ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

جەلال دەباغ

ئەمجارەش نووسین لەسەر ژیان و تێکۆشانی ئافرەتێکی تێکۆشەر، هاوڕێ (عائشە قادر یونس- عەیشێ گوڵ) وەک نمونە بڵاودەکەینەوە، تا هاورێیان و دۆستان وئافرەتان لە هاوکاریماندا بەشداربن، بە ناردنی نووسین و وێنەی ئافرەتانی تێکۆشەر. بۆئەوەی لە پەڕاوێکدا کە لەسەر تێۆشانی دەیان ئافرەت ئامادەی دەکەین و، جاروبار لەم لاپەڕەیەشدا بڵاویان بکەینەوە.

دەتواندرێ بە رێگەی رێکخراوەکانی حیزب لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان، یان ڕاستەوخۆ بەم ئەدرەسانە، کورتەی ژیان و تێکۆشان و وێنەی ئافرەتانمان بۆ بنێرن و پێشەکی سوپاستاندەکەین.

عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

Fecebook. Messenger: Jalal Dabagh

عائشە قادر یونس ناسراو بە (عەیشێ گوڵ) لە ساڵی ١٩٣٤ لە شاری کۆیە و لە خێزانێکی ناسراوی بازرگاندا لە دایکبووە. لەگەڵ محەمەدئەمین عەبدوڵا ناسراو بە (حەمەدەمین حەلاق) هاوسەرگیریی پێکهێناوە.

هاوڕێ عائشە قادر لە سەرەتای پەنجاکاندا، لە رێگای دۆستی خێزانەکەیان هاوڕێی شەهیدی سەرکردە، تێکۆشەر عەلی مەولودەوە، پەیوەندی لەگەڵ حزبی شیوعی عێراق پەیدا کردووە و لەوکاتەوە بە هەموو هێز و توانای خۆی لەڕیزی ئەم حزبەدا تێکۆشاوە.

هاوڕێ ئایشێ گرۆکە و هاوسەرەکەی بوونەتە خاوەنی هەشت منداڵ، پێنج کوڕ و سێ کچ.

کچەکان بەناوەکانی (کوردستان، کەلسوم و گوڵەباخ) و کوڕەکان بە ناوەکانی(ڕۆستەم، محمەد، رێبەر، رێبوار و بەشدار).

هاوڕێ عائشە قادر هەموو منداڵەکانی بە گیانی خۆشەویستی گەل و نیشتمان و بیروباوەڕی حزب و ئازایەتی پەروەردە کردبوون.

هاوڕێ محەمەد حەلاقی کوڕی، لەگەڵ ١١ پێشمەرگەی هاوڕێی، لەلایەن چەکدارانی یەنکەوە لە زاڵگەیەکی لای کۆیە دەستگیرکران و بەناڕەوا شەهیدکران. هەروا جگەرگۆشەیەکی تری بەناوی (بەشدار) لە کۆڕی تێکۆشاندا لە پێناو ئامانجەکانی چینی کرێکار و گەلی کوردستاندا شەهید کرا.

هاوڕێ ئایشێ گوڵ ژنێکی دڵسۆز و مرۆڤدۆست بوو، پەیوەندییەکی دۆستانەی باشی لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی شاری کۆیەدا هەبووە و، بەشداری لە هەموو بۆنە خۆش و ناخۆشەکانی خەڵکی شارەکەیدا دەکرد. بۆیە ئافرەتێکی یەکجار خۆشەویستبوو.

هاوڕێ عائشە شیوعییەکی چاونەترس و دڵسۆز و ئازا بوو، پاش کودەتا شوومەکەی ٨ی شوباتی ساڵی ١٩٦٣ی بەعسی ڕەفتارفاشیست، کۆمەڵە ئەفسەرێکی پێشکەوتنخواز روویان کردە شاری کۆیە، کە ژمارەیان شەست ئەفسەرێک دەبوون بە پلەی جیاواز، هاوڕێ عائشە قادر لەگەڵ هاوڕێیانی تر هاتنە پێشوازی و خزمەتیان بۆ دابینکردنی شوێنی مانەوە و خواردن بۆیان، پاشان هەموویان بۆ بارەگای حزب لە ئاوەگرد رەوانەکران و لەوێوە بەرەو شوێنی خۆیان بەڕێکران.

هاوڕێ عائیشە گروکە مرۆڤێکی نەترس و نەبەز بوو، ئازایانە گشت ئەرکێکی حزبی و کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستانی بەجێدەگەیاند و، چالاکانە بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی حزبی لە زۆر شاری کوردستان و عێڕاقدا هەڵدەسووڕا.

لەئەنجامدا لەلایەن دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی رژێمی دیکتاتۆرەوە دەستگیر دەکرێت و دوای ئازار و ئەشکەنجەی زۆر شەهیدی دەکەن بێ ئەوەی بتوانن باوەڕێ بە تێکۆشان لەق بکەن و نهێنییەکانی حزبی پێبدرکێنن.

کاتێکیش رووفاتی ئەم شەهیدە نەمرە گەیشتەوە شاری کۆیە، هەموو ئاشتیخوازان و تێکۆشەران و سەرجەم خەڵکی شارە تێکۆشەرەکەی کۆیە و ناوچەکە پێشوازییان لێکرد و بەڕێزێکی زۆرەوە بەخاکیان سپارد.

مایەی شانازیە بۆ خانەوادە بەڕێزەکەی، بۆ حزب و گەلە ستەمدیدەکەمان، بۆ خەڵکی شارەکەی کۆ، کە ئەم ئافرەتە شکۆدارە، ئاڵای تێکۆشانی بە شەکاوەیی بەرز ڕاگرت و خۆشی و دووکوڕە شەهیدەکەیشی چوونە ڕیزی نەمرانەوە.

لە ناو شاری کۆیەدا پەیکەری ئەم ژنە ئازا و سەربەرزە بڵند کرایەوە، بەڵام بەداخەوە لایان برد..!

بێگومان ئەو رۆژە دێت کە پەیکەری ئەم ژنە قارەمانە و دوو کوڕە شەهیدەکەی جارێکیتر لەو شوێنەدا بەرزبکرێنەوە.

نەمری و سەربەرزی بۆ هاوڕێ ئایشێ گوڵ و حەمە حەلاق و بەشدار و بۆ شەهیدانی گەل! سەرکەوتن بۆ بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی کوردستان.

چالاکی حزبی