ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دیكارت دەڵێت:_( من بیر دەكەمەوە كەواتا هەم) ئەگەرلە پەراوێزی ئەو بۆچوونەی دیكارت بڕوانینە مرۆڤ، ئەوا مرۆڤ لە پاڵ شوناسێكی كۆمەڵایەتی و بایۆلۆژی، شوناسێكی ئەنتۆلۆژیشی هەیە، كە مانایەك بە ژیان دەدات. ئەم مانایە، شوناسێكە كە مرۆڤبوون لە مرۆڤ جیابكاتەوە. بەو مانایەی ئەگەر هەموومان ناومان مرۆڤ بێت، مرۆڤبوونمان لە كوێوەی ئەو شوناسە سرووشتییە دایە؟ لێرەوەش ئێمە لە بەردەم مرۆڤێكداین، كە مرۆڤبوونی دەكاتە شوناسێك بۆ ناسینەوە و پەیوەندی لە گەڵ بوون و ژیااندا و دواجاریش مانایەك بەو بوونەی خۆی دەدات. كەواتا مرۆڤ ئەو كاتە درك بەو بوونە ئەنتۆلۆژیەی خۆی دەكات، كاتێ مانایەك بە ژیان و دیاردەكانی ژیان دەدات. ئەم مانایە، پەیوەندییەكی ئۆرگانیكی لە نێوان بوون و ژیان، ژیان و مرۆڤدا دروست دەكات. ئیدی لێرەوە مرۆڤ هەست دەكات كە ئەویش بوونێكی بە تاڵی نییە و لە ژیاندا بوونێكی دیكەی هەیە. بەڵام بوونێك تەنها بە مانا سۆبژێكتیەكەی نا، بەڵكو بوونێك كە بە ستراوەتەوە بە بوونی ئەوانیتر. ئەمەش ئەو ڕەهەندە مرۆڤدۆستیەیە، كە ئێستا و بە ئەندازەیەكی زۆر لە ژیان و بوونی ئێمەدا، كاڵ بۆتەوە و نەماوە. بە دەربڕینێكی تر، مرۆڤی ئەو سەردەمە، كە مرۆڤی دنیای تەكنەلۆژیا و خود گەرایە، مرۆڤێكە لە دەرەوەی ئەو ڕەهەندە و ئەو شوناسە مرۆڤبوونەی كە ماهیەتی مرۆڤی پێ دەناسرێتەوە و لە نێوان مرۆڤ و مرۆڤبووندا كە شوناسێكی گەورەترە دەژیت. مرۆڤی ئێستا، ئەگەر بەهانەیەكیشی هەبێت بۆ ژیان، ئەوا تەنها دەژیت و لە دەرەوەی مرۆڤبوونی خۆیدا، نماییشی بوون و ژیانی دەكات. كاتێكیش ئەو پەیوەندییە مرۆڤبوونەی كاڵ دەبێتەوە، یاخود لە ئاستی پەیوەندی ڕوحیدا بە ئەوانیتر نامێنێت، ئیدی جۆرێك لە نامۆبوون و دابڕانی ڕوحی دروست دەبێت، كە بوونی مرۆڤ لە بوونێَكی مرۆیی و پێگەییەوە، دەگۆڕێت بۆ بوونێكی بەتاڵ و بۆش، كە هەست بكات لە ئاستی مانەوەیدا، بوون و ژیانی وەك یەكە. هەمیشە لە پشت هەموو خۆكوشتنێكەوە، پاڵنەرێكی شاراوە هەیە. زۆر جار ئەو پاڵنەرە، كە دەبێتە فاكتەری ئەوەی مرۆڤێك دەستی بچێتە گیانی خۆیەوە، بە بێ مانا و بە بێزاربوون لە ژیان وێنا دەكرێت. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو ساتانە، ئەو ساتانەن كە مرۆڤ هەست دەكات، بەهایەكی وەك مرۆڤ لە ژیان نەماوە و بوون و نەبوونی وەك یەكە. هەر كاتێك مرۆڤ هەستی كرد، بوونێكی بۆش و بەتاڵی هەیە، ئیدی خۆكوشتن دەبێتە دەرەچەی دەرچوون لەو ژیانە. بۆیە چیڕۆكی خۆكوشتن ئەو كاتە دەست پێ دەكات، كە مرۆڤ هەست ناكات دەژیت، بەڵكو لەنێوان ژیانی فیزیكی و ژیانی ڕوحیدا، ئەو تەنها ژیانە فیزكییەكە دەژیت، هاوشێوەی ژیانی هەر بوونەوەرێكی دیكەی بێ هۆش و نا ئاگا. هەموومان دەژین و هەمووشمان ناومان مرۆڤە، بەڵام چەندمان مرۆڤانە دەژین و ڕەفتار دەكەین. چەندمان مانایەك بە بوون و ژیانمان دەدەین، تاكو هەست بكەین دەژین. بۆیە هەر كاتێك مرۆڤ هەستی كرد، بەهانەیەكی نەماوە بۆ ژیان، ئەو كاتە دەستی دەچێتە خۆكوشتنی خۆی. دەقی (خۆكوشتن) ی بەكر ئاڵەیی شاعیر، هەڵگری ئەو گوتارەیە كە باسمان كرد. لەو دەقەدا، شاعیر بەهانەیەك بۆ خۆكوشتنی خۆی وەك مرۆڤێك دەهێنێتەوە. بەو مانایەی هەر كاتێك دركی كرد كە وەك مرۆڤ ناژیت، ئیدی خۆكوشتنی لەلا دەبێتە بابەت. خۆكوشتن لێرەدا، دەبێتە چەقی بیركردنەوە و ڕامان لە ژیان. بەو مانایەی ئەگەر مردنی سرووشتی و فیزیكییانەی مرۆڤ، بێ هیچ پاڵنەر و پاساوێك بێت ، وەك بەشێك لە یاسای فیزیكیانەی ژیان و بوون سەیری بكەین، ئەوا خۆكوشتن پاڵنەرێكی خودی، سایكۆلۆژی وهزری لە پشتە. بێگومان مەرج نییە كەسی خۆكوژ، درك بەو پاڵنەرە سایكۆلۆژییانە بكات، بەڵام دواجار كردەی خۆكوژی، دەرەنجام و ڕەنگدانەوەی فاكتی ترە، كە زەمینەی بیركردنەوە لە كردارەكە، لای مرۆڤ دەڕەخسێنێت. بەمەش خۆكوژی دەبێتە دەلیڤەیەك بۆ دەرچوون لەو هەموو گرفتە كەسی و كۆمەڵایەتییانەی، دەشێ تاك لە چوارچێوەی ژیانی تایبەتی خۆیدا تیایدا بژیت. بۆیە دەبینین كاتێ كەسێك خۆی دەكوژێت، بەرلە تەواوبوونی، یاخود لە دوا وشە و وەسێتیدا، باس لە بێزاریی و بێ مانای ژیان دەكات. لە شیعری خۆكوشتندا، هەمان كردەی خۆكوژی بوونی هەیە، بەڵام هەمان فاكت و هەمان زەمینەی كردەكە جیاوازە. چونكە ئەگەر مرۆڤ لە بێزاریدا خۆی بكوژێت ، ئەوا لەو شیعرەدا خۆكوشتن لە دەرەنجامی بێزارییەكی دەروونی ڕووت نییە، بەڵكو خودی مرۆڤ هەست دەكات، كاتێ ناتوانێت شوناسێك و جوانییەك بە ژیان بدات، ئیدی خۆكوشتن دەبێتە كردەیەكی ئامادە. بیرمان نەچێت، هەمیشە ژیانكردن كردەیەكی بێ مانایە، ئەوە مرۆڤەكانن مانایەكی دیكە بە ژیان دەدەن. هەركاتێكیش هەستیان كرد ناتوانن ئەو مانایە بە ژیان بدەن، ئیدی خۆكوشتن ئاسانترین و باشترین بەهانەیە، بۆ سڕینەوەی خۆیان. هەر وەك شاعیر دەڵێت:_

