ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

پیاوێک مایسترۆی دڵی منە

پیاوێ بە هەموو وجوودییەوە

خەونم دەدزێ و

شێتانە مەستم دەکات

شێتانە ئالوودەی خەیاڵی خۆیم دەکات.

پیاوێ زاڵمانە لە دوای باران

شەبەنکی چاوی

گەرمی هەناسەی

قژی ئاڵۆسکاوم شانە دەکات.

من و تۆ لە پێکێک پێکەنین و

میلۆدییەکی مەردان* ئاوێتە...

من و تۆ

لە مەرکانەی ئاوازێ و

جوانی مێخەکبەندان و

بۆنی قەنەفڵ

شێتبوون تا ئاڵوودەبوون، تا توانەوە

تا گەیشتنە ماڵی چێژ.

پیاوێک ماسترۆی خەیاڵ و

جووتە شەمامەی باخچەیەکی بێناز و

ئارەقی هەڵگۆفینی ئەو چاوانەیە تا گەیشتن بە دواهەمین تاریکی شەو

پیاوێک نەناسراوانە و شێتانە

منی ئاوێزان کرد.

ئەی جونتر لە باخچەکانی عەددەن ئاشتم کەوە و

ڕاپەڕینێکت لە نێو دڵی منا هەڵگیرساندووە و

دەروازیەکت چێکردووە بەناوی ئازادی و

وڵاتێکت لە سەر سینەی من نەخشاندووە بێناو وەک دڵی نەوڕەسێکی وێڵ

پیاوێ خەیاڵتر لە تیشکی هەتاو

پیاوێ مایسترۆی خەیاڵی منە.

 

سلێمانیی