ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

سه‌حه‌ره‌ و...

گڤه‌ی با ره‌شی خه‌زانی نیسانێكی سه‌فه‌ری...

ده‌نگ و ته‌پوتۆزی زیل و ئیڤا شه‌ق و شڕه‌كانی ئه‌نفال

رووه‌و ئێره‌ پاڵ ده‌نێ‌ !!

زه‌نگی سه‌عاته‌ قوڕمیشكراوه‌كانی ،..

سه‌ر ره‌فه‌ی ماڵه‌ وه‌رزێره‌كانی ئێره‌ش

رۆژژمێری كاره‌ساته‌كان و...

زه‌مه‌نێك به‌ر له‌ ئه‌نفال هه‌ڵده‌وێزنێ‌

٭٭٭٭

شه‌وێكی تارو سامناك

ئاوایی كپ و بێده‌نگ

قوتیله‌ی به‌رهه‌یوانی دێ‌ ... كزو خامۆش

ده‌شت و چیاو لوتكه‌و نواڵه‌ش سه‌ربه‌ته‌م

ئاوایی ....

پێنج په‌نجه‌ زبره‌كانی پیره‌ داربه‌ڕووی به‌رماڵان

بۆ ماڵاوایی كوڕو كچه‌ شۆخه‌كان هه‌ڵدێنێ‌ و ...

دوا ماڵاوایی

له‌ ژوانی شوان و بێری و به‌رغه‌ل ده‌كاو ...

به‌ سپایی سه‌رئه‌خاته‌

ئامێزی گه‌رمی ئه‌م وه‌رزه‌و ...

زه‌نگی ناوه‌ختی ئه‌نفال

به‌ گوێی سه‌مای مه‌رگی دێدا ئه‌چرپێنێ‌ و...

له‌ پاشكۆی زیل و...

ئیڤا رووپۆشكراوه‌كانی ئه‌نفاله‌وه‌

پێنج په‌نجه‌ ناسكه‌كان

بۆ خوداحافیزی له‌ نیشتمانی دێ‌

هه‌ڵده‌بڕدرێن !!

ئه‌وده‌مه‌ی كه‌...

ده‌سته‌كان بۆ ماڵاوایی به‌رزده‌بنه‌وه‌

كوردستان گه‌وره‌ترین مێژوو

بۆتوحفه‌ی هه‌ناسه‌ وه‌ریوه‌كانی ئه‌نفال

به‌ خوێن ئه‌نووسێته‌وه‌ !!

*

تۆ...

كچه‌ قه‌ره‌ج

من ...

كوڕیژگه‌ خه‌ڕاتێكی بێژنگچنی ،..

نێو ره‌شماڵی به‌رئاوایی !

تۆ...

قوتیلكه‌ی به‌رهه‌یوانی ،..

كوختێكی ده‌شتی گه‌رمێن و ...

من....

پێشمه‌رگه‌ی باوه‌شی به‌فرینی چیا

كچێ‌ من ده‌مێكه‌

له‌ سه‌ر په‌نجه‌ی زاماری توتڕك و...

دڕكه‌ زی گیرم خواردووه‌و ..

خوێنی جه‌سته‌م بۆكردوویته‌ ،..

نێو (كوپه‌ ) پێكی ،..شه‌رابی ره‌زی سووتاوی

گه‌رمێن و كوێستانی دۆڵی جافه‌تی

شه‌رابی ئه‌و ره‌زانه‌ی ،....

لێره‌وه‌ به‌سه‌ر پشتی وشتره‌كانه‌وه‌

له‌ رووباری فرمێسكی شه‌وی ئازاری ئه‌نفاله‌وه‌

په‌ڕینه‌وه‌و ....

په‌ پرچی ئایشه‌و فاتمه‌دا خۆیان هه‌ڵواسی ! ....

ئه‌و فرمێسكانه‌ی ،...

له‌ ژووانی چۆڵی قوڵفه‌ی ته‌رحیلدا تووانه‌وه‌و ...

له‌ كوانووی عیشقی ئیلاهی

كوڕه‌ شوان و كچه‌ بێریه‌كانی ئاواییدا

هه‌ڵقرچان و بوونه‌ قه‌قنه‌س

ئه‌و عیشقه‌ی ،...

له‌ وێستگه‌ی چاوه‌ڕوانی كه‌ژاوه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌تا

سۆمای چاوانی رۆڕژاو ..

به‌ زۆرداره‌كی

تاسكڵاوی كچه‌ به‌ڕووی ژوانمی

كرده‌ سه‌ر براله‌ی دارخورماكانی

سه‌ماوه‌و حه‌زه‌رو نوگره‌سه‌لمان

***

ده‌چیتر مه‌مسوتێنه‌ ...بیابان

ده‌ئاخر....

به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو ئازارو سووتانه‌ت ناگرم

ئێستا رۆحم ،..

چۆله‌كه‌یه‌كی باڵكراوی چۆڵی قوڵفه‌ی

قفڵبه‌ندی حه‌جاجه‌ و ...

تك ..تك ...خوێنی،..

جگه‌رم و جگه‌رتی لێ‌ ده‌تكێ‌

ده‌ چیتر مه‌مسوتێنه‌ ....بیابان !