دیمانەیەكی تایبەت بە داستانی هەندرێن:
ئامادەکردنی:مەغدید حاجی
مستەفا قادر مەحمود ناسراو بە (مستەفا چاوڕەش)،لە ساڵی1946 لە شاری سلێمانی لە دایکبووە. لە ساڵی1965 بۆتە پێشمەرگەی حیزبی شیوعی عیراق. یەکێکە لە بەشداربووانی شەڕی ناوداری هەندرێن(2ی ئایار تاکو دوانزەی ئایاری1966 ) لە داستانەکەشدا یەک لە پێشمەرگە فیدائییەکان بووە، لە ناوەڕاستی شەڕەکە لە 12-5-1966 لەکاتی هێرشکردندا بۆسەر سەنگەرەکانی دوژمن، گوللەیەک بەر سەروگوێچکەی کەوتووە بریندار بووە.
لە گەڕان و چاوپێکەوتن و بەدواداچوونەکانماندا دەربارەی ئەم شەڕە مێژووییە، بە پێویستمان زانی سەردانی بکەین و چاوپێکەوتنی لەگەلدا سازبکەین.ئەوەبو هاوڕێی بەڕێزمان (ئەبوکاروان) دیدارەکەی بۆ ڕێکخستین و ڕۆژی2-4-2024 هاوڕێ لەگەل بەڕێز بەختیار شەعبی لە شاری سلێمانی سەردانی بەڕێز مستەفا چاوڕەشمان کرد کە ئێستا بەرپرسی یەکەی 70 ی هێزەکانی(ی.ن.ک) ە، ئەنجامی سەردانەکەمان ئەم چاوپێکەوتنەی خوارەوەبوو، پێشکەشە بە (58) مین ساڵیادی داستانی هەندرێن.
+ مەغدید: لە چ مێژووێک پەیوەندیت بە ڕیزەکانی حیزبی شیوعی عیراق کردووە؟
ــ مستەفا چاوڕەش: لە ساڵی1962 لەو کاتەی خوێندکاربووم لە ناوەندی شۆڕش چوومەتە ڕیزی حیزبی شیوعی عیراق. لە مانگی نیسانی 1965 یش چوومەتە ڕیزی پێشمەرگەی حیزب. یەکەمجار حیزب منی نارد بۆ لای قەڵادزێ، لقی کوردستانی حیزبی شیوعی عیراق لەوێ بوو،ڕۆژێک لەوێ مامەوە دوایی منیان نارد بۆ ئاوەگرد، بە سەیارەیەک ڕۆیشتم لەگەل شەهید عەلی مەولود داربەسەری و ملازم ئەحمەد جبوری و د. عەلی سلێمان چووینە ئاوەگرد، لەوێ سێ مانگ لە خولێکدا بەشداربووم. مامۆستایەکی گەنج ناوی کەمال خدر بوو بەرپرسی بارەگاکە بوو. دوای سێ مانگ، حزب بۆ پێشمەرگایەتی ئێمەی نارد بۆ هەندرێن.
+ مەغدید: کە چوویتە هەندرێن لەگەل چ پەلێک پێشمەرگە بوویت؟
ــ مستەفا چاوڕەش: لە پەلی ملازم عەبدولرەحمان بووم. شەهید عەریف یونس سەرلق بوو.
ملازم عەبدولرەحمان گەنجێکی جوان و پیاوێکی ڕووخۆش و دەم بەپێکەنین بوو.ئەفسەر بوو لە سوپای عیراق.بەرپرسمان بوو.ئیدارەی پەلەکەمانی دەکرد.خەڵکی دیوانیە بوو.
+ مەغدید: فەرماندەکانی پێشمەرگەی حیزبی شیوعی لە هەندرێن کێ بوون؟
ــ مستەفا چاوڕەش: ئەوەی لە بیرم بێت وەکو فەرماندە، کەمال نعمان بوو بارەگاکەی لە بەرسرین بوو، فاخیر مێرگەسوری، ملازم عەبدولرەحمان، عەریف یونس. هەر لەو کاتەشدا کۆمەڵێک شیوعی هاتنە ناوچەکە،یەک لەوانە سەعید مەتەڕ بوو،خەڵکی تریشی لێبوو،کە بەرپرس بوون، وەکو منیر عسکر کە خەڵکی هەولێر بوو، هەروەها حاجی مەلا ڕواندزی.
