ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

هەر سێ نیشانەكەی موسا، جێگای سەرسوڕمانن، گۆچان جوڵەی تێكەوێت ببێتەمار، لە پڕ بە دەستلێدانێكی موسا ببێتەوە بە گوچان، دەستێكی گول چاكبێتەوە و ئاوی دەیارببێتە خوێن. ئەوە هەموویان دەسكاری كردنی كرۆك و پێكهاتەی شتەكانن، كاری نەكردەن، ئەوەی پێچەوانەیە كە موسا سكاڵا لە دەست قورسی قسەكردنی دەكات، موعجیزەیەك ڕوونادات و چارەسەرێكی زۆر بێدەسەڵاتانەی بۆ دەدۆزێتەوە، چارەسەرێك كە دەربڕینە هونەریەكەی كردوویەتی بە داهێنان.

موسا بەڕادەیەك لە قورسی زمانی ناڕەحەتە كە داوا لە یەزدان دەكات كەسێكی دیكە لە جیاتی ئەو بنێرێ، لەگەل ئەوەشدا خودا پەنا بۆ موعجیزە نابات و داوای لێدەكات كە هاڕون لیڤی برای لەگەڵ خۆی بەرێت و ئەو لە جیاتی موسا قسە بكات.

- یەكێك لە هونەرە هەرە پێویست و بنەڕەتیەكانی پێغەمبەرایەتی شێوازی بانگكردن و قسەكردنیانە بۆ خەڵك، كە موسا لێی بێبەشە.

 . دەكرێ وەك خوێنەرێك یان میسریەكی ئەو كاتە بپرسم، ئەرێ گۆڕینی (گۆچان بە مار) ئاسانترە یان چاكردنەوەی زمان گیرانی كەسێك؟

هەنگاوەكانی موسا:

- موسا بڕیاردەدات بگەڕێتەوە بۆ میسر و ژن و منداڵەكانیشی لەگڵ خۆی دەبات.

- موسا وتەكانی یەزدان بۆ هاڕونی برا دەگێڕێتەوە و ئەویش لەگەڵی دەچێ.

- موسا و هاڕون تەواوی پەرچووەكان نیشانی پیرانی گەلەكەی خودا دەدەن و ئەوانیش باوەڕیان پێدەكەن كە یەزدان خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی بۆ دەركەوتووە و بەڵێنی ڕزگاری پێداوە.

گەمەی یەزدان

{ یەزدان بە موسای فەرموو: كاتێك دەگەڕێیەوە میسر، سەرنج بدە هەموو پەرچووەكان كە لە دەستی تۆم داناوە، لەبەر دەم فیرعەون ئەنجامییان بدە، بەڵام من دڵی ڕەق دەكەم بۆ ئەوەی نەهێڵێت گەلەكە بڕۆن. تەورات، دەرچوون،٤}

ئەو هەڵوێستەی یەزدان نامۆیە، پەڕچوو دەداتە موسا، بەڵام دڵی فیرعەون ڕەق دەكات، تا ڕێگانەدات گەلەكەی كە چەوساوەن، كە بێزارن، كە زوڵمیان لێدەكرێ بڕۆن، واتە پەرچووەكان لە پێناو چیدان؟

تا ئێستا دوو حیكمەت لە پەرچووەكاندان:

١. هێزێكە بۆ موسا، كە ناتوانێ قسە بكات و زمانی دەگیرێ.

٢. موسا بە هۆی ئەو پەرچووانەوە گەلەكەی كۆدەكاتەوە و یەكیاندەخات.

ئەو لەبەر دوو هۆ میسری بە جێهێشتووە:

یەكەم: میسرییەكی كوشتوە، لەكاتی گەڕانەوەیدا داواكاران و پەیوەندیداران نەماون.

دووەم: كاتێك ویستی داداوەری لە نێوان گەلەكەی خۆیدا بكات، پێیانگوت

 ” كێ تۆی كردوە بە گەورەی ئێمە“

كە دەگەڕێتەوە هیچ كەس دوای ناكەوێت و داوای خوێنی میسریەكە ناكات، خودا ئەوەندەش هێزی داوەتێ گەلەكەی ڕازی بكات.

كاری یەزدان لەوبەشەدا زۆر لاوازە، تاكە ئومێدی هێنانە دەری گەلی ئیسرائیلە، كە بەگەلەكەم ناوی دەبات، لە میسر. بەڕێكایەكی ئاڵۆز و ناڕوون.

- موسا و هاڕونی برای توانییان باوەڕبە گەلی ئیسرائیل بهێنن، بەڵام نەیانتوانی فیرعەون ڕازی بكەن ڕێگا بە گەلەكەیان بدات لە میسر بڕۆنەوە دەرەوە.

