنێت.
پاشان کۆزیتی کچە ناشەرعی خاتوو(ڤانتين)ی هەژار و بێ نەوا لە دووای مردنی ڤانتینەوە، لە ڕێگای لەخۆگرتن و تەبەنییەوە، دەکات بە کچی خۆی و سەرپەرشتی و ئەرکی پەروەردە و بەخێوکردنی دەگرێتە ئەستۆ. دواتر لەگەڵ خۆشەویستەکەی(مارياس)، پرۆسەی هاوسەگیریان ڕێکدەخات و هەردووکیان دەبن بە نموونەیی له خۆشەویستی و ئیلهامبەخش بۆ عاشقان. دواتر پیاوێکی هەژار و برسی لە ڕێگای گشتیدا درەختی سێوێک دەبینیت و سێوی لێدەکاتەوە و دەیخوات و بەهۆی ئەوە، تۆمەتی دزینی سێوی ڕووبەڕوو دەکرێتەوە. ئەو پیاوە شێوەی زۆر لە ژان ڤالژان دەکات. لێکۆلەری پۆلیسی(جێڤرت)، لە دادگادا گەواهی دەدات کە ئەوە ژان ڤالژانە و پێشینەی تاوان و دزینی هەیە و پێشووتریش لە سەر دزین، ١٩ساڵ زیندانی کراوە. ژان ڤالژان، کاتێک بەو ڕووداوە دەزانێت، دووای ململانێیەکی دووروودرێژ و سەخت لەگەڵ دەروونی خۆیدا و هەستکردن بە ئازاری ویژدان، بڕیار دەدات ئەو پیاوە بێ تاوانەیە لەو کێشەیە ڕزگاربکات، دەڕوات خۆی ڕادەستی دادگا دەکات تا دووبارە ئازار و ناخۆشییەکانی زیندان بچێژێت.
دوواتر لە کاتی گواستنەوەی ژان ڤالژان و زیندانی کراوەکان لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر، ژان ڤالژان لەگەڵ کۆزێت، پێکەوە ڕادەکەن و خۆیان دەشارنەوە. ژان ڤالژان ئیتر بەدرێژایی ژیانی تا مردنی، بەو شێوەیە ژیان دەکات و ژیانی لەنێوان ڕاکردن و خۆشاردنەوە دەبێت.