دڕکی حوزن!
پێم دەڵێن
بۆچی پەرێزی هۆنراوەکانت
سەراپا دڕکی حوزنیان لێ ڕواوە
و
قەڵەمی حەزت
سیخناخە لەمرەکەبی ڕەشبینی
بۆچی
شیعرەکانت وەرزی پاییزیان پۆشیوە
و
دێڕەکانت نەزیفن بەفرمێسک
بۆچی
هەردەم کێڵگەیەکی تەژی لەحەسرەتی
و
شەتڵی بێزاری دەنووسیتەوە
بۆچی
گریانت کردووە بە ملوانکەی
خۆزگەکانت
و
هێندە هاوەڵی تەنیاییت
بۆچی
شەقامی وشەکانت
بیابانی لێ هەڵدەستێ
و
گیرفانی ڕستەکانت
پڕن لەچۆڵەوانی
بۆچی
چۆڵەکەی نیگات
هنێدە کزوماتە
و
ئاسمانی خەونەکانت
بێ بارانی دایپۆشیوە
پێم دەڵێن
هێشتا سەر لەبەیانی تەمەنتەو
دەستت داوەتە گۆچانی پیری
هێشتا
وشەکانت زمانیان نەگرتووە
و
لەئەشق دڵشکاو
لەژیان زویری
کەس لێم ناپرسێت
کە من بۆچی هێندە خەفەتبار و مەئیوسم
ئایە بۆ عەشقێکی مەحاڵ دەنووسم؟!
------------