- ئەوەش ویستی یەزدان بوو، چونكە بەڵێنی دابوو دڵی فیرعەون ڕەق بكات.

- فیرعەون سزای زیاتری گەلی ئیسرائیلی دا.

- گەلی ئیسرائیل لە موسا توڕە بوون و گوتیان خوداكەت تووشی ئازاری زیاتری كردین.

{ موسا گەڕایەوە لای یەزدان و گوتی: پەروەردگار بۆ خراپەت لەگەڵ ئەم گەلە كرد؟ بۆچی منت نارد؟ لەو كاتەوەی چوومە لای فیرعەون بە ناوی تۆوە بدوێم، ئەو خراپەی لەگەل ئەو گەلە كرد، تۆش فریای گەلەكەت نەكەوتیت. تەورات، دەرچوون، ٥}

تێگەیشتن بۆ یەزدان

- ئەوەی ئێمە دەیخوێنینەوە، چیرۆكە هەرە سەرەتییەكانی دەركەوتنی خودایە، خودا وەك نور و تاقانە. (موسا دەگەڕێتەوە لای خودا) كەواتە خودا شوێنێكی دیاریكراوی هەیە، كە موسا دەتوانێ هەمیشە بگەڕێتەوە بۆ لای، وەك تەورات پێماندەڵێ ئەو شوێنەش خاكی پیرۆزە، ئەو شوێنەی دەوەنەكەی دەسووتا.

- پەروەردگار بۆ خراپەت لەگەڵ ئەو گەلە كرد؟

ئایا پەیامبەر بۆی هەیە داوای ڕوونكردنەوە لە یەزدان بكات، خراپ و چاكی خودا لەیەكتر جیاكاتەوە ؟ یان پرسیارێك بكات كە وەڵامەكەی لە خۆیدایەتی؟

ئەوانە بەشێكن لە بونیادی چیرۆكەكە كە چیرۆكی خودایە، كە چیرۆكی هاتنە خوارەوەی یەزدانە. بونیادی چیرۆك پێویستی بە گومانی موساش هەیە، پێویستی بەوەش هەیە فیرعەون دڵ ڕەق بێت.

{ یەزدان بە موسای فەرموو: ئێستا دەبینیت چی بە فیرعەون دەكەم، بە دەستێكی بەهێز ناچاری دەكەم بەرەڵایان بكات.}

هەروەها فەرمووی:

{-  من یەزدانم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب وەك خودای هەرە بەتوانا دەركەوتم. بەڵام بە ناوی خۆم كەیەزدانە لە لای ئەوان خۆم نەناساند. هەروەها پەیمانی خۆمم لەگەڵیان چەسپاند، كە خاكی كەنعانیان بدەمێ. تەورات.}

یەزدان تا ئەو كاتە تەنها یەك بەڵێنی بە پێغەمبەرانی پێشتر داوە ئەویش، بەخشینی خاكی كەنعانە پێیان. بەڵام ئیبراهیم گەورەی پیغەمبەران كە ژنەكەی دەمرێت لە دوای سەد و بیست و حەوت ساڵ، هێشتا نەك خاكی كەنعانی نەدراوەتێ شوێنێكی دەست ناكەوێت ژنەكەشی لێبنێژێ.

دوای بەڵێنی خودا بە بەخشینی خاكی كەنعان:

- پێغەمبەر ئیبراهیم ١٧٥ ساڵ ژیاوە.

- ئیسحاقی كوڕی كە ئەویش هەر نێرداراوی خوا بوو ١٨٠ ساڵ ژیاوە.

- یاقوبی كوڕی ئیسحاق ١٤٧ ساڵ ژیاوە.

- دنیایەك ساڵسیش لەو نێوانەدا هەن.

ئێستاش كە مووسا و هاڕون دەنێردرێنە لای فیرعەون:

- موسا تەمەنی هەشتا ساڵە و هاڕۆن برا گەوەری تەمەنی هەشتا و سێ ساڵە.

دوای ئەو هەموو ساڵە یەزدان بۆ خۆی دێتە خوارێ، جگە لەوەی كە خاكی كەنعان نەبۆتە موڵكیان، گەلی ئیسرائیل ئێستا دیل و ئاوارەن و لە ژێر ئەسكەنجەدان.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا یەزدان بڕیاری داوە ئەو گەلە ڕزگار كات بۆ ئەوەی بێنە خاكی پیرۆز و قوربانی بۆ بكەن و بیپەرستن، لە كتێبی پیرۆزدا پەیمانی خودا لەسەر هەموو شتێكەوەیە، هەتا بونیادی چیرۆكیش.