ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەوانەیە تاتۆ بێیتەوە

گوڵی شیعرم بژاکێت

و

ئینجانەی بەختم

دڕکی فرمێسکی لێ بڕوێ

لەوانەیە

پێکی مەستیم پڕ بێت لەئازار

و

ئینجیلی عەشقمان کزبێ

لەوانەیە

زمانی قەسیدەم لاڵ بێ

و

ئاوێنەی مەراقم بشکێ

لەوانەیە

کۆتری بیناییم

لەسەر هێڵانەی چاوەڕوانی

بەبێ نازی سەربنێتەوە

و

دڵی چۆڵەکەی خەندەم

لەلێدان بکەوێت

لەوانەیە

ئەلبوومی ئومێدم

خووی ماخولیان بیگرێ

و

پەنجەی تابلۆم

هەڵبوەرێ

لەوانەیە

جادەی ڕۆحم

شەڵاڵی چۆڵەوانی بێ

و

کۆڵانەی حەزم

وشک هەڵگەڕێ

لەوانەیە

چاوی قەڵەمم

کوێر بێ

و

درەختی هۆنراوەم

هێشووی خەم بگرێ

لەوانە مانیڤێستی

خۆزگەکانم ون بێ

و

کەشتی خەونەکانم

کون بێ