+ مەغدید: ناوی پێشمەرگەکانت لەبیرە، ئەوانەی خەڵکی سلێمانی بوون و لەوێ پێشمەرگە بوون؟
ــ مستەفا چاوڕەش: ئەوانەی لەوێ بوون،ئەوە کاک کەمال شاکر خۆی لێرەیە کە بەشداری شەڕەکەی کردووە،تاکو ئێستاش هەر لە تێکۆشان بەردەوامە. کوڕێکمان لەگەل بوو ناوی حەسەن بچکۆل بوو، شەهید بوو.پێشمەرگەیەکی ترمان لەگەل بوو ئەویش لە هەندرێن بریندار بوو حەسەنەشەلیان پێدەگوت. عوسمان ئامەی بەزغەش بوو،عەلی ساڵح بوو،حەمەجەزا عومەر بوو،ئیسماعیل ئەحمەد بوو، دوایی شەهید بوو. ئەوانەم لەبیرە.
+ مەغدید: چیت لەبیرە لە ڕۆژانی شەڕی هەندرێن،هەر لە شەوی2/3 -5 -تاکو 12 - 5 -1966 ؟
ــ مستەفا چاوڕەش: لە شەوی2/3 ی ئایار جاشەکان و سوپای عیراق پێشڕەویان کرد بەرەو سەر شاخی هەندرێن، زۆر سەرکەوتبوون، من پێشمەرگایەتیم لە ئەشکەوتی شەهیدان و چەقەلی مام برایمی بوو لەسەر شاخی هەندرێن. هەندرێنیش لە گەورەییدا پانترین شاخە لە ناوچەکەدا، ئاویشی تیا نییە. کانییەک هەبوو کانی گیزیان پێدەگوت،لە خوارەوە بوو، لەوێ بە پشتی گوێ درێژ ئەوی خەفەربا ئاوی سەردەخست. سەرکەوتین تاکو ئەشکەوتی گامور لەسەر شاخی هەندرێن، هەموو هێزەکان لەوێ یەکمان گرتەوە. ئینجا لە ڕۆژانی پێش 12-ی ئایار ئەوانەی بەرپرس بوون لەوێ بەرنامەیان دانا،گوتیان کێ خۆی ئەنووسێ بۆ هێرش، من یەکێک بووم خۆم نووسی،لەگەل ئەو پێشمەرگانە،جا ناوی ئەوانەم بە ڕاستی لەبیر نییە، لەوانەی لە شەڕەکە لەمن نزیک بوون ساڵحی مام ئەلیاس بوو شەهید بوو.باوکیشی مام ئەلیاس خەڵکی ڕواندز بوو سەرپەل بوو لەگەلمان. عەریف یونس سەرلق بوو شەهید بوو. من تفەنگەکەیم هەڵگرتەوە دوایی تەسلیمی ئەوانم کردەوە.ئەو سیانە لە داستانی هەندرێن شەهید بوون:( عەریف یونس، ساڵح مام ئەلیاس، خدری عەولا بەگی دەرگەلەیی)منیش پێکرام و بریندار بووم.
+ مەغدید: ئەوەندەی لەبیرتان مابێت،چۆن جاش و سوپا توانیان لە ئێوارەی دوو لەسەر سێی ئایاری 1966 سەر شاخی هەندرێن بکەون و داگیری بکەن؟
ــ مستەفا چاوڕەس: یەکەم، شاخی هەندرێن ئەوەندە پانە لە زۆر شوێنەوە ئەتوانی بۆی سەرکەویت.ئەو کات پەلەکەی ئێمە، ئەوە کاک کەمالیش جەنابی لێرەیە، (15)شەو واجبمان دەگرت و (15)شەو دەهاتینە خوارێ، لە ناوچەی جنێراوەو میراجیان لەسەر ئاوی دەنگارە ، ئاوێکی سارد،هەروەها بارەگامان لە ماویلیان لە بەرسرین،لە ئەوانە بوو.کە واجب ئەبوو ئیتر ئەچووینە سەرێ بۆ واجبەکە .ئیتر کە شەڕ دەستی پێکردو وتیان هجوومە هەرکەسەو لەگەل پەلەکەی خۆی سەرکەوتینە سەرشاخ . ئەوان سوپاو جاش لە هەموو لایەکەوە هجوومیان دەستی پێکردبوو، مقاوەمەتێکی ئەوتۆ نەبوو.ئێمە هەنگاو بە هەنگاو سەرکەوتین. ئیتر حزبیش ئەو قیادانەی کە لەوێ بوون،بە هاوکاری لقی کوردستان کە لە دەرگەڵە بوو.(ئەبو حیکمەت،مەلا ئەحمەد بانیخێلانی و بەهائەدین نوری)..من ئەوانەم هەموو لە بیرە.دوایی بەرنامەی شەڕەکە دانراو هجوومی پێشمەرگە دەستی پێکرد.
