ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شیعری" ووتوێژی کچ و کوڕ" ئاوێنەی نیشاندانی قۆناغێکی ئاڵۆز و پڕ لە کارەساتە لە مێژووی کورد . کۆی شیعرەکە بیناکردنی گوتارێکە بە ئاراستەی گەیشتن بە ئازادی و ژیانی سەربەستی ،هاوکات درک کردنە بە ستەم و چەوسانەوە. وتووێژەکە ڕاوەستان و ڕامانە لە سەر دەرکەوتە و لێکەوتەکانی ژیانی مەرگەساتی کورد،و داگیرکاری و سەرکوتکردنی کوردان . باسکردنە لە هەڵومەرجی سەختی برسێتی و هەژاری و نەداری کە لەو سەردەمدا دووچاری بە کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتەوە. سەرجەم شعیرەکە بیرهێنانەوەی کوردانە لەو بارە سەختەی کە ئەو سەردەم کوردان تێی کەوتبوون.

شعیڕکە دڵێت:

کاکە گیان لاوی کوردی شۆخ و شەنگ

تاکەنگێ دەبی وابێ هەست و دەنگ

دیلی، ژێردەستی، ئەسیری، تاکەی؟

ڕووتی، نەداری، فەقیری، تاکەی؟

لە ژێر زنجیر و کۆتا دەناڵی

مەگەر دێوانەی،شێتی، عەوداڵی؟

تێفکرە خەڵکی هەمووی ئازادە

هەرتۆخەمناکی هەموو کەس شادە

وتووێژی کچ و کوڕ، ڕەخنەکردنی سەردەمێکە کە پرسی چینایەتی و نادادی، و بوون و ژیانی کورد، پێویستی بە هەڵوەستەکردن و بەرەنگایی بووە. شیعرەکە گوزارشتە لە سەردەمێک کە ماف و ژیانی کۆمەلایەتی و سیاسی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخێکی نا هەموار و ئاڵۆزدایە. شیعرەکە سەرەنجدانە لە سەردەمێک کە تۆتالیتایەت لە لوتکەی دڕندانەی خۆیدایە. ڕەنگە ئەم سەردەمە تا ئەندازەیەک بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد، و ناسیۆنالیزمی کوردی، دووچاری نسکۆ و چەقین و بێدەنگ بوون بووبێت. جا لە دۆخێکی ئاوا تاڵ و پڕ لە مەرگەسات و برسێتی وچەوسانەوەی ژن، کە مامۆستا هێمن باسی ئەکات،بەڕاستی ناکرێ ئەدەب و هونەر، و شیعر بێ وەڵام وپرسیاربێت. جێگای خۆیەتی لە ئاست ئەو تراژیدیایەی کە بەڕۆکی مرۆڤی کوردی گرتووە، ئەدەب و شیعر ڕوانینی هەبێت. ناکرێ دۆش دابمێنێت. بەڵکو دەبێ شیعر گوزارشت لەم دۆخە بکات کە زۆرینەی شاعیرانی کوردیش لە مێژوودا هەمان ڕۆڵیان بینیوە،و شیعرەکانیان کارتێکردن و ڕەنگدانەوەی لەسەر بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی و جۆشدانی شۆڕشەکان هەبووە. شیعری وتووێژی کچ و کوڕ نموونەی بەرز ودیارە کە لە چەند ڕەهەندێکەوە وێنای سەردەمێکی تاریک لە مێژووی کورد ئەکات و هانی کوردان ئەدات لە پێناو بەدیهێنانی ژیانێکی ئازاد و بەختیار تێکۆشان بکەن.

شاعیر لە شعیرەکەدا لە پاڵ ئەوەی کچان و کوڕان بۆ گەیشتن بە ئازادی و ژیانی سەربەست تاوئەدتات، لەگەڵ ئەمەشدا ئەرکیان بۆ دیاری ئەکات، و ژیانی کۆلەمەرگی و سەردەمەکەیان پێدەناسێنێت.

وەرەمەیدانێ لە ڕێی نشتیمان

بکە قوربانی سەر و ماڵ و گیان.

ئەم دەستپێکە پڕە لە ڕاچڵەکاندن و بە ئاگا هێنانەوەی کوردان. ئەم چەند دێڕە لە شیعری وتوێژی کچ و کوڕ، ئارستەکردن و هاندان و جۆشدانی لاوانی کوردە بەرەو ڕەتکردنەوەی دیلی و ژێردەستی.بەرەو ژیانی سەربەخۆیی و شکۆمەندی. شاعیر دەڵێت :

ڕووتی، نەداری، فەقیری، تاکەی؟

لە ژێر زنجیر و کۆتا دەناڵی

مەگەر دێوانەی،شێتی، عەوداڵی؟

تێفکرە خەڵکی هەمووی ئازادە

هەرتۆخەمناکی هەموو کەس شادە.

