ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧-١١-٢٠٢٢ لە کەمپی شەهید رۆستەم جودی لە شارۆچکەی مەخمور، بەدروشمی(بەڕۆحی بەرخۆدانی گەریلا ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە پیرۆز دەکەین) ئاهەنگی ٤٥مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە بەڕێوەچوو.
شاندێکی کۆمیتەی ڕێکخستنی مەخموری حزبی شیوعی کوردستان پێکهاتبوو لە هاوڕێیان جەوهەر سەیدا لێپرسراوی کۆمیتەو ژمارەیەک لە هاوڕێیانی تری کۆمیتە، لەسەر بانگهێشتی بەڕێوەبەرایەتی کەمپی شەهید رۆستەم جودی لە ئاهەنگەکەدا بەشداربوون.
لە بەشی خوێندنەوەی بروسکەو پیرۆزبایی لایەنە سیاسیەکان، بروسکەی پیرۆزبایی حشک خوێنرایەوەو لە بەشێکیدا ئاماژە بە رەوشی مەترسیداری سەر دۆزی گەلەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان کرابوو، خوازیاری یەکڕیزی و ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کوردستانین و داوای هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرای هەموولایەنەکان دەکەن لە بەرامبەر پیلانی داگیرکەران لە دژی گەلەکەمان.