ڕێگای کوردستان/  محەمەد چاوشین

ڕۆژی پێنج شەممە، ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٥، ٥١ ساڵ  بەسەر بۆردوومانی شاری قەڵادزێ بە چەکی قەدەغەکراوی ناپاڵم لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ و ھەروەھا  ٤٣ ساڵیش بەسەر خوێناوی کردنی خۆپیشاندانی خەڵکی ئەو شارە لە ٢٤ی نیسانی ١٩٨٢کە بۆ ڕێزگرتن لە شەھیدانی بۆردوومانی ١٩٧٤ی ئەو شارە ڕێکخرابوو، تێپەڕ دەبێت. ئەم دوو یادەوەرییە مێژووییە، لە زەین و یادەوەری خەڵکی دەڤەری پشدەردا بە"کارەسات و ڕاپەڕین"ناوی دەرکردووە.

ئیدارەی حکوومەت لە دەڤەری پشدەر، ھەموو ساڵێک ھەندێک چالاکیی و مەراسیمی لاواز و نا کاریگەر کە ھیچ سوودێکیان بۆ بنەماڵەی قوربانیان و ھەروەھا ئاوەدان کردنەوەی دەڤەرەکە نییە، ڕێک دەخەن و تیایدا موژدەی زۆر بەڵێنی گەورە بە خەڵکی ناوچەکە دەدەن، بەڵام لەسەر زەمینی واقیع ھیچ بەڵێنێک جێبەجێ ناکەن!. بەرپرسێکی باڵای حزبی شیوعییش لەو بارەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان بەشداری لە بۆنە و مەراسیمەکانی یادی کارەسات و ڕاپەڕینی قەڵادزێدا ناکەن، داواش لە ئیدارەی ناوچەکە دەکات ئاوڕ لە دەڤەرەکە بدەنەوە و دەستی ئاوەدانیی بۆ درێژ بکەن.

بەرپرسێکی باڵا لە کۆمیتەی قەزای پشدەر، حزبی شیوعی کوردستان بە ماڵپەڕی"ڕێگای کوردستان"ی ڕایگەیاند، بەھۆی ئەو پشت گوێ خستنەی دەڤەری پشدەر و ئاوڕنەدانەوە لە داخوازییە ڕەواکانی خەڵکەکەی لەلایەن ئیدارەی حکوومەت لەو دەڤەرەدا، حزبی شیوعی بەشداری ھیچ چەشنە چالاکیی و مەراسیمێکی تایبەت بە یادەکانی کارەسات و ڕاپەڕینی قەڵادزێ لە ٢٤ی ٤ دا ناکات کە لەلایەن ئیدارەی حکوومەتەوە ڕێک دەخرێن.

ھەروەھا ڕوونیشی کردەوە"دەڤەری پشدەر لەھەموو ڕوویەکەوە فەرامۆش کراوە، دەستی ئاوەدانیی و خزمەتگوزاریی بۆ درێژ ناکرێت، بە دەنگ داخوازیی و داواکارییەکانی خەڵکی دەڤەرەکەوە نایەن، ھەربۆیە ھێشتا دەڤەری پشدەر ئاسەواری ئەو کاولکاری و ماڵوێرانییەی پێوە دیارە کە لەسەر دەستی ڕژێمی پێشووی عێراقەوە تووشی بووە".

بەرپرسەکەی حزبی شیوعی جەختیشی کردەوە" حزبی شیوعی حەز دەکات لە یادی بۆردوومانی شاری قەڵادزێ لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ کە ئەمڕۆ ٥١ ساڵ بەسەریدا تێپەڕ دەبێت، لە تەک بنەماڵە و کەسوکاری گیان بەخت کردووانی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە بوەستێت و  بەڕێزەوە یادیان بەرز بنرخێندرێت، بەڵام بەھۆی پشتگوێ خستنی دەڤەری پشدەر و بایەخنەدان بە بنەماڵەی سەربەرزی شەھیدان، وەکوو ھەڵوێستێک بایکۆتی ھەر چەشنە بۆنە و مەراسیمێک دەکەین کە لەلایەن ئیدارەی حکوومەت لەو دەڤەرە ڕێک بخرێت".

ئەو بەرپرسەی حزبی شیوعی ڕوونیشی کردەوە" بە ھەموو پێوەرێک، بۆردوومانی قەڵادزێ بە چەکی قەدەغە ‌کراوی ناپاڵم لە ١٩٧٤دا، دەچێتە خانەی قڕکردن و جینۆسایدەوە، حکوومەتی ئێستای عێراقیش وەکوو میراتگری ڕژێمی پێشوو، پێویستە قەرەبووی زیان لێ کەوتووانی ئەو کارەساتەی کردبایەوە، بەڵام بەرپرسانی ئیدارەی حکوومەت لەو دەڤەرە ھیچ ھەوڵ و ھەنگاوێکیان بۆ جوڵاندنی ئەو کەیسە نەناوە".

ھەروەھا گوتیشی"دەڤەری پشدەر پێویستی بە ھەنگاوی کرداریی و ئاوەدان کردنەوە و جێبەجێ کردنی پڕۆژەی ستراتیژیی ھەیە، نەک ئەوەی کە ھەموو ساڵێک لەکاتی ڕێکخستنی بۆنە و مەراسیمەکاندا برینی خەڵکەکە بکولێننەوە و بەڵێنی درۆینە بە خەڵکی تێکۆشەری ئەو دەڤەرە بدەن".

رۆژی ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ ژمارەیەک فڕۆکەی ڕژێمی بەعس،  زانکۆ سلێمانی کە ئەوکات لە قەڵادزێ بوو بۆردومان کرا و بووە ھۆی شەھید و بریداربوونی زیاتر لە ٣٠٠ کەس و ڕووخانی زیاتر لە ٢٥٠ خانووی ھاوڵاتیانی مەدەنیی ئەو شارە.

ھەروەھا، لە ٢٤ی نیسانی ساڵی ١٩٨٢، جەماوەری شاری قەڵادزێ، بە بەشداریی ڕێکخستنە نھێنییەکانی بەشێک لە ھیزە سیاسییەکانی کوردستان، خۆپیشاندانێکیان بۆ ڕێزگرتن لە یادی بۆردوومانی قەڵادزێ ڕێکخست. بەڵام خۆپیشاندانی ھێمنانەی خەڵکەکە بە تەقەی ھێزە چەکدارەکانی ڕژێمی بەعس وەڵام درایەوە و بەداخەوە چەندین ھاووڵاتی شەھید و بریندار بوون و دەیان کەسیش ڕاپێچی زیندانەکان کران.

بەرپرسەکەی حزبی شیوعی لە کۆتایی قسەکانی خۆیدا ڕایگەیاند، دەڤەری پشدەر سەدان کەموکوڕیی لەبوارەکانی پەروەردە، کشتوکاڵ، تەندرووستیی، وەرزشی، ژینگەیی و گەشتوگوزاردا ھەیە کە ئیدارەی حکوومەت لەو دەڤەرە کەمترین ئاوڕ لەو بوارانە ناداتەوە. ئەوەش وای کردووە دەڤەری پشدەر سیمای شارستانیی و ئاوەدانیی پێوە دیار نەبێت و کێشەیەکی گەورە بۆ خەڵکی ناوچە بخوڵقێت.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە