ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

جەلال دەباغ

ئەمجارەش نووسین لەسەر ژیان و تێکۆشانی ژنێکی تێکۆشەر، هاوڕێ(مینا شێخ محەمەد مستەفا بەرزنجەیی) وەک نمونە بڵاودەکەینەوە، تا هاورێیان و دۆستان وئافرەتان لە هاوکاریماندا بەشداربن، بە ناردنی نووسین و وێنەی ئافرەتانی تێکۆشەر. بۆئەوەی لە پەڕاوێکدا کە لەسەر تێکۆشانی دەیان ئافرەت ئامادەی دەکەین و، جاروبار لەم لاپەڕەیەشدا بڵاویان بکەینەوە.

دەتواندرێ بە رێگەی رێکخراوەکانی حیزب لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان، یان ڕاستەوخۆ بەم ئەدرەسانە، کورتەی ژیان و تێکۆشان و وێنەی ئافرەتانمان بۆ بنێرن و پێشەکی سوپاستاندەکەین.

عنوان البريد الإلكتروني هذا محمي من روبوتات السبام. يجب عليك تفعيل الجافاسكربت لرؤيته.

Fecebook. Messenger: Jalal Dabagh

 

 

هاوڕێ مینا شێخ محەمەد مستەفا بەرزنجەیی

هاوڕێ مینا شێخ محەمەد لەساڵی ١٩٣٦دا لەسلێمانی هاتۆتە دنیاوەو بەهۆی باری سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو کاتەوە هەموو خیزانەکەیان دەچنە (کفری) وپاشان لە شاری کەرکوک نیشتەجێ دەبن.

مینا خانم لە ساڵی ١٩٥٣دا هاوسەرگیری لەگەل هاوڕێ دکتۆر سەعید دەکات. لەبەر ئەوەی هاوسەرەکەی ئەندامێکی چالاکی حیزبی شیوعی بوو ئەمیش زۆر بوێرانە هاوکاری خەباتی هاوسەرەکەی بوو، لەهەموو بوارێکدا پشتگیریی دەکردو لە هەموو خۆشی وناخۆشییەکاندا هاوکاری دەبێت و ورەی بەرزدەکاتەوەو بە چاکی ماڵ و منداڵی بە ڕێوەبردووە.

هاورێ مینا لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشە پیرۆزەکەی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ دەبێتە ئەندامی پەیوەستگای ئافرەتانی عێڕاق و ئەندامی حیزبی شیوعی عێڕاق.

لەو ساڵانەشدا هاوکاریی هاوسەرەکەی کردووە بۆ هەندێ کاروباری چاپکردنی بڵاوکراوەی حیزبی لە ماڵەکەیاندا.

دوای ئەوەی ماڵیان چۆتە سەرچنار لە سلێمانی چالاکانەتر دەستی بەکاری رێکخستن و کۆمەڵەی ئافرەتان کردووەو لەگەڵ هاوڕێیان زەکیە بابان و، شەمسە مەحمودو جەیران خان و ژنانی تێکۆشەری دیکە بەشداریی چالاکانەی خەباتی کردووە.

لەکاتی شاڵاوی درندانەی زەعیم سەدیقی بەدناودا لە سلێمانی لەساڵی ١٩٦٣داو دوای کودەتا شوومەکەی بەعسی فاشیست و قەدەغەکردنی هاتوچۆ، هاوسەرەکەی و دەیان نیشتیمانپەروەرو تێکۆشەر دەستگیر دەکرێن، هاوڕێ میناش بەشداری خۆپیشاندانەکانی ژنانی سلێمانی دەکات لە بەردەم حامیەی سلێمانیدا بۆ داوای بەردانی بەندو گیراوەکان و دەکەونە بەر هێرشی دڕندانەی سەربازانی زەعیم سەدیق.

هاوڕێ مینا بێترس لە خەباتی نهێنیی حیزبەکەیدا بەشداریی کردووە. هەروا بەشداریی کۆنگرەی ئافرەتانی عێڕاقی کردووەو، دەستپێشخەری کردنەوەی یەکەمین باخچەی ساوایانبووە لە سەرچنار.

لە ساڵی ١٩٧٨دا هاوڕێ دکتۆر سەعیدی هاوسەری لەلایەن ڕێژیمی بەعسی فاشیستەوە دەرمانخواردودەکرێت و کۆچی دوایی دەکات.

هاوڕی مینا بە بڕیاری حیزب لەکاری ئاشکراوە دەگوێزرێتەوە بۆ کاری نهێنی و ماڵەکەی دەکاتە ماڵێکی نهێنیی حزب و چەندان کادیری سەرکردایەتی حیزب لەمەڵەکەیدا حەشاردەدات و، ماوەیەکیش لە ساڵانی هەشتادا خەرێکی کاری نامەبەریی ناو رێکخراوەکانی حیزب دەبێت.

هاوڕێ (پرشنگ سەعید) "ئەستێرە"ی کچی یەکێک دەبێت لە کچە ئازاکانی خەباتی حزب و پاشان دەبێتە یەکێک لە پێشمەرگەکانی ڕاگەیاندنی حیزب و لەبواری رۆژنامەگەری و بێژەریدا لە بەشی کوردیی ڕادیۆیەکەی حیزب( دەنگی گەلی عێڕاق) کاردەکات و رۆڵێکی باشی دەبێت بۆ پێشخستنی راگەیاندنی حیزب، لەبەر ئەمە دەزگاکانی ئەمنی ڕێژیمی ڕەفتارفاشیست فشارێکی زۆر دەخەنە سەر هاوڕێ میناو ماڵەوەیان، بەڵام هاوڕێ مینا زۆر بوێرانە ڕووبەروویان دەبێتەوەو کارە حیزبیەکانی خۆی بە وردی و لەسەرخۆ ئەنجامدەداو، هەمیشە هەوڵی پاراستنی هاوڕێیانی بووە. یەکێک لەھەڵوێستەکانی، کاتێک ئازادی کوڕی، کەھێشتا میرمنداڵ بوو، لەلایەن ئەمنی سەرچنارەوە دەگیرێ، دایکیشی بە ھەڵەداوان خۆیدەگەیەنێتە کوڕەکەی و پێیدەڵێ: "کوڕم ئەگەر ئیعدام کراوی ناوی کەس نەھێنی..!" چونکە لەوکاتە ماڵەکەی ماڵی حزبی بووە،.. هەمیشە لە تێکۆشانی نەپساودا بووە تادوای ڕاپەڕینیش کاری کردوە، بەڵام بەھۆی تەمەنەوە وەک دۆستێک کاری دەکردو دەرگای ماڵیان واڵابوو بۆھاوڕێیان و ئەوخێزانانەی لەخوارووی عێراقەوە دەھاتن و لەماڵی خۆیاندا خزمەتی دەکردن. لەکاتی ٣١ی ئابدا کۆمەڵێک ئەرشیف و بەڵگەنامە نھێنیەکانی حزب کەلەلایەن ھاوڕێ ساماڵەوە بۆی ھێندرابوو، ھەموو ی تائێستاشی لەگەڵدابێت پاراستوونی و بە ئەمانەتەوە ھەڵی گرتوون... لەھەموو ھەڵبژاردنەکاندا دەنگ بەکاندیدەکانی حزبی شیوعی دەدات...

هەر ئاماژه بە ساڵانی كاری نهێنی ژێرزەمینی قۆناغی فاشیزمی سەدام بكەین، كە چۆن بە كارامەیی و ئازایی سە ركەوتوانە ئەركەكانت ئەنجام داوە .. چۆن لەو ساتە سەختانەداو بەبێ ترس ژیانی خۆت و خێزانت خستۆته مە ترسیەوە له پێناو پاراستنی ژیانی دەیان تێكۆشەری شارە دوورەكانی عێراق و پارچەكانی تری كوردوستان لە پێڵوی چاوەكانتدا دەتپاراستن و دە بوویته دایكێكی دلۆڤان بۆیان.....هەر بۆ ئەو كارەت شایانی چەندان چەپكه گوڵ و به دەیان میدالیای زێڕینیت ..لەو بڕوایە داین تۆ یەكێكی لەو بەهەڵوێستانە، كە نەوەیەكی نوێی بەئەمەك و پاك ناوت بە شکۆداری له مێژوودا دەنووسنەوە، هەر بۆیەش لەلایەن کۆمیتەی ناوخۆیی سلێمانی حیزبەکەمانەوە ڕێزت لێنراو چەپکە گوڵی وەفاداریت پیشکەس کرا.

سڵاوی گەرمی تێکۆشان لە هاوڕێ مینا شێخ محەمەد بەرزنجەیی و لەهەموو ئەو ژن و کچە تێکۆشەرانەی بوونە چەپەری پاراستن و بەتینکردنی خەباتی حیزبەکەیان وکۆمەڵە تێکۆشەرەکەی ئافرەتانی کوردستان لەپێناو دروشمە بەرزەکەی نشتیمانێکی ئازادو گەلێکی بەختەوەردا.

 

 

چالاکی حزبی