 

ئەو ڕۆژە پێویستە خۆم بكوژم

كە دەستم ناچێتە چاندنی مێوێك

كە جگە لە تۆ كەسی دیكە نەناسمەوە

 

كردەی خۆكوشتن لە دنیابینی شاعیر، وەك ئایدیا ئامادەیە، بەڵام نەبۆتە كردار. هێشتا زەمەن و كاتی بە ئاكام گەیاندنی كردەكە، دیار نەكراوە. بەڵام فاكتەكە ئامادەیە و هەر كاتێك شاعیر لە دەرەوەی ئەو دنیابینییە بیری كردەوە و گەیشتە ئەو دەرەنجامەی كە ناتوانێت شوناسێك بە بوون و ژیان بدات، ئیدی خۆكوشتن دەبێتە پێویستی. بێگومان ڕوانگەی شاعیر، ڕوانگەیەكی نارسیسی و خودی نییە، بە مانایەكی تر، شاعیر لە بەر ئەوە خۆی ناكوژێت كە بێزار بووە، وەك ئەوەی هەمیشە وەك پاساوێك بۆ خۆكوشتن دەبینرێت، بەڵكو ئەو بۆیە دەبێت خۆی بكوژێت، كە نایەوێت ژیانێك هاوشێوەی ئەو ژیانە تایبەتی و كەسی و خود پەرستییەی مرۆڤەكان، كە خەسڵەتێكی دیاری ئەو سەردەمەی مرۆڤەكانە، بژیت. شاعیر نایەوێت وەك هەمووان بە تەنها بۆ خۆی بژیت، بەڵكو دەیەوێت بۆ هەمووان و لە پێناو ژیانی ئەوانی تریش بژیت. بەمەش ئەو ڕەهەندە مرۆڤدۆستییە لە دنیابینی شاعیردا لەوێوە كۆتایی دێت، كە هەر تەنها بۆ خۆی بژیت و كاری بە هیچ كەسێكی ترەوە نەبێت. مێو لێرەدا، ئاماژەیە بۆ ڕووەك، بەڵام ڕووەكێكی بەردار، كە بەرەكەی سەرچاوەی خواردن و خواردنیش، ئەو پێویستییە فیزیكی و جەستەیەیە، كە مرۆڤ پێی دەژیت. شاعیر كاتێ ناتوانێ مێوێك بچێنێت، واتا ناتوانێت سەرچاوەی مانەوە و بەردەوامی ژیان بۆ ئەوانیتر دەستەبەر بكات. هەر كاتێكیش هەستی بەوە كرد، كە ئەو كردارە (چاندنی مێوێك) بوونی نییە، ئیدی خۆكوشتن دەبێتە باتشترین بژاردە و فاكتەریش بۆ سڕینەوەی ژیانی خۆی. دەكرێ لێرەدا بە هێلكارییەك ڕوونی بكەینەوە.

مێو خواردن بەردەوامی مرۆڤ بەردەوامی ژیان نەمانی مێو نەمانی ژیان.

 

نەبوونی توانای چاندنی مێوێك نەبوونی بەهانەیەك بۆ ژیانكردن نەمانی بەهاكانی ژیان دەركەوتنی زەڕوڕەتی خۆكوشتن.

