ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩-٥-٢٠٢٤ بە ئامادەبوونی دکتۆر کاوە مەحموود سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، ئەبو کاروان ئەندامی مەکتەبی سیاسی ، کوردۆ ساڵح ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر و ئەندامانی مەڵبەند و بنەماڵەی شەهیدان و هاوڕێیان، لەسەر گڵکۆکانیان لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد، یادی سی و نۆیەمین ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی هاوڕێیان (یوسف عەزیز، قارەمان حامید، مەجید نەجم باسە، سەڵاح عەزیز کۆیی) کوڕانی ئازا و چالاکی ڕێکخستنی حزبمان، لە زیندانی ئەبو غرێب لە ١٩-٥-١٩٨٥، بەرز راگیرا.
سەرەتای مەراسیم بە دانانی چەپکە گوڵی مەڵبەندی هەولێری حزبی شیوعی کوردستان لەسەر گۆڕی شەهیدان دەستیپێکرد، وتاری مەڵبەندی هەولێر لەلایەن هاوڕێ مەلا بەختیار حەساری و وتاری بنەماڵەی شەهیدان لەلایەن جهانگیر عەزیز خوێنرایەوەو باس لە ڕۆڵ و ئازایەتی ئەم هاوڕێ بە جەرگانەی ڕێکخستنی حزب کرا کە بە داخەوە لەلایەن خیانەتکارێکەوە بۆ دەزگاکانی بەعس ئاشکرا دەکرێن و لە ( ٣١-١٢-١٩٨٤ ) دەستگیر دەکرێن و لە ١٩-٥-١٩٨٥ لە سێدارەدران، هاوڕێیان سەری ڕێزیان بۆ گڵکۆی شەهیدان دانەواند و بەڵێنیان پێدان درێژە بە ڕێبازەکەیان بدەن.
هەروەها هونەرمەند دڵزار زرار بە سروودی شۆڕشگێڕی بەشداری یادەکەی کرد.
شایانی باسە، ئەم چوار شەهیدەی حزب و گەل بە پیلانێکی دەزگای موخابەراتی ڕژێمی عێراق لە لایەن یەکێک لە خیانەتکارانەوە لە بەرامبەر چل هەزار دیناری ئەو کات بە ناوی(ملکۆ) و ناو و شوێن و کار و هەڵسووڕانییان بۆ دەزگاکانی بەعس ئاشکرا دەکرێت و دەستگیر دەکرێن،
بۆ ماوەی چەند مانگ لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدانی سەختی دڕندانەی بەعسییەکاندا دەبن، دوا جار لە دادگای گاڵتەجاڕییانەی سەورەدا حوکمی لە سێدارەدانیان بۆ دەردەچێت و لە ڕۆژی( ١٩-٥-١٩٨٥ ) لە قەسابخانەی ئەبوغرێب لە سێدارە دەدرێن و تەرمی پیرۆزیان دەگەڕێنرێتەوە بۆ شاری هەولێر.