ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

١

کە ئەستێرە دەڕژا ، وامدەزانی بەردەبێتەوە؛

کەندەڵانی ماریانا٭

یان لوتکە چیای هیمالایێ

یان دارستانەکانی ئەمەزۆن

درەنگ زانیم

یەکە

یەکە

دەکەونە کانییە قشتیلەکەی گوندەکەمان،

٢

ژنانی گوند بەرەوکانی گوندی بەڕێوەن

لێ شەڕ،

کانییەکەی زۆۆر دوور خستۆتەوە.

شەویان بەسەر دادێ و - ناگەنە کانییەکە

پێیان لە لمی بیابان گیر دەبێ و -ناگەنە کانییەکە

خۆڵ دەبارێ و چاویان پڕ دەبێ لە دەنکە زیخی درشت و - ناگەنە کانیەکە

گەلەگورگ پەلاماریان دەداتوو -ناگەنە کانیەکە.

گۆزەی سەرشانیان دەکەونە خوارێ، هەلا هەلا دەبن و - ناگەنە کانییەکە

هەمیشە بەڕێوەن - ژنانی گوندی

لێ ئەنفال؛

کانییەکەی گواستۆتەوە بنی دونیایێ.

٣

بیری ژنانی گوند دەکا - کانییەکە

ئەو ژنانەی گۆزەیان لێ پڕ دەکرد لە ئاوی زوڵاڵ

ئاو ،

تک

تک

دەتکایە سەر سینگ ومەمک .

وەک ئەو بارانی پایزە،

کە هەنار بەلقی درەختەوە تەڕو پاراو دەکات.

٤

زۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆۆر تاک و تەنیایە - کانی گوندەکەمان

هێندێ شەو مانگ.

سەردانێکی سەرپێیی دەکات و دڵی دەداتەوە

جگەرەیەکی غەمگینی تریفە ، لە تەکیدا دەکێشێ و

هەڵدەفڕێتەوە عاسمانێ .

--------

٭ کەوتۆتە ڕۆژاوای ئۆکیانوسی هێمن.. 11 کیلۆمەتر قووڵە.