تەنانەت لەم شیعرەدا مامۆستا هێمن، هەمان کۆت و بەند و زۆرداری دژ بەکچان و ژنان بەیان ئەکات، و هەمان پەیام ئاراستەی کچان ئەکات، لە بەرەنگاربوونەوەی زۆرداری وچەوسانەوە، هەمان وزە و توانا لە کچان بەدی ئەکات، وجیایان ناکاتەوە لە ڕەگەزی نێر.

دێدەگیان کچی کوردی ژیکەڵە

داوێنی پاکت دووربێ لە پەڵە

( لینین) ڕاپەڕی ماڵی چارشێوا

تۆ هێشتا حەپسی لە ژێر چارشێوا

کچی هەموو کەس ئیمڕۆ سەربەستە

هەرهەقی کچی کوردە پێ پەستە

بپسێنە لەپێ تۆ زنجیر و کۆت .

ئەمە یەکێکە لەم شیعرانەی مامۆستا هێمن کە پڕە لە پەیام و ویستی ئازادی خوازی و بیری سەربەستی. ڕاگەیاندنی گوتارێکە بۆ چەکەرەکردنی بیری شۆڕشگێڕی و بەگژداچوونەوەی زۆرداری . گوتارێکە بۆ بەرپەچدانەوەی فراوانخوازی دکتاتۆر و پیلانی نەیارانی کورد. مامۆستا هێمن دەیەوێت گڕوتین بە کچ و کوڕانی کورد بدات، بیریان بێنێتەوە کچ و کوڕی کورد،شایەنی ژیانێکی ئازاد و سەربەستن. ئازادی وەک گرنگترین بنەمای بوونی ڕەسەن،بەڵام کورد لێی بێ بەشن.

بۆچی دەبێت کچ و کوڕی کورد، ڕازی بن بە نەداری و ژێردەستەیی، ئەوە پرسیارێکە هێمنی شاعیر بە قوڵی لێی دەوێت. پرسیارێکە لای مامۆستا هێمن، هەمیشە بوونی هەیە . دەیەوێت بڵێت کوردیش وەک هەر نەتەوەیەک، دەتوانێت لە ڕێگای تێکۆشان و ڕاپەڕین بە مافەکانی شادبێت. پەیامەکە بەو ئاراستەیە تاکەی ڕازین بە ژێردەستەیی، ڕاپەڕن کۆتایی بە ستەم بێنن. مامۆستا هێمن وەک زرینگانەوەیەک بەکچان و کوڕان دەڵێت: ئێوە ئازادنین، ژێردەستەن. لە دنیادا شۆڕش و بەرەنگاری کڵپەی داوە، ئیوەش هەردیلی چارشێون. مامۆستا هێمن لە زۆرینەی ئەو شیعرانەی ڕەهەندی نەتەوەیی و شۆڕشگێری و بەرەنگاری تێدایە، سەرەڕای نیگەرانی لە سەردەم و قۆناغەکەی کە سەردەمێکی پڕ لە ناهەمواری و کارەسات و دەردەسەری بووە،بەڵام هەمیشە بانگ بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش دژی زۆرداری دەدات. لێرەدا ئەم شیعرەی مامۆستا هێمن وەڵامی سەردەم و قۆناغێکی دیاریکراوە کە گەلی کورد لە ژیانێکی پڕ ئەستەمی و سەختی دایە. لای مامۆستا هێمن کاتێک خاک و نشتیمان داگیرکرابێت، دەبێ شیعر بەرپرسیاربێت، لەڕێگای زمانی شیعری لەم ئازارەی نەتەوەکەی بدوێت، پێویستە لێرەدا شیعر توڕە و یاخی و نیگەرانبێت. پرسیاربکات،وگومان دروست بکات. لە بێدەنگی جیهانی دڵڕەق و کۆنکرێتی ڕوبمێنێت. لە دۆخێکی ئاوا پڕ لە تەنگ و چەڵەمە، کەخاک و نشتیمان داگیرکرابێت، هاونشتیمانیت دیل و ژێردەستەبن. لەسەر کوردبوون دەربەدەر بن، لەسێدارەبدرێن و ئەشکەنجەبدرێن، بەڕاستی نابێ شیعر نەڵێت و قوڵ نەبێتەوە.بەڵکو لەم دۆخەدا پێویستە شیعر جۆش وخڕۆشی بە ڕەوتی شۆڕشگێری و بەرەنگاری بدات، و لەم زوڵم و زۆرداریەی دووژمندا بێدەنگ نەبێت. لەم شیعرە و لە چەندین شیعری تریدا مام هێمن، پێشەنگە و خامە و بیر و ئەندێشەی بۆ سارڕێژی

زاهير sent Today at 7:56 PM

ئازار وزامەکانی نەتەوەکەی بەردەوام دەبێت.نمونەی ئەم چەند دێڕە لە شیعری شەپۆڵی تۆڵە.