ئەگەر سەرنج لە ناوەڕۆكی شیعرەكە بدەین، دەبینی شاعیر(مێو)ی وەك دارێكی بەردار، لە میانەی پەیوەندی كردەی چاندن و زەوی هێناوەتەوە. دەبێ بپرسین، شاعیر بۆچی باسی چاندن (مێو) دەكات و باسی درەختێكی دیكە ناكات؟ هەڵبەتە، مێو یەكێكە لەو درەختانەی بەری هەیە بەرەكەشی دەخورێت. خواردنیش، سەرچاوەی بەردەوامی ژیانە، بۆیە كاتێ شاعیر مێوێك دەچێنێت، واتا سەرچاوەی ئەو بەردەوامییە، درێژە پێ دەدات و بەمەش ژیانی ئەوانی تریش بەردەوام دەبێت. شاعیر كردەی مێو چاندن، وەك كردەیەك بە بەخشینی مانا و هێزێك بۆ بەردەوامی ژیان دەبینێت. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ژیانی ئەوانیترە. شاعیر مێو بۆ ئەوانیتر دەچێنێت. كە دەستی ناچێتە چاندنی مێوێك، واتا ناتوانێت بەهانەیەك بۆ بەردەوامی بە ژیانی خۆی و ئەوانیتریش بدات. ئەمەش ئەو دیدە مرۆڤدۆستییە دەردەخات، كە وەك گوتارێك لە دەقەكەدا ئامادەیی هەیە.دیدێك كە تیایدا، خۆشەویستی و مرۆڤدۆستی، لە بازنەی نارسیزم دەردەهێنێت و وەك مرۆڤێكی ئەو سەردەمە بێ مانایەی ژیاندا بۆ خۆی ناژیت. بەڵكو ژیانكردنی خۆی، دەبەستێتەوە بە ژیانكردنی هەموو مرۆڤەكان و ئەمەش ئەو فەلسەفەیەی ژیانە، كە گەلێك لە ئایین و ئایدیاكان، جەختیان لێ كردۆتەوە بەوەی كە مرۆڤ نابێت تەنها بۆ خۆی بژیت. هەر ئەم هەستە مرۆڤدۆستیەشە، مانایەك و شوناسێك، بۆ بوونی مرۆڤەكان دەهێڵێتەوە. كاتێكیش هەستی كرد ئەو ڕەهەندە مرۆییە بوونی نەماوە، ئیدی ژیان یەكسان دەبێت بە مردن و خۆكوشتن. شاعیر لە ڕێگەی ژیانی خۆیەوە، مانایەك و جوانییەك بە ژیانی ئەوانیتریش دەدات و هەموو ئەو جیاوازییە ئایینی و ئایدۆلۆژییانە دەسڕێتەوە، كە لە نێوان مرۆڤەكان هەیە. بۆیە ئەمجارەیان دەڵێت:_

لە سەرچاوەكانم بنوووسە

لە ماڵی مەسیحییەكان شەڕابی دروست كردبوو

لە ماڵی گاورەكان نانی خوارد بوو

لێرەدا شاعیر، بەهانەیەك بۆ كوشتنی خۆی دەهێنێتەوە، بەڵام ئەو بەهانەیە، بەهانەیەك نییە لە بێ مانایەوە هاتبێت، بەڵكو دیسانەوە دەرەنجامی ئەودیدە مرۆڤدۆستیەیە، كە شاعیر لە ڕێگەی شیعرەكەیەوە وەك پەیامێك دەریدەبڕێت. شاعیر ئەو پرسیارە دەكات، بۆ نابێ لە ماڵی مەسیحییەك شەڕاب دروست بكەین؟ بۆ نابێت نانی جولەكەكان بخۆین؟ مەگەر ئەوانیش خەڵقكراوی دەستی هەمان خودا نین؟ شاعیر شوناسی مرۆڤبوون، لە سەرووی هەموو جۆرە شوناسێكی كۆمەڵایەتی وئایینی و ئایدیایی دەبینێت. لای شاعیر، مرۆڤ بە بوونە خۆرسكییەكەی خۆی، گەورە و پیرۆزە نەك بە ڕەنگرێَژكردنی ژیان و بوونی لە ڕێگەی فەلسەفەیەكی سیاسی یان ئایینی. واتا شوناسی مرۆڤ لە پێشەوەی ئایین و ئایدیاكانە، كاتێ شاعیریش شەڕاب دروست دەكات و لە ماڵی گاورەكان نان دەخوات، ئەو پرسیارە دەكات، بۆ نابێ مرۆڤێك لە ماڵی گاورێك نان بخوات؟ مەگەر هەموومان هەر مرۆڤ نین و هەموو ئایینەكانیش ئاسمانی و لەلایەن خوداوە وەك پەیامێكی ئاسمانی بۆ سەر زەمین نەهاتووە؟ لەو ڕوانگەیەشەوە شاعیر بەلایەوە ئاساییە شەڕاب دروست بكات و لە ماڵی گاورێك نان بخوات، چونكە ئەوانیش دواجار وەك ئەو مرۆڤن ، بەمەش مرۆڤبوون لە پێشەوەی ئایین و نەتەوەیە، بۆ دەبێ لە پەنای ئایینی جیاوازەوە، بوون و شوناسی مرۆڤەكان بسڕینەوە. مەگەر مرۆڤ لە هەموو ئایین و ئایدیاكان گەورەتر نییە؟ بێگومان لەو دەقەدا، كردەی خۆكوشتن وەك ڕووداوێك هێشتا ڕووینەداوە، ئەو ڕوونەدانە، پەیوەستە بەوەی كە كات و زەمەن و شوێنی خۆكوشتنەكە بە سەر چوو. ئەو كاتە خۆ كوشتنەكە مانایەكی دەبوو، كە شوێنی خۆی بگرێت، بەڵام دوای ئەوەی شاعیر دڵنیا دەبێتەوە لەوەی كە تازە خۆكوشتن ناتوانێت هیچ شتێك بگۆڕێت، ئیدی بە پەشیمانییەوە باس لەوە دەكات كە ئەو بۆچی پێشتر و لە كاتێكی زووتردا، بەرلەوەی ژیان بگاتە ئەو ئاستە، خۆی ناكوشت؟ هەروەك خۆشی دەڵێت:_

