هەموو كاری حزبیمان بۆ هەڵبژاردن و هەموو ووزە و تواناكان لە پێناو سەرخستنی لیست و كاندیدەكانی حزب

سەر لەبەیانی رۆژی 20/7/2024 لە هۆڵی شەهیدانی عەنكاوە لە هەولێر كۆنفرانسی گشتی هەڵبژاردن بەسترا لە ژێر دروشمی ( هەموو كاری حزبیمان بۆ هەڵبژاردن و هەموو ووزە و تواناكان لە پێناو سەرخستنی لیست و كاندیدەكانی حزب ) بە ئامادە بوونی سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی و ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی و كادیرەكانی تایبەتمەندییەكان و كاندیدانی حزب لە بازنەكانی)هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە و پسپۆرانی بواری هەڵبژاردن (.

دەستپێكی كارەكانی كۆنفرانس بە سرودی نێونەتەوەیی و ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی حزب و بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان دەستیپێكرد . 

لە كۆنفرانسەكەدا ووتاری هاوڕێ‌ سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی و مەكتەبی هەڵبژاردن و راپۆرتی مەڵبەندەكان و بازنەكانی هەڵبژاردن و بەشداری ئامادەبوان بەرنامەی كاری كۆنفرانس دەوڵەمەندكرد .

ئامانجی سەرەكی بەستنی كۆنفرانسی گشتی هەڵبژاردن هەڵوەستە كردن و پیا چوونەوە و بەدواداچوونی زیاتر بوو بۆ كارو چالاكی رێكخستنەكان و چارەسەرەكردنی  ئەو گرفت و بەربەستانەی كە دێتە رێگای ئیش و كارەكانی حزب لە پرۆسەكە .

شایانی باسە كۆنفرانس گوڕ وتینێكی گەورەی دایە رێكخستنەكان بۆ ئەنجامدانی كار و چالاكی جەماوەری زیاتر و وێستگەیەكی گرنگ بوو بۆ بەرزكردنەوەی هۆشمەندی هەڵبژاردن و گۆڕانكاری دیموكراسی .

 هەروەها سەرجەم ئامادەبوان جەختیان لە جێبەجێ‌ كردنی دروشمی ناوەندی حزب لە پێناو سەرخستنی لیست و كاندیدانی حزب كردەوە .

سەركەوتوو بێت حزبی شیوعی كوردستان

سەركەوتوو بێت لیست و كاندیدانی حزب 

مەكتەبی هەڵبژاردنی ناوەندی

20/7/2024

وتاری هاوڕێ كاوە محمود سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان، لە كۆنفرانسی گشتی هەڵبژاردن 

 

هاوڕێیان ئەمڕۆ هەموومان لێرە كۆبوینەتەوە ، لە هۆڵی شەهیدانی عەینكاوە ، بۆ ڕاپەڕاندنی ئەركێكی گرنگی حزبیمان ئەویش گرێدانی كۆنفرانسێكی گشتی تایبەتە بە هەڵبژاردن و پرۆسەی ڕێكخستنەوەو وەگڕ خستنەوەی وزەو تواناكانمانە لە ژێر دروشمی (هەموو كاری حزبیمان بۆ هەڵبژاردن ، هەموو وزەو تواناكان لە پێناو سەرخستنی لیست و كاندیدانی حزب)

لەمرۆدا هەڵبژاردن یەكێك لە هێماكانی هەر سیستەمێكی دیموكراسی و، بە یەكێك لەو ئامرازە گرنگانە دادەنرێ، كە تێیدا هاووڵاتیان دەتوانن لە ڕێگەی دەنگدان و هەڵبژاردن نوێنەرانی خۆیان بەشداری لە دەركردنی بڕیار و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بكەن و ئەمەش سەرەڕای دەیان تێبینی لە سەر نەزاھەتی پرۆسەكەو ئەو ساختاكارییانەی كە لە هەڵبژاردنەكاندا ئەنجام دراوە ، وەك سەرەتایەكی باش كاریگەری لە سەر پرۆسەی سیاسی ھەرێمی كوردستان دانا و لەدوای ڕاپەڕینەوە بوە هەوێنی پەیرەوكردنی جۆرێك لە دیموكراسی و حزبمانیش لەم چوارچێوەیەدا بەشداری كاراو بەرچاوی هەبوە و ڕۆڵێكی گرنگی لە بەڕێوەبردنی ململانێ سیاسییەكاندا گێڕاوەو كاریگەری بەرچاوی هەبوە لە بوارەكانی گەشەی كۆمەڵایەتی و نوێنەرایەتیی ئافرەتان، هاندانی هاووڵاتیان بۆ بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن، گۆڕانكاری لە سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات، گەشەكردنی سیستەمی دیموكراسی و سەقامگیریی سیاسی و هتد، رێگایەكیشە بۆ بینینی ئەنجامی كارەكانمان و هەڵسەنگاندنی كاری حزبیمان . 