ــ مستەفا چاوڕەش: هەردووکیان بەرپرس بوون،کاک فاخر یەکێک بوو لە بەرپرسە گەورەکانی پێشمەرگەی حیزبی شیوعی. هەم ڕەئیس کەمال هەم کاک فاخر. شەهید منیرعەسکەروئەوانەش لەوێ بەرپرسیارێتیان لەسەر شان بوو.ملازم خدریش لەسەر تۆپخانە بوو، ئەویش یەکێک بوو لە بەرپرس و ئەفسەرەکانی تۆپخانە.
+ مەغدید: پلانی هێرشی پێشمەرگە بۆ ڕزگارکردنی هەندرێن کە لە 12-5-1966 جێبەجێکرا،ئەوەی من لە سەرچاوەکان بیستبێتم یان خوێندبێتمەوە،ڕەئیس کەمال دایڕشتووە.ئێوە دەڵێن چی؟
ــ مستەفا چاوڕەش: زۆر ڕاستە،چونکە لە هەمان کاتدا ڕەنگە کە پلانێکی وا دائەنرێت تەنیا کەسێک بڕیارنادات، دائەنیشن هەیئەتێکن بڕیاردەدەن.چونکە ڕووداوێکی گەورەبوو،تەنگژەیەکی گەورە بوو،پڕوپاگەندەیان بڵاودەکردەوە دەگوترا وەڵلا شیوعییەکان هەندرێنیان فرۆشت!نازانم چی و چی! دواییش کە هجووممان کرد بووین بە قائیدی هەموو دنیا! هەموو دنیا باسی ئەکردین. بۆیە پلانەکە ڕەئیس کەمال داینا و لەگەل کاک فاخریش بە کۆمەڵ پەسندکرا.
+ مەغدید: ئەوەندەی لەبیرتە ڕۆژی12-5-1966 هێرشەکە کاتژمێر چوار دەستی پێکرد،یەکەمجار تۆپەکان تەقێنران دوایی فیدائییەکان هێرشیان دەستپێکرد،بۆسەر ڕەبییەکانی دوژمن، چیت لەبیرە؟
ــ مستەفا چاوڕەش: وەکو باسم کرد دەستەی هجووم جیاکرانەوە،ملازم خدر بەرپرسی تۆپخانە بوو،کەمال نعمان لەوێ بوو، دوای نیو کاتژمێر لە تۆپباران، ئێمە حەماسی خۆشی گرتبوومانی، هەموو هجووممان کرد، لە زۆر شوێنەکان ئێمە هجووممان دەکرد،سوپاش بەرەو شکان دەچوو، لەناو قەدی هجوومەکە گوللە لێیدام لەسەرم، جا ئەوە نوکتەیەکی خۆشیشی تیایە، گوللە بەرگوێم کەوت، خوێن لە هەموو گیانم دەهات،لە چاوم، لە گوێم،وام ئەزانی ئەمرم،هوتافم ئەکێشا :" بژی حیزبی شیوعی،بژی چینی کرێکار"! کوڕێکمان لەگەلا بوو ناوی بەکرەڕەش بوو، وتی: " هەتیو فڵقە فڵق کەی وەختی ئەوەیە خەریکە ئەمریت"! ئینجا دوای ئەمە من ئاگام لە هجوومەکە نەما، دنیاش بەرەو تاریکی ئەچوو.هەڵیان گرتم،چادرێک هەڵدرابوو. بردمیان بۆ ناو چادرەکە، وابزانم خێمەی ئامر لیوا بوو، ڕایکردبوو، لەوەدەچوو وابێت،لە هی سەرباز نەدەچوو، هەموو پێویستییەکی تێدا بوو،بۆ نموونە لێفەی تێدا بوو بە بەرگەوە. لە سەربازی هەر بەتانی هەیە، منیان بە لێفەی ئامرلیواکە داپۆشی،ئەو شەوە بەبێ دەرمانکردن مامەوە، بەڵام هاوڕێکانم، برینەکەیان توند بۆ بەستم، بۆ ئەوەی خوێنی زیاترم لێنەڕوات. ڕێگەش ئەوەندە دوور بوو هی ئەوە نەبوو بە کۆڵ هەڵمگرن، بەو شەوە هەر نەدەکرا، بەیانی تۆزێک بە کۆڵ هەڵیانگرتم و وڵاخیان بۆ پەیداکردم، سواریان کردم بۆ خوارەوە،بۆ بارەگای پشتەوە، لەسەر جادەی هامڵتون، لەوێشەوە سواری سەیارەیانکردم بۆ خەستەخانەی شۆڕش لە ناوپردان،کە خانوێکی گڵ بوو، دوو ژوور بوو، نزیک جادەکە بوو لەمبەرەوە. پزیشکێکی شیوعی عەرەبی لێبوو ناوی د.حەسەن بوو، خۆشی بەرپرسی نەخۆشخانەکە بوو..
