ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەستێرەی ئاسمانی شیعر , لەشــاری کۆیــە ماتەمــە

نا , نا , ئاسمان لە کوردستان داپۆشراوی هەور و تەمە

تۆ شاعیری زەحمەتکێش و چینی هەژار , چەوساوان بووى

پشت و پەناى هەموویان بووی , بۆیە هەر لەسەر چاوان بووى

مامۆستاى خەبات و شیعر , گفتوگۆت ئێستا بۆ کێیە +

لە غەریبیــا بۆ دڵەکەت توخــوا پەیامی چیت پێیــە

باخی ڕەنگینی فەلەستین کوردستانت وەبیر دێنێ ++

دوور لە وڵات و ئازیزان کێڵگەى خەمت دادەچێنێ

تۆ سەردەمێک ڕووت کردە دڵ پێت گوت توخوا شادمان بە+++

بە گەشی پڕشنگان باوێ و وەک ئەستێرەی بەربەیان بە

ئەی تــۆ نەتگوت لە تاوانا دەناڵێنــم هەموو شــەوێ

هەر بیر لەتۆ دەکەمەوە , خەوبێ لەچاوم ناکەوێ

لەسەر ئاوازەکەی کەلسوم ( افرح یاقلبی) ت دانابوو

هەر بەو ئاوازە خۆشەى ئەو لەسەر زار و زمانا بوو

بۆ باڵابەرزی نەرم وشل , کێی دی هەیە پێی هەڵبڵێ ++++

کێی دی دەچێ پێشکەشی کا سوورەگوڵێ لەگەڵ دڵێ

داری خەباتت بەری گرت مامۆستاى وڵاتپەروەری

هەر هەڵویستی کۆڵنەدان بوو لەو دارەی تۆ هەڵدەوەری

لەنێو وڵاتیش ژیانت هەر وەک ئاوارەیی وابوو

بەرانبەر تۆ مامۆستاکەم ڕەفتاریان هەر ناڕەوا بوو

سەربەستی و ئازادى بۆ کورد لاى تۆ بوو بوون بەدەزگیران

سەربەستى گوڵێکی سوور بوو هەردەم لەنێو باغی ژیان +++++

لەو ژیانە دوورودرێژەت ساتێکت بەفیڕۆ نەدا

لە پێناوی چەوساواندا , ماندوو نەبووی نەتدا هەدا

ڕۆیشتی ئۆغرت خێر بێ , کۆچت کرد هەتا هەتایە

تەنیـا نابی لە ئەو دنیا دۆستی دیکەت لەگەڵـــــدایە

گەلێک هەڵوێستی مەردانەو شیعری جوانت بۆ جێ هێشتین

بەڵام بەو کۆچە گرانەت ئەشکت وەک باران پێ ڕشتین

تۆ نەمری هەموو دەمێ لەنێــو دڵــی هەموومانــدای

بە لاشە دووریش بی بەڵام , بە گیان زیندووى لەژیاندای

سلێمانی ـــ ٢٠٢١/٤/١١

+ و ++ ئاماژەن بۆ شیعرێکی بەناوى ( گفتوگۆی دڵزار لەگەڵ دڵ )

+++ شیعرێکی دانابوو لەسەر کێشی شیعری گۆرانییەکی کەلسوم بەناوى ( افرح یاقلبی لک نصیب # تبلغ مناک ویا الحبیب ) و بە هەمان ئاوازیش دەگوترا.

++++ئاماژەیە بۆ شیعرێکی دیکەی دڵزار : ( ئەى باڵابەرزی نەرم شل , ئارامی گیان و جەرگ و دڵ بەغەمزەی چاوى پڕ لەکل , تۆقی سەوداتم کەوتە مل ..... )

+++++ئاماژەیە بۆ شێعرێکی دیکەی دلزار:

لەنێو باغی ژیان هەردەم گوڵێکی سوورە سەربەستى

لەنێو گشت کۆمەڵێ عالەم بڵێسەى نوورە سەربەستی

لەئاسمانی سەعادەتدا لەشەوق و ڕەنگ و پڕشنگا

گەلاوێژی پڕ ئاوازی شەوى دەیجوورە سەربەستى