ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

  شاعیر ئەوەندە بە سرووشت و ئەوەندە بە هێوررییەوە پێوەستە، هەر دەڵێیت بەشێکە لە سرووشتێکی هێمن. ئەو چیرۆکە کورتانەی شاعیر دەیانگێڕێتەوە، زۆر جار لە ڕۆمان کاریگەرترن. شاعیر زۆربڵێ نییە، کەمدووە، بەڵام چەمی زمان لە ناخیدا هەمیشە خوڕەی دێت. شاعیر کەسێکی بێفیزی بێدەنگە، گوێگرێکی چالاکە و خۆی لەو قسە و باسانە هەڵناقورتێنێت کە ناچنەوە سەر هەواری شیعر. شاعیر دەستخوێنەوە نییە، ڕۆح دەخوێنێتەوە و لەنێو تەمومژدا، ترووسکە بەدی دەکات. شاعیر قسە فڕێ نادات، ئەو وشە یاخییانە کەویی دەکات کە بە کەسانی دیکە ماڵیی ناکرێن. شاعیر کەسێکە ئەوە دەخوێنێتەوە کە نابینرێت و ئەوە دەنووسێتەوە کە دەرکی پێ نەکراوە. شاعیر با شەوەزەنگیشی بە میراتی بۆ مابێتەوە، هەر ڕووناکی دەبەخشێتەوە، ئاخر مل بۆ نائومێدی کەچ ناکات.

 لە غەیری شیعر، کە ملکەچی هیچ یاسایەک نییە، هیچ ڕێسایەکی دیکە ڕەچاو ناکەم، ئاخر شیعر لە هەوڵی ئەوەدایە مانایەکی قووڵ بە ژیانم بدات. شیعر مەشخەڵێکە لە ناخمدا دەگڕێت و لێ ناگەڕێت، کوانووی ساردوسڕی ڕۆژگار، نائومێدم بکات. شیعر سروەیەکە لە یادگەمەوە هەڵدەکات، بەڵام بۆنی داهاتوو بە ڕوومدا دەدات. شیعر لە شوێنێکەوە دێت، بەڵام هەواڵی هەموو شوێنێکی پێیە. شیعر هەرچەندە زادەی زمانە، بەڵام بە درێژایی عومری بە دوای زماندا وێڵە. شیعر با چیرۆکی (بێهوودەیی)یش بگێڕێتەوە، بەڵام دووگیانە بە هیوا، با کێش و سەروایشی نەبێت، بەڵام تژییە لە موزیک. شیعر دەنگێکی بڵند شک نابات، بەڵام چرپەکانی هەڵگری مانای بەرزن. شیعر تا ئاسانتر بێت، سەنگینترە بە دەربڕینی زەنگین، تا ڕوونتر بێت، قووڵتر بە دونیادا ڕۆ دەچێت. دوژمنێکی شیعر، درێژدادڕییە، بۆیە هەمیشە لە کورتی دەیبڕێتەوە و گوتەکانی بە تەرازووی زێر دەکێشێت، ئەوە نەبوو تۆماس ترانسترێومەر بە سێسەد لاپەڕە، نۆبێڵی لە (شیعر)دا وەرگرت.

 (شیعر ڕامانێکە، لێ ناگەڕێت خەو بمانباتەوە و چاومان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە. شیعر هاتنەخوارەوەیە، لە ئاسمانی خەونەوە بۆ زەمینی واقیع.) شیعر داوێکە لە ڕووناکی، ڕێمان ڕۆشن دەکاتەوە و کڵپەیەکە ناخمان دەکات بە هێلانە و بوار نادات، لە درێژەدان بە ژیان، سارد ببینەوە و ئەو هەستەمان لە کن دروست ببێت کە لە مردن نزیک دەبینەوە. شیعر خەونێکی بێدارە، بە شێوازێکی ئاسان کە لە گوتەی ناخی کەسێکی ساکار دەچێت، نەک لە هی فەیلەسووفێک، جریوەی چاوی گەشی ئەستێرە دەگێڕێتەوە. شیعر کە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە بەسەر دەکاتەوە، مرواریی داستان و ئەفسانە دەبینێتەوە، ئاخر شیعر سەرنجدانی واقیعە لە پەنجەرەی خەیاڵەوە. شیعر پێمان دەڵێت: تا لەنێو فانتازیادا بزر نەبین، ناتوانین لە واقیعدا خۆمان بدۆزینەوە. شیعر هەر لەو منداڵە دەچێت کە ماڵی باوکی جێ هێشتووە و پشتی بە خۆی بەستووە. شیعر با باس لە پووچیی بوونیش بکات، بەڵام هانا بۆ بێهیوایی نابات، با خەمناکیش بێت، بەڵام هەر بەسەر واقیعدا کراوەیە و خۆی دوورەپەرێز ڕاناگرێت.