ھاوڕێیان/

هەر لەسەر ڕۆشنای ئەو بنەمایە ئێمە لە كۆبونەوەی كۆمیتەی ناوەندی بەشداریمان لە پرۆسەی هەڵبژاردن لەم قۆناغەدا بە بەشداری لە تێكۆشانێكی سەخت وێناكرد ، ئەو وێناكردنەش لە ترسەوە سەرچاوەی نەگرتوە بەڵكو لە هەڵومەرجی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی و ژینگەی سیاسی عێراق و كوردستان و  ڕەوشی ناوخۆیی حزبیمان و توانای مرۆیی و دارایی و ڕاگەیاندنمانەوەیە و پێمان وایە ئەم بارودۆخە  ناكۆكییەكان تێیدا گەیشتوەتە لوتكە ، شەڕی سەپاندن و بەرژەوەندی دونیای دابەشكردوەو بەرەو دوو جەمسەری .

هەرێمی كوردستان لەمرۆدا رووبەرووی قەیرانی گشتگیر دەبێتەوە رۆژ لە دوای رۆژ ماف  و ئازادییەكانیش لە پاشەكشەدان و بەشداریمان لە ھەڵبژاردنی  پەرلەمانی كوردستان  گرنگە بۆ رووبەروو بونەوە و گۆرانكاری، لەم شەڕەدا چەك و بیرو باوەڕی شیوعییانەو وابەستەیی بەحیزبەوە خالێكی ئێجگار گرنگە و دەبێت بە عقڵیەتی كاری بە كۆمەڵ و ئینسجام كاربكەین و پەیوەندی بەھێزمان بەجەماوەرەوە  ڕێگای سەركەوتنی حزب بەدەست دێنێ و نابێ لێی پاشگەزبینەوە بەتایبەت لەو هەڵوێستانەی كە پاڵپشتە بەهەڵوێستی خەڵكی ناڕازی و ئەو جەماوەرەی كە خواستی گۆڕانكاری ڕیشەی هەیە لەم سیستەم و دەسەڵاتەی هەرێم .

ھاوڕێیان /

حزبمان لە دوای كۆنگرەوە بە شێوەیەكی گشتی ھەناگاوەكانی زیاتر گورجكردەوە بەمەبەستی بەھێزكردن و كاراكردنەوەی مەكتەبی ھەڵبژاردنی ناوەندی و ئەو ڕێوشوێنانەی كە بۆ پرسی ھەڵبژاردن گرنگ و كاریگەرن و حزب پێویستی پێیەتی ، بۆیە بەم شێوەیەو بەپێكھاتەی ٧ ھاوڕێ ، مەكتەبی هەڵبژاردنی ناوەندی دیاری كرد كە ئەركی سەرەكیان ڕێكخستنی ئیش و كارەكان و سەرپەرشتی پرۆسەی ھەڵبژاردنەكانە ، ئەمەش بە ھاوكاری لیژنەی باڵای ھەڵبژاردن كە پێكھاتووە لە بەرپرسی ھەڵبژاردنی مەڵبەندەكان و كەسانی پسپۆڕ لەم بوارە 

لە دوای كۆنگرەو دابەشكردنی ئیش و كارەكان، ئەم لێژنە باڵایە بەرنامەو میكانیزمی كاركردنی بۆ چوار ساڵ دیاریكردو قۆناغ بەقۆناغ دەستبەكاربوو ، ھەر لە سەرەتاوە بەپێی ڕاپۆرتێك بەرنامەو ڕوئیای حزبی شیوعی بۆ ھەڵبژاردنەكان دیاریكرد كە لە ڕاپۆرتی ئامادەكراوی ئەم كۆنفرانسەدا بە تێروتەسەلی ئاماژەی پێ كراوە .