+ مەغدید: ڕۆژنامەنووسی فەڕەنسی (ڕێنیە مۆریس)کتێبێکی لەسەر شۆڕشی کوردستان نووسیوە،کراوەتە کوردی بە ناوی(کوردستان یان نەمان)، وا باسی شەڕی هەندرێن دەکات کە خۆی لە کاتی شەڕەکە لەوێ بووە، ڕووداوەکانی بینیوەوتۆماری کردوون، لە چاوپێکەوتنم لەگەل ڕەوانشاد عزەت سلێمان بەگ ساڵی2016، هەروا لەگەل بەڕێز ملازم خدر ساڵی 2022 ،هەردووکیان دەڵێن لە کاتی شەڕەکە ڕۆژی12-5-1966 هیچ ڕۆژنامەنووسێک بوونی نەبووە و دوای تەواوبوونی شەڕەکە ڕۆژانی دواتر ڕۆژنامەنووس دەهاتن بۆ هەندرێن، ئێوە لەمبارەیەوە چی دەڵێن؟
ــ مستەفا چاوڕەش: من بە چاوی خۆم هیچ ڕۆژنامەنووسێکم نەبینیوە، جگە لە هێزی حزبی شیوعی و لقەکەی عزەت سلێمان بەگ، یەک کەسی تری لێ نەبوو. جا زۆر کەس باسی شەڕی هەندرێن دەکا، من لەم بەینەیا گوێم لە تەلەفزیۆنێک بوو باسی حزبی شیوعی هەرنەکرد. بەڵام لە شیوعییەکان و لقی عزەت سلێمان بەگی زیاتر کەسی تری لێنەبوو. بەڵام تۆ بتەوێ و نەتەوێ بەشێک بووین لەو شۆڕشە،بەڵام شەڕەکە شیوعییەکان کردوویانە.
+ مەغدید : بە کورتی چۆن ئەم فەرماندانەی داستانی هەندرێن دەناسێنیت؟
1- ڕەئیس کەمال؟
ــ مستەفا چاوڕەش: من تەقریبا یەک دوو حەفتە هەر مرافقی بووم، لەگەلیا بووم، پیاوێکی تا بڵێی هێمن و لەسەرخۆو بێدەنگ بوو، پیاوێک وەکو بینیت چەندین ساڵە وێنەکەی هەر لەناو مۆبایلەکەمە. هیچ کێشەیەکی نەبوو، خاوەن بیروباوەڕ بوو، پیاوێکی بەتواناو پیاوێکی نەخشە داڕێژەر بوو.
مەغدید: 2- فاخر مێرگەسوری؟
ــ مستەفا چاوڕەش: من ماوەیەک لەگەلیا بووم،پێش شەڕی هەندرێن، چووین بۆ دۆڵی ئالانەو ناوچەی لای خەلیفان، حیمایەی بووم، من نەم ئەزانی بۆچی ئەچین، بۆ جۆلەمێرگ و ئەمانە،پێش ئەوەی شەڕی کورەک بکرێت لە ساڵی 1965 ، ئەو کاتە پێش شەڕی هەندرێن بوو، کە هاتینەوە حراسیاتێکیان دانا لەسەر شاخی هەندرێن، من یەکێک بووم لە پاسەوانەکان، ئەوکاتە سەریشم سفر کردبوو، ڕیزبووین هەر لەبەینی 100 مەترێکا ، خواعافوویانکات مەلامستەفا بارزانی و حەمەد ئاغای مێرگەسوری هاتن ،هەیئەتێکیشیان لەگەل بوو، بۆ کەشفی ئەوێ هاتبوون، حەمەد ئاغای مێرگەسوری لەپێش مەلا مستەفا ئەڕۆیشت، جا ئەوانەی لەوێ بوون، کاک فاخر یەکێک بوو لەوانە، پیاوێکی ئازا بوو، بەداخەوە شەهید بوو.
