ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لەقینی بەردەكان دووەمین ڕۆمانی چاپكراوی هاوڕێی خۆشەویستم سەلام عومەرە ، ئەگەرچی ڕوداوەكانی نێو ڕۆمانەكە زادەی خەیاڵی نوسەرن ، بەلام كاتێك دەچیتە نێو قوڵایی ڕوداوو چیڕۆكەكان ئەوەند بە جوانی و هونەری تێكەڵكێشی كردوونە هەست ناكەیت ئەمانە زادەی خەیاڵن !

هەر لە سەرەتاوە بە چیڕۆكێكی خەمناك پەلكێشی نێو ڕوداوەكانت دەكات ، وات لێدەكات هەنگاو بە هەنگاوی كارەكتەرەكان بڕۆیت ، هەرچەندە بەرد بێ گیان و نەبزێوە ، بەلام لەم ڕۆمانەدا نوسەر بە ئارەزووی خۆی دەیجوڵێنێ و دەیكات بە پاڵەوانێكی بكوژ ! تا ئەو ئاستەی لە كۆی پێنج مەرگی نێو ڕۆمانەكە سێیانیان بە ڕوداوی بەردێك بێ گیان دەبن ! دوانەكەی تریش بە گوللەی بەعسیەكان و لە خەم و داخی بەعسیەكانە كە دایكی لالی یە ،

نوسەر لەم ڕۆمانەدا دڵی وەك بەرد رەقە ! چرای تەمەنی قوتابیەك دەكوژێنێتەوە كە تازە بە هۆی هاوڕێیە دڵسۆزەكەیەوە تروسكاییەك هیوای بۆ گەڕابۆوەو بە ئومێدەوە لە قەلادزێوە بۆ تەواوكردنی قۆناغەكانی خوێندن دێتە هەولێر ، كەچی لە یەكەم ساڵی خوێندنی و لە كاتی توێژینەوەی زانستی دەیكاتە قوربانی ، نوسەر لەم ڕۆمانەدا زۆر بە جوانی باس لە پێگەیەك دەكات كە چیای سەفین ە هەموومان دەزانین چیا سەفین بێت یان قەندیل و پێرس و گارەو قەرەچوغ هێمای خۆڕاگری و سەربەرزیە بۆ گەلی كورد ! بەلام لەم ڕۆمانەدا چیا سەر كەشەكەی سەفین دەبێتە دێوەزمەی مەرگی ڕزگار كە كارەكتەری سەرەكیە !

ئەم ڕۆمانە وەك فلاش باگ جوانیەكانی قەلادزێ و هەولێری سالانی ڕابردوومان دێنێتەوە بەر دیدە ، ئەو هەولێرەی كە هەر بە سادەیەكەیەوە جوانی و لەزەتی هەبوو ، نەك بە تەلاری هەوبڕو ناوە سەیرو سەمەرەكانی تیاترۆخانەكانی ئێستای !

نوسەر لەم ڕۆمانەدا زۆر بە جوانی ساتی مەست بونی گەنجەكان دەخاتەڕوو ،

بەتایبەت ئەو دیمەنانەی تێكەڵ بە دەنگ و سەدایەكی هونەری ڕەسەنمان دەكات كە لەسەر زاری هێمن ەوە دەڵێ (ئەگەر چی شەو درەنگە ساقی بۆم تێكە كەمێكی تر ) دوای كولانەوەی برینی دڵە بچكۆلانەكانیان و فرمێسك ڕشتن لە تاو بێ وەفای یارەكەیان ئەمجارەشیان دەنگە ڕەسەنەكە بە ئاهو ناڵەی پەشێو كۆڕی مەست بونیان بۆ جۆش دەدات و دەڵێت (لە دەستم دێت كاتژمێری كامەرانیت بوەستێنم ! )لەم مەجلیسی مەست بونەی عاشقاندا واهەست دەكەیت پەشێو و هێمن بە دەنگی محەمەد جەزا لە پێشبڕكێی شیعرەكانیاندان !

لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا ئەو ساتانەمان بیر دەكەوێتەوە كە وەك عاشقێكی هەرزەكار بەدوای نازو عیشوەی یارا وێڵ و سەرگەردان دەبوین ، لاپەڕەكانی ئەم ڕۆمانە پڕیەتی لە ساتەوەختی چاوەڕوانی دوو عاشق و نامە گۆڕینەوەكانیان كە لە كاغەزێكی سپی بە خوێنی دڵیان و ئەسرینی چاوەكانیان بۆ یەكتریان دەنوسی لە دڵەوە بۆ گوڵەوە ! لاپەڕەكانی ئەم ڕۆمانە پڕیەتی لە بۆنسۆی دڵی شیرین و فەرهادەكان ! لە ئەوین و فرمێسكی دابڕان و مەرگ ! ئەوەتە ڕزگارو قەندیل ی هاوڕێی لە ساتەوەختی بۆیە كردنی گۆڕی خۆشەویستە جوانەمەرگەكەی

دولبەری خوشكی خۆشەویستەكەی بە گریانەوە دەڵێ * ( خوشكە نازدارەكەم ئەو ڕەنگانە تارای بوكێنیتەو خۆشەویستەكەت بەسەریداداوی ، خۆزگە لە جیاتی تۆ من بام ، ئەم وتەیە نەك هەر دایك و براكەی نازداری جوانەمەرگی هێنایە گریان ، بەڵكو خۆشەویستەكەی و هاوڕێكەشی )

لەم مەفتەنەی ئێمەدا تا ئێستاش لە پرۆسەی هاوسەرگیری كوڕان و كچاندا بە پلەی یەكەم بەلێ و نەخێرو ڕازی بوون بۆ دایك و باوك و براو هەندێك جار خاڵ و مام و ئامۆزاش بە ڕەوا دەزاندرێت بۆ ئەوەی پرۆسەكە بە قۆناغێكی تەندورست دا تێپەڕێت ! گەر كوڕەو كچەش هەڵوێست وەرگرن كوڕە ماڵ بەجێدێڵێ یان دەردەكرێت ! كچەش یان شوناكات بەكەسی تر یان خۆی دەكوژێ ! لالی كە كەسێكی بەدبەخت و چارەڕەشی نێو ڕۆمانەكەیە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كچێكدا هەیەو باوكی كچەش پیاوی ڕژێمی بەعسە ، بۆیە دایكی و خاڵی ڕێگە بەو هاوسەرگیریە نادەن ! لالی لە دیمەنێكدا دەڵێ ** ( ڕۆژێكیان بە دایكمم وت : دایە گیان ناتوانم واز لە هیچ لاتان بێنم ، چیبكەم خۆشەویستەكەم هەموو ژیانمی داگیر كردووە ، بەم قسەیەم دایكم تێكچوو پێی وتم : یانی هەموومان بە چەتیوێكی دەگۆڕیەوە ) ئەمانەو دەیان دیمەن و وشەی تازەت بەرچاو دەكەوێت لەم ڕۆمانەدا .

هیوای تەمەن درێژی و بەردەوامی بۆ كاكە سەلام عومەری نوسەر دەخوازم .

* دەقی گفتوگۆی ڕۆمانەكەیە لە لاپەڕە( ١٠٣ )

** دەقی گفتوگۆی ڕۆمانەكەیە لە لاپەڕە( ١٥٣ )