ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

هەر چەند دووربی

هەموو ڕۆژێ وەک

لێزمەی بارانی بەهاران

عەشقت بە زەوی ناخمدا ڕۆدەچێ

یادەگاریەکانت خۆیان بە ئاسمانی

دڵم هەڵواسیوە

لە تروسکەی ئەستێرە دەچێ

هەموو کاتێ چاوەڕێمە بەر لە

کاروان کوژە

سۆزی دڵ و تریفەی ئەڤینت

بڕژێتە نێو گۆمی مەنگی ئەم عەشقە

تۆ وەرە

قردێلەیەک لە سەوزە گیاو

خەزێمێک لە دەنکە یاقوتی

ئەوینت بچنە

پەنجەکانیشت بکە چڵە نێرگزێک

بۆ مێرگوزاری نێو سینە

منیش پرچی خاوم دەکەم

بەسەر چەفێکی ئەم بەهارە

پەشمەکی ماچەکانم لەسەر لێوت

دەکەم بە نوقڵانە

لەگەڵ دڵم ڕێکەوتوم بەم بڕیارە

قەسیدەکەش لە هۆگربونی چاوەکانت

دەنووسمەوە

تا هەرکەسێ لێی بڕوانێ

وابزانێ

داستانەکەی مەم و زینە

لە شیعرێکدا دەیخوێنتەوە