دەبوو ئەو ڕۆژە خۆم كوشتبا.

كە هەمووان بە دیار مردنەوە پێدەكەنین.

كاتێ مردن، وەك ڕووداوێكی گەورە و تۆفێنەر، هێندە ئاسایی و ڕۆژانە دەبێتەوە، كە مرۆڤەكان بەلایانەوە ئاسایی بێت و بە مەرگی یەكتری پێ بكەنن، مانای وایە لە بەرامبەر مردندا، ژیانی مرۆڤەكان هیچ بە هاو جوانییەكی نەماوە، بەڵكو هەر كەسەو بۆ خۆی دەژیت و مردنیش چیتر ئەو ڕووداوە ترسناك و غەمگینە نییە، كە هەموومان پەڕێشان و غەمبار بكات و بە مردنی كەسەكان، دڵتەنگ و نیگەران بین. ئێستا دروست ئەو كاتانەیە كە شاعیر باسی دەكات. بەو مانایەی مردن و ڕشتنی خوێنی مرۆڤ، بۆتە كردەیەكی ئاسایی و ڕۆژانەیی و كەسێكیش نیگەران و دڵتەنگ ناكات، بە پێچەوانەوە بگرە گاڵتەیان بە مەرگی هاو شوناسەكەیان دێت. لێرەوەش ئەو بەریەككەوتنەی شاعیر و ئەواقیعە كۆمەڵایەتییە دەبینین. بەو مانایەی شاعیر مرۆڤی ئەو سەردەمە و ئەو واقیعە نییە، بەڵام كە خۆی ناكوژێت، لە بەر ئەوەیە كە تازە ئەو كردەیە، ناتوانێت هیچ لە ژیانی خۆی و ئەوانیتریش بگۆڕێت. هەروەك شاعیر خۆشی باس لەوە دەكات، كە دەبوو ئەو ساتە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابا، كە هەمووان بە دیار مردنەوە پێدەكەنین. كە ئەمەش گاڵتە كردنە بە مرۆڤەكان، چونكە ئەوەی دەمرێت مرۆڤەكانن. دواجار دەڵێم، لەو ماوانەی ڕابردوودا، گەلێك دەقی شیعری شاعیرانم بە ناوی (خۆكوشتن) خوێندوونەتەوە، بەڵام هیچ كامێكییان بۆ من وەك ئەو شیعرەی ئاڵەیی، مایەی ڕامان و پرسیار، چێژ و جوانی نەبوون. ئاڵەیی لەو شیعرەیدا، هانی خۆكوشتن نادات، بە مرۆڤەكان ناڵێت خۆتان بكوژن، بەڵكو پێمان دەڵێت هەر كاتێك نەتانتوانی مرۆڤانە بژین و مرۆڤدۆستانە بیر بكەنەوە و ڕەفتار بكەن، ئیدی مەرگ و مردن، زۆر بە بەهاتر و بە شكۆترن لەو ژیانەی تێیدا دەژین.

* ئەو شیعرەی بەكر ئاڵەیی شاعیر، لە یەكێك لە ژمارەكانی هەفتەنامەی( ڕێگای كوردستان) بڵاوكراوەتەوە.