+ مەغدید: 3- عزەت سلێمان بەگی دەرگەڵە؟
ــ مستەفا چاوڕەش: کاک عزەتیش پیاوێکی باش بوو، ئیدارەی هێزەکەی خۆیانی ئەکرد،من ئەو کاتە سلێمان بەگیشم ئەناسی، چووبوومە دیوەخانەکەیان لە دەرگەڵە، کاک عزەت و زراری برای دەوری خۆیان بینی، کاک زراریش لە شەڕی هەندرێن بریندار بوو.
+ مەغدید: بەڕێزتان ئێستا وەکو فەرماندەیەکی پێشمەرگە کە تەمەنێکی درێژتان لە پێشمەرگایەتی بردۆتەسەر، چۆن داستانی هەندرێن و پێشمەرگە شیوعییەکان هەڵدەسەنگێنی؟
ــ مستەفا چاوڕەش : شۆڕشی ئەیلول لە پێگەی ئەوکاتی زیاتر لە بەرگریدابوو،هێزەکان لە زۆزک و هەندرێن بوون، بۆ ئەوەی سەرکردایەتی لە قەسرێ و لە حاجی ئۆمەران و ئەوانە پەلامار نەدرێن. لەبەر ئەوەی ئەوکات بەقەدەر قۆناغی خۆی جێگەی خۆی کردبووەوە، پێشمەرگە دەوری ئەساسی خۆی هەبوو، ئەوەی کە کرابێت ئێمە داوای مافی میللەتێکمان کردووە. ئەو کاتەی ئەو هێزانە لەوێ بوون حکوومەتی بەعس لە دوای کودەتای1963 بڕیاری قەتل و عامی شیوعییەکانی دەرکردبوو، بۆیە ئەو هێزانە کە لەوێ بوون، هەموو کۆکرابوونەوە لە هەندرێن و دەوروبەری، وردە وردە ئەو هێزانە بوون بە هێزێکی ڕێکخراو، هێزێک بوو هەرکەسە ئیشی خۆی ئەکرد، ڕێزگرتن هەبوو، لە حزبی شیوعی کۆبوونەوە هەبوو، ئەوە نەبوو وەکو حزبی تر ساڵی جارێک ڕۆژنامەیەک ناخوێننەوە، من خۆم ڕابەری سیاسی پەلەکەی خۆمان بووم، یانی کادیر بووم. خەڵکی ئازای تیابوو، هێزێکی ڕێکو پێک بوو.
یەکێک لەو شتانەی کە من لە کۆنگرەی یەکێتی لە ساڵی 1992 کە لە هەولێر کرا،خەڵک خۆی دەناساند، چوومە سەر شانۆکەو وتم: " من یەکێک بووم لەوانەی شیوعی بووم، فەخری پێوە ئەکەم، چونکە خاوەن پەروەردەیەکی جوان بوون. قەناعەتم وایە".
وەڵلا یەکێ لەو شتانەی کە ئەبێ هەموو کورد شانازی پێوە بکات، شەڕی هەندرێنە، سەدان و هەزاران منداڵمان ناونا هەندرێن
بەهۆی ئەو داستانە گەورەیەی لەوێ تۆمارکرا مفاوەزاتی بەسەرداهات.
٭ هەروەها کاک مستەفا چاوڕەش لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا نووسیویەتی و دەڵێ:" شەڕە گەورەکەی هەندرێن بووە داستانێکی بێ وێنە لە ژیانی شۆڕشی ئەیلولداو دەیان هۆنراوەو پەخشانی بەسەردا هەڵدرا، بەڕاستیش حەقی خۆیەتی، لەبەر ئەوەی گۆڕانێکی بەرچاوی هێنایە کایەوە، لەو شەڕەدا دەست بەسەر دەیان پارچە چەکی قوڕسدا گیرا، لە تۆپ و جۆرەکانی جیهازی زۆر پێویست کە بۆ کاری سەربازی بەکار دەهێنران، ئەوە بێجگە لە سەدان پارچە چەکی سووک و کوژرانی سەربازێکی زۆر لە مەیدانی شەڕەکەدا".