ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێگای كوردستان

فاروق حنا عەتو،كاندیدی ژمارە 131 بۆ ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراق.دەتوانی لەهەر بازنەو لەهەر پارێزگایەكەوە دەنگی بدەیتێ.ئەو تێكۆشەرێكی سەرسەختی ماف و ئازادییەكان و نوێنەری راستەقینەی ئێوە دەبێت.لەم دیمانەیەی رێگای كوردستاندا.تیشك دەخاتە سەر بەرنامەی كار و پلانەكانی هەروەها تیشك دەخاتە سەر خەبات و تێكۆشانی.

چۆن بوو بڕیارتدا خۆت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بپاڵێویت؟

لە هەڵبژاردنەكانی پێشتری هەرێمی كوردستان و عێراق، چەندین دۆست و ناسیاو و هاوڕێ داوایان لێكردووم كە خۆم كاندید بكەم، لەبەر ئەوەی لەزۆر بواری جیاواز كارم كردووە و ئەزموونی باشم هەیە بەتایەبتی لەبواری سیاسی، جەماوەر و ڕۆشنبیری، هەروەها جێگیر و نەگۆڕ بووم لەسەر فیكری سیاسیم، بڕوای تەواوم بە هەبووە كە لە رێگەی خۆكاندیدكردنمەوە دەتوانم كارێك بكەم كە لەبەرژەوەندی و جێگەی ڕەزامەندی هاووڵاتیان بێت، هەر بۆیە بۆ ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری خۆكاندیدكردمدا.

 

ئایا وەكو كەسەیاتییەكی سەربەخۆ خۆت پاڵاوتووە، یاخود وەكو ئەندامی حزبێك؟ ژمارەكەت بۆ هەڵبژاردن چەندە و لە چ بازنایەك خۆت پاڵاوتووە؟ دەنگدەران لە چ ناوچەیەك دەتوانن دەنگت پێ بدەن؟

من كاندیدی ژمارە (131) لەسەر لیستی كۆتای مەسیحی، وەك كەسایەتییەكی سەربەخۆ خۆم بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كاندید كردووە.

لەبەر ئەوەی كۆتا لە هەموو عێراق یەك بازنەیە، بۆ هەموو دەنگدەران لەسەرتاسەری عێراق، لە فاو تاكو زاخۆ دەتوانن دەنگم پێ بدەن، وەكو كۆتای مەسیحی خۆم كاندید كردووە و بڕوای تەواوم بەوە هەیە كە دەتوانم خزمەتیان بكەم، لەماوەی ڕابردوودا كاری زۆرم لەسەر دامەزراوە سیاسییەكان كردووە بەتایبەتی كلد و ئاشور، هاوكات لە رۆژنامەی حزبی شیوعی لە پاشكۆی كلد و ئاشور كارم كردووە، ئەمە جگەلەوەی لە رادیۆی عەینكاوەی حزبی شیوعی كوردستان كارم كردووە، وە دامەزرێنەری هەردوو تایبەتمەندی رێكخراوی كلد و ئاشور بووم، لەگەڵ هاوڕێیانی دیكە كە تایبەتمەندی كلد و ئاشووری تێدایە، دامەزرێنەری مۆزەخانەی سریانیم و كار و چالاكی زۆرم لە بواری نوسین و رۆشنبیری هەیە و چەندین كتێبی چاپكراوم هەیە. لەسەر ئەم بنەمایانە ئەو حەقە بە خۆم دەدەم كە لەسەر كۆتای مەسیحی خۆم بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كاندید بكەم.

 

بەرنامەی كارت چییە، بەتایەبتی لەرووی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری؟ وە لەداوی بوون بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق چۆن دەتوانی كار بۆ مافەمامی هاووڵاـیانی هەرێمی كوردستان بكەیت؟ بەرنامەی كارت بۆ هاووڵاتییان لە كەمە نەتەوەیی و ئاینییەكان چییە؟

بەرنامەی كارم زۆرە بەڵام لێرەدا بە كورتی ئاماژە بە هەندێكیان دەدەم:

كاركردن لەپێناو هێنانەئارای رژێمێكی دیموكراسی فرەیی شارستانی علمانی لە عێراق، بەشێوەیەك كە دوور بێت لە تایفەگەری و نەتەوەیی، هاوكات دابینكردنی مافی سیاسی و ئابووری بۆ گشت هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی.

رووبەڕووبوونەوەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی كە بۆ خزمەتكردنی سەرمایەداری و بیرۆقراتی بەكار دەهێنرێت.

دابینكردنی یەكسانی لە دابەشكردنی سامانە نیشتیمانییەكان لەسەر بنەمای نیشتیمانی، هاوكات دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەشێوەیەك لەگەڵ ژمارەی دانیشتوان بگونجێت.

رووبەڕبوونەوەی سیاسەتی زۆرینەی تایەفگەری و شۆڤێنی و بەكارهێنانی دین بۆ كاری سیاسی.

كاردەكەم لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان، لەسەر بنەمای جێبەجێكردنی مادەی (140) لە دەستووری عێراق، لەپێناو ژیانێكی هاوبەش و ئاشتی بەردەوام.

كاركردن بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی كە رووبەڕووی كاری تیرۆریستی بوونەتەوە بەتایەبتی سنجار و دەشتی نەینەوا، وە چارەسەركردنی كێشەكانی ئەم ناوچانە و گەڕانەوەی موڵكی ئەو كەسانەی كە لەماوەی ڕابردودا بە هەرهۆكارێك بێت لێیان زەوتكراوە.

لەسەر بنەمای دەستوور، كار دەكەم بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق، بەشێوەیەك كە گۆفتوگۆی بەردەوامی دیموكراسیانە لەم پێناوەدا بوونی هەبێت.

راگرتنی ئاسایشی ناوچەكە لەسەر بنەمای بوونی كورد و عەرەب وەكو دوو نەتەوەیی سەرەكی لە عێراقدا.

 

بەرنامەی كارت بۆ نەوە و ئاینی دیكە چ لەسەر ئاستی كوردستان، چ لەسەر ئاستی عێراق ؟

كار دەكەم بۆ دابینكردنی مافی سیاسی و كارگێڕی و رۆشنبیری بۆ توركمان، (كلدان، ئاشور، سريان)، بەگوێرەی مادەی (125) ی دەستووری عێراق، وە بەرگری لە مافی نەتەوەیی لەسەر بنەمای پێكەوەژیانی ئاشتیانە و لەسەر بنەمای رێزگرتن لە تایبەتمەندی رۆشنبیری و ئاینی مەسیحییەكان، ئێزیدی و كاكەیی، سابئی و مەندائی و گشت ئاین و مەزهەبەكانی دیكە دەكەم.

 

لەم هەڵبژاردنەدا، ژمارەیەكی زۆر لە چینی كرێكار و جوتیار، هاووڵاتی هەژار دەنگ دەدەن، بەرنامەت بۆ مافەكانی ئەم چینە جیاوازانەی كۆمەڵگە چییە، بەتایبەتی چینی هەژار و كرێكار؟

دابینكردنی ژیانێكی شایستە و دابینكردنی پێداویستییەكان و خزمەتكردنی كرێكاران و جوتیاران و ئەو كەسانەی داهاتی كەمیان هەیە لەپێشینەی كارەكانی مندایە، هەوڵ دەدەم لەرێگەی یاساییەكی تایبەتەوە و بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كارگێری و دارایی، زامنی كار بۆ كرێكارانبكەم و لەو رێگەیەشەوە رێژەی بێكاری لە وڵاتدا كەم بكرێتەوە.

 

تاچەند گرنگە هاووڵاتیان بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بە كەسایەتییە سەربەخۆكان بدەن؟

زۆر گرنگە هاووڵاتیان بەشدای لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن و نوێنەری خۆیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو دیاری بكەن، هاوكات زۆر گرنگە هاووڵاتیان دەنگ بە كاندید و كەسانی سەربەخۆ بدەن، تاكو دەرفەتی سەركەوتنیان زیار بێت، وە لەم رێگەیەشەوە لە خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا دەنگ و فیكری نوێ و جیاواز دوور لە هەژمونی حزبەكان بوونی دەبێت.

 

پرۆفایل

ناو: فاروق حنا عتو شمعون

لەدایك بووی: هەولێر – عینكاوا -1954

باری خێزانی :خێزاندار،2 كچ و 2 كوڕ

لە بنەماڵەیەكی كرێكاریم،ساڵی 1947 باوكم لە كۆمپانیای نەوتی كەركوك دامەزراوە.هەمان ساڵ بووتە ئەندامی رێكخستنی سەندیكای كرێكارانی نەوت و لەهەمان ساڵیشدا پەیوەندی كردووە بە ریزەكانی حزبی شیوعی عێراقەوە.

