بڕیار عەبدولڕەحمان- ڕواندز
لە دۆڵی ئاکۆیان کۆمیتەی ڕێکخستنی ڕواندزی حزبی شیوعی کوردستان کۆڕێکی بۆ (م. شوکریە دێوانە) ڕێکخست.
ئێوارە کۆرەکە ڕۆژی شەممە ٢٠٢٤/٥/١٨ لەژێر ناونیشانی (لۆغان یەکەم بنکەی پێشمەرگەی حزبی شیوعی لە ڕواندز) بەڕێوەچوو.
هاوڕێ م. شوکریە دێوانە خۆی یەکێک بووە لە ئافرەتە تێکۆشەرەکانی حزب لە دەڤەرەکە، بە کورتی لە بارەی ژیان و کارو تێکۆشانی خۆی دوا، باسی لە هەموو ئەو دژایەتیانە کرد کە بەرامبەری کراوەو ئەو کۆسپ و تەگەرانەی لە ژیانی سیاسی و پەروەردەیی هاتوونەتە بەردەمی.
دواتر ناوبراو تیشکی خستە سەر مێژووی پرشنگداری حزبی شیوعی و لۆغان وەک یەکەم بنکەی پێشمەرگەی حزبی شیوعی لە ڕواندز. بیرەوەرییەکانی خۆی وەک ژنە تێکۆشەرێکی ئەو ڕۆژگارە گێڕایەوە.
هەر لە ئێوارە کۆڕەکەدا هاوڕێ هیوا عومەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان بە وتەیەک بەشداری کرد و ڕایگەیاند" حزبمان کۆی تێکۆشانی لە پێناو خەڵک بووە و حزب ئامراز بووە بۆ گەیشتن بە نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار"
ناوبراو وتیشی" ئەمەی ئەمڕۆ دەگوزەرێ لە بێکاری و جیاکاری و گەندەڵی و شکستی ئەم دەستەڵاتە، پێویستی بە ڕوحیەتی شۆڕشگێڕی و گۆڕانکاریی هەیە و حزبی شیوعی هەمیشە لەبەرەی گۆڕانکاری و سەنگەری گەلە"
لە کۆتایی ئێوارە کۆڕەکەدا کۆمەڵێک ئافرەتی تێکۆشەر و دێرینی حزبی شیوعی خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێ بەخشرا.