 شیعر دەربڕینێکە سەرساممان دەکات، بەدەم خوێندنەوەیەوە، سەرنجمان لە کوتوپڕی ‌هەڵدەنووتێت و تووشی وێنەی وا دەبین، هەر لە کشانی لە ناکاوی ئەستێرە دەچێت. ئەوە ڕاست نییە کە شیعر خۆڕسکانە لە دایک دەبێت، ئاخر هەر ڕستەیەکی شیعری بگرین، وەختێکی زۆری ویستووە، تا پێگەییشتووە. (شیعر نووسینە بە تەباشیری سپیوسۆڵی ژیان، لەسەر تەختەڕەشی مردن. شیعر پەڕە پەڕە هەڵدانەوەی کتێبەیلی، دارستان و بیابان و ئاسمان و زەریای نێو ناخی شاعیرە. وەک چۆن لەنێو قەدی هەر درەختێکدا، ئەڵقەکانی گەشەکردنی هەیە، لە هەر دیوانێکیشدا، قۆناغەکانی ژیانی شاعیر، هەر لە منداڵییەوە تا پیری، هەیە.)

 (وەک چۆن لەژێر ئاسماندا هیچ شتێک لە ئاو نەرم و نیانتر نییە، بەڵام هیچ شتێکی ڕەق و سەختیش خۆی لەبەر هێزیدا ڕاناگرێت،) لە دونیای نووسینیشدا زمانی هیچ ژانرێک لە هی شیعر، تەڕوبڕتر نییە، بەڵام هیچ بەرهەمێکی دیکەی ئەدەبی، هێندەی شیعر بەرگەی تێپەڕبوونی زەمان ناگرێت. زمانی شیعر نەرم و نیانە، بەڵام سیحرەکەی لەوەدایە، پتەویشە، بێ ئەوەی سەخت بێت. کە شیعرێک دەبینین، سەرمان لە جوانییەکەی سووڕ دەمێنێت، ئەوە ئەو جوانییەیە وا دەکات، پڕبێت لە چێژی هونەری. ئەوە شیعرە، خەونمان شیرین و خەیاڵمان زەنگین ودڵمان بەرین و بەرچاومان ڕۆشن دەکاتەوە. شیعرمان ڕوون و ڕەوان نابێت، ئەگەر هەستمان ناسک و دەربڕینمان قووڵ و چڕ نەبێت. ئەو شیعرە ئاسانەی سەرساممان دەکات، بەرهەمی کۆششێکی دژوارە، هەر وا بە سانایی لە دایک نەبووە. شیعر دوژمنی زۆرە، بەڵام دوژمنە سەرسەختەکەی، سانسۆرە، سانسۆری سیاسەت و هیی ئایین، بە تایبەتی کە ئەو دوو دەسەڵاتە، هەردوو لایان دەکەونە هەمان سەنگەرەوە.

 شیعر لە هەمان ساتەوەختدا فۆرم و ڕیتمی خۆی دەبینێتەوە، ئاخر شێوەی شیعر و وموزیکی شیعر، دووانەیەکی لە جیابوونەوە نەهاتوون. موزیک ڕۆحی شیعرە، ڕۆحێکی ناوەکی و دەرەکی، ناخر موزیکی ناوەوەی شیعر، خۆڕسکانە دەڕژێتە دەرەوەی شیعرەکەیش و تەنانەت مانایش لە شیعردا، لە شێوەی موزیکدا خۆی نمایش دەکات. شیعر نە ڕەدووی کەسێک دەکەوێت، نە فیکرێک، دوای دڵی شاعیر کە ڕێنیشاندەری هەواری خۆشەویستییە دەکەوێت و بەس، ئاخر ئەوە تەنیا دڵە کە شاعیر نائومێد ناکات. شیعر ڕێگەچارەیەکە بۆ هەڵاتن لە دەستی ترس، شیعر با سەرچڵییەکیش بێت بۆ رزگاربوون لە مەترسیی مردن، بەڵام  هیچ گەرەنتییەک نییە، ئەنجامی ڕیسکەکە دڵخۆشکەر بێت.