-دایكم ئەندامی كۆمەڵەی ئافرەتانی عێراق بووە بەر لەشۆڕشی 14ی تەمووزی ساڵی 1958.

-لەساڵی 1962 باوكم بەهۆی هەڵوێستە نیشتمانییەكانیەوە رووبەڕووی هەڕەشەی كوشتن دەبێتەوە لەلایەن تۆرانییەكان و بۆیە بەناچاری دەستبەرداریكارەكەی دەبێت لە كۆمپانیای نەوت و دەگەڕێتەوە عەنكاوا لە هەولێر.

-پاششۆڕشی 14ی تەمووزی 1958 برا گەورەكەمان نەجیب حنا عتو ناسراو بە (ابو جنان) و لە ریزەكانی پێشمەرگە بە (حەمە سەعید)ناسرابوو پەیوەندی بە یەكێتی گشتی قوتابیان دەكات و دواتر دەبێتە ئەندامی حزبی شیوعی عێراق ،لەپاش كودەتای شوومی ساڵی 1963 دەبێتە پێشمەرگە و بەردەوام دەبێت لە پێشمەرگایەتی.جارێكی دیكەش لە دوای ساڵی 1979 دەبێتەوە پێشمەرگەی حزبی شیوعی و لەدوای راپەڕینی شكۆداری خەڵكی كوردستان دەبێتە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان .بەداخەوە پاشان لە 1ی ئاداری ساڵی 2016 بەهۆی نەخۆشییەكی كوشندەوە كۆچی دوایی كرد.

-زۆربەی ئەندامانی خێزانەكەمان لەریزەكانی حزبی شیوعیدا ئەندام و پێشمەرگەبوون.ئەدیبی برامیش پێشمەرگە بوو،لەراپەڕینی ساڵی 1991 لە عەنكاوا برینداربوو.

-خۆم (فاروق حنا عتو) لە ساڵی 1973 بەر لە رێككەوتنی بەرەی نیشتمانی لەگەڵ بەعسییەكان،پەیوەندیم بە حزبی شیوعییەوە كرد و تا ساڵی 1976 كە بوومە سەرباز.دوای تەواوبوونی خزمەتی سەربازیم لە ساڵی 1978 جارێكی دیكە پەیوەندیم كردەوە بە رێكخستنەكانی حزبەوە.بەڵام لەسەر راسپاردەی هاوڕێ ( حنا یوسف ایشوع)كە ئەو كات بەرپرسی حزب بوو لە عەنكاوا من لە پەیوەندی تاكەكەسیدا بووم لە رێكخستن بەهۆی دەستپێكردنی پەلامار و دەستدرێژییەكانی حزبی بەعس بۆ سەر شیوعییەكان.پاش تێكچوونی زۆربەی رێكخستنەكانی حزب و پەرتەوازەیی كادیرانی حزب،بۆ ماوەیەكی كورت پەیوەندی حزبیم پچڕا،بەڵام دواتر پەیوەندییەكەمان بەستەوەو راستەوخۆ لەگەڵ هاوڕێ ئەبو حیكمەت كە ئەو كات ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی بووم ئەم كارانەمان ئەنجامدا:

1-پەیوەندیكردن لەگەڵ چەندین هاوڕێ و كەسایەتی نیشتمانی و كادیرانی حزب كە لەبەغدابوون بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە ریزەكانی پێشمەرگە لە كوردستان.

2- دەستپێكردنەوە بە دروستكردنەوەی رێكخستنەكانی حزب لە ریزی گەنجانی عەنكاوا.

3-پەیوەندیكردن لەگەڵ ئەو گەنجانەی كە دەیانویست ببنە پێشمەرگە لەریزەكانی حزب و رەوانەكردنیان بۆ ریزەكانی پێشمەرگە.

دوای ماوەیەكی باش لە كاركردن و ئەنجامدانی كارەكانمان بە رێك وپێكی،بەڵام بەهۆیدڕندەی بەعس و لەبەر ئاشكرابوونی جمووجۆڵەكانمان بەفەرمانی هاوڕێ ئەبوو حیكمەت و لەگەڵ خۆیدا چووینە ریزەكانی پێشمەرگەی حزب لە رۆژی 11ی ئایارگەیشتینە ناوزەنگ و پەیوەندیمان بە پێشمەرگەكانی حزبەوە كرد و لەگەڵ ئەم هاوڕێیانە بووین (ئەبو حیكمەت،خیری القازی،مام خدر روسی،ملا خدر،شەهید سالار،شەهید سالم).وەك هەر پێشمەرگەیەكی دیكەی حزب كارو چالاكییەكانم بەو پەڕی دڵسۆزیەوە ئەنجامدەدا،دووجار لەسەر فەرمانی حزب نامەی حزبیم گەیاندووە بەشارەكانی كوردستان و ئەركی سەربازی خۆم لە چالاكییەكانی پێشمەرگەدا بە رێكوپێكی ئەنجام داوە.

