ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

تنۆکی یەکەم

(تەنیاکان... تەنیا نین)

....................................

دەڵێی:

دوای عەسرێکی درەنگەو

تازە لە خەو هەستاویت،

هەموو شتەکان

پێت نامۆن..

نە شوێن، نە زەمەن

نە ناوەکان، نە پەیوەندیەکانت

بۆ ڕێكناخرێنەوە

.

دەڵێی:

لەڕۆخی زەریایەکی تەنیاوە

دووراو دوور

لە کێلگەیەکی گندۆرەی ئاوەدان

ڕاماویت و

کەس ناناسیتەوە!

.

هەرچەندە لە ساتی

نووسینی ئەم شیعرەدا

ڕەنگە لەهەر

سەرگۆشەیەکی چۆڵدا

غەوارەیەك بەدوای

خۆیدا بگەڕێ

.

لەویش دوورتر...

لەسەر هەر کوێرە ڕێیەكی

بێ ناوونیشان

ڕێبوارێك

بە دوای ئاوەدانیدا وێڵ بێ

.

کەواتە غەوارەکان

تەنیا نین،

لە یەك کاتا

هەموو هەڵوەدای دیتنەوەی

پارچەکانی تری گیانن

.

ئەگەر

هێشتا

تروسکاییەك

مابێت

بۆ

گەڕان و

دۆزینەوە..

***

تنۆکی دووەم

(ژیانی شاعیر)

.......................................

لە بیرت دێ؟

پیری موغان وتی:

شاعیرانە بنووسەو

شاعیرانە مەژی!

ئەگەر نا

چۆن بەرگەی

ئەو هەموو دڵڕەقی و

ناپاکییەی دۆستان ئەگری؟

لێ مەخابن

لە یادت کرد..

***

تنۆکی سێیەم

(باڵندە کۆچەرییەکان)

................................

کوکوختیەکانیش

لە جەوری فەسڵەکان هەڵدێن

ئەوڕۆ لە تاراوگە یەکیانت دی

پێدەچوو هەر ئەوەبێ

ڕۆژانێ

لەسەر پەنجەرەی داخراوی دڵ

خەمناکترین

ئاوازی نامۆیی بۆ دەچڕی

*

ئای گەورە بوون

چ خەمێکی گەورە بووی؟

لە هیچ جەنتایەکی سەفەردا

جێت نابێتەوە!

***

تنۆکی چوارەم

(لەوێوە... بزر بووین)

..........................................

لە مەملەکەتی بەرائەتدا

گیان

لەسەر تەختی ئاسوودەگی

تاجی شاهانە لەسەر دەکا

مەقامێکەو

هیچ باهۆزو کودەتایەك

دەوورو زەمانی تێك نادا

*

وامەزانن

مەودای دووری دەوێ

گەڕان لە دووی بەختەوەریی،

تەنیا هەنگاوێکە لە ناخدا

ئەگەر ڕووگەکەی بدۆزینەوە،

دەمانگەیەنێتەوە نێو

کۆڵانەکانی :

بەرائەتی منداڵیی

***

تنۆکی پێنجەم

(دیوارەکانی سنوور)

...................................

(ماچو پیچو) شاهیدە،

هندیە سوورەکان، بنەچەی ڕەسەنی ئەمریکان..

ئیدی با-

لە سنووری مەکسیك

دیوارەکە لە حەژمەتا درز بدا

***

تنۆکی شەشەم

(ڕەقیب)

..................................

ســەیرە

تا قوڕقوڕاگەمان

نغرۆی خواردنی ئێکسپایەرو

درۆو دزی و فێڵ و دوو ڕوویین لەگەڵ یەکدی

دێینە دەرەوە، سەیری یەکتری دەکەین و دەگەڕێینەوە ماڵ

بۆ دەیان ساڵیش دەچێ یەکی تەپاڵەیەک وا بەتەوقی سەرمانەوەیە

هێشتاش دەڵێین 'وەلات شیرنترە'* و 'ئێمە نەوەی میدیاو کەیخوسرەوین'*

نازانین لە دوادێڕی ئەم پەخشانەدا لەبری ڕەقیب بەئاسانی یەکترمان لەناوبردووە

بـێ

هـ

ۆ

.......................................

* جگەرخوێن ١٩٠٣-١٩٨٤

* دڵدار ١٩١٨- ١٩٤٨