حەمەسەعید حەسەن

نووسینی ئەدەبی ئەوە نییە، زۆر لە خۆت بکەیت و تەواو خۆت ماندوو بکەیت، بۆ ئەوەی ڕستەیەک بنووسیت، بکەوێتە خانەی ڕەوانبێژییەوە، نووسینی جوان ئەوەیە، بەبێ هیچ گوشار لەخۆ کردنێک، خۆڕسک لەدایک دەبێت، بەجۆرێک نووسەر هەست ناکات، سەرقاڵی نووسینێکی ئەدەبییە. نووسینی جوان کاتێک خۆی نمایش دەکات کە نووسەر هیچ سانسۆرێکی لەسەر زمانی و قەڵەمەکەی دانەنابێت. خۆبەستنەوە بە دەربڕینە دێرینەکانەوە، وەک ئەوە وایە، نووسەر ڕۆڵی پۆلیسی ئاکار وازی بکات، کە نووسەر و ئەو جۆرەیش لە پۆلیس یەکیان گرت، نە تێپەڕاندن دێتە ئاراوە، نە تازەگەری. نووسەری داهێنەروەک نموونەی باڵا، سەرنجی دەربڕینی کۆن نادات، نموونەی نوێ دەخوڵقێنێت. گیرخواردن لە قاوغی ڕابردوودا، وەک ئەوە وایە خۆت باڵی مەلی خەیاڵی خۆت بقرتێنیت. بۆ ئەوەی جوان و ڕەوان بنووسیت، جڵەو بۆ ئەسپی قەڵەمەکەت شل بکە، ئەمە کاتێک دروستە، خاوەنی قەڵەم بیت.

ڕاستگۆیی لە نووسیندا ئەوە نییە، نیشتمان ئەگەر وەک دۆزەخیش وابێت، وەک بەهەشتی پیشان بدەیت، ئەوە ڕاستگۆیییە، وەک گۆگۆڵ وەرگر وەها بهێنیتە پێکەنین، بیهەژێنێت، پێکەنینێکی بە گریان و ئایرۆنی ئاودراو. بۆچی گۆگۆڵ ئەو کانیاوەبوو، هەموو نووسەرانی ڕووس لێیان خواردەوە؟ چونکە دەستپاکانە وێنەی واقیعی دەکێشا، وێنەکێشانێک پێش ئەو، کەس وەها وێنەی واقیعی نەکێشابوو. نیازپاکی لەودیو گاڵتەجاڕییەکانییەوە هەبوو، ئاخر بە مەبەستی گۆڕینی بارودۆخی تاڵ، قسەی شیرینی دەکرد، ئاخر ڕقی لەوانە نەبوو کە دەیکردن بە هەوێنی پێکەنین، لەگەڵیاندا هاوسۆز بوو. ئەوانەی بەر تیری ساتیری گۆگۆڵ دەکەوتن، لەبری ئەوەی لەتاو ئازار، هاوار بکەن، پێکەنینیان بە خۆیان دەهات.

ڕۆماننووسی ڕاستەقینە دەتوانێت لەڕێی نمایشکردنی میللەتەکەی خۆیەوە، هەموو مرۆڤایەتی پیشان بدات، ڕەنگە بتوانێت، بەهۆی باسکردنی خێزانیکەوە، یان تەنانەت ژیاننامەی تاقە کەسێکەوە، هەمان کار بکات. بەڵگەنامە و ڕووداوی مێژوویی بۆ ڕۆماننووس پێویستن، بەڵام نابێت خۆی بە (دیل)یان بزانێت، ئاخر ئەگەر وای کرد، کرۆکی ڕۆمان کە لە بەگەڕخستنی خەیاڵدا چڕ دەبێتەوە، زیانی پێ دەگات. ڕۆماننووس شێوەکارێکە  بە پەڕەمووچەکەی وێنەی ئینسان و دەوروبەرەکەی دەکێشێت، بەو جۆرە وێنەی کەسانی چەوساوە ناکێشێت کە بەزەییمان ببزوێنن، بەڵکوو وەک کەسانی خاوەن هەست و هۆش و هیوا پیشانیان دەدات. تۆرژنێڤ کە کەسانی خانەدانی دەکرد بە قارەمانی ڕۆمانی، کەسانێک خوێندنی باڵایان تەواو کردبوو، بەڵام بێجگە لە ڕاوەژن، هیچ هونەرێکی دیکەیان نەبوو، ئەگەر ڕێک کەوتبا جوانیش بیریان کردباوە، توانای ئەوەیان نەبوو، هەنگاو بە بیرۆکەکانیان ببەخشن.

سەرکەوتووان وەک دەخوازن مێژوو دەنووسنەوە، ڕۆماننووس ئەو مێژووە شێوێنراوە ڕەچاو ناکات، سەرلەنوێ دەینووسێتەوە و بایەخ بەو لایەنانەی دەدات کە بۆ بزرکردنی ئەم یان ئەو ڕاستی، فەرامۆش کراون. ڕۆماننووس مێژوو نانووسیتەوە، بەڵام ئەگەر ناچاربوو، هەندێک لاپەڕەی بگێڕێتەوە، نابێت خۆی بە براوەی جەنگ بزانێت، چۆن دەخوازێت وای بنووسێتەوە و سڵ لە شێواندنی نەکاتەوە. ڕۆماننووس مێژوو نا، کرۆکی مێژوو دەنووسێتەوە و ئەو بۆشایییە گرنگانە پڕ دەکاتەوە کە مێژوونووسان بە مەبەست بەجێیان هێشتوون. ئەوە کارەساتێکی ئەدەبییە، ئەگەر لاقی ڕۆماننووس بە تەڵەی دیرۆکەوە ببێت، ئاخر ئەرکی سەرەکیی ڕۆماننووس، بەگەڕخستنی خەیاڵە، نەک خۆبەستنەوە بە تۆمارکردنی ڕووداوە مێژوویییەکانەوە.

کە ڕۆمانێکی دیرۆکی دەنووسین، پێویستمان بە دیرۆک دەبێت، بەڵام پێویستە هەمیشە ئەوەمان لەیاد بێت، خەریکی نووسینی ڕۆمانین کە بە پلەی یەکەم پشتی بە خەیاڵ قایمە نەک بە بەڵگەنامە. هەرچەندە ڕۆماننووس لێ ناگەڕێت مێژوو باوێشک بدات، بەڵام میلان کوندێرا گوتەنی: "ڕۆڵی خزمەتکاری مێژوو نابینێت،" بۆیە دەشێت گێڕانەوەی مێژوو بە کارەکتەرێکی زادەی خەیاڵ بسپێرێت، نەک کەسایەتییەکی مێژوویی. ڕۆمان فیلمێک نییە لە بەڵگەنامەی مێژوویی، فیلمێکە لە خەیاڵ بە کۆمەکی مێژوو. ڕۆمان با تەواو (دیرۆکی)یش بێت، هەر لە داستانەوە نزیکترە، وەک لە کتێبە مێژوویییەکانەوە، ئاخر بە قەڵەمی خەیاڵێکی زەنگین دەنووسرێت. ئەکتاڤیۆ پاس دەڵێت: "ڕۆمان خۆی بە تەنیا، بەبێ کۆمەکی دەرەکی، حەقیقەتێکی سەربەخۆیە."

(٢)

هەندێک جۆری بەناو ڕەخنەی ئەدەبی هەن، بوون بە هەوێنی ڕەزیلکردنی سنعەتەکە، لەوانە: ڕەخنەی دۆستانە، کابرا چونکە دۆستی نووسەرەکەیە، زوو زوو هەڵسەنگاندنی دۆستانە بۆ ڕۆمانی دەکات، یان چونکە سەر بە تاقمی شاعیرەکەیە، هەر کۆشیعرێکی ئەو کەوتە بازاڕەوە، ڕەخنەی برایانەی ئەم حازرە. یان ڕەخنەگری دلۆڤان و ڕەخنەلێگیراوی بەختەوەر هاوحیزبن، یان گرێبەستیان لەنێواندا هەیە، ئەم لەسەر بەرهەمی ئەو دەنووسێت، ئەویش لەسەر بەرهەمی ئەم، ئاوایە ڕێگەی ڕێبوارانی ڕەخنەی مارانە.

ڕێبازێکی ڕەخنەییی نوێ هەیە، ڕەخنەی ژینگەییی پێ دەڵێن، بایەخ بە پێوەندیی نێوان ئینسان و سروشت دەدات و باس لە چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی ئینسان دەکات لەگەڵ سروشت و گیانەوەراندا و سێگۆشەیئینسان، سروشت، گیانەوەر بەسەر دەکاتەوە. جۆرە ڕۆمانێک هەیە، دەتوانین ناوی بنێین: ڕۆمانی ئینسیکلۆپیدیایی، تێیدا ڕۆماننووس بەدەم گێڕانەوەی ڕووداوەکانەوە،زانیارییەکی زۆر دەربارەی بابەتی ڕۆمانەکەی نمایش دەکات، بەبێ ئەوەی لێ بگەڕێت، خوێنەر وەڕس ببێت.

بۆ ئەوەی ڕۆمانەکەت کاریگەری لەسەر خوێنەر بەجێ بهێڵێت، پێویستت بەوەیە بە زمانێکی جوان بینووسیت، نووسینی جوان ئەوە نییە بە وێنەی شیعری بیڕازێنیتەوە، یان وەک دەگوترێت زمانەکەی گوڵگوڵی بێت، دەشێت زمانی نووسینت لە هی ڕۆژنامەنووسێکی لێزان بچێت، بەڵام بەهۆی دەربڕینی جوان و ڕیتمی گوتەکانەوە، خەیاڵ و فیکری خوێنەر بدوێنیت، یان تەنانەت بهەژێنێت، چیخۆڤ ئەو توانایەی هەبوو، بۆیە دنیای داگیر کرد.

بۆ ئەوەی دارستانەکە ببینین، پێویستە لێی دوور بکەوینەوە، یان وەک جیمس جۆیس گوتوویەتی: بۆ ئەوەی دەربارەی دبلن بنووسم، لێی دوور دەکەومەوە. ئەوە بۆیە لە تاراوگەوە، بەزەبری تامەزرۆییمان بۆ نیشتمان، جوانتر وێنەی نیشتمان دەکێشین. خانەقای میرزای میران ئەبراهام، ڕۆمانێکی دیکەیەتی کە تێیدا دیسان لە دوورەوە سلێمانی دەنووسیتەوە. با باسی ڕابردوویش بکەین، هەر دەتوانین بەدەم گۆڕانەوە واقیع بگێڕینەوە، ئاخر مێژوو کاریگەریی لەسەر ئێستا و داهاتوویش هەیە. ڕۆمان با دیرۆکییش بێت، چونکە بە خەیاڵ ئاو دراوە، نە تۆمارێکی تۆز لێ نیشتووە، نە ئەرشیفێکی پشتگوێخراو. نووسەر ئەگەر واقیع کۆپی بکات، ئەوەی بەرهەمی دەهێنێت، ڕۆمان نییە، ڕاپۆرتە.

ڕۆمانننووس مافی ئەوەی نییە لەڕێی حیکایەتخوانی هەمووشتزانەوە، تەواوی ڕازەکانی ناخی کارەکتەرەکانی بخاتە ڕوو، بەبێ ئەوەی لێ بگەڕێت، خۆیان قسەی دڵیان بکەن، ئاخر ئەوە دەکەوێتە خانەی زەوتکردنی ئازادییەوە. ئەگەر هەستمان کرد کارەکتەرەکانیمان ناسیوە، تەواو وەکوو کەسانی ناسیاومان بن، ئەوە ڕۆمانننووسێکی لێهاتووە، من زۆربەی کارەکتەرەکانی ڕۆمانی خانەقای میرزام دەناسی و زانیاریم لەبارەیانەوە هەبوو. خەوشی سەرەکیی ڕۆمانەکە لای من ئەوەبوو، میران ئەبراهام بە دەستپاکییەکی تەواوەوە، کارەکتەرەکانی نەناساندووە، وەک نموونە، ستەمێکی زۆر لە مامۆستا یاسین کردووە، ستەمێک تا ئاستی سووکایەتی پێ کردن، هەرچەندە نموونەیەکی باڵا بوو. من هیچ مامۆستایەکی خۆمم لەیاد نییە، کاریگەرییەکی ئەرێنیی لەسەرم بەجێ هێشتبێت، مامۆستا یاسین نەبێت، کەچی ڕۆماننووس گاڵتەی بە عەقڵی و بە ڕەوتاری کردووە، یان ئەگەر لەگەڵ ڕۆماننووسدا نەرمونیان بم و پاساو بۆ ئەو کارەی بهێنمەوە، دەڵێم: سەرچاوەی زانیارییەکانی لەبارەی ئەو کارەکتەرەوە، کەسێکی درۆزنی قین لە دڵ بووە.