 داهاتوو گەشتر نابێت، ئەگەر ژیان لە گۆڕاندا نەبێت، گۆڕانێک کە دەروونمان ئاوەدان بکاتەوە، نەک گۆڕانێک بمانکاتە کۆیلەی قازانجی ماددی، ئاخر ئاسوودەیی، زادەی قازانجی ماددی نییە و دەشێت سامانێکی زۆر شک ببەین، وەلێ وەک ڕۆح هەژار بین و هەست بکەین ناخمان پڕە لە بۆشایی. هەژاری ئەوە نییە، خاوەنی هیچ نەبین، ئەوەیە گوێ بە ئازار و خەمی ئەوانی دیکە نەدەین. کاتێک زەنگینین کە لە ناوەوە، نەک بە ڕووکەش، هێمن و ئاسوودە بین. ئاسوودەیی زادەی ئەوەیە، بایەخ بە چلۆنایەتی بدەین، نەک بە چەندایەتی. ئەوە مایەی شانازییە، خاوەنی خودی خۆمان بین، نەک خاوەنی کۆشک و دراو. دەوڵەمەند کەسێک نییە کۆیلەی هەژموونی وەخت بێت، کەسێکە وەختی جڵەو کردبێت و فێری هونەری ژیان بووبێت.

 ئەوە شیعرە، هەم دەروونمان ئاوەدان دەکاتەوە و هەم لێ ناگەڕێت خودی خۆمان لە کیس بچێت، هەم بە هونەری ژیان ئاشنامان دەکات و هەم دەمانداتە بەر ڕێژنەی بارانی ئاسوودەیی. شیعر دەروونمان لە ڕق پاکژ دەکاتەوە، تووڕەبوونمان بنبڕ دەکات و لێ ناگەڕێت هەڵبچین. شیعر هێورییمان پێ دەبەخشێت و فێری ڕامانمان دەکات. شیعر فێرمان دەکات ڕەخنە لە خۆمان بگرین و هەندێک جار پێکەنینمان بە خۆمان بێت. شیعر دەرمانێکە، لێ ناگەڕێت ژاری چاوچنۆکی، ژیانمان لێ تاڵ بکات. شیعر فێرمان دەکات، (ئەو دونیایەی خەونی پێوە دەبینین، لە ناخماندا ڕۆی بنێین.)

 خەم بەشێکە لە شاعیر، خەمێکی ڕۆمانتیکی دەرەکی نا، خەمی قووڵی ئینسانێکی تەنیا و غەریب لەم گەردوونە بەردینەدا. کێشەی شاعیر ئەوەیە، ئەو کاتەی لەنێو خەڵکدایە، تەنیاتر و نامۆترە. شاعیر نە بەرگەی تەنیایی و غەریبی دەگرێت، نە توانای ئەوەی هەیە لەنێو قەڵەباڵغیدا بژی و زیاتر کەسێکی دوورەپەرێزە، وەک لەوەی کۆمەڵایەتی بێت. لای شاعیر ئیمان گرنگە نەک ئایین، ئاخر ئیمان پێوندییەکی ئازادانەیە لە نێوان شاعیر و خوادا، بەڵام ئایین ئینسانەکان پەرت دەکات و دەبێتە هەوێنی بەرپابوونی جەنگ لە نێوانیاندا. شاعیر قەت بڕوا بەوە ناکات، خودا ئەوەی پێ خۆش بێت، ئەو هەموو خوێنە لە پێناوی ئەودا بڕژێت. ئەوە عیشقە بۆ ئازادی، کە شاعیر دەستپاکانە، هەست و بیری خۆی دەردەبڕێت، نەک گەڕان لە دووی ڕووناکی و خەوبینین بەوەوە وەک قارەمان ناوی بڕوات. شاعیر کەسێک نییە ترسی لە دڵدا نەبێت، کەسێکە لە ئەنجامی هەستکردن بە مەترسییەوە، باس لە ئازادی و داهاتووی گەش دەکات. شاعیر ئەوە دەنووسێت کە ناخی داوای لێ دەکات، نەک ئەوەی هیزێکی دەرەوەی ناخی دەیخوازێت. شاعیر کەسێکە ژیانی بۆ نووسین تەرخان کردووە و لە دەرەوەی دونیای نووسین، هەست بە بوونی خۆی ناکات.

*

 (١) إدغار مورین، ما زلنا برابرة، ترجمة: مدني قصري ١٠ أبریل ٢٠١٥ ألإتحاد الثقافي، دبي.

(٢) جیل برسنیتزار، توماس ترانستومر، خبیر الخیوط الفضیة الی متاهات الأرواح، ترجمة: أحمد حمیدة، الإتحاد الثقافي ٩ أبریل ٢٠١٥ دبي.

(٣) زهرة مرعي، ألإیمان علاقة حرة بین ألإنسان و اللە، حوار مع عبدە وازن ٣ أبریل ٢٠١٥ القدس العربي، لندن.

(٤) جمال الساعاتي، ملاحظات حول الروح الشعري ٢٧ مارس ٢٠١٥ إیلاف.