ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

عەبدولحەمید رەسول كەبابچی

بەشی یەكەم:

      لە یەکێک لە شارۆچکەکانی کوردستان، کە شوێنێکی سەخت و شاخاویی بوو لە نێو دۆڵیکی دوور و درێژ، خانووەکانی بە ڕەز و باغ دەورە درابوو، دیمەنێکی زۆر جوانی هەبوو، هەر چوار وەرزی ساڵی زۆر پێوە دیاربوو، باس لە سەختی زستان ناکرێ کە ماوەی زیاتر لە پێنج مانگ بەفر هەموو دەڤەرەکەی دادەپۆشی.

خەڵکانی شارۆچکەکە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری خەریکی بژێوی خۆیان پێ دابین دەکرد، وەرزی بەهار و هاوینان بە سەدان خێزان سەردانی ئەم ناوچە دەکەن بەهۆی ئەوەی ناوچەیەکی گەشتیارییە، لەبەر ئەوەی هیچ بایەخێکی پێنەدراوە، خەڵک چەند کەپرێکییان لێ دروستکردووە بۆ بەکرێدان.

لەناو ئەم شارۆچکەیە پەیوەندی بەهێز لە نێوان خەڵکەکە هەیە، لە هەموو بۆنەکان بەخۆشی و ناخۆشییەوە بەهانای یەکتریەوە دێن، ئەوەی کە سەیربێت لەو شارۆچکەیە ئەوەیە، تاوەکو ئێستا کە گەورە بە گچکە و ژن بە ژنێ هەرماوە، هەرچەندە بەرەو لاوازبوونیش دەڕوا.

پورە (ساری) کە تەمەنی ئێستا لە هەوراز هەشتا ساڵییە، لەو خێزانەیە کە لە کۆنەوە لەو شارۆچکەیە دەژی، چوار کوڕی هەیە، لە دوای مردنی باوکییان پورە (ساری) خۆی گەورەیان بووە.

(جوامیر) کوڕە گەورەی دایکییەتی، مرۆڤێکی بەڕیزبوو، لەناو خەڵکدا جێگایی خۆی کردبۆوە.

کوڕی دووەمییان (ڕۆستەم) بوو، هەڵسوکەوتەکانی زۆر بە جوامیر دەچوو، لەناو خەڵک بە قسە خۆش بەناوبانگ بوو.

(شاهۆ) کوڕی سێیەمی پورە (ساری) بوو، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی سی ساڵیدا کرچی دوایی کرد، لە دوای خۆی کوڕێکی منداڵی بەجێهێشت بەناوی (محەمەد).

کوڕی گچکەی (ساری) ناوی (بێلان)ە، تەمەنی بیست ساڵە، تاکو ئێستاکە هاوسەرگیری نەکردووە، ئەمەیان زۆر خۆشەویستە لەلای دایکی.

هاوسەری (شاهۆ) ناوی (گوڵشەن)ە، تەمەنی لە نێوان (٣٠ – ٣٥) ساڵە، جوانی ئەم ژنە لە هەموو شارۆچکەکە دەنگی دابۆوە، ژنێکی باڵا بەرز و شۆخ و شەنگبوو، چاوێکی ڕەشی باویانی هەبوو لەگەڵ قژی شەڕی دەکرد، بەهۆی ئەم جوانیەیی زۆر کەس ئاواتەخوازبوون کە (گوڵشەن) هاوسەرگیرییان لەگەڵدا بکات.

بەهۆی ئەم تاکە کوڕەی کە زۆری خۆشدەویست، هەر بانگیدەکرد (حەمەشێت)، بەهۆی ئەم کوڕەی هیچ بیری لە شوکردن نەدەکردەوە، هەموو کات خۆشی ژیانی بۆ شێتەی کوڕی تەرخانکردبوو، ئێستا (حەمە) لە قۆناغی سەرەتاییە، پێویستی زۆر بە سۆز و خۆشەویستی دایکی هەیە، هەروەک هەموو منداڵێکی تر.

(گوڵشەن) لە سەرەتای ژیانییەوە هیچ خۆشییەکی نەدیت، بەهۆی (شاهۆ) کە زۆر مرۆڤێکی بێ بە زەییبوو لەگەڵی زۆر خراپبوو، مرۆڤێکی ڕەق و توندڕەوبوو، بە پێچەوانەی براکانی بوو، جگە لەوەش کە ناوناو لێدانی باشی لە (گوڵشەن)ی هاوسەری دەدا بەبێ هۆ....