کوردە ئەی کوردی لە خۆشی بێ بەش!

بەس نیە کۆیلەتی دێوزمەی ڕەش؟

باژوێ ئەسپی هەوەسی خۆی هەروا

بتگرێ بتکوژێ وابێ پەروا؟

ئەو ( قزل قەلعە) کە بۆتە ( باستیل)

هەردەبێ پڕبێ لە یەخسیر ودیل ؟

تاکوکەی نەشکێ کەلەپچەو دەسبەند؟

زەجر و ئازار و ئەشکەنجە تاچەند؟

خوێنی لاوانی بەبیرو بڕوا

هەردەبێ بڕژێ، بەفیڕۆبڕوا؟

هەڵوەرێ گەوهەری فرمێسکی هەتیو

دەربەدەربێ کوڕی ئازا و نەبەزیو؟

بێوەژن تەڕبێ بەگریان چاوی

کچ نەبینێتەوە شۆڕەلاوی؟

وەختی هاتووە خۆت ڕاپسێنی

تۆڵەوەرگریەوە، هەق بستێنی

ڕاپەڕە،هاتەوە دووبارە هەلت

سەروماڵت بکە قوربانی گەلت.

تاریک وڕوون. ١٩٤٩

لە شیعری شەپۆڵی تۆڵە و وتووێژی کچ و کوڕ، تۆم هەرلەبیرە، دایکی نشتیمان، قەڵای نشتیمان، دواڕۆژی ڕووناک. لە بەشەکانی تری،ناڵەی جودایی و بارگەی یاران و بەرهەمەکانی تری، مامۆستا هێمن بە چەندین شیعر پێشمەرگە ئاسا بۆ ئامانجەکانی نەتەوەکەی دەنووسێت. لەکۆی ئەم شیعرانەدا دەبینین کە شاعیر ئەرک و ڕۆڵی خۆی بینیوە، ڕۆڵی ئەوەی کاتێک ماڵ و گەڕەک و شار و نشتیمانەکەت بەدەستی ڕژێمی سەرکوتکار و داگیرکەر گڕی تێبەردرابێت، و بەندیخانەکان پڕکرابن لە لاوانی نشتیمانەکەت، کچان و ژنان ئەتکبکرێن، ئالێرەدا خەم و نیگەرانی و توڕەیی دەبێتە بەشێکی گرنگ لە دنیای شاعیر.

تەواوی شعیری وتووێژی کچ و کوڕ

وتووێژی کچ و کوڕ

کاکە گیان لاوی کوردی شۆخ و شەنگ

تاکەنگێ دەبی وابێ هەست و دەنگ

دیلی، ژێردەستی، ئەسیری، تاکەی؟

ڕووتی، نەداری، فەقیری، تاکەی؟

لە ژێر زنجیر و کۆتا دەناڵی

مەگەر دێوانەی،شێتی، عەوداڵی؟

تێفکرە خەڵکی هەمووی ئازادە

هەرتۆخەمناکی هەموو کەس شادە

وەرەمەیدانێ لە ڕێی نیشتیمان

بکە قوربانی سەر و ماڵ و گیان

کوڕ:

دێدەگیان کچی کوردی ژیکەڵە

داوێنی پاکت دووربێ لە پەڵە

( لینین) ڕاپەڕی ماڵی چارشێوا

تۆ هێشتا حەپسی لە ژێر چارشێوا

کچی هەموو کەس ئیمڕۆ سەربەستە

هەرهەقی کچی کوردە پێ پەستە

بپسێنە لەپێ تۆ زنجیر و کۆت

دێدەگیان بدە یاری برای خۆت

لە گوێن ( ژاندارک) هەستە وەک مەردان

دووژمن وەدەرنێ لە خاکی کوردان.

تاریک و ڕوون. مامۆستا هێمن موکریانی. ١٩٤٣

نووسەر و شاعیری مەزنی کورد سەید محەمەد ئەمینی کوڕی سەید حەسەنی شێخولئیسلامی موکریە، ساڵی ١٩٢١ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە.