ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ناونیشانی کتێبێکیتری خاتوو(دونیا میکائیل)نوسەرو شاعیری تاراوگەنشینی بەڕەگەز عیراقیە، ئەو پەرتۆکە یەکەم چاپی لەساڵی٢٠١٧،لێ بڵاو بووەوەو کەوتە بەردیدی خوێنەران.

نووسەر لەو کتێبه چیرۆکی تراژیدی هەموو ئەو کچ و ژنە ئێزدیانە لەزاری خۆیانەوە دەگێڕێتەوە کە لەزیندانەکانی دەوڵەتی خەلافەت و لە دۆزەخی تیرۆرستانی داعش ڕزگاربوون، دوای ئەوەی لەشنگال تیرۆرستانی دەوڵەتی ئیسلامی، بەعەقڵێکی ڕەش، مێژوویەکی ڕەش، ئاڵایەکی و ڕەش و پەیامێکی ڕەش، هێرشی بەربەریانە دەکەنە سەر شنگال و پیاو ژنە بەتەمەنەکان دەکوژن و ژن و کجە کەنجەکانیش لەپێناو ناوگەڵی گڵاو حەزی نەگریس و ئارەزووی پیسیان دەکرێنە ناو بارهەڵگرەکان و دەبرێن بۆ تەلەعفەرو موسڵ و وڵاتی سوریا شاری ڕەقە، بەو شێوە دڕندانەیە، هەموویان دەکرێن بەکەنیزەو دونیایەک بێ ڕێزی و گەردونێک سوکایەتیان پێدەکرێت، لێیان دەدرێت و ئازاری جەستەیی و دەروونی زۆر دەدرێن و دوور لەهەموو بەهایەکی ئینسانی و ویژدان و ئەخلاقێکی بەرزی مرۆڤانە، دوور لەهەمووقییەم و یاساو ڕێسایەک،دوور لەهەموو نەریت و مۆڕاڵێک ، لەلایان کارەکتەرە خەرەفاوە سێکسی و بێ ڕەوشت و دڕندەکانی خەلافەتی جنس، دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر کەسایەتی و کەرامەت و مرۆڤ بوویان و بەزۆر لاقەو و ئەتکدەرێن و مرۆڤ بوونیان پێشێل دەکرێت و سەربەستیان دەست بەسەردادەگیرێت و کەرامەتیان دەورووشێندرێت،

ئەو ژن وکچە ئێزدیانەی بێ ئەوەی تاوانێکیان ئەنجام دابێت و هەڵەیەکیان کردبێت و کەعبەی داعش و بتی شۆڤێنیەکانیان ڕۆخاندبێ وبەناوی فتوحاتەوە، شاڵاویان بۆ دوورگەی عەرەب و بیابانی عەرەبی بردبێت و خاکی نەجدو حیجازو یەمەنیان داگیرکردبێت و هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیاو جوگرافیاو فەرهەنگ و کلتوری دانیشتوانی بیابان دابێت و مێژووی عەرەبیان شێواندبێت و ناوی منداڵە عەرەبەکانیان کردبێت بە ئێزدین، دیاکۆ، ئاستیاک،ماد، قەنجۆ..تاد. ئەوانەی تاقەتاوانیان ئەوەیە، کە بیرو باوەڕو کەلتوریان جیاوازە، مێژوو و فەرهەنگ و ئایینیان جیاوازە، دیدو تێڕوانین و بۆچوونیان جیاوازە،نەریت وشێوازی ژیانیان جیاوازە، سەرەڕای هەفتاو چوار فەرمان،سەرەڕای هەفتاو چوار هۆڵۆکۆست و جینۆساید، سەرەڕای هەفتاو چوار ئەتکردن و کۆکۆژکردن، ئەوان بەو پەڕی خۆڕاگرییەوە، بەرگریان کردووەو ئامادە نەبوون و هەرگیز ئامادەیش نین، بەیداخی شکست بەرزبکەوەو جاڕی تەسلیم بوون بدەن و

ڕادەستی بیری تاریک پەرستی و کەلتوری بەدوو ڕێسای جەهالەت و دابی دواکەوتوانەی عەرەب و کولتوری بزنمژکە خواردن و ڕەجمکردنی ژن و بەزۆر بەشودانی کچی مناڵ و ئەقیدەی بەکەنیزەکردن و بەکۆیلەکردنی مرۆڤ بن و داب و نەریت و فەرهەنگ و ڕەسەنێتی بوونی خۆیان لەناو کولتوری بێگانەو نەیار بتوێننەوەو ناسنامەی ئێزدی بوونیان ون بکەن و ڕابردووی خۆیان بەمێژووی خالدو قەعقاع وسەفاح و فلان وفیساری داگیرکەری خاکی بابوو باپیرانمان بگۆڕنەوەو دەست لەمێژووی خۆیان بەربدەن و ببن بە پاشکۆ و کۆیلەو خزمەتکاری نەریت و کولتوری بێگانەو شەڕی بەوەکالەت بۆ عادات و تەقالیدو مەزهەب و ..تاد. نەیاری خاک و بوون و ئەژداو ئابائمان بکەن و هەویەی ڕاستەقینەی ئێزدی بوونی خۆیان بە مرەکەبی عروبەو بیری عروبەچیەتی و کلتوری عەرەب و لەژێر ناو پاساوی جۆر بەجۆری بەتاڵ و بێ ماناو نامۆ بە کوردبوون و میترایی بوون و ئێزدایی بوون بسڕنەوە! «لەبازاڕی کەنیزەکان».

