ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاكۆ عەلی

لەهەفتەی رابردوودا پارتە چەپ و سۆسیالیستەكانی فەڕەنسا ( حزبی شیوعی فەڕەنسی ، پارتی سەوز/پارتی سۆسیالیست، France insoumise) توانیان بەرەیەكی چەپ لەوەتی دوو دەیەی رابردوو دروستبكەن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی فەڕەنسا كە بڕیار وایە لە لە 12 ی مانگی حوزەیرانی داهاتوو خوولی یەكەمی بەڕێوەبچێت.

ئەو هاوپەیمانیەش لەدوای ئەوە هات كە لەچەند هەفتەی رابردوو چەپەكان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نەیانتوانی بەیەك پاڵیوراو بەشداربن و نەشیانتوانی بگەنە قۆناغی دووەم لەكاتێكدا كۆی دەنگی هەموو پاڵیوراوانی چەپ زیاتر بوو لە 30% دەنگەكان كە زۆرترین دەنگی دەكرد و بۆی هەبوو بچنە قۆناغی دووەم و سەرۆكایەتیش ببەنەوە ئەگەر بە یەك پاڵیوراو بچووبایەن.

لەئەنجامی ئەو شكستەیان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەر زوو چەپەكان هەستیان مەترسیكرد، بویە لە رۆژی 4ی ئایارەوە كەوتن خۆیان و دەستیان بە دروستكردنی بەرەی چەپ كرد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی وڵاتەكە.

ئەنجوومەنی نیشتمانی فەڕەنسی 557 كورسییەو لەگەڵ ئەنجوومەنی پیران كە 348 ئەندامە و بەهەردووكیان پەرلەمانی فەڕەنسا پێكدەهێنن كە كۆی گشتی ئەندامانی 925 ئەندام دەكات.لە ئێستادا حزبەكەی ماكرۆن زۆریینەی ئەو كورسیانەیان بەدەستەوەیە. بەڵام چەپەكان و لەولاشەوە راستڕەوەكان هەوڵی خۆیان خستۆتە گڕ بۆ ئەوەی زۆرینە لەبەردەستی ماكرۆن دەربهێنن.

زۆرینەی ئەنجوومەنی نیشتمانی لەو كاتەی دەتوانێ چاودێرێكی بەهێزی سەر حكومەتەكەی ماكرۆن بێت و كاریگەری لەسەر یاسادانانی وڵات هەبێت، لەهەمان كاتیشدا نوێنەری دەبێت بە سەرۆكی حكومەتی فەڕەنسی، لەتەك ماكرۆن كە سەرۆكی وڵاتە چەپەكان دەیانەوێت میلیشۆنی گەورە پاڵیوراوی چەپ بگەڕێننەوە بۆ هاوبەشی دەسەڵاتی فەڕەنسا و بیكەنەوە بەسەرۆكی حكوومەتی فەڕەنسی. سەركەوتنی وەها سیناریۆیەك بۆی هەیە لەلایەك فشاربخاتە سەر دەسەڵاتەكانی چوارساڵی داهاتووی ماكرۆن،لەولاشەوە رێگە بگرن لە بەهێزبوونی راستڕەوە توندڕەوەكان لەفەڕەنسا بەسەرۆكایەتی لۆپێن.دواجاریش پاككردنەوەی رێگە بێت بۆ گەڕانەوەی چەپ بۆ سەر شانۆی دەسەڵاتی فەڕەنسا دوای ئەوەی كارەكانی سەرۆك هۆلاندی سۆسیالیستی رێگەی خۆشكرد بۆ هاتنی ماكرۆن و ئەویش رێگەی بۆ بەهێزبوونی راستڕەوی خۆشكرد!

هەرچەندە كە ئەوە هەنگاوێكی گرنگە كە چەپەكان لە بەرەیەكدا یەكبگرن، بەڵام لە نێو حودی حزبە چەپەكانی ناڕەزایی بەرامبەر ئەو بەرەیە دروستبووە و هەندێك پێیان وایە بۆی هەیە كاریگەری نەرێنی لێبكەوێتەوە و دواجار بە خزمەتی ماكرۆن بشكێتەوە.بەڵام ئەگەر رێككەوتنی نێوان چەپەكان لەنێوخودی حزبەكانەوە تووشی كێشە نەبێت ئەوا بێگومان لە ئاستی شەقامدا پێشوازی لێدەكرێت و دەبێتە هیوایەك بۆ كۆتایهێنان بە دەسەڵاتی ماكرۆنی سەرۆكی دەوڵەمەندان و لاوازكردنی رەوتی راستڕەوی دەمارگیر!

 

چەپ وكرێكاری