دۆستۆڤیسکی کە زیندانیی سیاسی بووە، لە ڕۆمانی (بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان)دا، خۆی پێ باڵاتر نەبووە لەوانەی لەبەر یاساشکێنی زیندانی کراون. میران ئەبراهام وەک پێویست ڕێزی لە مامۆستا یاسینی زیندانیی سیاسی نەگرتووە، هەرچەندە لە زیندانەوە لەبەر ئەوەی خەباتگێڕێکی سیاسی بووە، بە مەرگ سزا دراوە. ئەوە ئاسایییە نووسەر وێنەی کارەکتەرێکی لاواز بکێشێت، بەڵام نابێت ئەو کارەکتەرە، کەسایەتییەکی ڕاستەقینەی بەهێز بێت. برایانی کارامازۆڤی دۆستۆیڤسکی، یەکێکیان کەسێکی لاوازی بەدڕەوشتە، یەکێکیان ئاوەزی هەژارە و خراپ بیر دەکاتەوە، ئەوی تریان کەسێکی هۆشیاری خاوەن ویستێکی بەهێزە، نووسەر لەڕێی ناساندنی سێ برای جیاوازەوە، جڤاکێکی پێ ناساندووین.

(٣)

ڕۆماننووسی سەرکەوتوو، تۆلستۆی وەک نموونە، وێنەی کارەکتەرەکانی وەها دەکێشێت و باسیان دەکات و ناخیان دەخاتە ڕوو، ئێمەی خوێنەر وا هەست دەکەین، هێندە لە نزیکەوە دەیانناسین، وەک ئەندامانی خێزانێک بین، کەچی میران ئەبراهام هەرچەندە باسی کەسانێکی کردووە ناسیومانن، کەچی هەندێک جار بە بێگانەیان دەزانین. لە (شەڕ و ئاشتی)دا، تۆلستۆی باسی قۆناغێکی مێژووی گەلی ڕووس دەکات، ئەو سەروەختەی لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا، ناپلیۆن پەلاماری وڵاتەکەیان دەدات، بەڵام ڕۆمانەکە بەشێک نییە لە مێژووی ڕووسیا لە ماوەیەکی دیاریکراودا و هیچی تر، ئاخر لەڕێی (تایبەت)ەوە باسی (گشت)ی کردووە و گەلانی دنیایش خۆیانی تێدا دەبیننەوە، بەچاوپۆشین لەو قۆناغەی پێیدا تێدەپەڕن.

لایەنێکی جوانی خانەقای میرزا ئەوەیە، نووسەرەکەی توانیویەتی هونەرمەندانە ڕووداوەکان پێکەوە گرێ بدات، هەرچەندە ساڵانێکی زۆر بەسەر ئەو ڕووداوانەدا تێپەڕیون. ڕۆمانی خانەقای میرزا کۆمەڵێک چیرۆکن، میران ئەبراهام بە داوێکی باریک ئەو چیرۆکانەی پێکەوە گرێ داوە و ڕۆمانێکی لێ ئەفراندوون. نووسەر با دۆستۆیڤسکییش بێت، ئەگەر زوو زوو ڕۆمانی بڵاو کردەوە، ئەگەری ئەوە بەهێزە، لاقی ببێت بە تەڵەی هەڵەی هونەرییەوە.