چیرۆکی هەموو ئەو کچ و ژنە ئێزدانیانەیە، کە دێوە گڵاو دڕندە چەپەڵ و بەڵتەجیە بۆگەنەکانی دەوەڵەتی خەلافەتی جەهل ،خەلافەتی لاقەکردن، خەلافەتی بەکەنیزەکردن و ئەتکردن، خەلافەتی تیرۆرو تۆقاندن، دەیان و سەتان کامێ و نادیەو مەهاو بەدیعەو مەروەو شوکریەی تەمەن چواردە ساڵ و شەکیبەی خوشکی ..تاد. لەبازاڕی کەنیزەو لە بازاڕەکانی تەلەعفەرو موسڵ و ڕەقەو حەلەب ..تاد. وەک کاڵایەکی مادی و بێ نرخ. بازرگانی سێکس و کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکەن و لیستی بێ ئەخلاقی و بێ مۆڕاڵی و نامرۆڤانەی کەنیزەیی بوونیان بۆدەکەنەوەو وەک چۆن سندقێک پەتاتەو تۆڕەک پیاواز و عەلاگەیەک خورما،لە عەلوەوفروشگەکان عەرزدەکرێن ،ئەوانیش ئەوا سیعریان لەسەر دەنووسرێت و پیشانی کڕیاره داعشە لەمرۆڤ داچۆڕاوەکان دەدرێن ۆ نرخیان بۆ دادەندرێت و لەسەری دەنوسرێت، ئەمە بەوەندەو ئەوە بەوەندەیەو ئەوەکەیتریش بەمەنە، بەو شێوە هۆڤانەیە، داعشەبێ نرخەکان، چەشنی کاڵایەک نرخ بۆ هەموو کچ و ژنانی کوردانی ئێزدی دادەنێن و لەشێوەی میوەو سەوزەو لەفرۆشگای ڕەوشت نزمی و ناوگەڵ بۆگەنی داعشی تیرۆرستی لەنمونەی: ئەبو دوجان تورکی و ئەبو فورقان ئەلسعودی و ئەبو عەلی سوری و ئەبو حمزة عیراقی و ئەبو عەبدولمەلیك و ئەبو جیهادی ڕوسی و ئەبو فلانی تاجیکستانی و ئەبو عەلانی ئەڤگانستانی و ئەبوو تەلانی شیشانی و ئەبوو تیرۆرستی دڕندە..تاد. دەفرۆشرێن!

«لەبازاڕی کەنیزەکان».

تراژیدینامەو چیرۆکی هەموو ئەو ژن و کچانەیە لەژێر چنگی داعشی تیرۆرست ڕایانکردووە،چیرۆکی ئەو پیاوانەی لە لێواری مەرگ گەڕاونەوە،چیرۆکی ئەوانەی لەسەر خاکی خۆیان، بەبەرچاوی هەموو دونیا، ئیبادەو ئەتکران، ئەوانەی بەنەیارانیان وت، ئێمە چوار هەزار ساڵە لەسەر ئەوخاکەدەژین، ئێرەزێدی ڕەسەنی ئێزدیخان و ملکی ئێزداییەکان و ئێمەی ئێزدییە، ئێوەی تیرۆرست و تەعریب چی ، جێبەکاری پرۆژە تەواونەکراوەکەی قەقعاع و خالد و کێو کێن؟ ئێوە کێن و لەکوێوەهاتوون،دووبارەو دەبارەو هەفتاو چواربارە، دیسان دەتانەوێت ، فەرمان و ئەنفال و داگیرو ئەتکمان بکەنەوەو مێژووی نەهاوەندو جەلەولاو جەنگی قادسیه دووبارە بکەنەوە؟ تاکەی لەژێر ناوی ئایین و بەپاساوی قێزەون، دەست بەرداری بیری بەربەرێتی و مەشروعی تەعریبچیێتی و شاڵاوی هۆڤانەو ئەجێندای فتوحات(داگیرکاری)و کلتوری سڕینەوەو داگیرکردن و لەناوبردنی ئەویتری لە ئێوە جیاوازو ئێمەی ئێزدائی و ڕۆڵەو نەوەکانی میترایی نابن و وازمان لێ ناهێنن! تاکەی؟ ئێوەکێن و بەچ مافێک دەستبەسەر خاک و شەڕەفمان دادەگرن و دەمان کەن بەکەنیزەو کۆیلەو لەبازاڕی بێ ئەخلاقیتان کڕین و فرۆشتن و بازرگانی نامرۆڤانەو دڕندانەی سێکسی و ناو گەڵی خۆتان بەمرۆڤ و بوون و کوردبوونمانەوە دەکەن و چەشنی کاڵایەک هەڕاجمان دەکەن! بەچ ڕووێک ئێوەی دواکەوتوو کۆنەپەرست و تاریک پەرست و حەحیم پەروەرو ژیان تێکدەرو ژیار وێرانکەر، داوا لەئێمەی ئێزدانی و ڕوناکی دۆست و ژیان دۆست دەکەن، دەستبەرداری ئایین و کولتورو نەریتی باوباپیران و مێژووی هەزاران ساڵەمان بین و بێینە سەر مەزهەبی سەربڕین و ژن ئەتکردن و مرۆڤ و ژیان وێرانکردن و باوەڕ بە یاسای بەردبارانکردن و دکتۆرینی سەربڕین و دۆگمی کوشتن و عەقیدە ئەهریمەنی و بەربەریەکەتان بکەین!؟