-لە بەهاری ساڵی 1980 گەڕامەوە عەنكاوا.پاش ماوەیەك دەستم بەكاری نهێنی حزبی كردەوەو بەرپرسی رێكخستنەكانی حزبم بووم لە عەنكاوا،تا راپەڕینی ساڵی 1991 بەردەوام بووم.لەو ماوەیەشدا چەندین ئەركی حزبیمان بە رێكوپێكی ئەنجامداوە.

- لە خۆپیشاندانی شیوعییەكان لە 6ی ئاداری 1991 بەر لە راپەڕینی 11ی ئاداری 1991 رۆڵێكی باشمان گێڕا،من و نزیكەی 40 هاوڕێ لە عەنكاوەوە بەشداربووین.من جلی سەربازیم لەبە كردبوو بە روتبەی مولازم ئەوەل .قارەمانانە رووبەڕی بەعس و جاشەكانی بووینەوە.دوای ئەوەی كە چواردەوری هاوڕێیانمان گیرابوو،بەهۆی ئەو جلە سەربازییەوە توانیم سەرجەم هاوڕێیان دەربازبكەم،ئەو هاوڕێیەمان كە برینداربوو گواستمەوە نەخۆشخانەوە پلانی رزگاركردنیمان دانا.

-لە رۆژی راپەڕینی شاری هەولێردا 11ی ئاداری 1991 لەعەنكاوا لەسەر رێگای فڕۆكەخانەی سەربازی بەسەختی برینداركرام.لەهەولێر و داوتریش لە ئێران حەوت نەشتەرگەریم بۆ ئەنجامدا.لەدوای گەڕانەوەم بووم بە ئەندامی لێژنەی 6ی ئاداری حزب لە لێژنەیەكی سێبەر بووم بۆ لێژنەی كۆمیتەی پارێزگای هەولێری حزبی شیوعی،دواتریش بووم بە ئەندامی لێژنەی كۆمیتەی پارێزگای هەولیری حزب.

-یەكێك بووم لە دامەزرێنەرانی تایبتمەندی كلدۆ ئاشوری حزب.یەكێكیش بووم لە دامەزرێ،ەرانی رێكخراوی كلدۆ ئاشووری حزب لەگەڵ هاوڕێیان ئەبو شاخەوان و توما القس.

-نوێنەر بووم لە كۆنگرەی پێنجەمی حزبی شیوعی عێراق ، هەروەها لە دوو كۆنگرەی حزبی شیوعی كوردستان و زۆرینەی كۆنفرانسەكانی هەولێر و عەنكاوا بەشداربووم.

پاش كاری پێشمەرگایەتی و چەكداری و كاری نهێنی، لەبەر ئەوەی بەهرەیەكی سەركەوتووم لەكاری كلتووری و نیگاركێشی هەبوو، ڕاژەی فەرمانبەریم لە وەزارەتی كشتوكاڵەوە بۆ وەزارەتی رۆشنبیری گواستەوە. لەوێ توانیم:

1- بەهاوكاری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەری هونەری سریانی (د.سعدی مالح) مۆزەخانەی سریانی دابنەزرێنم.

2- بەمەبەستی بە بەڵگەنامەكردنی لەرووی شارستانییەوە، بەرجەستەیی عەنكاوەم دروستكرد، كە تاكو ئێستاش نموونەی هاوشێوەی لە كوردستان و عێراق نییە، ئەم كارەم لەسەر ئەركی خۆم كردووەو ئێستاش لە مۆزەخانەی سریانی لە عەینكاوە بوونی هەیە.

3- چەند كتێبێكی چاپكراوم هەیە، ئەمە جگە لە چەندن نووسین و وتار، چەندین تابلۆی كلتووری، هاوكات مانگی داهاتوو كتێبیكی دیكە لەسەر عەیناوە چاپ و بڵاو دەكەمەوە.

 

چالاکی حزبی