ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

خانمە هونەرمەند هۆزان جانێ، دوای دوو ساڵ و پێنج مانگ مانەوەی لە زیندانی ئەدیرنەی تورکیا ئازاد كراو، رۆژی یێنجشەممە 15ی تەموزی رابردوو گەڕایەوە ئەڵمانیا.
خانمە هونەرمەندی كورد، هۆزان جانێ رۆژی 23ی حوزەیرانی 2018 لە شاری ئەدیرنە دەستگیرکرا، لەو کاتەی بانگەشەی بۆ هەدەپە دەکرد لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆمار، دەستگیرکرا.
دادگەی سزا قورسەکانی ئەدیرنە لە کانوونی دووەمی 2018 بە تۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە و بڵاوکردنەوەی وێنە و نووسینی کۆمێنت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر پەکەکە، سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند، لای خۆیەوە هۆزان جانێ ئەو تۆمەتانەی لە دادگا رەتکردنەوە کە درابوونە پاڵی.
سەعیدە ئینانچ ناسراو بە (هۆزان جانێ) ساڵی 1969 لە شاری ئەرزەروم لە دایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لەو شارە تەواو کردووە، دواتر رووی لە کاری هونەری کردو، تا ئێستا چەندین سیدی و کاسێتی گۆرانی پێشکەش کردووە.
رۆژی 14-11-2018 دەستەی دادگای تورک بە بیانووی (پڕوپاگەندەکردن بۆ ڕێکخستن) سزای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی بۆ هونەرمەند جانێ بڕیەوە.
ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانیا، لە زاری پارێزەری هۆزان جانێی گواستەوە، ئێوارەی چوارشەممە ڕێکەوتی 30-09-2020 جانێ لە بەندیخانەی بەکرکۆی لە ئیستەنبوڵ ئازادکراوە، پاش ئەوەی دوو ساڵی لەو بەندیخانەیەدا بە تۆمەتی تیرۆر بەسەربرد.
نەورۆز ئاکالان، پارێزەری هۆزان جانێ، رایگەیاندووە وێڕای ئازادکردنی لە بەندیخانە، بەڵام جانێ بۆی نەبوو تورکیا بەجێبهێڵێت و قەدەخەی هاتووچۆی لەسەر دانرابوو.