ڕۆماننووسێک یادی بەخێر، پەرەگرافێکی نووسینێکی منی گواستبووەوە ناو ڕۆمانێکی، کە پێم گوت: دەبوو ئاماژەت بە سەرچاوەکەی دابا، گوتێ: ئەوەی بۆ چییە، من و تۆ برادەرین! کە پاساوەکەیم نەسەلماند، گوتی: ئێ لەسەری بنووسە! میران ئەبراهامیش لە (خانەقای میرزا)دا، ملی هەمان ڕێی گرتووە، دوو پەرەگرافی نووسینێکی منی: (کانیی ماسی هەواری کەنار شاری بکوژان)  بۆ ناو ڕۆمانەکەی گواستووەتەوە، بەبێ ئەوەی  سەرنجی خوێنەری بۆ سەرچاوەکەی ڕاکێشابێت. ئەوی گومانی لەم زانیارییە هەیە، با سەیری نووسینەکەی من کە ٢٠٠١ نووسراوە(*) و لاپەڕەکانی ٣٣١ و ٣٣٢ی ڕۆمانی خانەقای میرزا بدات کە ٢٠٢٣ بڵاو کراوەتەوە.

خانەقای میرزا چەند دەیەیەک لە مێژووی نوێی سلێمانی دەگێڕێتەوە، گێڕانەوەیەکی بەگشتی سەرنجڕاکێش و چێژبەخش کە خوێنەر بە خۆیەوە گرێ دەدات. خۆ ئەگەر خوێنەرەکە وەکوو من، لە سلێمانیدا ژیابێت، شایەتحاڵی زۆر لەو ڕووداوانە بووبێت کە باس دەکرێن و گەلێک لە کارەکتەرەکانی لە نزیکەوە ناسیبێت، ئەوا چێژێکی زیاتر لە ڕۆمانەکە وەردەگرێت و بە تامەزرۆیییەوە درێژە بە خوێندنەوەی دەدات. ئەوەی هەندێک جار ڕۆماننووس، ئیدی با (مارکیز)یش بێت، بکەوێتە غەفڵەتەوە، چاوەڕوانکراوە. میران ئەبراهام کە کێشە ناوخۆیییەکانی حیزبەکان دەگێڕێتەوە، چونکە پشتی بە (زانیاری)ی نادروست بەستووە، هەندێک جار تووشی هەڵە بووە، هەر بەم هۆیەشەوە ستەمێکی زۆری لە هاوڕێیانی حیزبی شیوعیی عێراق کردووە، ئاخر هەر چی لە دژیان بیستووە، خۆشباوەڕانە تۆماری کردووە.

(ژوورێکت لە شار، لە دڵمدا بۆ چراخان ئەکەم، شەو و ڕۆژ ڕووناک بێت، تا پێکەوە پیروخەڕۆ ئەبین، شیعرت بۆ ئەهۆنمەوە.) گوایە ئەو ڕستە لاوازانە، نامەی دڵدارییە و شاعیرێکی گەورەی کورد نووسیویەتی. زوومەکەیم نەچرکاند، چرکاندن پێوەندیی بە زوومەوە نییە، بۆ کامێرا دروستە، زووم وێنەکە دێنێتە پێشەوە. جەڵدەی دەماخ، جەڵتە دروستە. تەسکییە نا، تەزکییە.سوتفە نا، سودفە. تووکی ڕیش و سمێڵ، موو نەک تووک. جلیکانی نایلۆن نا، پلاستیک. هەڵوێستەیەکی کرد نا، هەڵوەستەیەکی کرد. سەیارەی فۆرد، نەک فۆرت. بایەم نا، بادام، مەمەنگ نا، مەمەند. شەشی ئەیلوولی ١٩٣٠ زیاتر لە دوو سەد کەس لە بەردەرکی سەرا دەکوژرێن! دوو سەد نەبوون، ژمارەی قوربانییەکان لە بیستیش کەمتربوو، (دوو سەد)ەکەی بە نووسین نووسیوە، نەک بە ژمارە، تا وای بۆ بچین سفرێکیان هەڵەی چاپە. ساڵی پەنجاکان هەڵەیە، ساڵانی پەنجا دروستە. لووتژەن بووم و حەزم دەکرد هەموو شتێک بزانم، لووتژەن هەڵەیە، کونجکۆڵ: فزووڵییە. 

*

(*) حەمەسەعید حەسەن، ئەو وشانەی دونیایان هەژاند، ل١٦٢ و ١٦٣

(*) حوار علاء المفرجي مع شاکر نوری، جریدة المدی.

(**) الأدب الروسي في القرن التاسع عشر.

 

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە