لەگەڵ هەلومەرجی ناهەموار و ناجێگیری سەرتاپای جیهان بەگشتی و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی و ئاراستەی دیدگاکان بۆ ناوچە پڕ ململانێیەکان و بەهەندزانینی ڕووداوەکان بەتێڕوانینی سەرجەم بیروڕا سیاسييەکان و ئەرکی شیوعیيەکان لەم بارودۆخەدا و خۆئامادەکردن بەرەو پێشهاتە گرنگەکانی داهاتوو، لەکەش و هەوایەکی هاوڕێیانەی گەرم و لەژێر دروشمی (بەرەو پێشبردنی هەوڵ و تواناکان و زیاتر کاراکردنی ڕۆڵی شیوعیيەکان)، رۆژی 2025/1/25، ڕێکخراوی حزبی شیوعی کوردستان لە ئوستڕالیا کۆنفڕانسی شەشەمی خۆی گرێدا .
سەرەتا بەدەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی حزب و سەرجەم شەهیدانی بزاڤی ئازیخوازی گەلەکەمان دەستیپێکرد، پاش ئەوە بەخێرهاتنی هاوڕێ ئاسۆ گەرمیانی ئەندامی مەکتەبی مەڵبەندی دەرەوە کرا، کە بەسەرپەرشتیاری نوێنەرایەتی مەڵبەندی دەرەوە لەڕێگەی تۆڕی ئەنتەرنێتەوە ڕاستەوخۆ بەشداربوو، هەروەها سوپاسی بەشداریکردن و بەتەنگەوەهاتنی بانگهێشتی ڕێکخراوی حزب و پێشکەشکردنی چەپکەگوڵی هاوڕێیانی میوان لە ڕێکخراوی ئوستڕالیای حزبی شیوعی عێراق کرا .
دوای ئەوە دەستکرا بەخوێندنەوە و تاوتوێکردنی ڕاپۆرتی گشتی دەرئەنجامی کار و چالاکیيەکانی ساڵانی دوای کۆنفڕانسی پێنجەمی ڕێکخراوی حزبی شیوعی کوردستان لە ئوستڕالیا، کە لە 2021/6/20 بەسترا و گفتوگۆکردن لەسەر ئاستە جیاوازەکانی کار و چالاکیيەکاندا بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی، زۆرینەی هاوڕێیان بەگیانی خەمخۆری بەشداریيان لە هەڵسەنگاندن و بەرەوپێشبردنی سەرجەم خاڵەکان کرد .
پاشان هاوڕێ ئاسۆ گەرمیانی لەسەر بارودۆخی سیاسی تیشکی خستە سەر زۆربەی لایەنە جیا جیاکانی تابلۆی سیاسی گۆڕەپانی جیهان و ناوچەکە، هەروەها هاوڕێیانیش هاوکات بەشداری تەوەرەکانی بابەتە گرنگەکانی بوون .
پاشان لە کەشێکی دیموکراتیيانەدا سکرتێر و جێگری سکرتێری ڕێکخراو هەڵبژێردران لە هاوڕێیان، هەروەها نوێنەری ڕێکخراو بۆ کۆنفڕانسی مەڵبەند هەڵبژێردرا .
لەکۆتاییدا سکرتێری هەڵبژێردراو لەگەڵ پەیمان تازەکردنەوەی ڕاپەڕاندنی کار و ئەرکە حزبیيەکانیدا، سوپاسی متمانەپێدانی هاوڕێیانی کرد و هەروەها دەستخۆشی بەشداریکردنی هاوڕێ ئاسۆ گەرمیانی کرد، هەروەها سوپاسی هاوڕێیانی ڕێکخراوی ئوستڕالیای حزبی شیوعی عێراقی کرد بۆ بەشداریکردنیان، هیوای خواست بەتێنکردنی پەیوەنديی هاوبەشی کار و چالاکیيەکانی نێوان هەردوو ڕێکخراو بەرەوپێشتر بچێ بۆ سەرخستنی کار و ئەرکەکانی هاوڕێیانی هەردوو حزب لە ئوستڕالیا .
ڕێکخراوی حزبی شیوعی کوردستان لە ئوستڕالیا
2025/1/25