(گوڵشەن) لەگەڵ ئەو جوانییەش ئافرەتێکی شەرماوی بوو، ڕۆژێک نەیهێشت ماڵی باوکی ئەم جۆرە ئازاری کچەکەیان بزانن، خراپی (شاهۆ) کاریگەری زۆر خراپی لەسەر (حەمە)ی کوڕی هەبوو، بەتایبەتی لە قوتابخانە لەبەر بێ دەنگی و تێکەڵنەبوونی بە قوتابیان گاڵتەیان پێدەکرد.

پورە (ساری) دوای تێپەربوونی ماوەیەک بەسەر مردنی (شاهۆ)ی کوڕی، بەپێی دابونەریتی ناوچەکە زۆر هەوڵیدا کە (گوڵشەن) لە (بێلان) مارە بکەنەوە و بە مافی خۆیانی دەزانی، لە هەمان کاتیشدا (بێلان)یش چاوی لە (گوڵشەن) بڕیبوو، هەرچەندە بە چەند ساڵیش لە (گوڵشەن) گچکەتربوو، بەڵام (بێلان) دەیگۆت خۆشەویستی پەیوەندی بە تەمەنەوە نییە.

(بێلان) زوو زوو سەردانی (گوڵشەن)ی براژنی دەکرد، تاوایلێهات (گوڵشەن) بێزاربوو، حەزی نەدەکرد (بێلان) چاتوچۆی بکات، چونکە دەیزانی (بێلان) تەمای چی هەیە، بەڵام نەیدەزانی چۆن پێی بڵێ سەردانمان مەکە.

ماوەیەکە (بێلان) بیر لەوە دەکاتەوە زۆر بە ڕاشکاوی ئەوەی لە دڵیەتی بیدرکێنێ و بە (گوڵشەن) بڵی خۆشمدەوێیی و حەزدەکەم شووم پێبکەیی.

ڕۆژێک (بێلان) خۆی هانداو کەمێک غیرەتی دابەرەخۆی چووە ماڵی (گوڵشەن)، ڕاستەوخۆ ئەوەی لە دڵیبوو پێی گوت، بەڵام وەڵامێکی زۆر توندی لە (گوڵشەن) وەرگرتەوە کە جارێکیتر نەکا بێتە بەر ئەم دەرگایە.

(بێلان) سەری خۆی شۆڕکرد بەبێ دەنگی هاتە دەرەوە، بەڵام زۆر تێکچوو یەکسەر بەرەو ماڵەوە چۆوە، کە گەیشتەوە ماڵەوە هەستیانکرد کە (بێلان) زۆر شێواوە و ڕەنگی زەرد هەلگەڕایە، دایکی دەیویست پێی بڵێ هۆی چیە وا ڕەنگت گۆڕایە، بەڵام نەیدەزانی بە چ شێوەیەک ئەم پرسیارەی لێبکا.

دوای چەند خولەکێک (بێلان) هەموو ڕوداوەکانی وەکو خۆی بۆ باسکرد، دایکی زۆر خەمی لە (گوڵشەن) خوارد، وشەی زۆر ناشیرن و ناڕێکی بە (گوڵشەن) کوت و بڕیاریدا هەرچۆنێک بێ تۆڵە لە (گوڵشەن) بکاتەوە و سەری سپی پێ بهۆنێتەوە.

ناوی (شێتە) بەدوای (حەمە) کەوت، تا وایلێهات لەهەر شوێنێک تێپەڕبا هاواریان دەکرد ئەوەتا (حەمەشێت)، ئێوارەیەکی زۆر درەنگ (حەمە) نەگەڕابۆوە ماڵەوە، دایکی لە تاوان لەبەر دەرگا چاوەڕوانی دەکرد، ئەوەی ڕەتدەبوو لەبەر دەرگاکە (گوڵشەن) پرسیاری (حەمە)ی لێدەکرد.

یەکێک لەوانەی کە (گوڵشەن) پرسیاری لێکردن دراوسێیەکییان بوو، ماوەیەک پێکەوە لەبەر دەرگا (گوڵشەن) باس و خواسی (حەمە)ی بۆ دەکرد، (حەمە) لە دورەوە دایکی دیت کە لەگەڵ ئەو دراوسێیەکیان ڕاوەستاوە، لە دورەوە بە غاردان هات بەبێ یەکو دوو هەڵیکوتایە سەر دراوسێیەکەیان، هەموو سەر و چاوی کردە خوێن، (حەمە) وایدەزانی ئەم دراوسێیە داوای شوکردنی دایکی دەکات.

 

ماویەتی...