ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەو شتانەی ڕەنگی خۆمیان پێوەیە خۆشم دەوێن

ئەوە ڕوحێكی نێرگزی نیە

ڕاستیەكە دەیڵێم

خوا فەرموویەتی ئادەمم لەشێوەی خۆم خەڵق كردووە

پەیكەر تاشێك پەیكەری ئەو شاعیرە دروست دەكات كە لە شیعرێكدا باسی مەعشوقەكەی ئەوی كردووە

دایكم ئیشی منی پێ لە ئیشی هاوڕێكانم جوانتر بوو

ناونیشانی منی دابوو بەخزمێكی خۆی

گوتبووی بەژن زراڤ و شیك

دوكانەكەی جمەی دێت

دۆستی پیاوە باشەكانی ناوچەكەیە

تاقا باڵا بەرز

پێڵاوەكانی هەمیشە دەبروسكێنەوە

شەوانە ددانی جوان دەشوات

ئەوە لە بەرچاوی دایكم وابوو

باڵام ئەوەندە بەرز نەبوو

لە دانیشتنی ماڵان دەبوو لەسەر چۆك دابنیشم و تا بزر نەبم

لێ لەچاوی دایكم تاقا گەڵەگەت

ئەو شتانەی لە سروشتدا جوانن هەست دەكەم لە شیعرێكدا خۆم نووسیمن

گۆرانی خالەقیم بۆ دۆستەكەم ناردبوو

بە بڵیندای كێوەكان دڵم خۆش بوو

كە سواری ماشێن دەبووم دەستم بۆ تەسجیلەكە دەبرد

نزام دەكرد خالەقی بیڵێ

وێنەیەكی گەورەی خالەقیم لە ژووری دیوەخان هەڵواسی بوو

دۆستی هەموو ئەوانە بووم كە حەزیان لە خالەقی بوو

لە بەر خۆم ئەو گۆرانیانەم پێخۆش بوو

زۆر لە دیدی دین خورد دەبمەوە

كە خودا ئێمەی لە شێوەی خۆی دروستكردووە خۆشم دەوێت

كە دەبینم تینووم و لە كانییەك بە دوو مستم ئاوێكی فێنك دەخۆمەوە خۆشم دەوێت

ئەوانەی بە پێكەنینەوە سڵاوم لێدەكەن خۆشم دەوێن

هەموو ئەوشتانەی دێنە ڕێگەكەم تووڕەیم تووڕدەدەن و لە خەونێكی ئاوریشمیدا دەیانهۆنمەوە

وخۆشم دەوێن

گوێم لە چۆنیەتی نزای باوكم بوو بۆ چوونی بۆ بە هەشت خۆشم دەوێن

دڵم نایە هەڵەیەك بەرامبەر قیبلە بكەم چونكە خۆشەویستەكانم ڕۆژانە پێنج جار بۆ قیبلە كڕنۆش دەبەن

دڵم نایە بەرماڵەكەی ماڵمان چڵكن بێت و بێ ئەرزشی تەماشای بكەم

ئەو یادگاریەكی جوانە

ئەو هەستە دەكەم ڕوحێكی جاویدانیە لەوەتەی ماڵی ئێمە هەیە لەگەڵمانە

نەنكم قەدی دەكردوو لە باولیەكەدا دەیپاراست

هەمیشە كە خانوومان دروست دەكرد دەیانگوت: با دیوەخانەكەی گەورە بێت

با شوێنی میوانەكان پڕ ڕێز بێت

سەرینی گەورەگەورەیان لە ژووری میوان دادەنا

كە خواردنێكی تایبەت لێدەنرا دەیانگوت: بۆ میوان باشە

میوانەكانم خۆش دەوێن

خودام لەبەرخۆم خۆش دەوێت

كەس ناتوانێت جنێو بە نیشتیمانی خۆی بدات

بیژوو نەبێت ماڵی خۆی ناكا بە قومارخانە

بیژوو نەبێت تف لە ئاسمان ناكات

من ئاسمانم خۆش دەوێت

لەوێوە كلوو كلوو سۆزی ئەوینم پێدەگا

لەوێوە گوێم بۆ سەداو هەستانەوەی ڕوحی ماندووم ڕاگرتووە

لەوێوە

دڵم لەبەركانییەكی قەڵبەزەدا چۆڕچۆڕ دەبێتەوە بە باران

بارانم لەبەر خۆم خۆش دەوێت

ئەو لەگەڵ هەموو شیعرێكدا گۆرانی دەڵێ

لەگەڵ هەموو نەغمەیەكدا بڵیند دەبێ

لەگەڵ هەموو ژنێكدا مەست دەبێت

زۆر جار لە خۆوە گریانم دێت

دەڵێم ئەوە شێتیە ناتوانم تەوزیفی كۆتاییەكانی ڕوح بكەم

دەڵێم بێ ئەقڵیەكی گەورەیە خۆم لە قەرەی پێكەنین دەدەم

گوێم لە پیرژنێكی بەسەلیقە بوو دەیگوت: گریان ڕوحت پاراو دەكات

گریان دەتباتەوە بۆ منزڵی خودا

گریان لە ڕیشەوە زیندووت دەكاتەوە

ئەو شتانەی خۆم خۆش دەوێن كە ناهێڵن بكەوم

كە لە گۆچانەكەم حاڵی دەبن

ئەو دونیایەم لەبەر تۆ پێخۆشە

تۆشم لەبەر خۆم خۆش دەوێت