«لەبازاڕی کەنیزەکان».

چیرۆکی شنگاله،ئەو شاره کوردیەی پۆستاڵی گڵاوی تەعریبچی و ئەقڵیەتی بۆگەنی ئەنفال چیەکان و بیری دەمارگیری عروبەی شۆڤێنی و پیلانە پیسەکەی فەرمانچیەکان تێیخزا، ئەو شوێنە بوو بەگۆڕستانی پەپولە ئێزداییەکان و گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزدیەکان، بوو بە گۆڕستانی خەجاڵەتی ویژدانی مرۆڤایەتی و، دروشمە زەق و بێ ناوەڕۆک و بەتاڵەکانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی تێدا نێژرا، شنگال، ئەو شوێنەی بەهاکانی مرۆڤایەتی تێیدا کەوت و بۆ ماوەیەکی کاتی خۆری ئێزدایی تێیدا ئاوابوو و بەیداخی تیرۆرو تاریکی تێدا بەرزکرایەوەو حوکمەکانی دەوڵەتی خەلافەتی جەهالەتی لێ جاڕدرا،

«لەبازاڕی کەنیزەکان».

چیرۆکی لێک جیاکردنەوەی هاوسەرەکانە لەیەکتری، دایک لەمنداڵەکانی، خوشک لەبرا،

چیرۆکێگەلێکی بەسوێ و بەئازارو تراژیدیک،

چیرۆکی هەموو ئەو پەپولەشگالی و ئێزدائیانەی لەلایان دڕندەکانی سەربەچاخی بەردین و دەرەوەی مێژوو، ڕوح و گیان و جەستەی پاکیان داگیردەکرێت،

«لەبازاڕی کەنیزەکان».

هەڵدانەوەی لاپەڕی سکانداڵ و

تاوانە قێزەونەکانی گرووپی داعشی تیرۆرست و هەمەجی و ڕاسیزمە، لەتاوانی، کۆمەڵکوژی، بەکۆیلەکردن و بەکەنیزەکردنی مرۆڤ، برسی کردن، لێدان و ئازاردان، دەستدرێژی سێکسی،بەکارهێنانی منداڵ لەکاری توندو تیژی..تاد.

«لەبازاڕی کەنیزەکان».

ئەقڵ بەبەردبوو و دەروون بۆگەن و شەمشەمەکوێرەکانی ئەشکەوتی نەزانی و تاریکیە،

چیرۆکی ئەو بەربەری و خەرفاوانەی، لەسەردەمی مۆدێرنێتەو جیهانگیریدا، لەسەردەمی شۆڕشی زانستی و تەکنەلۆجیدا، لەسەردەمی چونەسەرمانگ و ڕۆبۆتدا،

سەردەمی یەکسانی جێندەری و چەسپاندنی مافەکانی ژن و جێگیرکردنی پڕنسیپەکانی ژن بوون لەنێو یاساو دەستورو کۆمەڵدا،سەردەمی هەڵتەکاندنی بیری پاتریاکی و لەگۆڕنانی مێنتەڵێتی جیاکاری ڕەگەزی و لەپەت هەڵواسینی عەقڵیەتی نێرسالاری و ، لەهەزارەی سێیەمدا، تازە بەتازە دەیانەوێ هەزارو چوارست و ئەوەندە ساڵە بمانگەڕێننەوە بۆدواوەو یاسای بەردبارانکردن و بەکەنیزەکردن و بەکۆیلەکردن و بێ ڕێزی کردن بە مرۆڤ بگەڕێننەوەو بەزۆر لەکۆمەڵی مرۆڤایەتیدا بیسەپێنن و بەعەقڵیەتە دووکەوتوو یاسا بەبەردبووەکانیان دۆزەخ بۆ مرۆڤایەتی بسازێنن و بەبیری تۆندڕۆیی و تیرۆرستیان گڕ لەژیان بەردەن و هەرچی چەمک و کۆنسێپتی تۆلەرانس و پلۆرالیزم(فرەیی)و یەکسانی جێندەری و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و ئازادی تاک و سەربەستی ژنە، بیسوتێنن!

..