لە بەرنامەی مەكتەبی هەڵبژاردنی ناوەندیدا زۆر بەڕوونی دیدو تێڕوانینی حزب  بۆ سەرجەم ئەو پرس و بابەتانەی پەیوەستن بە  ھەڵبژاردن و سیستەمی دیموكراسی و ئازادی گشتیەوە خراوەتە ڕوو،  كە بۆچی جەخت لە بەرجەستەكردنی دیموكراسیەت و بەشداری كارای خەڵك دەكەینەوە لە هەڵبژاردن و گرنگی بەشدار بوونی ئێمە چیە لەم ھەڵبژاردنەداو كام یاساو كام كۆمسیونی باڵای ھەڵبژاردنمان دەوێ،  لەپاڵ  ئیقرار كردنی ئەم بەرنامە و پلانكارەشدا ، ئێمە جەختمان كردەوە لەوەی كە ئەم بەرنامەیە ، بەرنامەیەكی كرداریە و دەكرێ وەك ڕاپۆرتێكی ستراتیژی سیاسی و نەخشە ڕێگای تایبەت بە هەڵبژاردن تەماشابكرێت و تەنھا بۆ خولێكی ھەڵبژاردن نییە و بەڵكو سود بەخشە بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردن و پێویستە كادرو ئەندامانی حزب وەك چەكێك لە كۆڕو كۆبونەوەكان و بواری خۆ ڕۆشنبیركردن و شارەزای بەكاری بێنن ،  لەم پلانكارەشدا مەكتەبی هەڵبژاردنی ناوەندی ھەڵبژاردنی دابەش كرد بەسەر ٧ قۆناغ ( قۆناغی دەركردنی یاساكان ، قۆناغی تۆماری دەنگدەران ، تۆماری پارتەكان و دەنگدەران، ھەڵمەتی پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردن ، ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی ھەڵبژاردن و تانەكان ، ھەڵبژاردنی تایبەت و گشتییەكان ) لە ھەریەك لەم قۆناغانەشدا ئەركی ڕێكخراوەكان و ئەندامانی حزب بەشێوەیەكی ڕوون و ڕاشكاو دیاریكراوە بۆ چۆنێتی كاركردن لە بواری هەڵبژاردندا و دەكرێ بۆ هەریەك لەو خاڵانەی ئاماژەمان بۆكرد بابەتی گونجاوە بۆئەوەی بەبەرنامەی كاری لەسەر بكرێ .

 ھاوڕێیانی ئازیز/لەسەرو بەندی ئەنجامدان  و ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن تێروانینی مەكتەبی هەڵبژاردن و كۆمیتەی ناوەندی بەم شێوەیەی خوارەوە بوو بۆچۆنیەتی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان :- 

بژاردەی یەكەم /    پێكھێنانی لیستێكی هاوپەیمانیەتی فراوان  كە گوزارشت لە بەرەیەكی فراوانی خەڵك بكات.

 بژاردەی  دوو/    لیستێكی هاوپەیمانیەتی لەگەڵ حزبە چەپەكان و پێشكەوتوخوازەكان و كەسایەتییەكان ئەنجام بدات .

 بژاردەی سێیەم/  حزب بە تەنها بە لیستێكی تایبەت بەشداری بكات .

 لە ئەنجامی  چەندین كۆبونەوە لەگەڵ هێزو لایەنەكان گەیشتینە ئەنجامی پێكهێنانی  لیستی (هاوپەیمانی هەرێمی كورستان)، كە پێكهاتووە لە حزبمان و حزبی سۆسیالیست و زەحمەتكێشان و بە بەشداری بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان بە كاندیدێك لە بازنەی هەولێر ،  ئەم هاوپەیمانییەتە رێكەوتنێكی كاتییە و تەنها   وەك تاكتیكێك هاوكارە بۆ سەركەوتنی لیستەكەو سەرخستنی كاندیدەكانمان،  بۆیە ئێستا وا دەخوازێت و  ئەركیشە بەبێ‌ دوو دڵی كار بۆ سەرخستنی لیست و كاندیدەكان بكەین و لایەنە ئیجابییەكانی بخەینەڕوو  تێبینییەكانیش بهێڵینەوە بۆ دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن . 

ھاوڕێیانی ئازیز

گرێدانی ئەم كۆنفرانسە و ئامادەكردنی ڕاپۆرتی تایبەت بە هەڵبژاردن سەردێكی ئیش و كارەكانە بۆ بەرچاوی هاوڕێیانی بەشدار و دەمانەوێ لێرەوە بابەتیانە و بە ڕوحێكی دڵسۆزانەی شیوعیانەوە گفتوگۆێ تێكڕای پرسی هەڵبژاردن و بەشداریمان و چۆنێتی كاركردنمان بكەین لەم بوارەدا 

 ئامانجی سەرەكیمان ئەوەیە ئەم كۆنفرانسە دەرگایەك بێت بۆ سەركەوتنی لیستەكە و كاندیدەكانمان  و بەدیدێكی ھاوڕێیانەو مەبدەئیانەوە بچینە پێشەوە.

لە كۆتایدا/  ئەوەی گرنگە كارەكان بە پلان بەرێوەبچێت و وەرزی نەبێت

ھەڵبژاردن بۆ كادرو ئەندامانی حزبمان  بكەینە دەرفەت بۆ پەیوەندی كردن بەجەماوەرو تێگەیشتن لێیان و گەیاندنی سیاسەت و گوتاری  حزبمان بەجەماوەر

 دەبێت بە كردەیی بزانین تا ئێستا چیمان كردووە، چەند لێژنە دروستكراوە،رۆژانە چی دەكەین، ئایە ئەو پلان و بەرنامەی دامان  ناوە رۆژانە چی لێی جێبەجێكراوە و بەدواداچونی بۆ بكەین

 ئەم ھەڵبژاردنە كۆتا ھەڵبژاردن نییەو وەرچەرخان و قۆناغێكە دەبێت ببیتە بنەمای كارمان بۆ ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە