رێگای كوردستان- هەولێر
ئەمڕۆ چوارشەممە 2023/2/1 شاندێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی بەڕێز مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان و دكتۆر جعفر ئیمێنێكی ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەكان و ئاری نانەكەلی ئەندانی سەركردایەتی و رەسول رەزگەیی بەرپرسی دیسكی كوردستان لە بەشی پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی بارەگای مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستانیان كرد لەلایەن دكتۆر كاوە مەحمود سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان و هەندرێن ئەحمەد بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی ناوەندی و هاژە شێخ سلێمان ئەندامی مەكتەبی سیاسی و نەبەز مستەفا ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و هەریەك لە هاوڕێیان ئومێد محەمەد ساڵح و هاوتا رەسول و حاجی ئەكرەم ئەندامانی پەیوەندییەكانی ناوەندی پێشوازیكران.
لەدانیشتنەكەدا ئاڵوگۆڕكرا لەسەر رەوشی سیاسی ناوچەكە و ئەو پێشهاتوو و گۆڕانكاریانە و كێشانەی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و بڕیارەكانی دادگای فیدڕای عێراق كە لەدژی هەرێمی كوردستان و كێشە و گرفتەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق و باس لەیەك ریزی نێوماڵی كوردستان كرایەوە.
هەروەها لەتەوەرێكی تردا باس لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی كوردستان كرا و هەردوولا جەختیان كردوە كە پێویستە هەڵبژاردنی كوردستان لەم ساڵدا ئەنجام بدرێت.
لەكۆتایدا جەخت لە پەیوەندیە مێژووییەكانی حزبی شیوعی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كرایەوە.