ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

   سیروان سلێمان- گەرمیان

 ئەحمەد عەزیز حەسەن لە ساڵی( 1955) لە قەزای کفری لە شاری وەزیران  سەر بەناوچەی گەرمیان لە خێزانێکی جوتیار و زەحمەتکێش لە هامێزی گەرمی نیشتمان لە دایک بووە.بەهۆی بارودۆخی تایبەتی ئەو سەردەمەوە  دەرفەتی بۆ نەڕەخساوە بڕواتە بەر کاروانی خوێندن. لە ساڵی (1980) پەیوەندی کردووە بە ڕێکخستنەکانی حیزبی  شیوعی کوردستان ؍ عێراقەوە. لە ساڵی (1982) پەیوەندی کردووە بە بەتالێونی (4)ی گەرمیانەوە بووەتە پێشمەرگە. لە سەرەتای پێشمەرگایەتی تفەنگێکی پێ بووە بەناوی (بازۆکە) دەناسرێت. عەزیز حەسەن باوکی "ئەحمەد بارۆکە"  وەک پشتیوانێکی معنەوی گەورە لە پشتی کوڕەکەی وەستاوە و هاندەری بووە لە درێژەپێدان بە خەباتی چینایەتی و بەرگریکرن لە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش. لە دەیان داستان و قارەمانیەتی بەشداری کردووە وەک شەڕەکانی باوەکر و تازەشار و چالاکییەکانی سنوری دوادە. لە ساڵی (1988) لە شەڕی بەرگری ئەنفال یەکێک بووە لەو پێشمەرگە قارەمانەی وەک قەڵغانێک لە بەرامبەر زوڵم و ستەمی بەعس ڕووبەڕوویان بووەتەوە. لە دوای تاوانی شومی ئەنفالی (3)ی گەرمیان لە 7 ؍ 4 ؍ 1988 بە سەرپەرەشتی ( مامۆستا عەلی ڕووسی) بەرپرسی بەتالێونی (4)ی گەرمیان بڕیاری مقامەت و مانەوە وەک پارتیزان لە سنورەکەدا بمێنێتەوە. ئەو سنورەی ئەحمەد بازۆکە وەک بەرپرسی عەسکەری گەرمیان بڕیاری پارتیزانی تێدا دەدەن لە چوارشاخ، کوڵەجۆی زەنگ ئاباد، ناوچەکانی زەنگەنە و لە هەر شوێنێکی تر کە شارەزایی تەواویان لە ناوچەکەدا بوایە کاری پارتیزانیان تێدا کردووە. ئینجا دوای ئەوەی لینکەیەک لە نێوان شاخ  شار دروست بکات، ژیانی خۆی و هاوڕێ پێشمەرگەکانی باشتر بکات چونکە پێشمەرگە پێویستی بە خواردن و جل و بەرگ و پێداویستی لە هەمان کاتدا ویستی لە نێو شارەکان بوژاندنەوەی ڕێکخستنەکان لە ئەولەویەتی کارکردنیدا بووە. هەر لە ڕێگەی ڕێکخستنەکانی حیزبی شیوعی یەوە فڵان هاوڕێ لە ژێرەوە گومانی لێ دەکرێت پەیوەندی بە ڕژێمەوە هەیە، ئەحمەد بارۆکە ویستی دوای ئەنجامدانی چالاکیەکانی نێو شار لە ڕاست و دروستی هەواڵەکە بکۆڵێتەوە، بەڵام لەو کات و ساتەدا دەرفەتی بۆ نەگونجاوە، کاتێک ئەحمەد بازۆکە دەگاتە نێو ناحیەی سمود جاران لەسەر پردێک لەگەڵ  ئەبوو ڤیان بەرپرسی ڕێکخستنەکانی گەرمیان سواری ئۆتۆمبیلێکی لاندرۆفەرێک دەبن پێشـەوەی بگاتە سەر پردەکە خۆفرۆشەکە ئۆتۆمبیلەکە لێ دەخوڕێت و لایت دەکاتەوە و دەیکوژێنێتەوە وەک ئاگادارکردنەوە لەو کاتەدا ئەحمەد بازۆکە دەڵێت: بۆ وا دەکەیت؟ خۆفرۆشەکە دەڵێت: بە گۆڕی شەهید کاوە هیچ شتێک لە ئارادا نییە. ئیتر ئەحمەد بازۆکە هیچ گومانی لەوە نامێنێت هەواڵەکە ڕاستە و دەستبەجێ دەمانچەیەکی چواردە خۆری پێ دەبێت و دوو فیشەکی پێوە دەنێت و پێش برینداربوونی تۆڵەی خۆی دەکاتەوە، بە سزای گەل و حیزب دەگەیەنێت، سەرانی ڕژێم دەدەنە بە ڕێژنەی فیشەک تا فیشەکی پێ دەمێنێت بەرگری دەکات ئینجا بەهۆی سەختی شەڕەکەوە بریندار دەبێت و باڵێکی دەشکێت و توانای جوڵەی نامێنێت بەدەرلەوە زۆر ئازایانە پەلاماری ڕوومانەیەک دەدات بۆ ئەوەی بیتەقنێت بە دەستێکی ڕومانەکەی دەگرێت و قوڵفی ڕومانەکە بەدەم ڕادەکێشێت تەنانەت دەمی هەڵدەتلیشێت یەکسەر سەرانی ڕژێم دەگەنە سەری و ڕومانەکەی لێ دەسەنن و دەستگیری دەکەن، سەبارەت بە ئەبوو ڤیان لە کاتی کەوتنە نێو بۆسەکەوە دەرگای ئۆتۆمبیلەکە دەکاتەوە هەرلەوێدا شەهید دەکرێت. دوای دەستگیرکردنی  ئەحمەد بازۆکە ڕەوانەی زیندانەکانی ئەبوو غرێب لە شاری بەغدا دەکرێت، لە نێو زیندانەکانی ئەبوو غرێب ئەحمەد بازۆکە دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر لە سەر یەک وشە اعتراف لەسەر ڕێکخستنەکان و پێشمەرگەکان و ماڵە شیوعیەکان نەدرکێنێت. لە گەل کاک سیامەند تاهیر کادری سیاسی ڕێکخستنەکانی (PUK) بەهۆی کاری سیاسی یەوە دەستگیر دەکرێت لە یەک ژوور بەیەکەوە دەبن و دەڵێت: ئەحمەد بازۆکه جوامێری نێو زیندانەکانی ئەبوو غرێب‌ بوو  وەک قەڵایەک لە ورە بەرزی و قارەمانیەتی سەیرمان دەکرد، ڕژێمی بەعس وێرای توند و تیژی لە ڕادەبەدەری  لەهەمانکاتدا ڕێکخستنە سیاسیەکان لە چەشنی پۆڵا لە نێو زیندان لە بەرامبەر ئاگر وئاسن و کارەبا لە پێناوی بەڕگریکردن لە مافی ڕەوای گەلەکەمان بە پێ یەوە وەستا بوون، بەڵام هەزارجار ئەفسوس لە 2؍ 5؍ 1990 لە زیندانەکانی ئەبوو غرێب‌ لە سێدارە دەدرێت. دوای لە سێدارەدانی شەهید ئەحمەد بازۆکە تەرمەکەی ڕادەستی باوکی شەهید بازۆکە دەکرێت و پێ دەڵێن: ئەگەر پرسە بۆ کوڕەکەت دابنێت چارەنووسی تۆ لە کوڕەکەت باشتر نابێت. شەهید ئەحمەد بازۆکە بەهۆی سەقاڵی بە ژیانی پێشمەرگایەتی و حیزبەوە دەرفەتی بۆ نەڕەخساوە ژیانی هاوسەرگیری پێکەوە بنێت، بەڵام لە پێناوی مافە ڕەوای میلەتەکەمان ناوی بە زیندوو دەمێنێتەوە. هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدی فەرماندە ئەحمەد بازۆکە و تەواوی شەهیدانی کورد و کوردستان و نەفرەت لە خۆفرۆشانی کورد.

 

سەرچاوەکان: -

1 -چاوپێکەوتن لەگەڵ هاوڕێ مەحمود لە 29؍ 10 ؍2020.

2 -چاوپێکەوتن لەگەڵ (محەمەد عەزیز) برای (شەهید ئەحمەد بازۆکە) لە 30؍  10 ؍ 2020.

3 -چاوپێکەوتن لەگەڵ کاک (سیامەند تاهیر) زیندانی سیاسی( شەهید بازۆکە) لە 31 ؍10 ؍2020.

چالاکی حزبی